سەرخەوی پاشنیوەڕوان ئاستی زیرەکی بەرز دەکاتەوە

  2021-02-01  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر کەسانی سەروو تەمەن ٦٠ ساڵەوە کراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی سەرخەوێکیان شکاندووە مێشکیان چالاکانەتر کاریان کردووە لەوانەی کە نەخەوتوون.

لێکۆڵینەوەکە کە لە گۆڤاری "جەنەڕاڵ سایکایەتری" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵەرەوەکان لە شێوازی سەرخەوی ٢٢١٤ بەشداربووی وڵاتی چینیان کۆڵیەوە  و لە ڕێی چەند تاقیکردنەوەیەکەوە گۆڕانکاریەکانی سەر ئاستی زیرەکی و چالاکی مێشکیانیان تۆمارکرد.

  لێکۆڵینەوەکە سەرخەوی بە کورتە خەوێکی پاشنیوەڕوانی ٥ خولەک بۆ ٢ کاتژمێری پێناسە کردبوو. بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە دابەشکران بەسەر دوو دەستەدا، ئەوانەی کە بە شێوەیەکی بەردەوام سەرخەو دەکەن لەگەڵ ئەوانەی کە نایکەن.

ئەنجامەکان دەریانخست کە سەرخەو کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر بەشداربووەکان، لە هەموو بوارە جیاوازەکانی لێکۆڵینەوەکەدا، ئاستی ئەوانەی خەوتبوون لە نەخەوتووەکان بەرزتربوو.

دکتۆر هان کە بەڕێوبەری تیمەکە بووە دەڵێت: "ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەی پشتڕاستکردەوە سەرخەوی ڕێک و پێک و بەردەوام گرنگە بۆ پارێزگاریکردن و باشترکردنی ئاستی زیرەکی، بۆیە ئێمە ئامۆژگاری بە ساڵاچووان دەکەین کە بەردەوام سەرخەو بشکێنن".

چۆن سەرخەوێکی باش بکەین؟
وا باشە کە سەرخەوەکە کورت بێت و ٢٠ خولەک زیاتری پێنەچێت تا نەچێتە قۆناغی خەوی قووڵەوە، کە دواتر کەسەکە وڕ و خەواڵوو دەکات پاش هەستانی.

ئەمە جگە لەوەی کە وا گونجاوە سەرخەوەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دوانیوەڕۆدا بکرێت تا کاریگەری خراپی لەسەر خەوی شەوی کەسەکە نەبێت. چونکە خەوی شەو گرنگترین خەوە و دەبێت بەهەند وەربگیرێت.

 



ڕیکلام