ناوەندێک بۆ کولتوور لە کفرى ڕادەگەێنرێت

  2021-01-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کیماش ناوەندێک بۆ چالاکى فەرهەنگیی

سازدانى: داستان

کۆمەڵێک ڕۆشنبیری گەنج لە شارى کفرى ناوەندێک بۆ بوارى ڕۆشنبیریی ڕادەگەێنن، بە مەبەستى خزمەتکردن بە

کایەی  فەرهەنگى لە شارەکەیاندا. تۆڕى هەواڵى ژیان بە باشى زانى بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کارەکانى ئەو ناوەندە دیار

لەتیف بەڕێوەبەرى ناوەندەکە بدوێنێت :

ژیان:بیرۆکەى دروستکردنى ئەم ناوەندە لە چییەوە سەرچاوەى گرت و کێ بوون ئەوانەى ئەم ناوەندەتان ڕاگەیاند؟

دیار لەتیف: ساڵانێکە ناوچەکە لە بۆشاییەکی زۆری ڕۆشنبیریدا دەژی و خۆڵی مردوو بەسەریدا ڕژاوە !

شار بە گەرموگوڕیی چالاکییە فەرهەنگییەکانیەوە هەناسە دەدات. هەر شارێک دووربێت لە چالاکی ڕووناکبیری دەبێتە

شاری مردووان، شارێک تەنیا دەخوات و دەخەوێت. شارێک فیکری بەرهەم نەهێنا، شارێکی ورگن و گرگنە .

نموونەی شانۆی برۆدوەی لە نیۆرک، کە خاوەن سەرمایەیەکی بازرگانی و گەشتیاری و ڕەوشەنبیرییە بۆ ئەمریکا .

کەرنەڤاڵی کان بۆ سینەما لە فەرەنسا بەهەمانجۆر .

ڤیستیڤاڵی ساڵانەی وێژەیی گەلاوێژ لە سلێمانی بەهەمانشێوە. بۆیە ئەوەی شار لە لادێ جیادەکاتەوە، بزافە ڕووناکبیری و

هزری و فەرهەنگییەکەیەتی .

لەگەڵ دۆستی شاعیر و نووسەر فاتیح سەلام پاش چەند دانیشتنێک، گەڵاڵەی پرۆژەکەمان کرد و بڕیارمان دا

دەستبەکاربین. دواتر بانگهێشتی دۆستانی بوارەکەمان کردووە و سەرچاوەیەکی مرۆیی باش ئامادەییان هەیە و دەبێت .

هەرکەس هاوکاری ناوەندی کیماش بێت، کە ناوەندێکی خۆبەخشیییە بۆ چالاکیی ڕووناکبیری، ئەوا پشکی موڵکدارێتی

بەردەکەوێت. ناوەند تەنیا پشت بە وزە مرۆییەکەی یەک شار نابەستێت، دەرگای کراوەیە بەڕووی چالاکوانی سەرجەم

شارانی کوردستان .

ژیان: ناوى کیماش ئاماژەیە بۆچى؟

دیار لەتیف: کفری لەسەردەمی ئەکەدییەکانەوە هەیە و لەدەوری چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا ناوی (کیماش) بووە. لە چاخی

عیلامییەکان ناوچەکە (کیپرات)ـیشی پێ وتراوە .

لەسەر وەختی عوسمانییەکان و بەتایبەت حکومڕانی (سوڵتان عبدالحمید)، ناوی کفری بۆ ماوەیەک گۆڕاوەتە (ێلاحییە ).

کفری دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە و بە مەودای دووری (۱٥٥)کلم. یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی

هەرێمی کوردستان و لەساڵی (١٨٦٧)ەوە کراوەتە قەزا .

هەڵبژاردنی ناوی کیماش بۆ ناوەندەکە، نیشانە و گوزارشتە لە گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەک و نرخ بەخشین بە مێژوو و ڕێزدانان

بۆ شووناس و بەهای نەتەوەیی .

مێژوو کە ناسنامەیە، هەر میللەتێک مێژووناس بوو، لە کەند و نشێوی بانەڕۆژدا تووشی نووشست نابێتەوە و لە ئەگەری

ڕوودانیدا زووتر و ئاسانتر دەتوانێت هەستێتەوە .

نەناسین و لەبیرکردنی مێژوو و زمان، ترسناکترین هەڕەشەیە بۆ سەر مانەوە و بەردەوامیمان .

