دەقی کراوە، بنەما و پراکتیک

  2021-02-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەقی(زێوان)ی سەباح رەنجدەر بەنموونە

د. سامان عزەدین سەعدوون

پێشەکی:
سەباح رەنجدەر: ١٨\١١\١٩٦٥ ھەولێر- .......، شاعیرێکی دیاری قۆناغی نوێگەریی کوردییە، خاوەنی تایبەتمەندی شێوازی  شیعریی خۆیەتی، زۆری لەبارەوە نووسراوە . دەقی زێوانی، لە تەمەنی ھەژدە ساڵیدا نووسیوە، شاعیر لە ساڵی ١٩٨٣ دەستی بە نووسینی زێوان کردووە و لە ١٩٨٧ تەواوی دەکات . تاقیکردنەوەیەکی نوێی شیعریی کۆتای ساڵانی ھەشتاکانە . ئەم دەقە لە لایەن چەند توێژەرێکەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە . ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ئەم دەقە، یەکێکە لە دەقە درێژەکانی شیعری قۆناغەکە، کە بە درێژترین دەقی شیعری دادەنرێت و بۆخۆی لە شێواز و بنیاتی زماندا جیاواز و نوێ بوو، تەنانەت ئەوەندە تازە بوو، رێگە نەدراوە چاپ بکرێت و بڵاوبێتەوە، دوای چەند ھەوڵێک ئینجا رێگای پێدراوە .
ئامانجی توێژینەوەکە ئەوەیە کە زانستییانە بە دروستی  چەمک و واتای دەقی کراوە بەو شێوازەی کە ئیکۆ دیاری کردووە بخاتە روو . ھەروەھا رەوینەوەی تەمومژی سەر ئەم چەمکە و تێکەڵکردنی لەگەڵ چەمکی تردا،  کە لای ھەندێ لە رەخنەگران و شاعیرانی کورد و عەرەب بە واتا ئیکۆیییەکەی لێی ناڕوانن، ئامانجێکی تری توێژینەوەکەیە . دەقی کراوە ھەروەک ئیکۆ ئاماژەی پێکردووە زیاتر لە خوێندنەوەیەک و لێکدانەوەیەک ھەڵدەگرێت . لەو روانگەیەوە بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقی زێوان ئێمە میتۆدی تەواوکاریمان لە روانگەی رەخنەی خوێنەرەوە بەکارھێناوە .کاتێ کە روو لە شیکردنەوەی دەقی زێوان دەکەین تەنیا لە یەک گۆشە نیگاوە لێی ناڕوانین، بەڵکو پێمان وایە دەق لە روانگەی ئەو میتۆدە رەخنەیییانەی کە دەسەڵات بە خوێنەر دەدەن و وەک ناوەندێک رۆڵەکەی بە گرنگ دەزانن لە لێکدانەوەی واتادا تا ئەو ئەندازەیەی کە زیاتر لە خوێندنەوە و لێکدانەوەیەک بۆ دەق بکرێت .
بۆ یەکەم جارە لە رەخنەی کوردیدا لەبەر رۆشنایی بنەماکانی تیۆری دەقی کراوەدا خوێندنەوە بۆ دەقی شیعری زێوان دەکرێ .  بۆ گەڕان بەدوای واتای نوێدا، لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی لەبارەوە دەخەینە روو . ئەم کارەش بۆخۆی زیندووێتی دەقەکە دەردەخات، چونکە دەقەکە لە ئاکامی تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەی شاعیر و سۆزێکی راستەقینەوە دروست بووە . وەک ئەوەی خوێنەر خۆی لەبەردەم گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیدا بێت نەک شاعیر ئەمەش سیحری گێڕانەوەیە  بەو زمانە شیعرییەی کە لە پشتی دەقەکەوە خوێنەر ئاراستەدەکەن . دیارە ھەر ئەم راستییەش ھۆکاری سەرەکییە وەک پاڵنەری نووسینی ئەم توێژینەوەیە . دەق لە مانای خۆیدا کەلەبەرێکی گەورە دەھێڵێتەوە بۆ گوتنی تر و بیرکردنەوەی تر و ھاوبەشیکردنی تر کە خوێنەر رادەکێشێتە بازنەی بوونی خۆیەوە . 
بەم پێیە سوود لە میتۆدە رەخنەیییەکان و ھەموو تێڕوانینێکی رەخنەیی وەردەگرین بۆ گەیشتن بە جیھانبینی دەقەکە لە رێگای کارکردن لەسەر زمان و کردنەوەی کۆدەکانی دەق و ئاماژەکانی بە مەبەستی ئاشکراکردنی مانای دەق کە لە چوارچێوەی دەقەکە دەرناچین و لە مانای بنەڕەتی دەقەکە دوور ناکەوینەوە .

بەشی یەکەم: چەمکی دەقی کراوە
دەقی کراوە وەک چەمکێکی رەخنەیی دوای بونیادگەری ھاتۆتە ناو بواری رەخنەی ئەدەبییەوە . ئەم تیۆرە نوێیەی رەخنە کە بۆ خۆی دەستنیشانکردنی جۆرێکی نوێی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییە، پەیوەندی بە ھەموو چەشن و ژانرە ئەدەبییەکانەوە ھەیە . ((ئەم چەمکە لە بنەڕەتدا بۆ فەیلەسوف و نووسەری ئیتالی ئیمرتۆئیکۆ دەگەڕێتەوە کە لە کتێبی رۆڵی خوێنەر the role of readar)) بەشێک لە دەقەکان بە ھۆی بوونی توانای راڤەکاری تیایاندا بە دەقی کراوە (Open text) پێناسە دەکات. لەلایەنە سیمانتیکییەکەیەوە لێکدانەوەی ھێما و نیشانەکانە، لەلایەنە میتۆدییەکەیشیەوە بەپێی ھەردوو میتۆدی ھێرمینۆتیکا و وەرگرتن، دەقی کراوە زیاتر لە خوێندنەوەیەک  ھەڵدەگرێ.))..(https://en.wikipedia.org/wiki/Open_text)  لە بەرانبەردا دەقی تریشمان ھەن بۆ نموونە دەقە پۆلیسییەکان یان دەقە گاڵتە ئامێزەکان، کە پێیان دەڵێین دەقی داخراو (closed text) ئەم دەقانە یەک ئامانجیان ھەیە و خاوەنی توانایەکی کەمی وەرگرتن و پەسەندکردنی لێکدانەوەن .(د. رباب ھاشم حسین . https://www.google.com). ئیکۆ زاراوەی دەقی کراوەی لە ١٩٥٨ داھێناوە، کتێبێکی بە ناونیشانی (کاری کراوە) چاپکردووە، لەو کتێبەیدا ئەو راستییە دەخاتە بەردەست  کە دەق کراوەیە لەوەی کە چەند مانا و چەند لێکدانەوەیەک ھەڵدەگرێ . ئیکۆ بنەماکانی دەقی کراوەی لە کارە مۆسیقییە کلاسیکییەکان و رۆمانەکانی جیمس جۆیس، بەتایبەتی نموونەی رۆمانی (یۆلیسیس) دۆزیوەتەوە . پاشان ھەندێ لە شانۆنامەکانی برتۆلد برێخت و نموونەی تێکستە شیعرییەکانی فێرلین و مالارمێ وەک دەقی کراوە پێشکەش دەکات . بەتایبەتی (وەرزێک لە دۆزەخ)ی شاعیری نوێخوازی فەرەنسی رامبۆ (١٨٥٤ – ١٨٩١)) . (نەوزاد ئەحمەد،فەرھەنگی زاراوەی ئەدەبی، ٢٠١١، ٣٤٥)
لەوانەی خرانە روو چەند راستییەکمان بۆ رووندەبێتەوە: یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم چەمکە نوێیە لەدوای ئەوەی ئیکۆ لە ١٩٥٨ دایھێناوە کەوتۆتە نێو تیۆرەکانی رەخنەی ئەدەبییەوە . دووەم بریتییە لەوەی کە دەستنیشانکردنی دەقی کراوە لەنێو دەقە ئەدەبییەکاندا پەیوەندی بە کۆنی و نوێی دەقەکانەوە نییە . راستییەکی تریش ئەوەیە کە بناغەی ئەم تیۆرییەی لەسەر بنیات نراوە ئەوەیە، کە دەق لە خۆیدا چەندین خوێندنەوەی شیاو ھەڵدەگرێ . سەرھەڵدانی ئەم چەمکە پەیوەندی بە قۆناغی دوای بونیاد گەرییەوە ھەیە، بەدیاریکراوی دوای تیۆری ئیستاتیکای وەرگرتن. کەواتە دەقی کراوەی بەرھەمھاتوو پەیوەندی بە سەرھەڵدانی چەمکی دەقی کراوەی ئیکۆوە نییە . 
توێژەرانی بواری رەخنەی عەرەبی مێژووی سەرھەڵدانی ئەم چەمکە دەگەڕێننەوە بۆ دەقێکی فازل عەزاوی بە ناونیشانی (مخلوقات فاچل عزاوی الجمیلە) کە بۆخۆی ئاوێتەیەکە لە ژانرە ئەدەبییەکان، ھەروەکو خۆیشی ئاماژەی پێدەکات و دەڵێ ((کاتێ دەقی مخلوقات الجمیلەم لەناوەڕاستی شەستەکاندا نووسی لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەم دەقە دەقێکی کراوەیە، لەکاتێکدا ئەم چەمکە ھێشتا دەرنەکەوتبوو .))(سیڤا علی، ٢٠١٩،النێ المفتوح، ١٢) . شاعیر مەبەستی ئەوەیە لە ناوەڕاستی شەستەکان ھێشتا دەقی کراوە دەرنەکەوتبوو، ئەو دەقێکی کراوەی نووسیوە . ئەم ھەڵە تێگەیشتنە لە ئەدەبی عەرەبیدا لێرەوە سەری ھەڵدا، کە بەلایەوە دەقی کراوە جۆرێکە لە فۆرمێکی نوێ کە شاعیر خۆی بۆ بەرھەمھێنانی ئامادە دەکات و ئاوێتەیەکە لە ژانرە ئەدەبییەکان . بەڵام بە مانا ئیکۆیەکەی ئەم چەمکە پەیوەندی بە تیۆری خوێندنەوەوە ھەیە نەک بە فۆرمی دەق، پاشان ئەوەندەی پەیوەستە بە خوێنەر و خوێندنەوەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە نووسەرەوە . چونکە دەقی کراوە فۆرم نییە، بەڵکو بەو دەقە دەوترێ کە خوێنەر لێکدانەوەی ھەمە جۆری بۆ دەکات . شاعیر ناتوانێت ناوی دەقی کراوە لە بەرھەمەکەی خۆی بنێت، بەڵکو ئەوە خوێنەرەکانن لە ئاکامی فرە خوێندنەوەیان بۆ دەقەکان  ئەو ناوە بەدەقەکان دەبەخشن. 
