هونەر و پۆلینی هونەر

  2021-02-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەیب جەبار

ھونەر چییە؟ و چۆن پۆلین دەکرێت؟ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە  تاکو ئێستا جێگای مشتومڕن. سەدان ساڵە چەندین بیرمەند و فەیلەسوف لەسەر ئەم بابەتە مشتومڕیانە و نەگەیشتوونەتە دوا وەڵامی  یەکلاکەرەوە. ھەریەکەو بەپێی بیروبۆچوون و ئیجتیھادی خۆی ڕای لەسەر دەربڕیوە. بۆیە ئێمەش لەم نوسینەدا ھەوڵدەدەین ھەندێ پێناسە و جۆری پۆلینی ھونەرتان پێشکەش بکەین لە کۆتاییشدا ڕاو بۆچوونی خۆمانتان بۆ دەردەبڕین.
ھونەر چییە؟

ئەگەر ئەو وێنانەی کە مرۆڤ لە سەردەمی دێریندا لەسەر دیواری ئەشکەوت کێشاونی, بە سەرەتای پەیدابوونی ھونەر حساب بکرێت, ئەوە دەتوانین بڵێین لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤەوە, ھونەریش پەیدا بووە. بەڵام ئەو کاتە کە مرۆڤ ئەو وێنانەی کێشاوە وەک ھونەر بیری لێنەکردووەتەوە، بەڵکو چالاکییەکی مرۆڤانە بووە، بۆ ھەندێ مەبەستی ئەو کاتە کە پێویست بووە، ئەو وێنانەی کێشاوە.

لەو سەردەمە و دواتریش، مرۆڤ ھیچ بۆچوون و ڕاڤەیەکی فەلسەفی لەسەر ھونەر نەبووە, تا دەگاتە سەردەمی شارستانییەتی یۆنان، بەڵام یۆنانییەکان ھەموو کارێکی ناوازە و دەگمەنیان بە ھونەر داناوە ، گەر ئەو کارە چێژبەخش بێ یان سوودبەخش، جیاوازییان لە نێوان ھونەر و پیشەدا نەکردووە. سۆفیستەکان و ئەفڵاتون و ئەرستۆ, کە دید و بۆچوونی خۆیان لەسەر ھونەر بە گشتی و شیعر و داستان بە تایبەت دەربڕیوە. لە سەردەمی ئەوانەوە تا ناوەڕاستی سەدەی ھەژدەیەم ھونەر وەک بەشێک لە فەلسەفە جیا نەکراوەتەوە, زۆر بە تێکەڵ و پێکەڵی باسی ھونەر کراوە. تاکو نوسەری ئەڵمانی ئەلیکسەندەر باومگارتن (١٧١٤-١٧٦٢ز) کتێبێکی دانا بە ناوی (ستاتیکا) و داوای کرد لەمەودوا ھونەر وەک بەشێک لە فەلسەفە حسابی بۆ بکرێت و بەناوی (فەلسەفەی ھونەر)ەوە جیابکرێتەوە و ڕاڤە بکرێت. 

دیارە جۆرەکانی ھونەر زۆرن و ئێمە نامانەوێ لەم نوسینەدا باسی ھەمووی بکەین. چونکە ئەو بابەتە کارێکی زۆر و نوسینێکی دوورودرێژی دەوێت.  بیرمەندی لوبنانی (جەمیل سولەیبا) لە (الموسوعە الفلسفیە) کەیدا دەڵێ (ھونەر کۆمەڵێ ڕێسای پەیڕەو کراوە بۆ وەدیھێنانی مەبەستێکی دیاریکراو, جوانی بەخشە, یا خێربەخشە, یا سوودبەخشە. ئەگەر مەبەست بەدیھێنانی جوانی بێت, پێی دەڵێن ھونەری جوان, ئەگەر مەبەست بەدیھێنانی خێر بێت, پێی دەڵێن ھونەری ئەخلاق, ئەگەر مەبەست بەدیھێنانی سوود بێت, پێی دەڵێن ھونەری پیشەگەری)( ). کۆڵینەوە لە ھونەری خێربەخش (ئەخلاق، دابونەریت.......ھتد) و ھونەری سوودبەخش (دارتاشی، ئاسنگەری........ھتد) مەبەستی ئەم نوسینەی ئێمە نییە. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە تەنھا لە خولگەی حەوت ھونەرە جوانەکەدا دەسوڕێتەوە, کە ئەمڕۆ زۆربەی بیرمەندان و زانایانی جوانیناس لەسەری ڕێککەوتوون (ئەدەب, مۆسیقا, سەما, شانۆ, ڕەسم, سینەما, نەحت و میعمار). بەتایبەت ھونەری ئەدەب و بەتایبەتتر ھونەری شیعر.

فەیلەسووفی یۆنانی ئەفلاتون (٤٢٧-٣٤٧ پ.ز.) دەڵێ: (ھونەر لاساییکردنەوەی (محاکاە) سروشتە, سروشتیش لاساییکردنەوەی بەھا و نموونەی باڵایە. واتا ھونەر لاساییکردنەوەی لاساییکردنەوەیە)( ) بەھا و نمونەی باڵا ناگۆڕێت, بەڵام سروشت لە گۆڕاندایە. لەبەر ئەوە دەبێت ھونەر بێ زیاد و کەم لاسایی سروشت بکاتەوە, ئەگەر لادانی تیا بوو لە سروشت، شتی نامەعقول و وەھم دروست دەبێت, لە خێر و حەق دوور دەکەوێتەوە, کە لە خزمەتی مرۆڤدا نابێت. بۆیە ئەفلاتون شاعیرانی لە (کۆمار)ەکەی کردە دەرەوە چونکە شتی نامەعقولیان دەوت. لای ئەفلاتون ھونەر لە ڕێگای نوسین, ڕەسم, یاخود دەنگەوە دەردەبڕێت. 

فەیلەسووفی یۆنانی ئەرستۆ (شاگردی ئەفلاتون) (٣٨٤-٣٢٢ پ.ز.) دەڵێ: ڕاستە ھونەر لاساییکردنەوەی سروشت و ژیانە, بەڵام نەک گواستنەوەی دەقاودەق, بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ناتەواوییەکانی سروشت و ژیان. ھونەر ئەوەیە کە پێویستە ببێت نەک ئەوەی کە ھەیە. کە باسی شیعریش دەکات, دەڵێ نابێت شیعر باسی ڕووداوی کۆن بکات بەڵکو دەبێت باسی ئەو ڕووداوانە بکات کە لەوانەیە ڕووبدەن( ).

