درەختەڕی تاریکەکان

  2021-02-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی: ئیڤان بوونین

لە ڕووسییەوە شیروان مەحموود محەممەد

لە ڕۆژێکی ساردو تووشی پاییزدا، لە سەر یەکێک لە ڕێگا فراوان و و  ژێر باران کەوتووەکانی ناوچەی تووڵا(١) و، چاڵ و چۆڵبووی  شوێن پێی وڵاخ  و چەرخی گالیسکەکان، بەرەو خانووبەرەیەکی لە دار دروستکراوی درێژکۆلە، کە لە سەرێکییەوە وێستگەی پۆستی دەوڵەتیی نیشتەجێ بوو، لە سەرەکەی تریشیییەوە  میوانخانەیەک کە ڕێبواران دەیانتوانی تیا بحەوێنەوە، شەوی تیاڕۆژبکەنەوە  یان نانێکی تیا بخۆن و داوای سەماوەرێک و دەمکردنی چایەکی تیابکەن، گالیسکەیەکی بە پڕیشکی قوڕ داپۆشراو و بە سێ ئەسپی عادەتی ڕاکێشراو، کە کلکیان لە تاو قوڕولیتە تۆپەڵکراو و بەسترابوو، نزیک بووەوە. 

لە شوێنی عەرەبانچییەکە کابرایەکی تێکسمڕاوی ئەرمیاک لە بەر(٢)، کە  بە پشتێنێکی توند خۆی تیا شەتەک دابوو، نیگایەکی جدی و مۆن و ریشێکی قەترانی ھەبوو، ھەر لە کۆنە جەردەیەک دەچوو، دانیشتبوو. لە ناو عەرەبانەکەشدا پیرەپیاوێکی پلەداری سەربازیی بالا ڕێک و پێک دانیشتبوو، کەرتوزێکی(٣) فراوانی لە سەردا و پاڵتۆیەکی ئەفسەریانەی بۆری لە بەردابوو کە یەخەکەی بە فەرووی دەڵەکی ئاوی داپۆشرابوو، برۆکانی ھێشتا ڕەش بوون ئەگەر چی سمێڵی سپی ببوو وتێکەڵاوی لاجانگە درێژبووەکانی ببوون، بەرچەناگەی تاشراوبوو و بەگشتی ڕوخساری لە ئەلیکساندەری دووەم دەچوو(٤) ، کە ئەوەش زۆر باوبوو لە ناو ئەفسەرەکاندا لە سەردەمی پاشایەتی ئەودا. نیگای سەختگیر و پرسیارکەر و ھاوکاتیش ماندوو دەینواند. ھەر کە ئەسپەکان وەستان ئەو قاچی بە جزمە سەربازییە ڕیکەکانییەوە لە عەرەبانەکە ھێنایەدەر و بە دەستەکانی، کە  لە ناو دەستکێشی چەرمدا بوون، دوولای پالتۆکەی خۆی گرت وخێرا خۆی گەیاندە پێش دەرگای خانووە دارەکە.
_ بەلای چەپدا ، جەنابی پایەبەرز_ عەرەبانچییە کڵاو لەسەرەکە بە دەنگێکی گڕ ھاواری کرد. ئەویش کەمێک باڵای کەڵەگەتی خۆی چەماندەوە و سەرەتا خۆی کرد بە داڵانەکەدا و ئینجا چووە ناو میوانخانەکەی کەوتبووە لای چەپەوە. 
ناو میوانخانەکە گەرم و وشک و دیمەنێکی جوانی ھەبوو.  