بەم پێیە رەخنەگرانی عەرەب تێڕوانینیان بۆ چەمکی دەقی کراوە جیاوازە لە تیڕوانینی ئیکۆ. بۆنموونە عەزاوی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەقی کراوە ((جۆرێکە لە نووسین ھەموو ژانرەکان رێکدەخات : شیعر، رۆمان، چیرۆک، شانۆ لە پێناو گەیشتن بە نووسینێک کە لە شێوە و شێوازدا جیاواز بێ))(سیڤا علی، ٢٠١٩،النێ المفتوح، ١٢) ھەر بۆیە بە لای ھەندێکیانەوە ((دەقی کراوە بە منداڵی شەرعی پەخشانە شیعری عەرەبی لەقەڵەم دەدەن)) .(د. رباب ھاشم حسین . النێ المفتوح https://www.google.com ). بەلای سەلاح فەزلەوە کرانەوەی دەق ((بریتییە لە توانای دەق بۆ ورووژاندنی ژمارەیەکی زۆر لە دەلالەت و وەڵامدانەوەی پەسەند واتە کرانەوەی بۆ راڤە و لێکدانەوە. بەپێی ئەم چەمکەش کرانەوە لە بنەماکانی شیعری نوێگەرییە)). (د. ێلاح فچل. التخیل من فئات الادب والنقد . ١٩٩٦ .١١٢). ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە سەلاح خۆی لەوان جیادەکاتەوە کە پێی وایە دەقی کراوە واتە کرانەوەی بۆ راڤە و لێکدانەوە، بەڵام لەوەدا ھاوڕانیم لەگەڵیدا کە چەمکی کرانەوە دەبەستێتەوە بە قۆناغی نوێگەرییەوە لەکاتێکدا ئەم چەمکە لەئاکامی خوێندنەوەی بەرھەمی کلاسیکییەوە سەری ھەڵداوە . لەو روانگانەوە رەخنەگرانی عەرەب سێ رێچکەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە چەمکی دەقی کراوە دیاری دەکەن کە ئەمانەن: رێچکەی یەکەم : کرانەوەی ژانری واتا شیعر دەکرێتەوە لە رووی ھونەر و ژانرە ئەدەبییەکاندا . رێچکەی دووەم کرانەوە بە رووی لێکدانەوەدا. کاتێ دەق ئەوە ھەڵدەگرێ کە چەند مانا و ئاماژە و راڤەیەکی لەناوئاخندا حەشاردابێ ئەمەش بە ھۆی فرە لێکدانەوەوەیە . رێچکەی سێیەم بریتییە لە کرانەوەی مەعریفی واتە دەق دەکرێتەوە بەڕووی مەعریفە و رۆشنبیری و زانستدا . (سیڤا علی، ٢٠١٩، النێ المفتوح،١٤) بەم پێیە لە ئەدەبی عەرەبیدا بە ھەڵە باس لەوە دەکەن کە شیعری کراوە دوا فۆرمی دەقی شیعرییە لەدوای شیعری پەخشانییەوە وەکو ژانرێکی نوێی شیعری لێی دەڕوانن کە سیماکانی ژانری ئەدەبی و ھونەرەکانی تری تێدا بەکار ھاتووە . 
دەقی کراوە لە رەخنەی کوردیدا لە رووی تیۆرییەوە لە ئیکۆوە ھاتۆتە ناو ئەدەبی کوردییەوە ئەویش بە دوو تێگەیشتن یەکەمیان ئەوانەن کە راستەوخۆ لە سەرچاوە رەسەنەکەیەوە وەریانگرتووە زۆرینەن (عەتا قەرەداغی، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد . زاھیر لەتیف، عەبدولڵا تاھیر بەرزنجی، حوسێن لەتیف، رێبوار سیوەیلی، فوئاد رەشید ....) د. فوئاد رەشید لە توێژینەوەیەکیدا، زانستانە زاراوە و چەمکی دەقی کراوەی روونکردۆتەوە، کە پێی وایە (چەمکی کرانەوە راستەوخۆ پەیوەستە بە رادەی کرانەوەی دەق لەبەردەم کردەی راڤەکاری و خوێندنەوەی جیاوازدا . ھەڵبەتە ھەموو دەقەکان واتای کرانەوەیان نەک ھەروەک یەک نییە، بەڵکو ھەندێ دەق خوێندنەوەیەکی دیاریکراو ھەڵدەگرن و رێگە بە لێکدانەوە و راڤەکردنی جیاواز نادات ئیکۆ ئەم جۆرە دەقانەی بە دەقی داخراو لەقەڵەمداوە) . (فوئاد رەشید،  ٢٠١٩، ل٣).
 چەمکی دەقی کراوە لە روانگەی ئیکۆوە ئەو دەقەیە کە بەسەر ھەموو راڤەکردنێکی شیاودا دەکرێتەوە، یانی وەک دەڵێت ھەموو تەئویلێک قبوڵ دەکات . (عەبدوڵڵا تاھیر بەرزنجی.  ژ.  ٣٥، ٢٠٠٦).  نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد دەقی کراوەی وەکو چەمکێکی راڤەیی بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقی شیعری ئەحمەدی مەلا بەکارھێناوە، پێی وایە ((دەقی کراوە خوێندنەوەی کراوەمان بۆ دەڕەخسێنێ کە بەقەدەر ژمارەی خوێنەرانی ئەم دەقە خوێندنەوەی جۆراوجۆر و کاریگەری ئەم خوێندنەوانە دروست دەکات . ئەم جیاوازییەی نێوان دەستەواژەکان، خوێندنەوەکە بەکراوەیی جێدەھێڵێ)) (نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ٢٠٠٦ .١٤٧) . سەلاح حەسەن پاڵەوان کتێبێکی بە ناونیشانی شیعری کراوە لە ئەزموونی شیعری نوێی کوردیدا بڵاوکردۆتەوە، کە کاری لەسەر دوو بەرھەمی سەباح رەنجدەر کردووە، وەک ھەوڵێک بۆ خوێندنەوەی دەقەکانی نێو ئەو دوو بەرھەمە، بەڵام بە بێ ئەوەی ئاماژە بە چەمکی شیعری کراوە بکات کە چییە ؟ ھەروەھا بێ ئەوەی روونی بکاتەوە بۆ ئەم ناونیشانەی ھەڵبژاردووە ؟. د. زاھیر لەتیف لەم بارەیەوە بۆچوونەکانی لەوەدا کۆدەکاتەوە کە ھێڵی سوور لە نێوان دەقی کراوە و دەقی داخراودا بوونیان نامێنێت بە دیوێکی تردا دەقەکان ئاسان بن یان ئاڵۆز ئەوا لە یەک کاتدا ھەڵگری فرەمانایی و تاکگەرایییە .(د. زاھیر لەتیف . جێگۆڕکێی دەقی کراوە و دەقی داخراو . سایتی خاک) . دووەمیان ئەوانەن، کە راستەوخۆ لەو رەخنەگرانەی عەرەبەوە وەریانگرتووە، کە بە ھەڵە چەمکی دەقی کراوەیان پێناسەکردووە لێرەدا ئاماژە بە بۆچوونی شێرکۆ بێکەسی شاعیر دەکەین، کە لەبارەی دەقی کراوەوە لە پێشەکی کتێبی ملوانکەدا دەڵێ ((مەبەستم لە تێکستی واڵا و کراوە چییە ؟ماڵێکە نەیەک بابەت و نەیەک فۆرمی دیاریکراوی تێدا ناژی ھیچ کام لەشیعر و چیرۆک و پەخشان و پەخشانە شیعرو شانۆنامە خاوەنی ھەموو ماڵەکە نین، بەڵام لە ھەمانکاتدا ماڵی ھەموویانە..)) (شێرکۆ بێکەس، ئێوە بە خۆشەویستی ئەسپێرین، ٢٠٠٤، ٥) ئەم تێگەیشتنەی شێرکۆ بۆ دەقی کراوە ئەوەیە، کە دەق، کراوەیە لەبەردەم ژانرە ئەدەبییەکاندا و ئاوێتەبوونی دەقە لەگەڵ ژانرەکانی تری ئەدەبدا. ئەم تێڕوانینە جیاوازە لەو پێناسەیەی، کە ئیکۆ بۆ دەقی کراوەی کردووە، کە بەلایەوە میکانیزمێکی نوێی رەخنەیییە بۆ لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئەو دەقانەی، کە خاوەنی جیھانبینیی کراوەن لە مانا . شێرکۆ ھەندێ لە دەقەکانی بە تێکستی واڵا ناودەبات، لە کتێبی کورسی نووسیوێتی (لە یەک تێکستی واڵادا : شیعر، چیرۆک، پەخشان، شانۆنامە) لە چلەی چلچرایەکدا نووسیوێتی دەقێکی ئاوێتەیە (پەخشان، شیعر، وتە). دیارە مەبەستی شێرکۆ روونە کە دەقەکەی تێکەڵەیەکە لە پەخشان و شیعر و وتە . لوقمان رەئوف لە کتێبی بنەماکانی مۆدێرنە لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا باس لە دەقی کراوە دەکات و ھەمان تێڕوانینی شێرکۆ دووبارە دەکاتەوە کە دەڵێ ((پێئەچێ، کە ئیتر دەقی کراوە ببێتە شکڵێکی زاڵ و لەبەرچاوی ئەم دونیا ئەفسووناوییە .)) (لوقمان رەئوف، بنەماکانی مۆدێرنە لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا، ٢٠٠٩، ١٩٢). لوقمان رەئوف لە کتێبێکی تریدا ھەمان تێڕوانینی پێشتری دووبارە دەکاتەوە کە دەڵێ ((تێکستە واڵاکان وەک دەرھاویشتە و بنەمایەکی تەکنیکی شیعری پۆست مۆدێرنە ھاتۆتە کایەوە)) (لوقمان رەئوف، سیماکانی پۆست مۆدێرنە لە ئایدیای شیعری شێرکۆ بێکەس، ١٦٠) . حەمە سەعید حەسەن دەڵێ  ((لە دەقی واڵادا کە تێکستی سەردەمە رێز لە سنووری نێوان ژانرە ئەدەبییەکان ناگیرێت، نە ھیچ شتێک دەکەوێتە سەنتەرەوە، نە ھیچ چەمکێک جێگیرە و نە ھیچ دەکرێت بە پێوانە . دەقی کراوە ھیچ پێشمەرجێکی بۆ دانەنراوە ...)) (حەمە سەعید حەسەن , فڕین بە باڵی شیعر . ٢٠١٨ . ٦٠) سەرنجمان لەبارەی ئەو وتانەی سەرەوە لەسەر دوو خاڵە یەکەمیان تایبەتە بە دەقی کراوەوە کە رەخنەگر پەیوەستی دەکاتەوە بە سەردەمی نوێوە . لە کاتێکدا ئیکۆ لە بەرھەمی کلاسیکییەوە ئەم چەمکەی داھێناوە، سەرنجی دووەممان ئەوەیە کە دەقی کراوە بە تەنھا دەبەستێتەوە بە ژانری شیعرەوە لە کاتێکدا زاراوەکە لە بنەڕەتدا بەرھەمی کراوەیە، چونکە ئیکۆ لە مۆسیقا و رۆمان و شیعرەوە زاراوەکەی داھێناوە و تایبەتی نەکردووە تەنھا بە شیعرەوە . 