فەیلەسووفی ئەمریکایی جۆن دیوی (١٨٥٩-١٩٥٢ز) دەڵێ: ھونەر ژیان و ئەزموونە. مرۆڤ بە درێژایی ژیانی, شارەزایی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا پەیدا دەکات, تاکو دەگاتە پلەی سازان و گونجان, ئەو کاتە ھەست بە جوانی و چێژ دەکات و ئاسوودە دەبێت. بەو پێیە جۆن دیوی ھونەر دادەبەزێنێ بۆ ئاستی ڕۆژانەی ژیانی خەڵک بە جوانکارییەکی سادەوە و ھیچ ئیعتیبارێک بۆ یاخیبوون و لادان و جیاوازی دانانێت( ). 

بیرمەندی ئیتاڵی بندیتو کرۆتشە (١٨٦٦-١٩٥٢ز) دەڵێ: ھونەر قووڵبینی (حدس) و دەربڕینە. واتا ھونەر لاساییکردنەوە نییە, بەڵکو دەربڕینە، لە ناوەوەی ھونەرمەند سەرچاوە دەگرێت (ڕۆمانسیەت), (قووڵبینی- حدس) مەعریفەیەکە لە ڕێگای خەیاڵەوە دروست دەبێت، ھەستی دەرەکی دەوری تیا نابینێت. واتا داھێنان و خەلقکردنی تازەیە( )(تازەگەری).

نوسەر و ڕۆماننوسی ڕووس لیو تۆلستۆی ( ١٨٢٨ – ١٩١٠ز) باوەڕی بەوە نییە کە جوانی و چێژبەخشین خەسڵەتی ھونەر بن, بەڵکو دەڵێ (ھونەر دیاردەیەکە لە دیاردەکانی ژیانی مرۆڤ, ئامرازێکی پەیوەندی نێوانیانە, وەک چۆن گوفتار ئامرازێکە بۆ گۆڕینەوەی بیروباوەڕ, ھونەریش ئامرازێکە بۆ گۆڕینەوەی سۆز و خۆشەویستی, کەواتە ھونەر ئامرازێکە بۆ پەیوەندی بەردەوامی نێوان مرۆڤ)( ) .

ژنە فەیلەسووفی ئەمریکی سۆزان لانجەر (١٨٩٥-١٩٧٥ ز) دەڵێ: ھونەر ھێما و واتایە, ھونەر داھێنانی فۆرمە کە قابیلی ئیدراکە لەلایەن ھەستەکانمانەوە, لە ھەمان کاتدا دەربڕی شعوری مرۆڤە. ڕۆڵی فۆرمی دەلالەتدار و وێنەی خاوەن مانا لە کاری ھونەریدا بەرز ڕادەگرێت, چونکە بەبێ فۆرم و وێنە، بەرھەمی ھونەری، لەلایەن ھەستەوە، قابیلی درک کردن نییە. مەبەستی لەوەیە کە مرۆڤی ھونەرمەند ئەو ئارەزووە  نەستییانەی کە ھەیەتی بەشێوەی بابەتێکی ھونەری بەرجەستەی دەکات, واتا داھێنانی شتێکی تازە( ).

 بیرمەندی بەریتانی ھێربرت رید ( ١٨٩٣ – ١٩٦٨ ز) دەڵێ: ھونەر ھەوڵدانێکە بۆ داھێنانی فۆرمی چێژبەخش, ئەو فۆرمەش ھەستی مرۆڤ  بەجوانی تێردەکات( ).

زۆربەی فەیلەسووف و بیرمەندان لەسەر ھەندێ خەسڵەتی بنەڕەتی ھونەر کۆکن. ئەو خەسڵەتانە چین کە بەرھەمی ھونەری لە بەرھەمی ناھونەری جیا دەکەنەوە. یەکێک لەو خەسڵەتانە ئەوەیە کە بەرھەمی ھونەری خاوەنی خەسڵەتی جوانییە. پێناسەکردنی جوانیش، تاکو ئێستا جێگای مشتومڕە، پێناسەی یەکلاکەرەوەی نییە. بۆیە تا ئێستاش پێناسەی یەکلاکەرەوەی ھونەر مەسەلەیەکی گیروگازە. جوانیی دوو جۆرە، جوانی سروشت و جوانی ھونەر، جوانی سروشت دەستکردی خودا و سروشتە، جوانی ھونەر دەستکردی مرۆڤە.

خەسڵەتێکی تری ھونەر ئەوەیە کە بەرھەمی ھونەری چێژبەخشە. کاتێک چێژ لە بەرھەمێکی ھونەری وەردەگرین، ھەستەکانمان دەجووڵێنێت و تووشی ھەڵچوونێکی ستاتیکی دەبین، ئەویش لە ڕێگای ئەوەی کە ھونەرمەند شێوەیەکی تازە دەداتە ماددەکە، یاخود نوسەر چنینێکی زمانی تازە بۆ نوسینی دەقەکەی دەکات و دەلالەت لە شتی تازە دەکات.

خەسڵەتێکی تری ھونەر ئەوەیە کە ھونەر دەستکردی مرۆڤە و لاساییکردنەوەی سروشت نییە، نوسەری فەرەنسی ئەندرێ جید (١٨٦٩ – ١٩٥١ ز) دەڵێ (تاکە شتێ لە جیھاندا ناسروشتی بێت, کاری ھونەرییە)( )
ھەروەھا نوسەری فەرەنسی جان لاکۆست دەڵێ (ھونەر دروستکردنی شتێکە کە لە بووندا نییە) ( ) ئەم دوو پێناسەیە ئەوە دەگەیەنێت کە ھونەر لاسایی و دووبارەکردنەوە نییە، بەڵکو داھێنان و دروستکردنی شتی تازەیە. داھێنان شتێک بەرھەم دەھێنێت کە لە بووندا بوونی نییە.