ژیان: بەنیازن لەم ناوەندەدا چ جۆرە چالاکییەک ئەنجام بدەن؟

دیار لەتیف:  ئەم ناوەندە بایەخ بە چالاکییە وێژەیییەکان دەدات و چالاکییە هونەرییەکانیش لە خۆیدا دەهەرسێنێت و لەپێناو خزمەتێکە

بۆ خوودی ئاراستەی ڕووناکبیریی دەڤەرەکە و بردنییەتی بە ئاقاری گەشانەوە و بوژانەوەیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بانگهێشت

کردنی نووسەر و وەرگێڕەکان و تایبەتتر ئەوانەی بڵاوکراوەی نوێیان دەبێت. ئەم ناوەندە کار لەسەر هاوردەی نووسەرانی

شارەکانیتر دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا نووسەرانی گەرمیان. بایەخ بەسەرجەم ژانرەکان دەدات و هاوڕێ لەگەڵ گۆڤارێکی

ئەلیکترۆنیی وەرزیی فرە بواری مەعریفی. هەوڵدەدات بۆنەی وێژەیی ساڵانە ڕێک بخات و لە هەمانکاتدا نووسەرێکی

پەراوێزخراو بەسەر دەکاتەوە .

ژیان: بەوپێیەى شارەکەتان تاڕادەیەک فرەنەتەوە و فرە زمانن ئایا دەتانەوێت هەریەک لەو نەتەوە و زمانانەى دیکەش بواریان

هەبێت کولتوور و بەهرەى خۆیان لە ڕێگەى ناوەندەکەتانەوە بگەێنن؟

دیار لەتیف: ناوەندی کیماش ماڵی سەرجەم ناسنامەکانە بێ جیاوازی .

هونەر و ئەدەبیات پۆلیس و بازگەی سنوور نییە و بۆ مرۆڤایەتییە و شوێن و ناسنامە بابەتێکی سیاسییە، نەک ئەدەبیاتی .

ئەوەی سیاسەت لێکی هەڵدەوەشێنێت، ئەدەبیات گرێی دەداتەوە، ئەدەبیات گەرماوی ئەو گەرد و چڵکانەیە سیاسەت لەسەر

پێستی فیکر و هەستەکانمان چێی دەکات. ئێمە پێکەوە جوانین و هەروەزکاریمان دەبێتە هۆکاری بونیادنان و بەرهەمهێنانی

هەم تەبایی و هەمتر سوود و پێشخستن. وەکچۆن لە کەرتی پزیشکیدا دکتۆری جەستەیی و دەروونیمان هەیە، بەهەمانشێوە

لە ئەدەبیاتیشدا وێژەکار پزیشکی هەستەکان و لێبوردەسازیی و هزراندنە .

تەنانەت لەو گۆوارە وەرزییەی دەردەچێت، بەشداری شووناسی  نەتەوەکانی دیکەی تێدا دەبێت و دەرگا ئاوەڵایە. کورد

هەردەم دەستەکانی بۆ باوەش لێدان لە بەرامبەری کردووەتەوە. نەتەوەیەکین کەمترین زیانمان بۆ ئەوانیتر نەبووە، هەمیشە

هێرشمان کراوەتەسەر، بەڵام هێشتا مرۆڤبوونمان نەدۆڕاندووە. ئەوەی کوژەری ئێمە بووە و هەیە نا یەکگرتووییمانە و

نایەکگوتاریمان هۆکاری درووست نەبوونی قەوارەی سەربەخۆمان بووە. سەرەڕای هەر شتێک کورد قوتابخانەی

دۆستایەتییە بۆ دەورووبەر .

ژیان: یەکەمین هەنگاوى پڕژەکەتان چییە؟

دیار لەتیف: هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ناساندن و سەپاندنی دەکەین .

پرۆژەمان ئەوە دەبێت مانگانە نووسەران بانگهێشت بکەین و چالاکی و گەرمییەکی ڕۆشنبیرانە بخەینە گۆڕەپانەکەوە. تا

ئەو جێیە بەردەوام دەبین کە سەربەخۆیمان پارێزراوبێت، لە ئەگەری سێبەربووندا دەرگا لەسەر هەموو شت دادەخرێت .

ئەمە هیوایە دەیخوازم، کە شێواندن و تەگەرە نەبێتە کۆسپی کارەکانمان .

ژیان: چۆن بەردەوامى بە پڕۆژەکەتان دەدەن؟

دیار لەتیف: وەک ئاماژەیەکی چکۆلانەم پێداوە، ڕوونتر دەڵێم کە، ناوەندێکی خۆبەخشییە و بۆ ئەو کارانەمان وردە خەرجیی کە

پێویست دەبێت، پەیوەندی بە بازرگانان و ڕێکخراوە حکومی و نا حکومییەکانەوە دەکەین بۆ دابینکردنی ئەو پیتاکەی

ناوەندەکە بۆ بەڕێخستنی کاروبارەکانی دەیخوازێت.



ڕیکلام