ئێران هاوڵاتییەکی بەلوچی لەسێدارەدا

  2021-01-30  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدانیان سەپاند بەسەر هاوڵاتییەک لە نەتەوەی بەلوچ کە تاوانبارکرابوو بە کوشتن و ئەندامیەتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا.

ماڵپەڕی "میزان ئۆن لاین" ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، جاوید دەهقان بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای سیستان و بلوچستان لە باشوری خۆرهەڵاتی ئێران سزای لە سێدارەدانەکەی بەسەردا جێبەجی کراوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، دەهقان کە ناسراو بە "محەمەد عومەر" لە ساڵی ٢٠١٥دا تاوانبارکراوە بە ئەندامیەکی لە چالاکی چەکداری لە دژی دەوڵەت و یەکێک بووە لە سەرکردەکانی گروپی "جەیشی عەدل" کە ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی.

میزان ئۆن لاین ئاماژەی بەوەشکردووە، دەهقان تێوەگلاوە لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠١٥ و سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی فڕاندنی ٥ ئەندامی پاسەوانی سنور و کوشتنی یەکێکیان.

گروپی جەیشی عەدل لەم ساڵانەی دوایدا، ئەنجامدانی چەندین کردەوەی هێرش و کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی گرتووەتە ئەستۆ، لە پارێزگای سیستان و بلوجستانی نزیک سنوری پاکستان.

دیاترین ئەو هێرشانەی گروپە ئەنجامی داوە، هێرشێک بوو لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٩دا ، کە بووە هۆی کوژرانی ١٩ ئەندامی سوپای پاسداران.

لە سێدارەدانی ئەو ئەندامەی سوپاس عەدل لە کاتێکدایە، دوێنی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، سزای لە سێدارەدان لە دژی دەهقان ڕابگرێت، هاوکات ڕەخنەی ئاراستەی تاران کرد، بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک سزای لە سێدارەدان لەم ماوەیەی دوایدا، کە ژمارەیەکیان لە هاوڵاتیانی کەمینەکانی ناوخۆیی ئێران بوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، دادگایکردنەکەی دەهقان نادادپەروەرانە بووە و لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا ئەشکەنجە دراوە.



ڕیکلام