لە گۆشەی چەپیدا ئایکۆنێک لە چوارچێوەیەکی ڕەنگ زێڕیندا  ھەڵواسرابوو، لە ژێر ئەو ئایکۆنەدا  مێزێک دانرابوو کە سەرمێزێکی پاکی نەشەکراوی پیادرابوو، لە پشت مێزەکەوە چەند قەنەفەیەکی دانیشتنی پاک شۆردراو پاڵدرابوون  بە دیوارەکەوە، فڕنێکی چێشتلێنان، سپی دەچووەوە و لای ڕاستی ژوورەکەی گرتبوو. نزیک فڕنەکەش تەختێک  بە پۆپەشمینی ڕەنگزەق داپۆشراو، دانرابوو کە پشتی نرابوو بە تەنیشتی فڕنەکەوە، لە پشت پەردەی فڕنەکەشەوە بۆن و بەرامەی شامی دەھات: شوربای کەلەرم بە گۆشتی گا و گەڵای غار لێنراو. میوانە تازە ھاتووەکە پاڵتۆکەی فڕێدایە سەر قەنەفەکە و ھێندەی تر بەژن و باڵا زرافتر دەینواند بە پۆشاکی سەربازی و جزمەکانییەوە. دواتر دەستکێشەکانی داکەند و کەرتوزەکەی لە سەری کردەوە و دەستێکی سپی ھەڵگەڕاو و شکەڵاتووی ھێنا بە سەری خۆیدا . قژە سپییەکانی کە  لە لاجانگەوە بەرەو گۆشەی چاوەکانی داھێنرابوون، کەمێک لوول بوون، دەموچاوی جوان و درێژکۆلەی، بە چاوە ڕەشەکانییەوە، ھێشتا کەمێک ئاسەواری ئاوڵەی پێوە دەبینرا. میوانخانەکە کەسێکی تری لێ نەبوو، بۆیە کەمێک دەرگای داڵانەکەی کردەوە و بێپەروا ھاواری کرد:
_ ھێی ، کێ لێرەیە!  
ھەر دوا بەدوای ئەوە ئافرەتێکی قژڕەشی، چاووبڕۆڕەش ھاتە ناو میوانخانەکەوە، لەگەڵ ئەوەی لە تەمنیشدا بوو ھێشتا جوان بوو، لە ژنە قەرەجێکی بەساڵاچوو دەچوو، گەندەموویەکی بۆر سەروو لێوی ولا ڕوومەتەکانی گرتبوو،  لە جووڵە و ھاتوچۆیدا سووکەڵە بوو ئەگەر چی قەڵەویش بوو، جووتێ مەمکی گەورەی لە ژێربلوزە سوورەکەی و ورگێکی، وەک قاز،  سێگۆشەی لە ژێر تەنوورە ڕەشەکەیەوە دەبینرا.
_ بەخێرھاتن، جەنابی پایەبەرز_ ئافەرەتەکە پێشوازی لە میوانەکە کرد _ ئارەزووی نانخواردن دەکەن یان فەرمان دەکەن سەماوەرەکە دەمکەم؟ 
میوانەکە  سەیریکی خێرای شانوملی خڕ و قاچە سووکەڵەکانی  ئافرەتەکەی کرد لە پێڵاوە سوور و کۆنە تاتارییەکانیدا، بە کەمێک خەیاڵی ڕویشتوویەوە وەڵامی دایەوە:
_ سەماوەرەکە دەمکە. تۆ خاوەنی ئەم شوێنەی یان ھەر لێرە کار دەکەیت ؟
_ من خاوەنی شوێنەکەم جەنابی پایەبەرز.
_ کەواتە ھەر خۆشت بەتەنیا دەیبەیت بەڕیوە؟ 
_ تەواو ڕاستە. ھەر خۆم .
_ مەسەلە چییە؟  بێوەژن کەوتوویت، وا ھەر خۆت کاردەکەیت؟
_ نەخێر بێوەژن نییم، جەنابی پایەبەرز، بەڵام خو دەبێیت بە شتێک خۆم بژێنم. حەزیشم لە کاسبی و ماڵدارییە.
_ ئێ، ئێ، ئەوە شتێکی چاکە. شوێنەکەشت چەند پاک و خاوێن و ڕازاوەیە.
ئافرەتەکە بەردەوام بە کونجکۆڵییەوە سەیری پیاوەکەی دەکرد و جاروبار کەمێک چاوەکانی لێ دەھێنایەوە یەک.
_ ئاخر حەزیشم لە پاک و خاوێنییە _ئافرەتەکە وەڵامی دایەوە_ من لای گەورەماڵان پەردەوەبووم، ئیتر چۆن دەبێ نەزانم ڕەفتاری جوان بنوێنم، جەنابی نیکەڵای ئەلیکسێیەڤیچ.
پیاوەکە  خێرا خۆی ڕاست کردەوە، چاوەکانی داپچڕی و سوور ھەڵگەڕا.