خەسڵەتێکی تری ھونەر ئەوەیە، ھونەر فۆرمە، بیرمەندی بەریتانی ھێربرت رید دەڵێ (لە سەرەتاوە دەتوانین بڵێین شتێکی ھاوبەش لەنێوان ھەموو کارە ھونەرییەکاندا ھەیە, ئەویش فۆرمە)( ). ھەروەھا د.محەمەد کەمال دەڵێ (ھونەر فۆرمە نەک ماتەر)( ) بۆ ئەوەی بەرھەمێکی ھونەری لە بەرھەمێکی ناھونەری جیا بکەینەوە دەبێ فۆرمێکی تازە بدەینە ماتەرەکە, ماتەر ھەمیشە ھەیە و لەبەر دەستی ھەموو کەسێکدایە, بەڵام چۆن ئەم ماتەرە دەکەینە ھونەر, ئەویش بەوەی فۆرمێکی تازەی بکەینەبەر, کە جوان و چێژبەخش بێت. نوسەری عەرەب عمرو الجاحڤ ( ٧٧٦ -٨٦٨ ز) دەڵێ [ماتەر (ناوەڕۆک) لە قەراغ ڕێگاکە ھەڵڕژاوە,ئەرکی شاعیر ئەوەیە چۆن فۆرمێکی ھونەری دەکاتە بەر و دەیکات بە شیعر (ھونەر)].

خەسڵەتێکی تری ھونەر ئەوەیە کە بەرھەمی ھونەری دەبێت ڕێکوپێک بێت، سازان و گونجان لەنێوان پێکھاتەکانیدا ھەبێت، تەرازووی نێوان شێوە و ناوەڕۆک یاخود ڕوح و ماددە ڕابگرێت، دەبێت ھارمۆنی و خاوەن ئیقاع بێت، بە وردی مامەڵە لەگەڵ وشە و دەنگ و ڕەنگ و جووڵە بکات بۆ ئەوەی وێنەیەکی مانادار و چێژبەخش پێشکەش بە ھەستی وەرگر بکات.

ئەوەی سەرەوە چەند ڕاو بۆچوونێکی جیاوازی فەیلەسووفان و بیرمەندانن لەگەڵ ھەندێ ڕاوبۆچوونی گشتی لەسەر ھونەر و پێناسەی ھونەر. 

پۆلینی ھونەر

بابەتی پۆلینی ھونەریش وەکو زانینی چەمک و پێناسەی ھونەر ، مەسەلەیەکی ئاڵۆز و پڕ گرفتە ، لە کۆنەوە تاکو ئەمڕۆ چەندین فەیلەسووف و بیرمەند بە پێی دید و بۆچوونی خۆیان جۆرەکانی ھونەریان پۆلین کردووە، بۆ دیاریکردنی لایەنی جیاوازی و لێکچوونی نێوانیان . ھەر یەکەو بنەمایەکی جیاوازی بۆ پۆلینەکەی بە کارھێناوە. زانای فەرەنسی جان بەرتلیمی  دەڵێ (پۆلینی ھونەر بابەتێکە دەمانباتە بواری ئەو کێشانەی سەردەمانێکە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە, بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە ھەرچەند زۆر لە فەیلەسووف و زانای جوانیناس توانای خۆیان تەرخان کردووە بۆ دۆزینەوەی تیۆرێکی ڕێکوپێک بۆ ئەو بابەتە, ناڵێم ھیچیان نەکردووە و کارەکانیان بەفیڕۆ ڕۆیشت, بەڵام ئەڵێم بەبێ ئەوەی بگەن بە کۆتا پۆلینی قەناعەتپێکەر)( ). پۆلێنی ھونەر بە درێژایی مێژوو بە پێی قۆناغ و جیاوازی پێناسەی ھونەر گۆڕانکاری زۆری بەسەردا ھاتووە . لە خوارەوە ھەوڵدەدەین بەپێی سەردەم بۆتان ڕونبکەینەوە .

یەکەم : پۆلینی ھونەر لە سەردەمی کۆندا.

لە ئێستادا ھەموو کۆکین لەسەر ئەوەی کە ھونەرە جوانەکان حەوتن، بەڵام لە سەردەمی کۆندا، ئەو ھونەرانە بەو شێوەیەی ئێستا دیاری نەکرابوون و جیانەکرابوونەوە، بەڵکو لەگەڵ زۆر چالاکی تری مرۆڤ و بواریتردا تێکەڵکرابوون و ھەر ھەموویان بە ھونەر ئەژمار دەکران. ھەندێ لەو بوارانە زانستی ڕووتن وەکو ماتماتیک و ئەستێرەناسی، ھەندێکیان زانستی پراکتیکین وەکو بواری پزیشکی و کشتوکاڵ و ئەندازە، ھەندێکیش زانستی کۆمەڵایەتین وەک بواری سیاسەت و ئەخلاق، ھەروەھا ھونەری بواری دەسڕەنگینی و پیشەگەری .چەمک و پێناسەی ھونەر لە سەردەمی شارستانیەتی یۆنان و ڕۆماندا زۆر گشتگیر و بڵاوبووە و چەندەھا جۆر پۆلینی بۆ کراوە، بۆ نموونە :

* پۆلینی سەردەمی سۆفیستەکان لەسەر بنەمای مەبەست و ئامانجی ھونەر بووە.

* پۆلینی ئەفلاتون و ئەرستۆ لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان ھونەر و واقیع بووە.

* پۆلینی مارکۆس سیسرۆ (شیشرۆن ١٠٦-٤٣ پ.ز.) لەسەر بنەمای ئەو بەھایەی لە ھونەرەکەدا ھەیە .

* پۆلینی مارکۆس کونتیلیانۆس (٣٥-٩٤ز)  لەسەر بنەمای ئەوەی ھەر ھونەرێک چی بەرھەمدێنێ.

* پۆلینی جاڵن (جالینۆس ١٣٠-٢٠٠ز) لەسەر بنەمای ئەوەی ھەر ھونەرێک چەند توانای جەستەیی دەوێت .

* پۆلینی پلۆتینۆس (ئەفلۆتین ٢٠٥-٢٧٠ز) لەسەر بنەمای پلەی ڕوحانییەت لە ھونەردا .

سۆفیستەکان، ھونەریان بۆ دوو جۆر ھونەر پۆلین کردووە: 
١-ھونەری سوودبەخش .
٢- ھونەری چێژبەخش .

