عێراق.. 20 کەس بە پلەی وەزیر لەسەر گەندەڵی کارەبا دراون بە دادگا

  2021-01-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەمال مەحمەداوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ٣٣٣ کەس لەسەر گەندەڵییەکانی کەرتی کارەبا رەوانەی دادگا کراون، ٢٠ کەس لەوانە پلەی وەزیریان هەیە.

مەحمەداوی بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، لیستی ئەو کەسانەی کە لەسەر گەندەڵییەکانی دۆسیەی کارەبا ڕەوانەی دادگا و لێکۆڵینەوە کراون، ٢٠ کەسایەتی تێدایە بە پلەی وەزیر، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک نابێت کەسانێک بۆ پۆستی سەرەکی و هەستیار کاندید بکرێت،  کە خاوەنی زیاتر لە ڕەگەزنامەیەک بیت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ٢٠ کەسەی کە پلەی وەزیریان هەیە بەشێوەیەکی غیابی (بێ ئامادەبوونی خۆیان) دۆسییەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە، ئەوانەشیان کە پلەیان بەڕێوەبەری گشتییە ژمارەیان ٢٧ کەسە و تۆمەتبارن بە کێشەی تاوانکاری تایبەت بە وەزارەتی کارەبا.

مەحمەداوی ئاشکرایشیکردووە، ئەوانەی کە لە پلەی باڵادان و تۆمەتیان ئاراستە کراوە، پێکهاتوون لە ٤ وەزیر و ٧ بەڕێوەبەری گشتی، کە تێوەگلاون لە گەندەڵیەکانی وەزارەتی کارەبا.

لە ساڵی ١٩٩٠وە هیچ ڕۆژێک نەبووە عێراقییەکان ڕۆژێک بە تەواوی کارەبایان هەبێت ، بە تایبەت زۆربەی وێستگەکان بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و داگیرکردنی کوەیتەوە دووچاری زیان و وێرانکاری بوونەوە.

سەرباری ئەوەی بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا خراونەتەوە کار، بەڵام پێدانی کارەبا وەک پێویست نییە، بە تایبەت دوای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە ٤٠ ملیۆن کەس، بە واتای دووە ئەوەندەی ساڵی ١٩٩٠.

 



ڕیکلام