دەستبەسەرکردنی چالاکان و خوێندکارانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامە و ژمارەیان بۆ نزیکەی 100 کەس بەرزبووەتەوە.
بەپێی میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی مانگێکە شەپۆلێک لە دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی هاوڵاتیانی کورد لە شارەکانی مهاباد، مەریوان، ڕەبەت، سنە، بۆکان، سەوڵاوا، نەغەدە، پیرانشار، سەقز، بانە، کرماشان، شنۆ، جوانڕۆ و پاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستیپێکردووە و ئەگەری زۆریشی هەیە ئەم ڕەشبگیرییە هەروا بەردەوام بێت .
میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا ٩١ کەس دەستبەسەرکراون کە چەند کەسێکیان بە کەفالەت ئازاد کراون.
بە پێی ئاماری ماڵپەڕی کوردپا؛
تاوەکو ئێستا، ٨٤ کەس دەستبەسەرکراون و ٧ کەس پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە .
٣ کەس لەو هاوڵاتیانە خوێندکار بوون؛ (فەرزاد سامانی، سووهەیب بادرووج و بەهمەن یووسفزادە).
٦ کەس چالاکی ژینگەپارێز بوون؛ (دانا سەمەدی، کاروان مینوویی، زانیار موعتەمێدی، سیروان کەریمزادە، کارۆ عەلیداد و جەماڵ قاسمی).
١٢ کەس چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی بوون؛ (شەپۆل خزری، سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵبانی، ئەفشین مامئەحمەدی، سیروان نووری، فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور، سۆران محەممەدی، ئەسرین محەممەدی، سۆران حوسێنزادە، ئەرەستوو مەلاڕەحیمی و مستەفا ئیلخانیزادە).
٥ ئافرەت بە ناوەکانی (نەسرین یەزدانیپوور، نازەنین ئەتابەکی، مەلیحە مورادی، سەمیرا فەرەحناکی و ئیلهام یەزدانیپوور)، بە تۆمەتی تاکبێژی لە گروپی میوزیکی ژنانی "گلاریس" و بەشداریکردنیان لە کلیپێکی ریکلامدا، دەستبەسەرکراون .
١ کەس چالاکی کڕێکاری بووە؛ (ئەفشین ئیلاهی).
دژی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوە کە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن لەسەر ئەو پرسە بێنەدەنگ و داوا لە ئێران بکەن، دەستگیرکراون ئازاد بکات و کۆتایی بەو رەشبگیرییە بهێنێت.