کۆشکی سپی مەرجێک بۆ ئێران دادەنێت بەر لە هەر پەیوەندییەکی بایدن و ڕۆحانی

  2021-01-29  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باوەڕی بە دیپلۆماسیەت هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.

جین بساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسدا ڕایگەیاند "پێویستە لەسەر تاران پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بێت، بەر لەوەی هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی  لە نێوان سەرۆکی هەردوو وڵات بێتە ئاراوە".

ئەو وتانەی  وتەبێژی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، مەحمود واعیزی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە نەکشاوەتەوە، تا داوای گەڕانەوەی لێبکرێت.

واعیزی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەوروپا و ئەرمیکا پابەندی بەڵێنەکانیان بن، ئەوا لە نزیکترین کاتدا هەموو پابەندبوونەکانی جێبەجێ دەکات.

ئەو وتانەی واعیزی لە کاتێکدایە، لە میانی سەردانیکردنی بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوێنێ رایگەیاند، "لە پیتاندنی یۆرانیۆمی 20٪یدا کە بڕیاربوو ساڵانە 120 کیلۆ بپیتێنین، زووتر لە کاتی خۆی بڕیار و پلانەکەمان جێبەجێ کردووە و بەرەوپێشچوونی باشمان بەخۆوە بینیوە ".

وتیشی، "لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ١٧ کیلۆ یۆرانیۆمی 20٪یمان پیتاندووە".

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئێران پاش ئەوەدێت کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەگەر ئێران بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.



ڕیکلام