ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

  2021-01-05  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سزای دیکەیان بەسەر حکومەتی ئێراندا سەپاندووە، کە تایبەت بە کەرتی پیشەسازی پۆڵای ئێران.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی چاودێری دارایی بیانی لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مادەیەکی هاوردەکراویان لە چینەوە چاودێریکردووە، کە بە پێکهاتەیەکی بنەرەتی بەرهەمهێنانی پۆڵا دادەنرێت، هەروەها ١٢ بەرهەمی دیکەی ئێران لە بواری پۆڵا و کانزاکان، جگە لە سێ بریکاری فرۆشتنی کۆمپانیایەکی مەزنی ئێران بۆ کانزاکان.

لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کەرتی کانزاکانی ئیران بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی حکومەتی ئەو وڵاتە دادەنریت، بە گوێرەی بەیاننامەکە داهاتەکەی بەزۆری بۆ چەکی کۆمەڵکوژ و پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییە بیانییەکان ناوەوە و دەرەوە تەرخاندەکرێت.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی پینج کۆ یەک، کە لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کرابوو، واشنتۆن بەردەوام گەمارۆ و سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

پێشتریش زنجیرەیەک سزای توندی سەپاند بەسەر کەرتی دارایی و بانکی ئێران و چەند بانکێکی فەرمی ئەو وڵاتەی خستە لیستی ڕەشەوە، کە ڕێگە نادات بە هیچ کەس و لایەنێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.



ڕیکلام