تیۆری وەرگرتن و دەقی کراوە:  
پەیڕەوکەرانی تیۆری وەرگرتن پێیان وایە، کە وەرگر (خوێنەر) رۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە دروستکردنی واتادا لە میانەی تێگەیشتن و گەڕان بە دوای دیوی ناوەوەی زمانی دەقدا، لێرەوەیە ئەم تیۆرییە لەگەڵ تیۆرییەکانی دوای بونیادگەری بەیەکدەگەن . بەتایبەتی ئەو تیۆرییانەی کە رەخنەی فەرەنسی پەرەی پێدا کە پەیوەندیدار بوون بە چەمکی دەقی کراوە بە تێگەیشتنی ئەمبرتو ایکۆ .(د. عبدالقادر عبو . فلسفە الجمال . ٢٠٠٧ . ٩٤) رەنجدەر پێی وایە، کە شاعیر نابێت بە شێوەیەک شیعر ملکەچی واقیع بکات کە رۆڵی بیرکردنەوەی خوێنەری تێدا بکوژێت (سەباح رەنجدەر، ئەزموون،٢٠١٤، ١١٥). خودی شاعیر بایەخ بە خوێنەر دەدات کە رۆڵی ھەیە لە بەرھەمھێنانی واتادا، و  دەقی کراوە پێویستی بە خوێنەری راستەقینە ھەیە، ئەو خوێنەرە ھەستیارەی کە دیوی شاراوەی دەق دەخوێنێتەوە و واتای لێ بەرھەم دەھێنێ، روو لە ئاستی گوتراوی دەقەکە ناکات وەک ئەوەی بریتی بێت لە حیکایەتی ژیانی نووسەری دەق . (خوێنەر کاری بەسەر حیکایەتەکانی ناو دەقەوە نییە، بەڵکو کاری بەسەر ئەو پرسیارانەوە ھەیە کە دەق دەیانورووژێنێت، بەو واتایانە  رازی نییە دەقنووس بەرھەمی ھێناوە، لەسەر ئەو گوتراوانە راناوەستێت، کە لە یەکەم خوێندنەوەدا واتاکانیان ئاشکرا دەبێت، بەڵکو روو لەو گوتراوانە دەکات کە لە ناواخندا بابەتگەلێکی تێدا حەشاردراوە، لە ژێر پەردەوە رازەکان دەدرکێنێ و پرسیارەکان دەکات، جۆرێک لە داخراویی واتا ھەیە، بەڵکو خۆی واتای تر بەرھەم دەھێنێتەوە، خوێنەری ھەستیار لە رێگەی خوێندنەوەکەیەوە، ئاسۆی خوێندنەوەی جیاوازتر دەکاتەوە . لە رێگەی ورووژاندنی پرسیارەکانیەوە گریمانەی پرسیاری تر دروستدەکات . کاتێک دەڵێین دەقی کراوە مەبەست لەو دەقەیە ھەڵگری فرە پرسیار و فرە خوێندنەوەیە قابیلیەتی پێبەخشینی واتای جیاوازی ھەیە، لە ھەمان کاتدا دەقی کراوە بە خوێندنەوە و راڤەوە پەیوەستە، بەم پێیە ئەوەی دەق بەرەو کرانەوە دەبات خوێنەر و جۆرەکانی خوێندنەوەیە، چونکە دەقی کراوە بەتەنیا بەرھەمی دەقنووس نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دوولایەنەی نێوان دەقنووس و خوێنەرە) (حسەین لەتیف، دەق لە چاوەڕوانی خوێنەردا، ٢٤٤، ٩٥) . ((خوێنەر کاتێک دەقێک راڤە دەکات وەک ئەوە وایە لە تەجرەبەی کردەیەکی ھاوبەشدا شەریک بێت . لە پرۆسەی راڤەییدا دەق و خوێنەر تا رادەیەک بەیەک رێژە دەور دەگێڕن)) (چارلز برێسلێر، رەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەکانی، ٢٠٠٧، ١١٨)، چونکە بەلای لایەنگرانی رەخنەی ھەڵوێستی خوێنەرەوە ((شیعری راستەقینە تەنیا بۆی ھەیە لە نەستی خوێنەردا بوونی ھەبێ، نەک لەسەر رووپەڕی قاقەز، کاتێک خوێنەر و دەق کاردەکەنە سەر یەکتری، دوابەدوای ئەو واتا دەخوڵقێن. ئەمانە تەنیا لە نەستی خوێنەردا بوونیان ھەیە، ھەنووکە خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقی دەبنە تەجرەبەیەکی جوانیناسانە)) (چارلز برێسلێر، رەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەکانی، ٢٠٠٧، ١١٨) . لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا کۆتایی بە دەسەڵاتی دەقنووس دێت، بەڵکو سەردەمێکی تر لە کایەی ئەدەبی و رەخنەی ئەدەبیدا دەست پێدەکات . ئەو سەردەمەش بە سەردەمی دەق / خوێنەر ناودەبرێت . لەم قۆناغە بەدواوە دەقنووس تەنیا مافێکی رەمزی بەسەر دەقەوە دەمێنێت . لەبەرانبەردا خوێنەر یاریی خۆی لەدەقدا دەکات . بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی ئیکۆ (دەقی کراوە) و ھەروەھا راگەیاندنەکەی بارت (مەرگی نووسەر) درزێکی گەورە کەوتە نێوان خوێنەر و دەقنووسەوە، چونکە وەک چۆن خوێنەر بە واتاکانی دەقنووس رازی نییە، ئاوەھاش دەقنووس بەو واتایانە رازی نییە، کە خوێنەر بە دەقی دەبەخشێت . ئیکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە خوێنەر بەگوێرەی ویستی دەقنووس راڤە ناکات، بەڵکو بە گوێرەی ئەو ستراتیژە ئاڵۆزە دەیکات کە لە ئەنجامی کارلێکی نێوان دەق و خوێنەردا دروست دەبێت .(حسەین لەتیف، دەق لە چاوەڕوانی خوێنەردا، رامان، ژمارە (١٤٤)، ٢٠١٧،ل ٩٤). بۆ نموونە دەقی شیعری پایزی گۆران ھەمیشە کراوەیە لەبەردەم خوێندنەوەی جیاوازدا کە بۆ خۆی خوێندنەوەی جیاواز و ھەندێک جار دژ بەیەکیشی لەسەر کراوە لەلایەن نووسەران و رەخنەگرانەوە . (نەجات حەمید . ٢٠٠٨. ٤٤٦)(د. ئەنوەر قادر . ٢٠١٨، ٤٢١ )(سامان عیزەدین . ٢٠١٤ . ٤٣٨) . عەتا قەرەداخی لەڕوانگەی بۆچوونەکانی ئیکۆوە دەڵێ: (ھەر دەقێک دەتوانێت کۆمەڵێک ئەزموونی ئینسانی لەخۆیدا کۆبکاتەوە و لەھەر گۆشەنیگایەکەوە لێی بڕوانرێت جۆرێک لە خوێندنەوە ھەڵدەگرێ . بەم پێیە دەقی کراوە چەند دەلالەتی ھەمە چەشن ھەڵدەگرێ . لێرەشەوە بنیاتی زمانی دەق کاری ئیستێتیکای وەرگرتن بەرجەستە دەکات، چونکە بنەمای بنچینەیی خەسڵەتی دەقی کراوە ئەوەیە کە لە روانگەی بنیاتی زمانی دەقەکەوە شۆڕدەبێتەوە بەجیھانبینی دیوە شاراوەکانی دەقەکەوە) . (عەتا قەرەداخی، بەدوای شیعردا لەنێوان وەھمی تازەگەری و واقیعیەتی تەقلیددا، ١٩٩٧، ١٠). 
 میتۆدەکانی رەخنەی دوای بونیادگەری تێڕوانینی نوێیان خستە بەردەست سەبارەت بە چەمکی دەقی ئەدەبی و چۆنێتی لێکدانەوەی لە روانگەی خوێنەرەوە ((دەقی ئەدەبی بە سروشتە خوازەیییەکەی، دەقێکی کراوەیە و رێگە بە فرە خوێندنەوەیی دەدات . ئەم فرەیییەش دەقەکە بە پیت و دەوڵەمەند دەکات لەم مەسەلەیەشدا تیۆری وەرگرتن لەگەڵ ھەڵوەشانەوەگەرایی بەیەک دەگات)) (د. ابراھیم محمود خلیل، رەخنەی ئەدەبی نوێ، ٢٠١٧، ١٨١). لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەدواوە میتۆدەکانی رەخنەی ئەدەبی روویان لە خوێنەر کرد، ئەمەش بەو پێیەی ((ھەر بە تەنیا دەق قسان ناکات، بەڵکو ئێمەش لە بواری دەقەکانەوە دێینە قسەکردن . ئێمە لە ئاسۆی بیر و سنوورەکانی ھزری خۆمانەوە تەئویلی دەقەکان دەکەین و بە رووناکیی تێڕوانینەکانی خۆمان رووناکیان دەکەینەوە)) (رێبوار سیوەیلی، کتێبی نالی، ٢٠٠١، ١٥). بەم پێیە تا دەھات رێچکەی ئەو رێبازانەی بایەخیان بە رۆڵی خوێنەر دەدا لە شیکردنەوەی دەقدا پەرەی دەسەند، ((رەخنەی شیکردنەوەی دەقی داوای سوود وەرگرتن لە زانستە مرۆیییەکان و ھەستی خوێنەر دەکات، ئەم شەپۆلە نوێیە لە دیاریکردنی واتای دەقدا بەرگری لە ھەڵوێست و رۆڵی خوێنەر دەکات، کە پێیان وابوو شیعر لەخۆیدا مەبەست نییە، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە ھەر وەرگرێک لە ئەزموونی تایبەتی خۆی بۆ زیاد دەکات)) (د. ابراھیم محمود خلیل، رەخنەی ئەدەبی نوێ، ٢٠١٧، ١٨١). ((بۆ ئەوەی ئەم رۆڵە بە دەق ببەخشین، دەبێت بە شێوەیەکی کراوە بیخوێنینەوە و لێکدانەوەی بۆ بکەین و سوود لە ھەموو، یان بەشێکی زۆری ئەو ئیمکانیەتە رەخنەیی و مەعریفیانە وەربگرین کە لە ئامانجەکانی دەق نزیکمان دەخەنەوە)) .(رێبوار سیوەیلی، کتێبی نالی، ٢٠٠١، ١٤) . ((ئیکۆ باسی لە خوێنەری ئینسکلۆبیدی دەکات، واتە ھەتا خوێنەر مەعریفەی دەربارەی زمان و دەق و کێشەکانی سەردەم زیاتر بێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەق دەبێت .)) (حسەین لەتیف، دەق لە چاوەڕوانی خوێنەردا، ٢٠١٧) کەواتە ئاسایییە کە خوێنەر بەو پاشخانە رۆشنبیریەیی ھەیەتی رۆڵی لە راڤە و لێکدانەوەی واتای جیاواز بۆ دەق ھەبێت . چونکە ((دەق لە واتای خۆیدا کەلەبەرێکی گەورە دەھێڵێتەوە بۆ گوتنی تر و بیرکردنەوەی تر و ھاوبەشیکردنی تر کە خوێنەر رادەکێشێتە بازنەی بوونی خۆیەوە. ئەو بوونە مەرجدارەی ھەموو کاتێک ھەر دەربڕین لێکردن و بەرچاو خستنی کیانێکی عەقڵییە لە بووندا، کە ھەرگیز ئەو بەرچاوخستن و دەربڕین لێکردنە ناگاتە پێگەیین و کامڵبوون .)) (نەجات حەمید،٢١٧) . لێرەوەیە  خوێنەری راستەقینەی دەق، لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقەکە ئامادەیی دەبێت و ئەو کەلەبەرانە پڕدەکاتەوە و نەوتراوەکانیش تەواو دەکات . بەم پێیە  دوو جۆر خوێنەری دەق بوونی ھەیە، ئەوانیش خوێنەری نادیار و خوێنەری راستەقینەیە . نادیار لەکاتی نووسینی دەقدا ئامادە دەبێت، راستەقینەش لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقەکە . 
 ھێرمینۆتیکا و دەقی کراوە:
وشەی ھێرمینۆتیکا (Hermeneutics) ھونەری تێگەیشتن و لێکدانەوە دەگەیەنێت و ئامانجی ئەم تیۆرییەش بریتییە لە ئیشکردن لە واتای تێکستدا بە مەبەستی ھێنانە سەر زمانی خۆمان، رۆشنکردنەوەی واتاکانی و شیکردنەوەی بە شێوەیەک کە ئیمکانی تێگەیشتنمان ھەبێت .(رێبوار سیوەیلی، کتێبی نالی، ٢٠٠١، ١٠) . فرەواتایی دەق دەبێتە جێی بایەخی رەخنەگران ((لەراستیدا چەسپاندنی فرە واتایی لە دەقەکاندا تەنیا دوو گریمانە دەخاتە بیرکردنەوەمان، کە یا دەبێ مرۆڤ لە دەربڕین لێکردن لە ھەموو واتایەکدا نەتوانێ بەتەواوەتی پەی بە ھیچ بوونێکی راست بەرێ، یا ئەوەتا مرۆڤ ناگاتە ئاستی ھیچ راڤەیەک بۆ بۆچوونی خۆی)) (نەجات حەمید . ٢٠٠٨، ٢٢٧).
