پەنابەرێکی سیاسیی کورد لە وڵاتی سویسڕا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە و مەترسی ئەوەی لەسەرە ڕادەستی ئێران بکرێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەنابەرێکی سیاسیی کورد بە ناوی ساڵح نێعمانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سویسڕاوە دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێڕان، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵح نێعمانی خەڵکی شاری پیرانشارە و شەش ساڵ لەمەوبەر بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانی جێهێشتووە و وەک پەنابەر ڕووی لە وڵاتی سویسڕا کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ساڵح نێعمانی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)ـە و لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، دوو جار داواکاریی پەنابەرێتی ڕەتکراوەتەوە و بە گوێرەی یاسای پەنابەریی سویسڕا دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە.