حکومەتی هەرێم 200 مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕێت

  2020-12-30  | 
 گۆران عەبدوڵا
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند لەدوای سەریساڵ بڕی 200 میگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕن.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند هۆکاری کڕینی کارەبا لە تورکیا ئەوەیە ئەگەر خۆمان ئەو 200 میگاواتە بەرهەمبهێنین دوو هێندە پارەی تێدەچێت، بەڵام کاتێک لە تورکیا دەیکڕین کەمتر دەکەوێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە نرخەکە بۆ کیلۆبایتێک حەوت سەنت کەمتر دەکەوێت و ئەگەر بەگاز خۆمان ئەو بڕە بەرهەمبهێنین پێنج ئەوەندە دەکەوێت.

ڕاشیگەیاند کارەباکە لە رێگەی زاخۆوە دێتە ناو تۆڕی نیشتیمانی کارەبای هەرێمەوە و و ئەوان ئێستا لەهەموو رووەکانەوە ئامادەن بۆ ئەوەی کارەباکە وەرگرن.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکراشیکرد بەراورد بە مانگی ڕابردوو بڕی 850 میگاوات بەرهەمهێنانی کارەبایان زیادکردوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نا ئاسایی خواست لەسەر کارەبا زیادیکردوە بۆیە دەرناکەوێت کارەبا زیادبووبێت.

وتیشی ئێمە لە هەرێم ژێرخانی کارەبامان زیاتر لە شەش هەزار مێگاواتە، بەڵام تەنها سێ هەزار و 850 میگاواتی بەرهەمدەهێنین، ئەوەش بەهۆی نەبوون و دابینەکردنی سوتەمەنیەوە.

رونیکردوە بۆ نمونە لە پارێزگای دهۆک ژێرخانی بەرهەمهێنانی 1000 میگاوات کارەبا هەیە، بەڵام تەنها 100 میگاوات بەرهەمدەهێندرێت.



ڕیکلام