دەق توانای لەڕادەبەدەری ھەیە لە راکێشانی خوێنەر بەلای خۆیدا کە خوێندنەوە و لێکدانەوەی جیاواز و جۆراوجۆری بۆ بکات . لەبەرئەوەی ھێز و توانای کرانەوە دەردەکەوێت لەمیانەی دەسەڵاتی دەق کە چاوگی ھەڵێنجاندنی جۆراوجۆری خوێندنەوە و جیاوازی لێکدانەوە لەخۆدەگرێ . بەو پێیەی دەقی کراوە ئەوەیە کە لەبەردەم لێکدانەوەدا بە رێگای جۆربەجۆر بکرێتەوە، بە بێ ئەوەی تایبەتمەندیی خۆی لەدەست بدات.((لەماوەی سی ساڵی رابردوودا تەئویل و تیۆری تا دێت پتر لێک نزیک دەبنەوە . ئەوەی راستی بێت، بەڕای زۆرێک لە رەخنەکاران و تیۆری داڕێژانی ھاوچەرخ، بەھیچ کلۆجێک ناکرێت تیۆری و تەئویل لێک ھەڵاوێردرێن . ئەوان دەبێژن کاتێک دەقێک تەئویل دەکەین، ھەموو کات کەڵک لە تێڕوانینێکی تیۆرێکیش وەردەگرین، جا چ خۆمان ئاگامان لەم بابەتە ھەبێت، چ نەبێت ھەروەتر دەڵێن تیۆری بەبێ تەئویل ناتوانێت بەردێک لە بەردێک بدات .)) (ھانز بێر تێنز، بنەماکانی تیۆریی ئەدەبی، ٢٠١٤ . ٥) دەقی کراوە لە بنەڕەتەوە پەیوەستە بە ھێرمۆنتیکاوە چونکە ((واتای ئەم زاراوەیە پەیوەندی بە راڤەکردن و تەئویلی تێکستی ئەدەبی و ھونەرییەوە ھەیە، بەو پێیەی تێکست کراوەیە لەوەی چەند مانا و چەند تەئویل ھەڵدەگرێت)) (نەوزاد ئەسوەد، ٢٠١١،٣٤٥))
 ھەموو دەقێکی ئەدەبی و ھونەری لەسەر بناغەی کێشەیەکی دیاریکراودا دروست دەبێ، ھەموو دەقێک فرەمانایی بوونی بە واتا، سەربەخۆییبوون و سەنتەرێتی مان پرش و بڵاوەکان نایەنە ماناوە بەڵکو ئەو فرەمانایییە لەبیری نووسەردا،خاوەنی ناسنامەی بنەڕەتی خۆیانن، خاوەن ھێزی بناغەی خۆیانن کە بۆی ھەیە بەردەوام واتای نوێ بخوڵقێنێ و لەسنووری واتایەکدا نەمێنێتەوە . (نەجات حەمید، تیۆری بنیاتی شاراوە.  ٩٨).((دەقی فرەواتایی لە ھەموو نووسینێکدا بوونی ھەیە تەنانەت لە ساکارترین دەقەکانیشدا)) (نەجات حەمید. ٢٠٠٨، ١٠١) بەم رەھایەی بڕیارێکی وەھا زانستییانە نییە، چونکە ھەر خودی ئیکۆ دەڵێ ھەندێ دەق ھەن، کە فرە خوێندنەوە ھەڵناگرن و بە دەقی داخراو پێناسەیان دەکات . کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە لەتیۆری دەقی کراوەدا ھەموو لێکدانەوەکان بۆ دەق ھێز و کاریگەرییان لە بیرە بناغەیییەکەی دەقەوە وەردەگرن . چونکە ((فرەمانایی لە دەقدا بزرکردن و پەراوێزکردنی بیری بناغەیی نییە، ھەریەک لەو مانایانەی کە لە بیری سەرەتایییەوە لەدایک بوونە، بۆیان ھەیە ببنە بابەتی رەخنەیی سەربەخۆ، بەڵام بێ گەڕانەوە بۆ بیری بناغەیی، کە نووسەر لێیەوە واتای نوێ و پەیوەستدار دەخوڵقێنێ، ھەرگیز واتای بنەڕەتی ئاشکرا نابێ)) (نەجات حەمید. ٢٠٠٨، ٩٩) ((خوێندنەوە جیاوازەکان دەق دەکەن بە دەقی کراوە، کاتێک رەخنەگرەکان بە تیۆری جیاواز لەیەکتر دەقێک دەخوێننەوە .)) (حسەین لەتیف، رامان، ٢٤٤ و ٩٧).
تیۆری رەخنەیی لە پرۆسەی گەڕان بە دوای واتای دەقدا سێ جۆر لە واتا دیاری دەکات :
١- واتای دانەر، کە مەبەست لێی ئەو واتایەیە کە لە زەینی نووسەری دەقدایە.
٢- واتای دەقی، بریتییە لەو واتا و مەبەستەی کە لەناو دەقدایە. 
٣- واتای خوێنەر، مەبەست لێی ئەو واتایەی کە لە زەینی خوێنەردایە. 
بەم پێیە چەمکی دەقی کراوە لەیەکتر بڕینی ھەرسێ ئەو مەبەستانەی دەقەوە بە پرۆسەی روونکردنەوەی واتای دەق دەگات . مەرجیش نییە کە دەقێک بە دەقی کراوە لەقەڵەمدرا ئیتر بەسەر خوێندنەوەی نوێدا دابخرێ، بەڵکو کراوەیە لەبەردەم خوێندنەوەی تردا . کەواتە تیۆری دەقی کراوە ھێرمینۆتێکییە نەک ئیستێتیکی .
لەدوای ئیکۆوە، رەخنەگران تیۆری دەقی کراوە، بەو رێبازە رەخنەیییانەی دەبەستنەوە، کە روو لە ھەڵوێستی خوێنەر دەکەن، ئەمەش لەو باوەڕەیانەوە بوو، کە خوێنەر تەوەری سەرەکییە لە لێکدانەوەی واتاکانی دەقدا . ((رەخنەگرانی رۆژئاوا دەقی کراوە پەیوەست دەکەنەوە بە مەسەلەی لێکدانەوەی بەرھەمی ئەدەبییەوە بەو پێیەی فرەخوێندنەوەیی کارە ئەدەبییەکان بۆ خۆی کارێکی ئاسایی چاوەڕوانکراوە لە پرۆسەی خوێندنەوەدا وەک چەمکێکی ئیستێتیکای وەرگرتن)) (ان موریل، النقد الادبی، ٢٠٠٨، ١٣٢) چەندە دەقەکان ھی داھێنەرەکانیانن ئەوەندەش ھی خوێنەرەکانیانن بۆیە ھەر خوێندنەوەیەکی کراوە بۆ دەق، بەرھەمھێنانی دەقێکی کراوەیشە و پرۆسەیەکی دیموکراتییانەی مەعریفی و ئێستاتیکی رەخنەیییە لە بواری ئەدەب و رۆشنبیریدا . (رێبوار سیوەیلی، کتێبی نالی، ٢٠٠١، ١٥) . شانۆگەری (ئەنتیگۆنا)ی جان ئانۆی لە جەنگی جیھانی دووەمدا لەکاتی داگیرکردنی فەرەنسا لەلایەن نازییەکانەوە پێشکەشکراوە، چەندەھا لێکدانەوەی جودای لەلایەن رەخنەگرانی ئەو سەردەمەوە بۆ کراوە ھەندێکیان بە شانۆگەرییەکی بەرھەڵستکارییان لەقەڵەمداوە، کە دژ بە نازییەکانە. ھەندێکی تریان بە شانۆگەرییەکی دەستخۆش لێکەری و پشتگیریکەری نازییەکانیان لە قەڵەمدەدا، ھەندێکی تریشیان بە شانۆگەرییەکی وجوودی بێھودەیییان لە قەڵەمدەدا.(نەجات حەمید، ٢٠٠٨، ٢٦) کەواتە دەقە ئەدەبییەکان کاتێک دەبن بە دەقی کراوە کە لەلایەن خوێنەرانیەوە خوێندنەوەی (تەئویل) جیاوازیان بۆ بکرێ . ئیکۆ دەڵێ ((دەسەڵاتی دەق لەو لێڵییەوە دروست دەبێ کە وشە و ئاماژەکانی خۆیان فرە جۆر و فرە رەھەند دەکەن)) دەقی کراوە پەیوەست بە فرە واتایییەوە سەربەخۆیی و ئازادی و کرانەوەیەکی فراوانی لەبەردەم خوێنەردا کردۆتەوە . کە ھەموو گوتنەکانی ھێز و کاریگەرییان لەبیرە بناغەیییەکەی دەقەوە وەردەگرن . فەنتازیای ئیستێتیکی لەدەقی کراوەدا بریتییە لە بنیاتێکی فرە ئاڕاستەیی لە بنیاتی واتای دەقدا. ((رەخنەگران سێ جیھانبینی بۆ بنیاتی دەق دیاریدەکەن، کە بریتین لە (جیھانبینی یەک مەدلول، جیھانبینی فرە مەدلول، جیھانبینی کراوە لە مەدلولەکان).)) (نەجات حەمید، ٢٠٠٨، ١١١). پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە دەقی کراوە لەکوێی ئەم سێ جیھانبینییەی دەقەوەیە ؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا روو لە بۆچوونێکی ئیکۆ دەکەین، کە دەڵێ: ھەر بەرھەمێک (دەقێک) لەخۆیدا چەندین خوێندنەوەی شیاو ھەڵدەگرێ. کەواتە بەلایەوە دەقی کراوە چەندین خوێندنەوەی جیاواز دێنێتە کایەوە. بۆیە خاوەن جیھانبینییەکی کراوەیە لە مەدلوولەکان،. کەواتە ھەردەقێک خاوەنی جیھانبینی کراوە بێ لە مەدلوولەکان ئەوە ئەو دەقە لێکدانەوە و خوێندنەوەی زۆری بۆ دەکرێ و بە دەقی کراوە پێناسە دەکرێ . لێکدانەوەی کراوە خەسڵەتێکی زیندوو دەبەخشێتە ئەو دەقانەی، کە خاوەن جیھانبینییەکی کراوەن لە مەدلوولەکان .
فرە واتایی دەق، یەکێکە لە سیماکانی دەقی کراوە، ئەم تێڕوانینە لەگەڵ تێڕوانینی لێکدانەوە بۆ دەق لە روانگەی تیۆری دەقی کراوە بە واتا ئیکۆیەکەی دەگونجێت .((دەقی کراوە ئەو دەقەیە کە دەچێتە ناو قووڵایی و شوێنی شاراوەوە، دەقێکی فرە خوێندنەوەیە، شۆڕ دەبێتەوە بۆ بەشەکانی ناوەوە، لە ئاستی بنیاتی شاراوەییدا شوێنێک دەگرێ دادەبەزێتە دیوی ناوەوەی بنیاتی زمان))(سیڤا، النێ المفتوح، ٢٠١٩، ١٥). ((ھەموو دەقێک لە جیھاندا سیفەتی دووسەریی واتا لە خۆیدا ھەڵدەگرێت و ئەم سیفەتەش لە سیفەتی ناوکی زمانەوەیە .))(نەجات حەمید . ٢٠٠٨، ١٠٩) بە شێوەیەکی تر دەق دوو بنیاتی ھەیە یەکێکیان ئاشکرا و ئەوی تریان شاراوە . بنیاتە شاراوەکە کراوەیە لە بەردەم خوێنەردا کە مانای کراوەی لێ بەدەست بھێنێت، چونکە ھەر خوێنەرێک ئازادە، کە لە دید و بۆچوونی خۆیەوە لێکدانەوە بۆ بنیاتی شاراوەی دەق بکات . لەم حاڵەتەدا دالەکان کراوەن لە بەردەم چەندین مەدلوولدا .
لە ئەدەبی کوردیدا چەندین بەرھەمی ئەدەبیمان ھەیە لە چەند گۆشەنیگایەکەوە لێکدانەوە و راڤەی بۆ کراوە ھەندێ جار واتای جیاواز لە یەکتریان داوە بەدەستەوە، کەواتە ئەم جۆرە دەقانە کە خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کراوە دەشێ ناوی دەقی کراوەیان لێ بنێین. نالی لەلایەن چەندین خوێنەرەوە لێکدانەوە بۆ دەقەکانی کراوە. لە دیارترین ئەو خوێنەرانە (مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و کوڕەکانی، مەسعود محەمەد، د. مارف خەزنەدار، د. دڵشاد عەلی، رێبوار سیوەیلی، عەتا قەرەداغی .....) چونکە ((شیعرەکانی نالی جیھانبینییەکی شاراوەیان تێدایە و تۆڕێک لە سیستەمی زانستی دەلالەتیان تێدایە و تا ئێستەکە ھەر بە زیندووێتی بەکاریگەری ماونەتەوە)). (نەجات حەمید، ٢٠٩) لێرەوەیە روو لە جیھانبینی دەقی زێوان دەکەین و لە روانگەی بنەما و خەسڵەتەکانی تیۆری دەقی کراوە لێکدانەوە و راڤەی واتا و دەلالەتەکانی دیوی ناوەوەی دەربڕینەکانی بنیاتی زمانی دەقەکە دەکەین.  