_ نەدێژدا، ئەوە تۆی؟ _ وشەکان بە پەلە لە دەمی ھاتنە دەر. 
_ بەڵێ، منم ، نیکەڵای ئەلیکسێیەڤیچ _ ئافرەتەکە وەڵامی دایەوە.
_ ئای خوایە گیان، ئای خوایە!_ میوانەکە بە دەم ڕۆنیشتنە سەر قەنەفەکەوە  گووتی و چاوی بڕیبووە ئافرەتەکە_ ئاخر کێ دەیتوانی پێشبینی شتێکی وا بکات! ئەوە چەند ساڵ تپەڕیووە و یەکتریمان نەدیوە؟ سی و پیێنچ ساڵ دەبێت؟
_ ئەوا سی ساڵە نیکەڵای ئەلیکسێیەڤچ. من ئێستاکە چل و ھەشت ساڵم، ئێوەش ڕەنگە نزیکی شەست ساڵێک بن، وانییە؟
_ شتێکی لەو دەورەیە.... ئای خوایە چەند کارێکی سەیرە!
_ چ شتێک سەیرە گەورەم؟ 
_ ھەموو ، ھەمووشتێک ..چۆن تۆ لەمە ناگەیت؟ 
ھەرچی ماندوێتی و شپرزەیی پیاوەکە بوو ڕەوییەوە. ھەستایە سەر پێ و شێلگیرانە بە ناو میوانخانەکەدا دەھات و دەچوو، سەیری زەوییەکەی دەکرد. دوایی ڕاوەستا و بە دەم سوورھەلگەڕانەوە گووتی:
_ من لەو کاتەوە ئاگاداری ھیچ شتێک نییم لە بارەی تۆوە. تۆ چۆن کەوتوویتە ئێرە؟ بۆ لە  گەورەماڵەکە نەمایتەوە؟ 
_ خاوەن ماڵەکە ھەر پاش جەنابتان مەرەخەسیان کردم.
_ ئەی دوایی ڕووت کردە کوێ؟
_ ئەوە حکایەتێکی درێژە گەورەم
_ گووتت کە شووشت نەکردووە، وایە؟ 
_ نەخێر شووم نەکردووە.
_ باشە بۆچی؟ بەو ھوموو جوانییەوە کە ھەتبوو.
_ من نەمدەتوانی شوو بکەم.
_ بۆ نەتدەتوانی؟ دەتەوێ چی بڵێیت؟
_ تازە باسی چی بکەم. ڕەنگە لە یادتان مابێیت من چەند ئێوەم خۆشدەویست.
میوانەکە سوور ھەڵگەڕا و فرمێسک زایە چاوی، ئینجا بە مۆنییەوە کەوتەوە ھاتوچۆ
_ ھەموو شتێک بەسەردەچێ، ھاوڕێکەی من _ میوانەکە لە بەرخۆیەوە بۆڵاندی_ ، خۆشەویستی، لاوێتی ... ھەموو ، ھەموو شتێک بەسەردەچێ. ھەمان حکایەتە ئاسایی و بێفەڕەکەیە. لە گەڵ تەمەندا ھەموو شتەکان بە سەردەچن. ئەوە چۆن گووترا بوو لە کتێبەکەی یەھوادا(٤)؟ '' وەک ئاوێکی گوزەرکردوو دێتەوە یادت'' 
_ ھەر کەسە و خوا بەشی خۆی پێدەبەخشێت، نیکەڵای ئەلیکسێیەڤیچ. لاوێتی ھەموو کەسێک ھەر بەسەردەچێت بەڵام خۆشەویستی مەسەلەیەکی ترە.
میوانەکە سەری بەرزکردەوە و ھەڵوەستەیەکی کرد و پێکەنینێکی بە ئازار پێکەنی.
_ ئاخر خۆ  تۆ نەتدەتوانی ھەتاھەتایە منت خۆشبویستایە!
_ وا دیارە توانیومە. ئەو ھەموو کاتە تێپەڕی و من ھەر بە ھیوای یەک شت دەژیام. دەمزانی کە ئێوە کەسەکەی جاران نەماون، دەمزانی ئەوەی لەنێوانماندا بوو ھیچ بەھایەکی نەبووە بەلاتانەوە، بەڵام ئێوە زۆر بێبەزەییانە منتان فڕێ دا. ئای چەند جار ھەر لە داخ و کەسەردا ویستم دەستم بچێتە خۆم، باسی شت و ھۆیەکانی تریش ناکەم. ئاخر، نیکەڵای ئەلیکسێیەڤیچ ، خۆ سەردەمێک من ئێوەم ھەر بە نیکۆلینکا بانگ دەکرد، ئەی لە یادتانە ئێوە چۆن بانگی منتان دەکرد؟ ھەر ھۆنراوەتان بۆ دەخوێندمەوە لە بارەی '' درەختەڕێ تاریکەکان'' ەوە_ ئافرەتەکە  بە بزەیەکی تاڵەوە گووتی.
