تەندروستی سلێمانی: دەپاڕێینەوە لە چاكبووانی كۆرۆنا بۆ ئەوەی پلازمای خوێن ببەخشن

  2020-06-17  | 
سلێمانی
یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی
تیشکۆ سدیق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو حاڵەتەی لە چاكبوانی كۆرۆنا بپاڕێنەوە كە بێن پلازمای خوێن ببەخشن، وتیشی ئەگەر وانەكەن ئەوا ژمارەیەكی زۆر لە تووشبووان گیان لەدەستدەدەن.

یاد نەقشبەندی ڕایگەیاند، بەدەمەوە نەهاتنی چاكبوانی كۆرۆنا كە ماوەی ١٤ ڕۆژە لە نەخۆشیەكە چاكبوونەتەوە، بۆ بەخشینی پلازمای خوێن، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی مردنی ژمارەیەكی زۆر لە تووشبووان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ٧٥ تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی باری تەندروستیان ناجێگیرە و ٢٠ تووشبووشیان لە دۆخێكی خراپدان كە كۆی گشتیان دەگاتە ٩٥ تووشبوو.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی مانگرتنی كارمەندان و پزیشكانەوە ئەوەی خستەڕوو، چەند مانگە كارمەندان سەرەڕای پێنەدانی موچەكانیان دەوام دەكەن و لەڕێزی پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادان، بەڵام ئێستا كارمەندان گەیشتوونەتە ئەوەی كە چیتر پارەی ئەوەیان پێنییە بێنە سەر كارەكانیان و پارەی بژێوی ژیانیانیان پێنیە.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە رۆژی شەشی حوزەیرانەوە پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەستیانداوەتە مانگرتن و لە ١٣ی ئەم مانگەوە كارمەندانی تەندروستی بە فەرمی ڕایانگەیاندووە كە بایكۆتی دەوامیان كردووە و ناچنەوە سەر كارەكانیان تا كاتی پێدانی موچەكانیان.


ڕیکلام