بەشی دووەم:
دەقی زێوان لە روانگەی تیۆری دەقی کراوەوە
رەخنەگران و توێژەران، لە چەندین گۆشە نیگاوە، روویان لە جیھانبینی دەقی شیعری زێوان کردووە و مانای جیاواز و کراوەیان لەبارەیەوە خستۆتە بەردەست لەوانە(ئەحمەدی مەلا، عەبدوڵڵا رەحمان، سۆران مامەند عەبدوڵڵا) خەسڵەتی فرە خوێندنەوەیان پێ بەخشیوە. لەم توێژینەوەیەدا دەمانەوێت بە شێوەیەکی دیکە زێوان بھێنینە زمان و لە جیھانبینییەکی ترەوە لێکدانەوەی نوێی بۆ بکەین، بەڵام بێ دوورکەوتنەوە لە مانای بناغەیی دەقەکە . بۆ ھاتنە دیی ئەم ئامانجە، پێویست دەکات سوود لە ھەموو یاخود بەشێک لە تیۆرەکانی تری رەخنەی ئەدەبی وەرگرین، کە لە خزمەتی لێکدانەوەی بنیاتی شاراوەی دەقەکەدان . راڤەگەری فەرەنسی (ھیرش) جیاوازی دەکات لەنێوان واتا و مەغزادا، چونکە واتا لە دەقدا جێگیرە، بەڵام مەغزا، یان دەلالە دەگۆڕێت . ئامانجی رەخنەی ئەدەبی ئەوەیە بگاتە مەغزای دەقەکان، بە پێچەوانەی شیکردنەوەوە کە ئامانجی گەیشتنە بە واتا، گەیشتن بە واتا بە شیکردنەوەی زمانەوانییانەی دەق بەدی دێت، بەڵام گەیشتن بە مەغزا، تەنھا بەدروستبوونی پەیوەندی لەنێوان دەق وەرگردا بەدی دێت . ((د. ابراھیم محمود خلیل، رەخنەی ئەدەبی نوێ، ٢٠١٧،٢٠٤) .
شاعیر یەکەم شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٨١ لە رۆژنامەی ھاوکاری بڵاوکردۆتەوە، کە تەمەنی شانزە ساڵان بووە . دەقی زێوانی لە ١٩٨٨ بڵاوکردۆتەوە، کە تەمەنی بیست و دوو ساڵ بووە . تی . ئێس . ئەلیەت دەڵێ ((جوانترین شیعر ئەو شیعرانەن، پێش ئەوەی تەمەنمان ببێت بە بیست و پێنج ساڵی دەیاننووسین)). ئەوەی جێی سەرنجە کە بەم بنیاتە دەوڵەمەندە و بەو زمانە شیعرییە شاعیر لەو تەمەنەدا، لە یەکەم تاقیکردنەوەی شیعری درێژدا، دەقێکی نوێبەخشی بەرھەمھێناوە، کە ھەست و ھەناسەیەکی قووڵی شیعری لە جیھانبینیی خۆیدا شاردۆتەوە. ((سەباح رەنجدەر یەکێکە لەو شاعیرانەی کە شیعرەکانی بە زمانێکی سفت و سۆل و رووحییەتێکی تازە داڕێژراون، شێوازی تایبەتی خۆی ھەیە و دەخرێتە خانەی شاعیرە نوێگەریخوازەکان.)) (کەمال غەمبار، چنینەوەی چەند وتارێکی رەخنەیی، ٢٠١٢، ٢٣) .
کۆمەڵێک توێژەر و رەخنەگر لە بارەی شاعیرەوە توێژینەوەیان کردووە و کۆمەڵێک ئەنجامی باشیان خستۆتە روو، لە دیارترینیان پرۆفیسۆر دکتۆر مارف خەزنەدارە، ئەمەش بۆخۆی پەسەندکردنی شاعیرە وەک یەکێک لە شاعیرە ھاوچەرخەکان (ئازاد عەبدولواحید، د. مارف خەزنەدار لە گۆڤاری رامان دا،  ٢٠١٨، ٢٤٢،٣٢٩). شاعیر لە تاقیکردنەوەی شیعری ھاوچەرخدا پێگەیەکی دیاری ھەیە، چونکە شێوازی شیعری خۆی لە شاعیرانی تر جیاکردۆتەوە و زمانی شیعری تایبەت بە خۆی ھەیە کە شاعیری پێ دەناسرێتەوە . لەم بارەیەوە کەمال غەمبار دەڵێ: ((مۆرکی کارتێکردنی شاعیرانی تری بەسەرەوە دیار نییە لە شاعیریەتی و رەسەنی بخەن، ئەم بۆچوونەشم ئەوە ناگەیەنێ کە شاعیر ئاوڕی لە سامان و کەلەپووری خۆماڵی و نەتەوایەتی نەداوەتەوە و سوودی لێ نەبینیون. (کەمال غەمبار، بەرەو جیھانی شیعریی چەند شاعیرێک، ٢٠٠٨ .٣٢). ھەروەھا سرور حەسەن محەمەد توێژینەوەیەکی زانستی بە میتۆدی بەراوردکاری لەبارەی ئەدۆنیس و سەباح رەنجدەرەوە کردووە .(سرور حسن محمد . ٢٠١٣) سەباح رەنجدەر لە دەقی زێواندا دەیەوێ لە ژێر پەردەوە راز و نیازی خۆی بە خوێنەر رابگەیەنێت، چونکە (شیعری رەنجدەر لەو شیعرانەیە کە ئاسان خۆیان نادەن بەدەستەوە و لە پشت ھەر وشەیەکەوە مانایەکی پەناھان حەشارداوە و ھەر بۆیە بەدەگمەن لە یەکەم بەرکەوتندا لەگەڵ زۆرێک لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا خوێنەر بۆی ھەزم دەکرێت) (ئارام سدیق، زمان و شیعریەت، ٢٠١٧،١٣٦). 
سەرەتا لە ناونیشانی دەقەکەوە دەچین بەرەو جیھانبینی دەقەکە . چونکە ناونیشان ھەمیشە کلیلی چوونە ژوورەوەیە بە نێو دیوە شاراوەکانی دەقەکەوە . زێوان  ناوە بۆ ئەو کەسەی کە پارێزەر و راژەکاری شوێنی پیرۆز و ئاینییە . شاعیر ھاتووە ئەم ناوەی خواستووە بۆ خۆی کە  وەک ناونیشان یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە ئاماژەکانی ئەو وێنانەی کە مانای خەسڵەتی راژەکار و پارێزەری شوێنێک دەگەیەنێت لەلایەن کەسێکی خەمخۆرەوە بە مەبەستی خزمەتکردنی و دابینکردنی پێداویستییەکانی و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و بێگەرد وەک ئەوەی کە مژدە دەداتە نواڵە کە لەو ناخۆشییانەی ھاتۆتە رێگەیان رزگاری دەکات و جۆرێک لە بەھەشتی بۆ دروست دەکات . شاعیر ئەو کەسەیە ماڵێک بۆ نواڵە دروست دەکات لە شێوەی ئەو شوێنە پیرۆزەی کە زێدەوان پارێزگاری لە شوێنی پیرۆز دەکات ئەو بڕواو متمانەی بە خۆی ھەیە کە نەمری لە بەھەشتدا لەگەڵ نواڵە بەدەست دەھێنێت .
ئێشی کوشندەی تێپەڕبوونی ساڵەکان 
دەچنە چاڵی بیرچوونەوە 
لە شاری جۆشخواردووی سەرزەمین 
خانوویەکی ساکارت لە درەختی بەردار بۆ دروست دەکەم 
تێیدا پیر بە 
باخەکەشی بەخاوەن کە 
ئەی خاوەن باخ 
ھەرچوار وەرز سەوزە و میوەیان لەسەر دەستە 
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٢٥)
شاعیر خۆی دەکاتە زێوانی ئەو ماڵەی کە لە درەختی بەردار بۆی دروست دەکات و بەڵێنی پێدەدات کە ساڵانی رابردوو لە بیر بکەن و لەدوای بەیەکگەیشتنیان لە بەرھەمی داری خۆزگە و ئامانجەکانیان بە ئاسوودەیی لەو ماڵەی پێکەوەی دەنێن بخۆن و تا دوا تەمەنی پیرییان پێکەوە بن .
شاعیر کە باس لە قۆناغی منداڵیی خۆی دەکات زیاتر یادەوەرییە خۆشەکانی خۆی دەگێڕێتەوە بەڵام ھەندێ وێستگەی منداڵی نوغرۆی مەرگەساتە و ناخۆشییە ھەروەھا سەرتاپای تەمەنی قۆناغی گەنجێتی ماوەیەکی کەمی لێ دەرچێت ترووسکەی شادی تیا نەبووە . 
خۆم ھاوێشتە بۆشایی بوون 
بەخشندەیەک دەستی میھری بۆ درێژ نەکردم
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٧٠ )
ئەمە لووتکەی ئازار و خەمەکانی شاعیر دەردەخات کە لەو قۆناغەی ژیانیدا ئەوەندە تاڵی چەشتووە تەنانەت کەسێک شک نابات دەستی ھاوکاری بۆ درێژبکات و بە رادەیەک ھەستی بەتەنیایی کردووە کە وەک نامۆیەک دەربکەوێت . بۆیە ناونیشانی دەقەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی شاعیرەوە ھەیە لە ھەرشوێنێک ناوی زێوان بەکارھاتبێت ئەوە مەبەستی شاعیر خۆیەتی و خۆی بە زێوان ناودەبات کە دەلالەتە بۆ پێگەی پاکی و بەوەفایی ئەو بەرپرسیاریەتییەی شاعیر وەک پاسەوان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ماڵەی کە پەیمانی داوە بۆ  نواڵەی دروست بکات، کەواتە دەقەکە بریتییە لە پانۆرامای ژیانی شاعیر بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە ھەر لە منداڵییەوە بۆ گەنجێتی . ژیانی شاعیر لە ھەردوو قۆناغی منداڵی و گەنجیدا لە نێوان گەشبینی و رەشبینیدا سەرەتاتکێی کردووە، بەڵام زیاتر ناخۆشی و رەشبینی بەسەر شاعیردا زاڵە وەک لەم ھێڵکارییەدا روونکراوەتەوە :
                                                           زێوان 

منداڵی خۆش بووە                   گەنجێتی ناخۆش بووە                     مێژووی گەلی کورد ناخۆش 

              کاتی نووسینی دەق                                                              رابردوو                       ئێستا 

                       دڵەڕاوکێ                                                                                  رەشبین 
                                                                زێوان    
بەم پێیە زێوان لە تێکچوونی ھاوسەنگیی نێوان خۆشیی منداڵی و ناخۆشیی گەنجێتی و زاڵبوونی ھەردوو چەمکی دڵەڕاوکێ و رەشبینی لای شاعیر ھاتۆتە بەرھەم . کۆی گشتی تاقیکردنەوەکە بەرھەمی ئاماژە و مانای خۆشی و ناخۆشییەکانن. سەرئەنجام ھەردوو چەمکی  دڵەڕاوکێ و رەشبینی لە ئاستی بنیاتی دەقەکەدا زاڵە . شاعیر لە دەقی زێواندا  ئاشنامان دەکات بە کارەکتەرەکانی نێو دەقە شیعرییەکەی کە بریتین لە شاعیر(زێوان)  و نواڵە (خۆشەویستی شاعیر) و دایک و باوک و شاعیرەکان (نالی، مەولەوی، حاجی) و کارەکتەری ئاینی و ئەفسانەیی(ئادەم و خدری زیندە و فەرھاد و برایمۆک و مەسیح و مریەم و موسا و پێغەمبەر)، ھەروەھا بەو شوێنانەی کە رووداوەکانی نێو دەقەکە لەخۆیانی گرتووە کە بریتییە لە گوندی دەربەندی گۆم و ھەولێر . لە رووی کاتیشەوە قۆناغی منداڵی و گەنجێتی شاعیر دەگرێتەوە .