_ ئای کە جوان بوویت !- میوانەکە بە دەم سەر بادانەوە گووتی_ چەند گەرم و پڕشیرین بوویت! چ قەد و باڵایەکت ھەبوو، چ چاوانێکت پێوە بوون؟ لە یادتە چۆن خەڵکی ھەموویان دزەنیگایان لێدەکردیت؟
_ لە یادمە گەورەم. دە ئێوەش بێ ڕاددە قۆزبوون. ئێ خۆ من جوانی و گەرمی خۆمم پێشکەشی ئێوە کرد. ئاخر چۆن دەکرێ گشت ئەوە لە یاد بکرێت
_ ئا، ھەموو شتێک بەسەردەچێت، ھەموو شتێک لە یاد دەچێتەوە
_ ھەموو شتێک بەسەردەچێت، لێ  ھەموو شت لە یاد ناچێتەوە
_ بچۆ دەرەوە _ میوانەکە بە دەم پشت تێکردن و نزیکبوونەوەی لە پەنجەرەکەوە  پێی گووت_ تکات لێدەکەم بڕو دەرەوە_ ئینجا دەستەسڕێکی دەرھێناو ھێنای بە چاویدا و و بە پەلە گووتی:
_ ھەر لەخوا دەپارێمەوە لێم خۆشببێت.  تۆ دیارە لێم خۆشبوویت .
ئافرەتەکە چووە لای دەرگاکەوە و لەوێ وەستا و گووتی:
_ نا، نیکەڵای ئەلیکسێیەڤیچ، من لێتان خۆشنەبووم. مادامەکی باسەکەمان گەیشتە باسی ھەست و سۆزمان، ئەوا ڕێک وڕەوان دەیڵێم: ھەرگیز نەمتوانیوە لێتان خۆشببم. ھەروەک چۆن ئەوسا، لەم دنیایە لە ئێوە ئازیزترم نەبوو، ئاوا دواتریش، کەسی ئازیزترم نەبووە . بۆیە ناکرێت ئێستا بتانبەخشم و لێتان خۆشببم. تازە وەبیرھێنانەوەش بە دەردی ھیچ ناخوات، مردووەکان لە گۆڕستانەوە ناگەڕێنەوە.
_ وایە، وایە، کارێکی بێھودەیە، بڵێ با ئەسپەکان بێنن_ میوانەکە لە پەنجەرەکە دوورکەوتەوە و و بە ڕوخسارێکی جیدییەوە گووتی_ من تەنیا یەک شتت پێ دەڵێم، من ھیچ کاتێک لە ژیانما بەختەوەر نەبووم، تکایە وابیرنەکەیتەوە.  بشمبەخشە  کە ڕەنگە ھەستی بە خۆنازینت بریندار بکەم، بەڵام بە ڕاشکاوانە دەیڵێم کە من  ژنەکەی خۆمم بێ سنوور خۆشدەویست، لێ ئەو ناپاکی لێکردم و جێیھێشتم، بە شێوەیەکی بە ئازارتر لەوەی من تۆم جیھێشت. کوڕەکەی خۆمم دەپەرست، تا گەورەبوو ھیوای دنیام پێی بەستبوو! کەچی بەدفەڕێکی، پارەبەفیڕۆدەرێکی،  بێ چاووڕووی، دڵڕەقی، بێ بەندوباو و بێ ویژدانی لێدەرچوو... ھەرچەندە گشت ئەوەش ھەمان حکایەتە سواو و بێ فەڕەکەیە. سەلامەت و سەرفرازبە ھاوڕێی ئازیز. وابزانم منیش بە لە دەستدانی تۆ پڕبەھاترین شتم لەم ژیانەدا لە دەست دا. ئافرەتەکە چووە پێشەوە ودەستی ماچکرد، میوانەکەش دەستی ئەو.
_ پێیان بڵێ،  با عەرەبانەکە بێننە بەرەوە....

