نەتەوە یەکگرتووەکان: 3 ملیۆن عێراقى خۆراکى پێویستیان نییە

  2021-01-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پرۆگرامى خۆراکى جیهانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریدا کە نزیکەى 3 ملیۆن هاوڵاتى عێراق خۆراکى پێویستییان نییە، دەشڵێت ئەم دۆخە کاریگەریی نەرێنى کردووەتە سەر بەشێکى زۆر لە هاوڵاتیانى عێراق کە لە ئەنجامى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت هاتووەتە ئاراوە، هاوکات داواى دەستتێوەردانى حکومەت دەکات لەڕێى دابەشکردنى خۆراکە بنەڕەتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنى نرخ لە بازاڕدا.

عەبدولڕەحمان میجاج، نوێنەرى پرۆگرامى خۆراکى جیهانى لە عێراق، بە رۆژنامەى سەباحى رایگەیاندووە، بەپێى سیستمى چاودێرى برسێتى سەر بە پرۆگرامى خۆراکى جیهانى، دەرکەوتووە نزیکەى 3 ملیۆن کەس لە عێراق، بە دەست نەبوونى خۆراکى پێویستەوە دەناڵێنن، کە ئەمە 731 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی دەگرێتەوە .

سەبارەت بە کاریگەریی دابەزینى نرخى نەوت و قەیرانى کۆرۆنا لەسەر دۆخى ئابورى عێراق و ئاسایشى خۆراک، میجاج وتى، لەبەرئەوەى تائێستاش ئابورى عێراقى بە تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت، هەروەها کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت بەپێى رێککەوتنى ئۆپیک، کاریگەریی راستەوخۆى دەبێت لەسەر دۆخى ئابورى عێراق، ئەمە سەربارى دابەزاندنى بەهاى دینارى عێراقى وەک بە شێک لە رێوشوێنەکانى کەمکردنەوەى کورتهێنانى دارایی، بە تایبەت کە زۆرینەى خۆراکە بنەڕەتییەکان لە دەرەوەى وڵات هاوردە دەکرێت .

وتیشى لە ماوەى قەیرانى کۆرۆنادا، زۆرێک لە خەڵک کارى رۆژانە و سەرچاوەى داهاتیان لەدەستداوە، ئەوەش پێویستە لەسەر حکومەت کە هاوکارییان بکات لە چارەسەرکردنى ئەو کێشەیەیاندا، بۆ نموونە دابەشکردنى خۆراکە بنەڕەتییەکان بەسەریاندا و کۆنتڕۆڵکردنى نرخ لە بازاڕدا .

نوێنەرى پرۆگرامى خۆراکى جیهانى لە عێراق، ئاشکراشیکرد، ئەوان لە لایەن خۆیانەوە لە ماوەى ساڵى رابردوودا هاوکارییان پێشکەش بە زیاتر لە 630 هەزار کەس لە عێراق کردووە، هەروەها 43,4 ملیۆن دۆلاریان خەرجکردووە بۆ پشتگیریی لەو خێزانانەى داهاتیان زۆر کەمە .

لە چەند رۆژى رابردوودا وەزیرى پلاندانانى عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆى کاریگەرییەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، رێژەى هەژارى لە عێراق بەرزبووەتەوە بۆ 31.7% واتا 1.4 ملیۆن هاوڵاتى نوێى عێراقى چوونەتە سەر ئەو 10 ملیۆن هاوڵاتییەى کە لەژێر هێڵى هەژارییەوەن .



ڕیکلام