لە رووی بابەتەوە شاعیر زیاد لە بابەتێک دەخاتە روو کە بەلای ئێمەوە بریتین لە خۆشەویستی، مردن، ژیان، سروشت، یادەوەری، رامان لە نھێنییەکانی گەردوون و بوون، مێژوو، دڵەڕاوکێ، نائومێدی، رۆشنبیری و کلتوور . شاعیر لەم تاقیکردنەوە شیعرییەدا دەیەوێ لە ئاستێکی قووڵی مەعریفییەوە شیعرییەت بە زمانێکی نوێ بەرھەمبھێنێت . ئەو رووکەشانە لە دیاردەکان ناڕوانێت، بەڵکو دەچێتە قووڵایی و رۆدەچێتە جیھانی شاراوەیی رووداو و پرسیارەکانی حەقیقەتی بوون و گەردوون . خەسڵەتی ڵێڵی و ناڕوونی لە مانا و دەربڕینەکانی بنیاتی زمانی دەقی زێوان خوێنەر پەلکێش دەکات کە ئازادانە لێکدانەوەی ھەمەجۆر بۆ جیھانبینیی دەقەکە بکات، ئەمەش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دەق لە رووی مەعریفییەوە ھەیەتی لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەپێی ئاستی مەعریفی و رۆشنبیری و تێڕوانینی خوێنەر خۆیەوە . (شکلۆڤسکی لەو باوەڕەدا بوو کە ھونەر و ھێزی ھونەری خۆی لە نائاشناسازیدا ئەبینێتەوە بۆ ئەوەی شتەکان بە شێوەیەکی نوێ پیشان بدەین). (عەبدوڵڵا تاھیر بەرزنجی . ٢٥) لەبەرئەوە فۆرمالیزم تیۆرییەکە دەربارەی شیعر وەک لادانێکی زمانی، بە ھۆی چەمکی بەنامۆکردنی شیعرییەوە ئەدەب خۆی لەزمانی ئاسایی و رۆژانە دوور دەخاتەوە . (پێتەر ھاڵبێرگ و دانەرانی تر. وەرگێڕانی : ئەنوەر قادر محەمەد . ٣٢٠)
سروشت ھەموو شتێکت ترساندوومی 
لرفەی ئاگرت
بڵندایی چیات
گەفی رووبارت
دەشتایی رووتت         (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥)
سروشت دەستپێکە بۆ چوونە ناو جیھانی ھزر و مەوداکانی لێکدانەوەی ھەموو دیاردەیەک کە ھەستپێکراو بێ یاخود ھەست پێ نەکراو بێ.  ترس لە سروشت لە کۆنەستی ھەموو مرۆڤایەتیدا بوونی ھەیە . ھەمیشە ھەڕەشە بووە لەسەر ژیانی و لە ھەمان کاتیشدا مرۆڤ وانەی زۆری لێوە فێربووە شاعیر لە سەرەتاوە ھەستی ترس لە دیاردەکانی سروشت رادەگەیەنێ . ئەم تێڕامانە لە گەردوون پرسیارە لەو ھێزەی لە پشتی دروستکردنی ئەم بوونەوەیە  کە چۆن ئاگر و ئاو و خاک خولقاون . ئاگر کاتێک سەرچاوەی ترسە کە قەبارەی ئاگرەکە بە ئەندازە و ئاستێکی بەرفراوان بێت وێنەی شکۆمەندی ئاگرمان لا دروست دەبێت وەک وێنەی ئاگری دۆزەخ ترسناکە . بەڵام ئاگر لە شێوەی ئاگری نەورۆزدا بێت سەرچاوەی ترس نییە و دەبێتە خولقاندنی جوانی . ئاو کە دەبێتە سەرچاوەی مەترسی لە وێنەی دەریایەکی بێ سنوور جوانییەکی لەرادەبەدەرە کە بە شکۆمەندی ناودەبرێت . لرفەی ئاگر و بەرزی چیا و ھاژەی رووبار و بەرینی بیابانەکان کە سەرچاوەی ترسن جوانییەکی لەرادەبەدەریان ھەیە مرۆڤ لەئاستیاندا سەرسامە و بەم جۆرە جوانییانە دەوترێت شکۆمەندی . رووناکی کە رەمزی ئارامی و دڵنیابوونە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ چێژوەرگرتن لە دیمەنەکانی سروشت بە پێچەوانەوە تاریکیش رێگرە لە بەردەم چارەنووس و ئایندەمان کە ناتوانین پەی بە جوانییەکانی ژیان بەرین 
پەنجەم لە چاوەڕوانییەکی دوانەھاتوو یان گیان پێنەماو 
بەناویەکدا دەشکێنمەوە 
یادی ماڵیکردنی ورچ دەبێتە بۆنە و نیشان 
دیوە تاریکەکانی زەوی چی لێ دەدۆزێتەوە (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٦)
شاعیر لە دەقی زێواندا نایەوێ وێنە مەئلووفەکانی پێشووتر کە لە نەستی خوێنەردا کەڵەکەبوونە دووبارەیان بکاتەوە . ئەم دەقە تاقیکردنەوەیەکی راستگۆیانەی شاعیرە کە لە دەروونێکی پاک و بێگەردی شاعیرانەی پڕ لە بەھای جوانی و خۆشەویستییەوە ھەڵقوڵاوە. بۆیە بابەتە خودییەکان کە پەیوەندی بە شاعیرەوە ھەیە، رەنگدانەوەی ئەو قۆناغەیە کە شاعیر لە منداڵیدا بەسەری بردووە .
قیژەی یەکەمین کتێب لەناو چاڵەبەفرەکان گوێی زرینگاندمەوە 
بەیەکگەیشتنەوەی من و جزدانی ئارامبەخشی دایکم 
کۆڵانەکانی دەیگەیاندمە قوتابخانە و گۆڕەپانی رووخۆشی تۆپی پێ 
پاشان دووکانە پڕ نھێنییە رەنگاوڕەنگەکانی گوندی گەنجینەی منداڵیم  
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦)
قیژەی یەکەمین کتێب لەناو چاڵە بەفرەکانی حەوش . یەکەمین کتێب کە منداڵ پێی ئاشنا دەبێت کتێبی ئەلف و بێی کوردی ئیبراھیم ئەمین باڵدارە، چونکە دوو دێڕ دواتر دەڵێ : کۆڵانەکانی دەیگەیاندمە قوتابخانە . کەواتە لە خەیاڵی رۆژانی منداڵی شاعیردا قوتابخانە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی شاعیر بووە . لەو کتێبانەی کە لە زەینی زۆربەی تاکی کورددا دەزرینگێتەوە و کاریگەری بەردەوامی لەسەر یادەوەری دەمێنێتەوە ئەو کتێبە بەنرخەی ئەلف و بێی کوردییە لە شوێنێکی تردا ئاماژە بە بابەتێکی سەرنج راکێشی ناو کتێبەکە دەکات ئەویش مێوژی زۆرابە و لە شوێنێکی تردا ئاماژە بە لانک و بلوێر و گۆپاڵ و پەرژین دەکات ئەمانە لە کتێبی ئەلف و بێی کوردی باسکراون . لە زۆر شوێنی زێواندا وێنە و دەربڕینەکانی ناو یەکەمین کتێبی کوردی ئامادەیییان ھەیە (بزنە کێوی و گورگ و ئەسپ و سێو) وێنە ئاشناکانی نێو واقیع کە بەلامانەوە سادە و ئاسایین شاعیر نائاسایییان دەکات و بە شێوەیەکی نائاشنایی سازیاندەکاتەوە: 
مام زۆراب لەناویدا سەبەتەی مێوژی داناوە       (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٣٣) 
جوانە کیژان مۆسیقا دەژەنن 
گۆرانیبێژ لەبەردەمیان تاساوە                                  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٣٤)
گوندی گەنجینەی منداڵیم 
یادەوەرییەکی جوان و ئەفسانەیەکی بەھێزە       (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٥٣)
رابردوو لە چنینی بنیاتی دەقی زێواندا زۆر بە سفت و سۆلی وەکو تۆڕێکی ورد نەخشێنراوە . ھەربۆیە شاعیر ئاماژە بەوە دەکات کە ((رابردوو، بەشی ھەرە گەورەی ژیانی نووسەر پێکدەھێنێ و پێکھاتەی دەقیشە)) (سەباح رەنجدەر، چوار کتێب لەبارەی شیعرەوە، ٨))
شاعیر لە ئاستی نەگوتراوی دەقەکەدا باس لە پرۆسەی داھێنان دەکات تەنانەت لەم رووەوە تێڕوانینی خۆیمان بۆ دەردەبڕێت بەلایەوە شاعیر کەسێکی دیار و خاوەنی خەسڵەتی تایبەتە ھەر بۆیە پێگەی شاعیران دەباتە ئاستی پێغەمبەران . پێغەمبەر کە مەبەستی محەمەدە سرووشی لای خواوە بۆ ھاتووە و پەیامێکی پیرۆز و گەورە و گرنگی بۆ ھاتووە  . کەواتە مەسەلەی پەیام و بیروڕاکانی پێغەمبەر پەیوەست دەکاتەوە بە ھێزێکی دەرەکییەوە . ئەو کاتانەی کە سرووشی بۆ دێت و پەیامەکەی لا گەڵاڵە دەبێت ئەو ئەوساتانە ھەست بە ئارامی و خۆشی دەکات . بەڵام کە دێتە سەر شاعیران پرۆسەکە دەبەستێتەوە بە ھێزێک لە ناوەوەی مرۆڤ کە تەنھا بیرکردنەوە و ھەستکردنی شاعیر لە ناخی خۆیدا بۆ داھێنانی شیعرەکانی دوای ئەوەی کە بەرھەمەکانی دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران ئەوکاتانە شاعیر دەگەشێتەوە و ھەست دەکات دەرگایەکی بەڕووی خەڵکدا کردۆتەوە و پەیوەندیی شاعیر و دەوروبەر لە دۆخێکی ئارام و جێگیردایە و درزەکەی نێوانیان بەو داھێنانە پڕدەبێتەوە چونکە گەشانەوەی شاعیر ئەو راستییە دەردەخات کە ئەو کەسە دڵخۆش دەبێت و بارە دەروونییە ناھاوسەنگەکەی تێپەڕاندووە ئەویش بە حوکمی رەوینەوەی دڵەڕاوکێی شاعیر دوای بڵاوبوونەوەی بەرھەمەکەی . زۆر جار شاعیران شیعرەکانیان بە جگەر گۆشە و کۆرپەی خۆیان ھاوشێوە کردووە جگەر زۆر ناسکە و ھەستیارە کۆرپەش ئەو مەخلوقەیە کە بە موعجیزە و لە پرۆسەیەکی نۆ مانگیدا دەخولقێت و دواتر دێتە بوون و سەرەڕای ژان و ئازارێکی زۆر لە کاتی منداڵبووندا دایک کە کۆرپەکەی دەبینێت ھەموو ئازار و ژانێکی بیر دەچێتەوە لە دیوی ناوەوەی ئەم دێڕە شیعرەدا شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت کە نووسینی شیعر وەکو منداڵبوون وایە دوای ژانێکی زۆر شیعر لەدایک دەبێت ئەم دەقە سێ ساڵ زیاتر لە سنگی شاعیردا ماوەتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵیش لەگەڵیدا خەریک بووە و ھاتۆتە تەواوبوون شاعیر لە یادی بیست ساڵەی لەدایکبوونی زێواندا راستیی ئەو بۆچوونەمان بۆ دەسەلمێنێت . زێوان کە خودی شاعیر خۆیەتی ئەو لەکاتی نووسیندا واتە داھێنانی شیعریدا ئەو کەسێکی دڵخۆش و ئارامە بەو پێیەی نووسین ھاوشێوە دەکات لەگەڵ  سرووش و بیرکردنەوە و منداڵبوون  کە تیایدا مرۆڤ گەشبینە و بەختەوەرە شادی و خۆشبەختی شاعیر لە ھیچ پرۆسەیەکی تردا بەدەستی نایەت  تەنھا لەکاتی نووسیندا نەبێت ئەو بە ئارەزووە گەرم و گرنگەکانی خۆی دەگات تەنانەت لە بەیەکگەیشتنی لەگەڵ نواڵەدا ئەو ھەستەی لە گەشانەوە و ئارامی دەروونی بۆ دەستەبەر نابێت . کەواتە شاعیر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێ کە سرووش و بیرکردنەوە و منداڵبوون و نووسین سەرچاوەی وزە و ھێزن بۆ بەردەوامیی ژیان و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و بڵاوبوونەوەی پەیامی مرۆڤایەتی جوان بە ئامانجی بەخشینەوەی ئومێد و ھیوا لەناو دەروون و لە سیما و روخساری ھەموو تاکێکدا . نووسین بەلای شاعیرەوە بە سێ ھەنگا و تێدەپەڕێت ھەنگاوی یەکەم  سرووشە ھەنگاوی دووەم بیرکردنەوە و لێکدانەوە کۆتا ھەنگاویش نووسینەوەیە . نووسین لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و لێکدانەوەیەکی ھەمەلایەنەدا لەدایک دەبێت ژانی لەدایکبوونی وەکو ژانی منداڵبوون بە ئازارە بەڵام ھەرکە ھاتە دنیاوە شاعیر ئارام دەبێتەوە و پێی دەگەشێتەوە .  پەیامەکەی شاعیر ھەڵگری سۆز و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستییە بۆیە ھەموو خەڵکی سەرزەوی پێی شاد دەبن کە بەرھەمی شاعیریان دەگاتە دەست .    