کاتێک عەرەبانەکەی بڕێک دوورکەوتبووە ، میوانەکە بە مۆنییەوە بیری دەکردەوە و بە خۆی دەگووت:
'' چەند قەشەنگ بوو! چ جوانێکی ئەفسووناوی بوو!''
شەرمی دەھات لە دوا وشەکانی خۆی و لەوەی کە دەستی ماچ کردبوو. دەمودەستیش شەرمەزاری گرتی لە شەرمەزارییەکەی خۆی.
'' ئایا ڕاستییەکەی ئەوە نییە کە ئەو جوانترین ساتەکانی ژیانمی پێ بەخشیوم ؟''

خۆرە سپی ھەڵگەراوەکە بەرەو ئاوابوون  لار دەبووەوە. عەرەبانچییەکە بە نەرمەغار دەیئاژوو، زوو زوو بە دوای ئەو جێگەچەرخانەدا دەگەڕا کە قوڕ و لیتەیان کەمتر تیا کۆببووەوە، ھەموو کاتەکەش  بیری لە شتێک دەکردەوە. تا دەرەنجام بە دەنگێکی گڕەوە گووتی:
_ ئەو ئافرەتە، جەنابی پایەبەرز،   لە پەنجەرەکەوە ھەر چاولە دوومان بوو، کە کەوتینە ڕێ. دەبێ دەمێکی زۆر بێت جەنابتان بیناسن ؟
_ دەمێکە، کلیم. 
_ ئەقڵ ھا بە لای ئەو ئافرەتەوە. ھەموو دەڵێن کە تا دێت ھەر دەوڵەمەند دەبێت، گوایە پارە بە سوو دەدات.
_ ئەوە ھەمووی بێ مانایە.
_ چۆن بێ مانایە، کێ ھەیە نەیەوێ باش بژێ! ئەگەر بە ویژدانەوە قەرز بدات، خراپییەکی ئەوتۆی تیا نییە. ئەشڵێن لەو ڕووەوە بە ویژدانە، بەڵام سەختگیرە، لە کاتی خۆیدا قەرزەکەیت نەدایەوە گلەیی خۆت لە سەر خۆت، ئا، ئا، گلەیی خۆت لە سەر خۆت...
_کەمێک تاویان  بدەرێ ، تکایە، نەبا  لە شەمەنەفەرەکە دواکەوین ...

