هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا زیادیکرد

  2021-01-16  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ ٩١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە هەفتەی ڕابردوودا.

ئیدارەکە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ناوەندی هاوردەی ئەمریکا لە نەوتی خاو لە هەفتەی ڕابردوودا، لە هەشت دەوڵەتەوە گەیشتووەتە ٥ ملیۆن و ٥٤١ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بەرزبووەتەوە بە بڕی ٨٦٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە چاو هەفتەی پێشتر، کە بڕەکەی گەیشتبووە ٤ ملیۆن و ٦٧٥ هەزار بەرمیل  لە ڕۆژێکدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە ٩١ هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە، ئەو بڕەش لە کاتێکدایە، کە هەفتەی پێشتر بڕەکەی دابەزیبوو بۆ سفر.

ئیدارەکە ڕایگەیاند، زۆرترین هاوردەی نەوت لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ ئەمریکا لە وڵاتی کەنەداوە بووە، کە ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٩٥٨ هەزار بەرمیل بووە، دوای ئەویش مەکسیک کە ڕۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیلی لێوە هاوردە کردووە، پاشان سعودیە بە بڕی ٣٢٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەرازیل ڕۆژانە ٢٠١ هەزار بەرمیل.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕی هاوردەی نەوتی ئەمریکا لە نەوتی خاو لە نەیجریاوە گەیشتووەتە ١٩٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئیکوادۆر ١٦٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ، بەڵام لە کۆلۆمبیاوە بڕەکەی نزمبووەتەوە بۆ سفر.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، هەناردەی عێراق لە نەوتی خاو بۆ ئەمریکا هاتبووە خوارەوە بۆ سفر.

 



ڕیکلام