ھەروەھا ئەفلاتونیش، ھونەری بۆ دوو جۆر پۆلین کردووە:
جۆری یەکەم : ھونەری مادی وەکو ھونەری میعمار .
جۆری دووەم : ھونەری لاساییکردنەوە وەکو ھونەری ڕەسم .

ئەرستۆ ھونەری لەسەر بنەمای جیاوازی ئامرازی دەربڕین پۆلین کردوە :
١-ئامرازی ڕەنگ بۆ ھونەری ڕەسم ونەحت .
٢-ئامرازی دەنگ بۆ ھونەری موسیقا وئیقاع و زمان .
٣-ئامرازی تێکەڵاو بۆ ھونەری تراژیدیا .

سیاسەتمەداری ڕۆمانی مارکۆ سیسرۆ (شیشرۆن) ھونەری بۆ سێ جۆر پۆلین کردووە :
١-ھونەری گەورە وەکوو ھونەری جەنگ و ھونەری سیاسەت .
٢-ھونەری مام ناوەند کە پەیوەندی بە زھنی مرۆڤەوە ھەیە وەکو ھونەری زانست و ھونەری شیعر وگوتار .
٣-ھونەری بچووک وەکو ھونەری ڕەسم، نەحت، مۆسیقا، نواندن، وەرزش.

فەیلەسووفی ڕۆمانی پلوتینۆس، لەکۆتایی سەردەمی کۆندا، ھونەری بۆ پێنج جۆر پۆلین کردووە :
١-ئەو ھونەرەی شتی مادی  دروست دەکات وەکو ھونەری میعمار
٢- ئەو ھونەرەی یارمەتی سروشت دەدات وەکو ھونەری پزیشکی و کشتوکاڵ.
٣-ئەو ھونەرەی لاسایی سروشت دەکاتەوە وەکو ھونەری ڕەسم .
٤-ئەو ھونەرەی ڕەوشتی مرۆڤ جوان و ڕێکدەخات وەکو ھونەری بەلاغەت و ھونەری سیاسەت .
٥-ھونەری زھنیی ڕووت وەکو ئەندازە .

ئەوانەی سەرەوە بە کورتی ھەندێ لەو جۆرانەی پۆلینی ھونەر بوون لە سەردەمی کۆندا.

دووەم: پۆلینی ھونەر لە سەردەمی نوێدا 

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چەندین فەیلەسووف و بیرمەندی تر، جۆرەھا پۆلینیان بۆ ھونەر کردووە، بەڵام ھەموویان لەوانەی سەردەمی کۆنەوە نزیکن، بۆیە بە پێویستمان نەزانی جارێکیتر دووبارەیان بکەینەوە .دێینە سەر دید و بۆچوونی ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی لە سەدەی ھەژدەوە دەرکەوتن :

*پۆلینی ڕەخنەگر وشانۆنوسی ئەڵمانی گۆتھۆڵد لیسینگ (١٧٢٩-١٧٨١ز) .

 لیسینگ، ھونەری بۆ دوو جۆر پۆلین کردووە :
١-ھونەری شوێنانە ( مکانی)وەک ھونەری میعمار، نەحت، ڕەسم .
٢-ھونەری کاتانە(زمانی) وەکو ھونەری مۆسیقا، شیعر، سەما، شانۆ، لەم دواییەش سینەمای ھاتەپاڵ.

(تێبینی (١): لەباتی ھەردوو وشەی (زمانی) و (مکانی) عەرەبی من ھەردوو وشەی (کاتانە) و (شوێنانە)ی کوردیم بەکارھێناوە, لەسەر کێشی (ڕۆژانە, مانگانە, ساڵانە, پیاوانە, مەردانە), لەبری وشەی (کاتی) و (شوێنی), چونکە لە زمانی عەرەبیدا پیتی (ی) بخەیتە پاڵ ئەو وشانە دەبنە ئاوەڵناو (ێفە), لە کوردیشدا ھەر سێ پیتی (انە) بخەیتە پاڵیان دەبنە ئاوەڵناو. ھەروەھا پێم باشە لەبری وشەی (وقتی) و (مۆقت)ی عەرەبی وشەی (کاتینە)ی کوردی بەکاربھێنین. ھیوادارم شارەزایانی زمانی کوردی لەو بارەوە ڕایان ھەبێت.)

*پۆلینی فەیلەسووفی ئەڵمانی عمانوئیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤ز) .

 عمانوئیل کانت فەیلەسووفی ئەڵمانی سەردەمی ڕۆشنگەری ئەوروپا ،ھونەری بۆ چوار جۆر پۆلین کردووە:
١-ئەو ھونەرانەی وشە وەکو ئامراز بەکاردەھێنن وەک ھونەری شیعر، ھونەری گوتار.
٢-ئەو ھونەرانەی وێنەی شێوەکاری وەک ئامراز بەکاردەھێنن وەک ھونەری میعمار، رەسم، نەحت،    ڕێکخستنی باخچە.
٣-ئەو ھونەرانەی دەنگ وەک ئامراز بەکاردەھێنن وەکو ھونەری مۆسیقا.
٤-ئەو ھونەرانەی جۆرەھا ئامراز بەکاردەھێنن (ئامرازی تێکەڵ) وەکو ھونەری شانۆ، ھونەری گۆرانی، ھونەری سەما و بالێ.

بێگومان ھونەری سینەماش (کە تازەیە) دەچێتە پاڵ ھونەری تێکەڵاو.

*پۆلینی فەیلەسوفی ئەڵمانی فردریک ھیگڵ(١٧٧٠_١٨٣١ ز) .
فردریک ھیگڵ، ھونەر لەسەر بنەمای شێوە و ناوەڕۆک یاخود بڵێین مادە و روح پۆلین دەکات و دەیکاتە سێ ئاست (جۆر):
ئاستی یەکەم: مادە زاڵە بەسەر ڕوحدا وەک ھونەری میعمار .
ئاستی دووەم: مادە و ڕوح لە یەک ئاستدان وەکو ھونەری نەحت.
ئاستی سێھەم: ڕوح زاڵە بەسەر مادەدا وەکو ھونەری شیعر ، موسیقا، ڕەسم.