خۆرە نزمەکە بەسەر کێڵگەکاندا زەرد دەدرەوشایەوە، ئەسپەکان  شڵپەیان لە گۆلاوەکان ھەڵدەستاند. میوانەکە سەیری بریسکەی ناڵی ئەسپەکانی دەکرد، برۆ ڕەشەکانی ھێنابووەوە  یەک و لە دڵی خۆیدا دەیگووت:
'' تەواوە، گلەیی خۆت لە سەرخۆت. بەڵێ بێگومان جوانترین ساتەکان بوون، نەک تەنیا جوانترین، بەڵکو بە حەق ئەفسووناوی بوون!'' 

ئەو ناوە ئاڵ دەچووەوە بە گوڵە شیلان، درەختەڕێیەکان بەدار زەیزەفۆنەکانی ئەملاولایان تاریک ببوون: ''باشە  ئەی دوایی چی ڕوویدا؟ چی دەبوو ئەگەر وازم لێ نەھێنایە؟ چ قسەیەکی بێ مانایە! ھەمان ئەو نەدێژدایەی خاوەنی میوانخانەیەکی سەر ڕێگایە، ژنم بوایە و خانمی ماڵەکەی پیتربورگم  و دایکی مناڵەکانم بوایە؟''
چاوەکانی داخست و کەوتە سەر لەقاندن.
٢٠ی ئوکتۆبەری ١٩٣٨

(1) تووڵا: شارێکە لە ڕووسیا ، ١٩٣ کیلومەتر  لە خوارووی مۆسکۆوەیە، بە دروستکردنی سەماوەر ناوبانگی دەرکردووە 
(2) ئەرمیاک: پاڵتویەکی  داوێن درێژ و بێ قۆپچەیە،لە  خوری زبر، کە پشتێنێکی بە دەوردا دەھێنرتەوە و دادەخرێت، زیاتر جووتیار و ھەژارەکان لە ڕووسیای کۆندا لە بەریان دەکرد 
(3) کەرتوز: کڵاوێکە لە چەشنی بێرییە پێشێکی ڕەقی ھەیە و لە چەرم یان لە قوماش دروست دەکرێ.
(4) ئەلیکساندەری دووەم: تساری رووسیا لە نیوان ساڵانی ١٨٥٥- ١٨٨١ دا .
(5) کتێبی یەھوا بەشێکە لە کتێبی پیرۆزی جووەکان                    

ئیڤان بوونین سالی ١٨٧٠ لە ڤارۆنیش ، لە ڕوسیا لە دایکبووە و دواتر نیشتەجێی فەرەنسا بووە و ھەر لەوێ ساڵی ١٩٥٣ کۆچی دوایی کردووە.
سەرەتا وەک شاعیرێکی بەتوانای ڕەوتی سیمبۆلیزم دەستی بە نووسین کرد، دواتر لە ژێر کاریگەری مەکسیم گۆرکیدا کەوتە نووسینی کورتەچیرۆک و ڕۆمان بە نەفەسێکی ڕیالیستییانەوە ، ساڵی ١٩٣٣ خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەبدا پێبەخشرا. جگە لەوەش خەڵاتی پوشکینی وەرگرتووە.
دەستێکی باڵای ھەیە لە وەسفکردنی سروشت و باری دەروونیی پاڵەوانەکانی . بە داخەوە لە ناو خوێنەرانی کورددا زۆر ناسراو نییە. ئەم کورتە چیرۆکەی کە ناوی ھەمان کۆمەڵە کورتەچیروکی ھەڵگرتووە، ھەوڵێکی بچووکی منە بۆ ناساندنی ئەو نووسەرە پڕبەرھەمە بەو ئازیزانەی ناویان نەبیستووە یان بەرھەمیان نەخوێندۆتەوە ... ھیوادارام مایەی ڕەزامەندیتان بێت


ڕیکلام