گۆرانیم ئاوێنەیەکە وەک بەیانیانی بەھار روون 
پێغەمبەر دەموچاوی لە کاتی سرووش وەرگرتن تێیدا دەگەشێتەوە 
نالی دەموچاوی لەکاتی بیرکردنەوە لە شارەزوور تێیدا دەگەشێتەوە 
دایک دەموچاوی لەکاتی منداڵبوون تێیدا دەگەشێتەوە 
زێوان دەموچاوی لەکاتی نووسین تێیدا دەگەشێتەوە
ئارەزووە گەرمەکانم زەوییان شاد کرد                         (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٩)
کۆمەڵێک ھۆکاری دەروونی و ژینگەیی لەوانە (مەرگ، نەگەیشتن بە یار، بێ بەشبوون لە سۆزی باوک، دابڕان لە دەوروبەر، نامۆیی ) لە دیارترین و سەرەکیترین پاڵنەرەکانی داھێنانی دەقی زێوانن، ھەرچەندە شاعیر خۆی پێی وایە ((مەرگ سەرەکیترین ھۆیە بۆ دڵەڕاوکێی داھێنان، ئامادەکردنی ئەم مەرگەش ھێزی شیعرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گرفتەکانی ژیان و مان)) . (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٩،٣٢) دڵەڕاوکێی شیعریش کە سەرچاوەکەی بەرھەمی شاعیرانی سەردەمەکە و پێش سەردەمی شاعیرە ئەم تاقیکردنەوە شیعرییانە لە جیھانبینیی شاعیردا رەنگ دەدەنەوە، ھەروەک دەبینین لە چەند شوێنێکدا ناوی نالی و مەولەوی و حاجی قادر دەھێنێت  و رەنگە چەندین شاعیری تریش ھەبن کە ناڕاستەوخۆ، کاریگەرییان بەسەریەوە جێھێشتووە.   
لە بابەتی ئیرۆتیکیدا شاعیر راستەوخۆ بێ سڵکردنەوە ئەو جۆرە دەربڕینانە بەکاردەھێنێ، کە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا رێگەپێنەدراو بوونە، ئەو بەربەستە دەشکێنێ، چونکە لە چەند شوێنێکی دەقەکەدا، جەستەی خۆشەویستەکەی رووتدەکاتەوە ھەرچەندە ناوی نابات و نایەوێ بە ئاشکرا ناوی خۆشەویستەکەی بھێنێت. 
پارچەیەک قوماشی مەمکدانتم دەس بخە   
چاویلکەمی پێ روون دەکەمەوە (سەباح رەنجدەر ٢٠١٨،  ٥٨)
نواڵە کراسی سەما لەبەربکات 
فریزی پەستی حەوشە ژەنگی کەوتن دادەماڵێ 
کراسی سەماش فڕێ بدا 
فریزی شادمانی حەوشە کتوپڕ رەشەتای دێتێ    (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦٧)
شاعیر بە ھەندێ نموونەی ئەزموونی خۆشەویستی شکستخواردوو . لای شاعیر و کەسانی عاشق دەیەوێت پێمان بڵێت ھەرمن نیم، کە نەگەیشتووم بە یارەکەم ئەو دەمانگەڕێنێتەوە بۆ رابردوو و چیرۆک شکستخواردووی نالی و حەبیبە و شیرین و فەرھاد و برایمۆک و پەریخان کە بەیەک نەگەیشتوون دەھێنێتەوە لەلایەکی تریشەوە  خۆشەویستی خۆی و نواڵە دەکاتە مێژوو دەیخاتە ریزی چیرۆکە بەناوبانگەکانی عەشق و خۆشەویستییەوە . 
برایمۆکیش ئاگری سێبووری ونکردووە             (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٤٠)   
فەرھاد پەیمان شکێن بکات                               (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥٥)       
قەڵەمکێشی حەبیبەم دەداتێ بە دیاری بۆ نواڵەی ببەم 
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦٤)
لە ئاکامی بێبەشبوون لە حەزی سێکسی و خۆشەویستی رەگەزی مێینە لای شاعیر وێنەی ئیرۆتیکی بە راستەوخۆ دێنە نێو بنیاتی دەقەکەوە حەزی سێکسی و بێ بەشبوون لە سۆزی یار، ھەڵسووڕێنەری ھێنانە کایەی ئەو شتانەن کە شاعیر لە منداڵی و گەنجێتیدا لێیان بێ بەش بووە و پێیان نەگەیشتووە :
منداڵدانی ژنان گەرمن 
دەماری ئارەزووی مەمک 
گەرمایی پەنجە بە ئاگای دەھێنێ    (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥٢)
منداڵدانی ژن  مەبەست ئەندامی زاوزێی مێینەیە . مەمکیش شوێنێکی ھەستیارە و بە دەست لێدان و رامووسانی بە پەنجە و بە دەست حەزی سێکسی مێینە دەورووژێنێت . ئەمانەی لە ئاستی ئاگاییدا وتووە . بابزانین لە ئاستی نەوتراودا و لە ئاستی نەستدا شاعیر بە رەمز و لە ژێر پەردەوە چۆن حەزی سێکسی خۆی دەردەبڕێت .
چیا بەم روو ئەو روو دابکەون 
دەشتایی لە خەسڵەتی ناز فرۆشتن خۆ پێکدادەن 
منیش سرووش لە یەکەمین ھێلکەی ھەڵۆ دەخوازم 
شیعرێکت خەون لە چێشتەخەو دەبینێ 
پرچی خۆڵەمێشینی نواڵە لەناو باران گەشە دەکات 
تەنیایی کەوانەیەکی ئاوریشمینە                         (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٦٧) 
چیا لە روانگەی شیکاری دەروونییەوە رەمزە بۆ ئەندامی نێرینەی پیاو دەشتاییش رەمزی جەستەی ئافرەتە کە بە ناز و خۆشەویستییەوە بەر چیا دەکەوێت و بەیەک دەگەن و بەریەکتری دەکەون . ھێلکە ھێما و رەمزی تۆوە و لە بەیەکگەیشتنی جووتبوونی رەگەزی نێر و مێ تۆی نێرینە ھێلکەکە دەپیتێنێ و کۆرپەلە دەخوڵقێت . شاعیران ھەمیشە شیعر بە کۆرپەلە و جگەرگۆشەی خۆیان دادەنێن. لێرەشدا شاعیر ئاماژە بەوە دەکات کە منداڵێکیان دەبێت  ئەم زاوزێکردنە و گەشەکردنە پێویستی بە ئاوە لێرەدا باران ھەڵگری ئەو سیفەتەیە و کە دەشتایی پاراو دەکات. لێرەدا ئاماژەیە بۆ جەستەی ئافرەت،  ئەو تۆوەی لە زەویدایە پێدەگات و دەبێتە بەرھەم واتە زەوی بەھۆی بارانەوە ئاوس دەبێت کە باران لە زەوی دەدات زەوی خۆی لەبەردەمیدا راکشاندووە و بە ناز و نەرمییەوە ئاوی بارانەکە ھەڵدەمژێت دیارە ھەموو شتێک لە سروشتدا بە ھۆی بارانەوە گەشە دەکات . شاعیر لە تەنیایی و بەیەکنەگەیشتنی بە یار بەکەوانەیەکی تەواونەکراو ھاوشێوە دەکات ئەو خەونی بەیەکگەیشتنی بەیارەکەی دەبێتە گرێی دەروونی  ئیتر تەنیایی دەبێتە ئەو رێگایەی کە ناگاتە دوا وێستگەی خۆی و دادەخرێت بەڕووی ھیواکانی شاعیرەوە .
گوندی گەنجینەی منداڵیم
ئەگەر لە روانگەی دەروونناسییەوە راڤەی ئەم دێڕە بکەین، کە چل و شەش جار دووبارە بۆتەوە، رەھەندێکی سێکس ھەیە، چونکە تیۆری شیکاری دەروونی واتای رەمزی وشەکانی بۆ دیاریکردووین (گەنجینە ئەو شوێنەیە کە لە روانگەی شیکاری دەروونیی فرۆیدەوە رەمز و ئاماژەیە بۆ ئەندامی زاوزێی ئافرەت، دەلالەتە بۆ حەز و سۆزی گەڕانەوەی شاعیر بۆ ئەێلەکەی بەواتای کۆرپەلەیی و جیناتی)(د. انور عبدالحمید الموسی، علم النفس الادبی، ٤٦) کۆمەڵێک وشە ھەیە لە روانگەی دەروونییەوە رەمز و دەلالەتن بۆ ئەندامی زاوزێ و منداڵدانی ژن لەوانە (چاڵ، کانەکان، ئەشکەوت، جانتا، کۆگا، گەنجینە، ژوور، دەرگا و راڕەوەکان رەمزن بۆ کونی ئەندامی زاوزێی مێینە) (د. انور عبدالحمید الموسی، علم النفس الادبی، ٤١).
ئەفسانەی خدری زیندە لە کلتووری کوردەواریدا لەسەر ئەوە بنیاتنراوە، کە خدر لەوێنەی پیرە پیاوێکی نوورانیی ریش و سمێڵ سپیدا دەردەکەوێت بە ھەموو لایەکدا دەگەڕێ و خەڵکیش بە ئاسانی نایناسنەوە بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ھەرکەسێک خدری زیندە بناسێتەوە و داوای ھەرچییەکی لێ بکات بۆی جێبەجێدەکات بە تایبەتی لە گەیشتن بە مرازی خۆی و بەھاناوەچوونی و رزگاربوونی لە تەنگانە. پێدەچێت شاعیر لە بێ ئومێدبوونی لە گەیشتن بە نواڵە ھانای بۆ خدری زیندەش بردبێت ئەو ناچارە ھانا بۆ ھەموو رێگاکان بەرێت تا بە ئاواتی خۆی بگات .
بەختیاریی خدری زیندەیە (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ١٠)
خدر لەبن نوێنی گیایان مردنی لەخەوندا بینیوە     (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٤٣)
تا مردن لەوێ 
لە وڵاتی خەون دەژیم (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٥٨)
خدر رەمز و ھێمای بەھانەوەچوون و بە دەنگەوەھاتن دێت کە کەسی لێقەوماو بەدوای فریادڕەسێکدا دەگەڕێ لە گێژاوی ژیان رزگاری بکات . شاعیر بە منداڵی باوکی لەدەست داوە بۆیە دەشێت کە خدر بکاتە جێگرەوەی باوک بۆ خۆی .  
گیان رووناکەکانی ژێر سێبەری دێرینترین خانووی گوندی گەنجینەی منداڵیم
برادەری خدری زیندەن    (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥٨)
خدری زیندەش سەرگەرمی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیەتی
          (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥٩)
شاعیر سەرسامە بە کەسێتیی خدری زیندە و خۆی بەو دەشوبھێنێت . سەباح لەزۆر شوێنی شیعرەکەدا خدری زیندە و ئاوی زمزم و گیای ھوما دەکاتە مۆتیفی سەرەکی بنیاتی دەقەکەی . شاعیر ویستی درێژکردنەوەی ژیانی خۆی و نەمری ھەیە لەو رووەوە خۆی بە خدری زیندە ھاوشێوە دەکات .