ھیگڵ، بەپێی پەرەسەندنی مێژوویی ھونەر، پۆلینەکەی کردووە ، بەوەی میعمار کۆنترین ھونەرە ، پاشان نەحت ھاتووەتە ئاراوە ، لە مناڵدانی نەحتەوە ھونەری ڕەسم ھاتووەتە ئاراوە، لە مناڵدانی ڕەسمیشەوە شیعر پەیدابوە،بۆیە ھیگڵ شیعر بەباڵاترین و جوانترین ھونەر دادەنێت.

*پۆلینی فەیلەسووفی ئەڵمانی ئەرسەر شۆپنھاوەر (١٧٨٨-١٨٦٠).

شۆپنھاوەر، بەشێوەیەکی ھەرەمی ھونەر پۆلین دەکات و لەسەر بنەمای ئەو بەھا مرۆڤانەی لە ھێزی ئیرادەوە سەرچاوە دەگرێ، لەبەر ئەوە ھونەری میعمار دەکاتە بناغەی ھەرەمەکە، دوای ئەوە ھونەری نەحت دێت، دوای نەحت ھونەری ڕەسم دێت، دوای ڕەسم ھونەری شیعر دێت، دوای ھونەری شیعر ھونەری موسیقا دێت کە دەکاتە لوتکەی ھەرەمەکە. شۆپنھاوەر ھونەری موسیقا بەباوکی ھونەرەکان دادەنێت، بەلای ئەوەوە مۆسیقا وەک ژمارە و ھێما زمانێکی گشتییە و قانونی بوون کەشف دەکات، ھەروەھا دڵشادی و خەمباری لەخۆیدا کەشف دەکات و ھەموو قانونەکانی بوون بەرجەستە دەکات، بەڵام لاسایی ناکاتەوە.

سێھەم : پۆلینی ھونەر لە سەدەی بیستدا.

*پۆلینی بیرمەند و فەیلەسووفی فەرەنسی ئالان (ئیمیل شارتی ١٨٦٨-١٩٥١ز).
 ئالان ھونەر پۆلین دەکات بۆ دوو جۆر :
١-ھونەری بەکۆمەڵ (کۆمەڵێ خەڵک بەشداری تێدا دەکات): وەکو ھونەری موسیقا، گورانی، شانۆ، سەما.
٢-ھونەری تاک: ئەو ھونەرەی کە ھونەرمەند خۆی بە تەنھا بەرھەمی دەھێنێت بێ ئەوەی کەس ھاوکاری بکات، وەکو ھونەری ڕەسم ، نەحت، دارتاشی، سیرامیک، ھونەری نوسین وپەخشان .

ھەروەھا دەڵێ لە نێوان ھونەری بەکۆمەڵ و ھونەری تاکدا، دوو جۆر ھونەری تر ھەیە، ئەوانەش ئەمانەی خوارەوەن:
١-ئەو ھونەرەی لە کۆمەڵەوە دەچێت بۆ تاک وەک ھونەری میعمار .
٢- ئەو ھونەرەی لە تاکەوە دەچێت بۆ کۆمەڵ وەکو ھونەری شیعر و بەلاغەت.

*پۆلێنی فەیلەسووفی فەڕەنسی ئیتیان سۆریۆ (١٨٩٢-١٩٧٩ز)
ئیتیان سۆریۆ، ھونەری پۆلێن کردووە بۆ حەوت جۆر لەسەر بناغەی چۆنێتی ھەستی زاڵ لە کاری ھونەریدا ، بەم شێوەیە:
١-ھێڵ بۆ ھونەری زەخرەفە .
٢-قەبارە بۆ ھونەری میعمار و نەحت.
 ٣-ڕەنگ بۆ ھونەری ڕەسم.
٤-ڕووناکی بۆ ھونەری سینەما و وێنەی ڕەنگاوڕەنگ.
٥-جووڵە بۆ ھونەری سەما .
٦-دەنگی ماناداری وشە بۆ ھونەری ئەدەب و شیعر .
٧-دەنگی پەتی بۆ ھونەری موسیقا.

*پۆلینی زانای فەڕەنسی لیزباکس
 لیزباکس، ھونەر پۆلێن دەکات بۆ سێ جۆر:
١-ھونەری جووڵاو : وەک ھونەری سەما ،گۆرانی، مۆسیقا.
٢-ھونەری نەجووڵاو : وەک ھونەری میعمار ،نەحت، ڕەسم.
٣-ھونەری شیعرانە : وەک ھونەری شیعری لیریک، شیعری چیرۆکئامێز ، ھونەری شیعری نواندن (کۆمیدیا و تراژیدیا)، ھونەری ئۆپەرێت ، نواندنی لیریکی ،ئەم ھونەرانە کۆی ھونەری ئەدەب و گۆرانی و مۆسیقان، دەربڕی خەیاڵی ڕەسەنی ھومەرمەندن.

(تێبینی (٢):  بۆ بابەتی پۆلینی ھونەر لە قۆناغی جیا جیادا سودی زۆرم لەم سەرچاوەیە وەرگرتووە (سید احمد بخیت علی/ تێنیف الفنون العربیە و الاسلامیە/ منشورات المعھد العالمی للفکر الاسلامی- فرجینیا- الولایات المتحدە الامریکیە/ الگبعە الاولی- بیروت-٢٠١٢/ ێ ٨٧ – ١٨٨)

ئەوانەی سەرەوە دید و بۆچوونی چەندین فەیلەسووف و بیرمەند و زانای جوانیناس بوون لەسەر چەمک و پێناسەی ھونەر، ھەروەھا لەسەر چۆنێتی پۆلینی ھونەر لە قۆناغی جیاجیادا. وەک دەبینین، ھەردوو بابەتەکە لە کۆنەوە تاکوو ئێستاش جێگای مشتومڕ و دید و بۆچوونی جیاوازن. ئایا پاش ئەزموونی پەنجا ساڵ خوێندنەوە و نوسین, ئێمە چۆن دەڕوانینە ئەو دوو بابەتە و دید و بۆچوونمان چی بێت. لە ژیانی ڕۆژانەی خوێندنەوە و نوسینماندا چۆن تێیان دەڕوانین و پەیڕەوی دەکەین. ھەروەھا چۆن بەپێی تێگەیشتن و دید و بۆچوونمان کاری ھونەری ھەڵدەسەنگێنین.
دید و بۆچوونی ئێمە:

 دید و بۆچوونی ئێمە لەسەر چەمک و پێناسەی ھونەر بەم شێوەیەیە: (ھونەر چالاکییەکی مرۆڤانەیە، داھێنان و دروستکردنە نەک لاساییکردنەوە، چالاکییەکی دەگمەنە بۆ ھێنانەکایەی شتێکی تازە کە لەوەو پێش نەبووە و لە بووندا بوونی نییە, بەرھەمی ھونەری جوان و چێژبەخشە، بەرھەمێکی ھارمۆنی ئیقاعدارە. فەوزا نییە. بەرھەمی خەیاڵە نەک ئەقڵ). گەر بە وردی بڕوانینە پێناسەی ھونەر لە سەردەمی کۆندا, دەبینین لەو سەردەمەدا ھونەر تیشکدانەوەی دەرەوەی ھونەرمەندە, واتا ھونەرمەند شتەکان لە دەرەوە وەردەگرێت و دەیگوێزێتەوە بۆ ناوەوەی خۆی, وەک خۆیان بەبێ گۆڕانکاری دایاندەڕێژێتەوە, واتا لاسایی کردنەوە (بڕوانە بۆچوونەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆ). ئەم سەردەمە بە سەردەمی کلاسیکی ناسراوە.

لە سەردەمی نوێدا دەبینین ھونەر خەسڵەتی دەربڕین وەردەگرێ, واتا دەربڕین لە ناخی ھونەرمەندەوە بۆ شتەکانی دەرەوە, دەربڕین لە ھەست و شعوری ھونەرمەند بەرامبەر بە شتی ھەستی و ناھەستی لە سروشتدا و داڕشتنەوەی لەگەڵ کەمێ گۆڕانکاریدا, واتا پرۆسەکە پێچەوانە دەبێتەوە لە ناوەوەی ھونەرمەند بۆ دەرەوە (بڕوانە پێناسەکەی کرۆتشە). ئەم سەردەمەش بە سەردەمی ڕۆمانتیکی ناسراوە.

لە سەدەی بیستدا گۆڕانکاری گەورە بەسەر پێناسەی ھونەر و دەربڕینیشدا دێت, لە ئەنجامی پەرەسەندن و گۆڕانکاری گەورە لە بواری زانست و پیشەسازی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەقڵ و بیر و ژیانی مرۆڤدا. دەربڕین ناتوانێ ھەڵگری تەواوی ئەو گۆڕانکارییانە بێت, بۆیە لەم سەردەمەدا ھونەر حسابی داھێنانی بۆ دەکرێت (بڕوانە بۆچوونەکەی سۆزان لانجەر) لە ڕێگای واتا و ھێمای تازەوە بۆ شتی تازە و وێنەی تازە و جیھانی تازە (تازەگەری). لەم سەردەمەدا کە ئێستاش بەردەوامە دەیان قوتابخانە و ڕێبازی ئەدەبی و ھونەری ھاتنە کایەوە. بێگومان ئەم کاروانی گۆڕانکارییە لە لاسایی کردنەوە بۆ دەربڕین, لە دەربڕینەوە بۆ داھێنان زۆر درێژەی کێشا و چەندین سەدەی خایاند.

مرۆڤ ڕۆژانە لە ڕێگای ھەر پێنج ھەستە دەرەکی و ناوەکییەکەیەوە مامەڵە لەگەڵ شتی ھەستی و ناھەستی گەردووندا دەکات, بە کارگەی مێشکیدا تێپەڕ دەبێت, مرۆڤی ئاسایی ئەوەندە مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا دەکات کە کاری ڕۆژانەی خۆی پێ جێبەجێ بکات, واتا تەنھا ئەقڵی بەکاردەھێنێت، ھیچ ھەوڵێکی گۆڕانگاری و دروستکردنی شتی تازە نادات, بەڵام مرۆڤی ھونەرمەند کە شتەکان وەردەگرێت و دەیخاتە کارگەی مێشکییەوە و خەیاڵدانی دەخاتە کار، بۆندی نێوان شتەکان دەشکێنێ و بۆندی تازەیان بۆ دروستدەکات، ئەو بۆندە تازانە وێنەی تازە و جیھانی تازە دەخولقێنن کە زۆر جیاوازە لەو جیھانەی تێیدا دەژین, ھەروەھا بەو مەرجەی ئەو وێنە و جیھانە تازەیە لە زەینی وەرگردا بەرجەستە ببێت نەک وێنەی کرچوکاڵ و جیھانی ئاڵۆز و تاریک . ھونەر جوان و چێژبەخشە، ھەرچەن لەوانەشە شتی بەد و ناشیرین بەکاربھێنێت، بەڵام جوانییان پێدەبەخشێ و چێژی لێوەردەگیرێ، توشی سەرسامی و سەرسووڕمانمان دەکات . 

 وەزیفەی گشتیی ھونەر دروستکردنی جوانی و چێژبەخشین و سەرسامی و ئاسوودەیی ڕوحییە, بەپێی ئەو ڕیزبەندییەی لە خوارەوە کردوومانە, یەکەم شەش ھونەرەکە (لەگەڵ ھونەری نەحت) وەزیفەی سەرەکییان جوانی و چێژ بەخشین و سەرسامی و ئاسوودەیی ڕوحییە, دوای ئەوە وەزیفەی تریان دەبێت, بۆ نموونە شیعر پاش وەزیفەی جوانی و چێژ بەخشین دەتوانێ وەزیفەی تر ببینێ وەک پەروەردە, کۆمەڵایەتی, سروود و گۆرانی..... ھتد. جگە لە ھونەری میعمار کە وەزیفەی سەرەکی سوود بەخشینە بەوەی کە دەبێتە داڵدەی مرۆڤ بۆ نیشتەنی, بازاڕ, قوتابخانە, مزگەوت, ئوتێل....ھتد ئینجا وەزیفەی جوانی و چێژ بەخشین و سەرسامی و ئاسوودەیی ڕوحی دەبینێت. ھونەرمەندی ڕەسەن لەکاتی داھێنانی بەرھەمی ھونەریدا بۆ سوود کار ناکا و سوودمەند نییە. جگە لە ھونەری میعمار کە لە ئەمڕۆدا خاوەنەکەی بەبێ بەرامبەر نەخشە و وێنە و مۆدێلی میعماری ناکێشێت و دروست ناکات. 

