ئەنجومەنی وەزیران هێزێکی تایبەت پێکدەهێنێت

  2021-01-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەكرتن لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی سازدا و تیایدا گفتوگۆی كرد لەبارەی هێڵە گشتییەكانی ڕەشنووسی یەكەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی2021 و پێشبینی و پێشنیارەكانی وەزارەتەكان، سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و سنوورداركردنی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021.

ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەكی زەمەنی پەسەندكرد بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو دیاریكرا بۆ ئەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری كۆ ببێتەوە بۆ پەسەندكردنی ڕەشنووسی یەكەمی بودجە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە كە هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن، بۆ ڕێگەكرتن لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان. 

حكومەت لەبارەی ئەو هێزەوە ئاشكرایكرد، ئەو هێزە هاوبەشە دەسەڵاتی یاسایی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەكان بە بێ جیاوازی. 

حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە پێشتر دراون بۆ ڕێكخستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنووریەكان، بە ڕەچاوكردنی داهات و بەرژەوەندی گشتی.

نوێکراوەتەوە..


ڕیکلام