بە هۆکاری ئاینی دادوەر مۆڵەتی دا بە دابینکردنی خۆراکی ئەندامی بۆ جاک ئەنجلی

  2021-01-13  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جاکوب ئەنتۆنی چانسلی کە ناوبانگی (خاوەن دووقۆچەکە)ی لێنراوە، خۆی وەک یەکێک لە پشتیوانانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ناسناندووە، نوانی دوای سێ ڕۆژ لە مانگرتنی لە خواردن، توانی مۆڵەتی دادگا وەربگرێت بۆ دابینکردنی خۆراکی ئەندامی، کە وە بابەتێکی ئایینی باسی دەکرێت.

دادوەری دادگایەکی ئەمریکا ڕایگەیاند، مانگرتن لە خواردن لەلایەن ئەنتۆنی چانسلی تەمەن ٣٣ ساڵەوە و یان کە بە جاک ئەنجلی ناسراوە، دۆخی تەندروستی جێگەی دوودڵییە، بۆیە فەرمانیکردووە بە لێپرسراوانی زیندانەکەی ڕێگەیەکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ دابینکردنی داخوازییەکانی ئەو گەنجە.

ئەو لێدوانەی دادوەری دادگای ئەمریکا لە کاتێکدایە، باوکی ئەنجلی بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، کوڕەکەی ناتوانێت خۆراکی ئاسایی هەرس بکات، جەختیشیکردەوە زۆر بە خراپی نەخۆش دەکەوێت، ئەگەر بێتوو خۆراکی ئەندامی نەخوات.

باوکی ئاماژەی بەوەشکردووە، کوڕەکەی نیشتیمانپەروەر و کەسێکی ژیرە، بە هیچ شێوەیەکیش داوای لێبوردن ناکات لەو ڕۆڵەی کە گێراویەتی لە نائارامییەکان ناوگۆنگرێس ئەمریکا لە رۆژی ٦ی ئەم مانگەدا.

دوای دەرکەوتنی لەناو  هۆڵی کۆنگرێس و هەواڵی دەستگیرکردنەکەی، وێنەی ئەو گەنجە لاپەڕەی زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیر کرد.

جاکوب پشتیوانێکی سەرسەختی بزوتنەوەی (کیو ئانون)ی ڕاستەڕەوی توندڕە و تۆمەتی ئەوەی ئاراستەکراوە، کە بەشێوەیەکی ئەنقەست چووەتە ناو باڵەخانەی کۆنگرێس و شوێنی قەدەغەکراوی دەوڵەتەوە بە گوێرەی یاسا، هەروەها بردنە ناوەوەی توندوتیژی و هەڵسوکەوتی ناڕێکخراو لە ناو باڵەخانەی کۆنگرێس، هەردوو تۆمەتەش بە کەتنی فیدراڵی دادەنرێت لە یاسای ئەمریکادا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، چانسلی خودی خۆی پەیوەندیی کردووە بە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵییەوە لە واشنتۆن، فەرمانبەری نوسینگەش جەختیکردووەتەوە، ئەوەی پەیوەندیی کردووە، هەمان ئەو کەسەیە کە بۆیاخی لە دەموچاوی خۆی داوە و کڵاوێکی بە دووقۆچەوە لەسەری کردووە و لەسەر کورسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پیران دانیشتووە.



ڕیکلام