 بێگومان سەرچاوەی سەرەکی داھێنان خەیاڵ و زاکیرەیە. ھونەری میعمار کێشەیەکی تری ھەیە, لە ھەندێ وڵات (وەک لای خۆمان) وەک بەشێک لە زانستی ئەندازە دەناسرێت, چونکە ئێستا لە زۆربەی کۆلیژەکانی ئەندازە لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا لقێکیان ھەیە بەناوی لقی ئەندازەی میعماری, بەڵام لە ھەندێ وڵاتی تردا (وەک ئێران) ھونەری میعمار لە کۆلیژی ھونەر دەخوێندرێت، وەک لقێکی ھونەرە جوانەکان بەناوی ھونەری میعماری. جاران نەخشەی میعماری بە ھەموو وردەکارییەکانییەوە بە دەست دەکێشرا و ڕەسم دەکرا, بەڵام ئێستا ھەمووی بە کۆمپیوتەر و بە جۆرەھا بەرنامە ڕەسم دەکرێت. دەوری کارامەیی و چالاکی دەست نەماوە, سەرباری ئەوە,خەیاڵ دەوری سەرەکی دەبینێت, بەبێ بەکارھێنانی خەیاڵدان ئەستەمە بتوانرێت داھێنان لە ھونەری میعماردا بکرێت, بۆیە ھونەری میعمار تا ئێستاش وەک لقێک لە ھونەرە جوانەکاندا ماوەتەوە.

 لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا کە بۆ یەکەم جار کامێرای فۆتۆگراف دروستکرا، زۆر کەس جاڕی ئەوەیان دەدا کە ئیتر ھونەری ڕەسم نەما, ھونەرمەندی ڕەسام دەوریان تەواو بوو. ڕاستە کامێرای فۆتۆگراف ئەوسا و ئێستا ئامێرێکی پێشکەوتووە بۆ وێنەگرتن, بەڵام نەیتوانی دەوری ھونەری ڕەسم بسڕێتەوە, ڕەسمکردن بە دەست تا ئێستاش بەردەوامە و گەشە دەکا. ھونەری ڕەسم بە ھەموو بەشەکانییەوە وەک (گرافیک, ھێڵکاری, کۆلاج, پۆرترەیت..........ھتد) تا ئێستاش لە کۆلێژەکانی ھونەر لە ھەموو وڵاتان دەخوێندرێت و بە یەکێک لە حەوت ھونەرە جوانەکە حساب دەکرێت, چونکە خەیاڵ و زاکیرە دەوری سەرەکی لە داھێنانیدا دەبینن. بەڵام ھونەری فۆتۆگراف نەیتوانی ببێتە لقێک یا بەشێک لە ھونەرە جوانەکان, چونکە خەیاڵ و زاکیرە دەوری تیا نابینن, بەڵکو جووڵەی دەست و ھەستی بینین. بۆیە ئێستا وەک ھونەرێکی پیشەگەری حیسابی بۆ دەکرێت.

بۆ مەسەلەی پۆلینی ھونەر، وەک لەسەرەوە باسمان کرد، دەبینین لە قۆناغی جیاجیادا چەندین جۆر پۆلین ھەیە، ئایا ئێمە قەناعەتمان بە کامیان ھەیە؟ ئێمە قەناعەتمان نزیکە لە پۆلینەکەی (لیسینگ) و پۆلینەکەی (شۆپنھاوەر)ەوە، بەوەی ھونەر لەسەر بنەمای کاتانە (زەمانی) و شوێنانە(مکانی) پۆلین بکرێ، چونکە ئەم بنەمایە بە ڕاست دەزانین و ئەوانی تر لەلامان ئاڵۆزن، سنووری نێوان ھونەرەکان بە تەواوی دیاری ناکەن و باش جیاناکرێنەوە .

ئەمڕۆ بابەتی ھونەرە جوانەکان ساغکراوەتەوە کە حەوت ھونەرن و ھەموان لەسەری کۆکن. ئێمە حەوت ھونەرە جوانەکە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیزبەند وپۆلین دەکەین: 
١-ھونەری مۆسیقا : ھونەرێکی کاتانە (زمانی)ی پەتییە .ئامرازەکەی دەنگە .
٢-ھونەری سەما : ھونەرێکی کاتشوێنە(زمکانی) . ئامرازەکەی جوولەی جەستەیە .
٣-ھونەری ئەدەب : ھونەرێکی کاتشوێنە(زمکانی). ئامرازەکەی وشەیە.
٤-ھونەری شانۆ: ھونەرێکی کاتشوێنە( زمکانی). ئامرازەکەی تێکەڵە.
٥-ھونەری سینەما: ھونەرێکی کاتشوێنە(زمکانی) . ئامرازەکەی تێکەڵە.
٦-ھونەری ڕەسم: ھونەرێکی شوێنانە(مکانی)ی پەتییە . ئامرازەکەی ڕەنگە.
٧-ھونەری نەحت و میعمار : ھونەرێکی شوێنکاتە (مکانزمانی) . ئامرازەکەی ماددەیە .

(تێبینی (٣): بەڕای ئێمە ھونەرە جوانەکان بکرێن بە ھەشت ھونەر، ھونەری نەحت و ھونەری میعمار جیابکرێنەوە، ڕاستە ھەردووکیان ھونەری شوێنکاتن، ئامرازەکەیان ماددەیە، بەڵام خەسڵەت و وەزیفەی جیاوازیان ھەیە. ھەروەھا ھونەری نەحت و سیرامیک، ھونەری پەتین و ھونەرمەند ئازادە لە ئیشکردندا. بەڵام ھونەری میعمار ھەندێ سنوورکێشی و ژمارە و پێوانەی زانستی ئەندازەی تێدەکەوێ).

فردریک ھیگڵ، شیعر بە ھونەری باڵا دەزانێ، دەڵێ،(شیعر لە سەرووی ھەموو ھونەرەکانەوەیە لەبەر ئەوەی دەربڕینە لە ناخی ڕوح)( ). بەڵام ئەرسەر شۆپنھاوەر مۆسیقا بە ھونەری باڵا دەزانێ و دەڵێ (ھەموو ھونەرەکان ھەوڵدەدەن بگەن بە ئاستی موسیقا) ( ). 

