باوکی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای مافی پەنابەرێتی لەفەڕەنسا دەکات

  2020-12-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ستانلی جۆنسۆن، باوکی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرایکرد، داوای لە فەرەنسا کردووە مافی پەنابەرێتی و ڕەگەزنامەی پێ بدات، دوای ئەوەی کورەکەی سەرکەوتوو بووە لە پلانی هێنانەدەرەوەی بەریتانیا لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا.

ستانلی جۆنسۆن کە لە ئێستادا تەمەنی ٨٠ ساڵە و پێشتر پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا بووە و دەنگی داوە لە بەرژەوەندی مانەوەی بەریتانیا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا لە ساڵی ٢٠١٦.

ستانلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ( RTL ) ئاشکرایکرد، لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی فەڕەنسی، چونکە پەیوەندییەکی پتەوی خێزانی هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا.

لەو چاوپێکەوتنەدا ستانلی کە بە زمانی فەڕەنسی ئەنجامیداوە باسی لەوەکرد، دایکی و باوە گەورە و نەنکیشی فەرەنسی بوون.

جەختیشیکردەوە، ئەوەی بەلایەوە گرنگە ئەوەی کە بگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەک و بنەڕەتی خۆی، ئەوەش مایەی دڵخۆشییە بۆ ئەو.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا باوکی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "بەردەوام خۆم بە ئەوروپی دەزانم و هیچ کەسێکیش بۆی نییە بە بەریتانییەکان بڵێت ئێوە ئەوروپی نین، بۆیە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بابەتێکی گرنگە".

ئەو هەڵوێستەی باوکی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەکاتێکدایە، بۆریس جۆنسۆن لە ساڵی ٢٠١٦وە سەرۆکایەتی هەڵمەتی کشانەوەی بەریتانیا دەکات لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا.

لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا بەریتانیا بە فەرمی لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا هاتە دەرەوە، لەم مانگەشدا برۆکسل و لەندەن دوای گفتوگۆیەکی قورس و دورودرێژ ڕێککەوتن لەسەر بازرگانی ئازاد، کە ڕێگە دەدات بە بەریتانیا پرۆسەی بریگزیت تەواو بکات، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی تەواو لە برۆکسل بەدی بهێنێت.

دوێنی چوارشەممە بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کەمێک لە دەربڕینەکانی لە بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا سوک کردبوو، بە تایبەت کاتێک ڕایگەیاند، بریگزیت بە مانای کۆتایی بەریتانیا نییە وەک دەوڵەتێکی ئەوروپی.

 



ڕیکلام