لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت

  2020-12-30  | 
سلێمانی
لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئێستادا پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە ناو شاردا، ٨ بۆ ۹ کاتژمێر کەمبووەتەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئاشکرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبای نیشتیمانی، بەشێوەیەک کە گەیشتووەتە زیاتر لە ۲٤٠٠ مێگاوات لە پارێزگای سلێمانی و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری خواستیش دەکەین، 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەرچی بە هەوڵی  وەزارەتی کارەبای هەرێم، بەرهەمهێنانی کارەبا لەمساڵدا گەیشتووتە ۳۸٠٠ مێگاوات، بەڵام دابەش نەکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا و بەکارهێنانی کارەبا لەبری سوتەمەنی، خواست لەسەر کارەبا بەشێوەیەکی زۆر زیادی کردووە، جگە لەوەی کە بەشێک لە فیدەر تۆڤەر لۆدە و هەندێک گەڕەک سەرە محەولەی بۆ دانراوە، کە (۲٤) کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیان نابێت .

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی وەک بەرپرسیاری سەرەکی لە دابەشکردنی کارەبا بەسەر فیدەرەکاندا کە (٦٠٠) فیدەرە، هەوڵدەدات جۆرێک لە دادپەوەری هەبێت لە پێدانی کارەبا بەسەر گشت گەڕەک و شار و شارۆچکەکاندا .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی راشیگەیاندووە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هاوکارمان بن و دڵنیابن کە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی خواستەوە هەیە، دەشڵێت، "هەوڵی تەواو دەدەین ئەو بڕە کارەبایەی کە هەیە، بە دادپەوەری دابەشی بکەین"، دووپاتیشی کردووەتەوە، هاوکاری هاوڵاتیان یارمەتیدەردەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە .



ڕیکلام