ئێمە لەگەڵ بۆچوونەکەی (ھیگڵ)دا نین و بۆچوونەکەی شۆپنھاوەر بەڕاست دەزانین و قەناعەتمان پێیەتی. چونکە مۆسیقا ھونەرێکی کاتانەی پەتییە، مانای ڕاستەوخۆی نییە دەگاتە ھەموو وەرگرێک بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئامرازیتر ھەبێت .لەبەر ئەوەی موسیقا ئامرازەکەی دەنگە، دەنگی پەتییش زمانێکی جیھانییە و ھەموو کەس لێی تێدەگات و چێژی لێ دەبینێت. ھەموو ھونەرەکان سوود لە ڕەگەزەکانی مۆسیقا دەبینن، بەتایبەتی ڕەگەزی ئیقاع و ھارمۆنیا، بەڵام شیعر ھونەرێکی کاتشوێنە ئامرازەکەی وشەیە, وشەش زمانێکی جیھانی نییە مانای ڕاستەوخۆی ھەیە، بەڵام لای ھەر میلەتە و مانای تایبەتی خۆی ھەیە و پێویستی بە وەرگێڕانە. ھەموو ھونەرەکان سوود لە مۆسیقا دەبینن دەگەڕێنەوە بۆی. وەک چۆن ھەموو زانستەکانی سروشت سوود لە ماتماتیک دەبینن و دەگەڕێنەوە بۆی .

بابێینەوە سەر مانای ھونەری کاتانە و ھونەری شوێنانە و چۆن لەیەک جیادەکرێنەوە و چۆن لە ھەندێ ھونەردا تێکەڵە.

ھونەری کاتانە، ئەو ھونەرەیە کە ماوەیەکی زەمەنی دەوێت بۆ وەرگر، تا ھەستی پێبکا و چێژی لێوەربگرێت, بۆ نموونە ھونەری مۆسیقا, کە ھەموو مرۆڤێک پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی گوێی لێبگرێت. ھونەری شوێنانە ئەو ھونەرەیە کە لە شوێندا بوونی ھەیە, مرۆڤ پێویستی بە کات نییە بۆ ئەوەی ھەستی پێبکات و چێژی لێوەربگرێت. بۆ نموونە ھونەری ڕەسم, ئەگەر تابلۆیەک بە دیواردا ھەڵواسرابێت لە چاوترووکانێکدا یەکسەر ھەموو تابلۆکە دەبینیت و ھەستی پێدەکەیت و چێژی لێوەردەگریت, پێویستت بە کات نییە. وەک لە سەرەوە باسمانکرد مۆسیقا ھونەری کاتانەی پەتییە, ڕەسمیش ھونەری شوێنانەی پەتییە, ھونەری (سەما, ئەدەب, شانۆ, سینەما) ھونەری کاتشوێنن (زمکانی), ھونەری (نەحت و معمار)یش ھونەری شوێنکاتن (مکان زمانی).

ھونەری کاتشوێن ئەو ھونەرانەن ناتوانی بەبێ کات ھەستیان پێبکەیت و چێژیان لێوەربگریت, واتا کات زاڵە بەڵام شوێنیش لە بوونیاندا ھەیە, چونکە ئەو چالاکی و بەرھەمە ھونەرییەی پێشکەشی دەکەن لە ڕێگای وێنەوەیە, وێنەش شوێنە نەک کات. 

ھونەری شوێنکات ئەو ھونەرانەن کە  بە شێوەی وێنە و لە شوێندا خۆیان پێشکەش دەکەن و ھەستیان پێدەکەیت و چێژیان لێوەردەگریت. واتا شوێن زاڵە, بەڵام پێویستت بە کاتە بۆ ئەوەی تەواوی وێنەکە ببینیت, بۆ نموونە (نەحت و معمار) سێ مەودای ھەیە (درێژی * پانی * بەرزی) بە چاوترووکان دوولای دەبینیت, بۆ بینینی ھەموو لاکانی پێویستە بە دەوریاندا بسوڕێیتەوە, ئەو سوڕانەوەیەش پێویستی بە کاتە, لەبەر ئەوە پێیان دەوترێت ھونەری شوێنکات. بەڵام تابلۆی رەسم دوو مەودای ھەیە (درێژی * پانی), پێویستت بە کاتی سوڕانەوە نییە, لە چاوترووکانێکدا دەیبینی و چێژی لێوەردەگریت, بۆیە رەسم ھونەری شوێنانەی پەتییە.

مەبەستی سەرەکی ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیە، ھونەری شیعرە (بەشەکانی تری لێکۆڵینەوەکە تایبەتە بە ھونەری شیعر), ئەم بەشەمان بۆ ئەوە نوسی بۆ ئەوەی پایە و شوێنی شیعر لە ناو پێناسە و پۆلینی ھونەردا بزانین و دیاری بکەین لەبەر ڕۆشنایی ئەو بۆچوون و پۆلینەی سەرەوەی خۆمان.

شاعیری ڕۆمانی ھۆراس (٦٥ – ٨ پێش زایین) دەڵێ (ھونەر وێنەیە), سروشتیش وێنەیە, ئەگەر ھونەر لاسایی کردنەوە یاخود داڕشتنەوە یاخود دروستکردنەوەی سروشت بێت, کەواتە ھونەر وێنەیە پێویستی بە شوێن و کاتە. بەڵام لەبەر ئەوەی مۆسیقا ھونەرێکی ڕووتەنە (مجرد), ئامرازەکەی دەنگە و مانای ڕاستەوخۆی نییە و لە شوێندا بوونی نییە, وێنەی تیا نییە. باقی ھونەرەکانی تر بە وێنە کار دەکەن و پێویستیان بە کاتە, جگە لە رەسم.

 شیعر بەشێکە لە ھونەری ئەدەب, ئەدەبیش ھونەرێکی کاتشوێنە, واتا شیعریش ھونەرێکی کاتشوێنە, چونکە مرۆڤ کاتێکی دەوێت بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە یاخود گوێی لێبگرێت, شیعر بوونی خۆی و ماناکەی لە شێوەی وێنەی شیعریدا پێشکەش دەکا.



                                                                                              سلێمانی/ حوزەیرانی ٢٠٢٠


ڕیکلام