گرمۆڵەبوونی خدری زیندە ژوورێکی لاپەڕی گوندی گەنجینەی منداڵیمە       
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٦٣)
گیای نەمریم بەرەواژی بینی (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦٧)  
ئاوی زمزمی ناو گۆلمت دەخۆمەوە (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٢٠)  
ئەگەر ئاوی حەیات رەگەزی سەرەکی و بەردەوامی ژیان بێت بۆ نەمریی خدری زیندە ئەوا گۆلمی یارەکەی بۆ ئەو دەبێتە رەگەزی مانەوەی ژیانی ھەتا ھەتایی شاعیر، چونکە  پێی وایە بەگەیشتنی بە نواڵە ئیتر ژیانی ھەتا ھەتایی بەدەست دەھێنێت لەکاتێکدا خدری زیندە بە ئومێدی خواردنەوەی ئاوی حەیاتە بۆ ئەوە بە نەمری بگات ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەر ئاوی حەیات ئاوێکی سیحری بێت ئەوە سیحری عیشق و خۆشەویستی و بەیەکگەیشتن ئەو پیرۆزییە بە گۆلمی یار دەبەخشێت کە بەلایەوە ئەوەندە عیشقەکەی پیرۆزە کە دەبێتە سەرچاوەی بەخشینی ئەو ھێزە سیحرییە کە نەمری بۆ شاعیر دەستەبەر دەکات . شاعیر پێش ئەوەی ئاوی حەیات بخواتەوە ئەو ئاوی ناو گۆلمی یارەکەی دەخواتەوە دڵنیاشە کە گەیشتن بە یار ژیانی ھەتا ھەتایی دەستەبەر دەکات. 
ئەی ئاو ھەموو ژیان بۆ تۆ                           (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٦٩) 
ئاو یەکێکە لە رەگەزە پێکھێنەرەکانی ژیان و بە بێ ئاو ژیان لەسەر گۆی زەوی بەردەوام نابێت کەواتە ئاو ھەڵگری ماکی ژیانە لەلایەکی تریشەوە لە رێگەی ئاوەوەیە سەرجەم زیندەوەران دروست دەبن بەھۆی گواستنەوەی تۆو لە رەگەزی نێرەوە بۆ رەگەزی مێ . ئەم رەگەزانە وەکو ئامراز و بنەمای پێکھاتەی شیعر بۆ مەبەستێکی تر بەکارھاتوون وەک سیمایەکی دیاری نوێخوازی بۆ بەرھەمھێنانی شیعرییەت مامەڵەی لەگەڵدا کردوون بە مەبەستی فراوانکردنی جیھانبینی دەقەکە . 
ئەفسانەی دروستبوون و دروستکردنی مرۆڤ لە قوڕ ھەروەک لە قورئانی پیرۆزیشدا ھاتووە کە خوا ئادەمی لە قوڕ دروستکرد و رووحی بەبەردا کرد و دواتریش حەوای لە جەستەی ئادەمەوە دەرھێناوە بەڵام گوناھی خواردنی سێوەکە بە یەکەم گوناە ئاماژەی پێکراوە بوو بە ھۆی ئەوەی لە بەھەشت دەربکرێن و فڕێ بدرێنە سەر زەوی کەواتە ئێمە ھەموومان لەخاک دروست بووینەوە بۆ خاکیش دەگەڕێینەوە . شاعیر لە ئاستی نەوتراودا ئەوە دەڵێت کە بە گەیشتن بە خۆشەویستەکەی ئەوە ئەو بەھەشتە دروست دەکەن کە ھەمیشە و ھەتاھەتایە بە ئاسوودەیی ژیان بەسەر بەرن، بەڵام شکاندنی بەڵێنی بۆ یەکبوونیان لەلایەن نواڵەوە بەھەشتەکەی کە شاعیر ھەوڵی بۆ دابوو گۆڕا بۆ دۆزەخ بەو پێیەی ئادەم و حەوا پێشتر لە بەھەشت دەژیان بەڵام دوای خواردنی سێوەکە لە بەھەشت دەرکران و فڕێدرانە سەر زەوی کەواتە ئەم زەوییە ئێستا وەکو دۆزەخ وایە بۆ مرۆڤەکانی سەری . شاعیر لە نەگەیشتنی بە یارەکەی خۆی بێ تاوان نیشاندەدات، ئەو وەکو زێوان خۆی دەناسێنێت کە ژیانی تاڵ بووە وەکو گیا تاڵەکە لەناو بەھەشتی سەر زەوی دەریدەکەن ئەم دۆخەی بەسەریدا ھاتووە  باجی تاوان و ھەڵەی نواڵەیە دەیداتەوە . 
نواڵە ھێندەی ئاگری حەفتاو پێنج دڕندەی             (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٥٤)
شاعیر مەبەستی لە حەفتاو پێنج ساڵی ١٩٧٥ کە شۆڕشی کورد لەو ساڵەدا لە باشوور تووشی شکست بووە بە ھۆی پیلانێکی نێو دەوڵەتییەوە کە کاریگەری لەسەر تاکی کوردی زۆر بوو . پەشیمانبوونەوەی نواڵە و بێ پەیمانێکەی ئەوەندە بەھێزە بەڕادەیەک، بە یارەکەی دەڵێت  دڕندە، چونکە تووشی شکستێکی گەورەی کردووە شاعیر خۆی وەک قوربانی پیشاندەدات کە پیلانی لە دژی گێڕاوە .
ئێمە بۆ لێرە دەمرین 
ئێوە بۆ لێرە دەژین 
گەیشتوومەتە رۆخی خنکان 
بێدەنگ رێوڕەسمی مردنم بەرپا دەکەم 
خوێنی پێم عەرد رەنگ دەکات                           (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٧٠)  
 پرسی مردن لای شاعیر وەکو بیرکەرەوەیەکی لەبەردەم مەترسییەکانی مەرگ ئامادەبوونی ھەیە ھەست دەکات مەرگ لە پشتی سەریەوە راوەستاوە و کەی ویستی ھێرشی بۆ دێنێت ئەو مەترسییە گەورەیەش وادەکات بەردەوام مرۆڤ لەترسدا بژی ترسی مردن و کۆتاییھاتن ... پرسیارە فرە رەھەند و ئاڵۆزەکەش ئەوەیە ئاخۆ شاعیر بۆ ئەو پرسیارە ناکات کە لە نێوان ژیان و مردندا ھەیە ؟ 
ترس لە چێورمەی گۆڕەکان کاتی سێو پێگەیشتن دیاری دەکات
  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٧)
دوێنێ مەرگ بەرەو لام ھات 
تۆزێ راما
بوێری نەکرد لادا                        
بە منداڵی لەسەر کێلی باوکم کێشام (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ١١)
گۆڕێک لە گوندی گەنجینەی منداڵیم رێنماییکارمە
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ١٢)
 لە سەرەتایی دروستبونی ژیان لەسەر ئەم  زەوییە، مردن مرۆڤی تووشی دڵەڕاوکێ و ترس کردووە ھەر بۆیە لە پێناوی مانەوەی خۆیدا ھەوڵی داوە خۆی بپارێزێت و بەسەر ھەموو دیاردە و رێگرییەکاندا زاڵ بێت تا درێژە بە ژیان بدات . مەرگ کەسە ئازیزەکانمان لەبەرچاو ون دەکات و لە ناز و خۆشەویستییان بێ بەش دەبین مرۆڤ ھەرچەندە بڕواداربێت و خۆی وادەردەخات کە لە مردن ناترسێ، بەڵام لە کۆنستی ھەمووماندایە، کە دژی مردنین و رەتی دەکەینەوە، چونکە بەو ھەوڵ و تێکۆشانانەماندا، کە لە ژیاندا دەیدەن دەردەکەوێت ئێمە لایەنگری ژیاندۆستی و دنیا ویستین. شاعیر لە زۆر شوێندا خۆی وەک قوربانی نیشان دەدات ((زۆر لە مردن و تارمایی مردن دەترسام، دڵم بەتەقەی دەرگایەک دادەخورپا، کەچی بەردەوام لەباری شیعریدا ئەم ترسە پێچەوانە دەبوو و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن لە دەقەکەدا زاڵ دەبوو.))(سەباح رەنجدەر . ئەزموون . ١١٤) حەقیقەتی مەرگ ئەوکات دەزانرێت کە توانای باسکردنیمان نییە ئێمە بۆ ئەوەی لە حەقیقەتی مەرگ بگەین دەبێ بمرین، شاعیر کە باسی مردووەکان دەکات بۆ ئەوەی بیر لە مردنی خۆی نەکاتەوە یان بە پێچەوانەوە . شاعیر مردن وەک راستییەک بەشێک لە بوونی خۆی تەماشا دەکات . شاعیر ئاواتی بە مردن خواستووە بەڵام مەرگ دۆستیش نییە . شاعیر داوا لە مردن دەکات کە کۆتایی بە ژیانی بھێنێت.
مردن ئەم و ئەو ئازارم دەدەن (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٤٩)
خوێنم وەک خوێنی ریشۆڵەیەکی خوێنگەرم بەفیڕۆ چوو            
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٣٧)
گۆڕ داکەوتن 
کێل نووشتانەوە  
ئێسک دیارن 
بەم زووانە قاوەی تازیەم لە دەستی مێوانان دەگێڕدرێ
 (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٣٨)  
گەرمترین مووچڕکی شکۆمەندی ئەم قوربانییە خوێن بەفیڕۆچووە منم   
(سەباح رەنجدەر ٢٠١٨،  ٤٨)
شاعیر وەسفی ئەو ژیانە کورتەی تەمەن و پڕ لە زەحمەتە دەکات و گومانیشی تێدا نییە، کە ئەویش وەک ھەرکەسێکی ئاسایی تر مردنی بەلاوە ناخۆشە و حەز بە ژیان دەکات . شاعیر لە زێواندا بە شێوەیەکی بەربڵاو باس لە مردن دەکات، ئەمەش ئەوە دەردەخات سەرچاوەی ئەم بایەخدانەی بە مەرگ ترسە لە خودی مردن، کەواتە ترس لە مردن پاڵنەری سەرەکییە، کە وای لە شاعیر کردووە لە جیھانبینی شیعرەکەیدا فراوانترین رووبەر بە پرسی مردن داپۆشێت . جگە لە نائومێدبوونی لەوەی نەگەیشتووە بە یار و دۆخێکی سیاسی ناجێگیر شاعیری تووشی رەشبینی کردووە لە لایەکی ترەوە ھۆکاری خەمباربوون و بێ ئومێد بوونی شاعیر ھەڵقوڵاوی تێڕوانینی ئەوە بۆ بوون و ژیان و مردن .
شاعیر مردنی باوکی وەک رووداوێکی تراژیدی دەکاتە میکانیزم و ناوەرۆکی تاقیکردنەوە شیعرییەکەی . ئەو بۆشایییە گەورەیەی کە مەرگی باوکی بەجێیدەھێڵێت دەبێتە بۆشایییەکی رووحیی گەورە بە تینووێتییەکی بێ ئامان بۆ سەرۆک و رابەر بۆ خۆشەویستی و باوکایەتی . شاعیر تەمەنی شەش ساڵان بووە باوکی کۆچی دوایی دەکات . شاعیر لە پانتایی دەقەکەدا بەدوای جێگرەوەی  باوکێکدا دەگەڕێ کە سۆزی باوکێتی پێ ببەخشێ . ھەربۆیەش  ھانا بۆ خدری زیندە دەبات، دەشێ شاعیر خدری زیندەی وەک  رەمزی باوک بەکارھێنابێت . بەڵام ھیچ کام لەوانەی شاعیر کردوونی بە جێگرەوەی باوک، نەیانتوانیوە ئەو بۆشایییە رووحییەی بۆ پڕبکەنەوە . 
   شاعیر لەڕێگەی وەسفکردنی رابردووی خۆیەوە دەیەوێت باسی رووبەرێکی بەربڵاوتر بکات کە ئەویش بریتییە لە بەنموونەکردنی خود بۆ ئاخاوتن لەسەر بابەتیبوون . شاعیر زۆر خولیای جیھانی خۆیەتی، ھەست ناکات کە کات تێدەپەڕێت، ھەست ناکات کە دەرەوە کاریگەری بەسەر ئەزموونی ئەوەوە ھەیە (ئەحمەدی مەلا، ١٣٦) 
خوداوەند ماڵی منی بە پەسەند زانی 
دابەزییە ناوی 
دەبینێ ھەموو ژیان لۆکەیەکی زەردە 
بەبرینی ژوورەکەمەوە 
ژوورەکەشم ئەژدیھایە کلۆری ددانی ئای کلۆری ددان 
رژامە شەقامەکان 
ترووسکەی فسفۆڕی جادووباز 
قوم لە جغارەی تەمەن دەدات 
خەناوکەی گیابەندم پێوەیە 
ڕنۆکی لمیش ئای ڕنۆکی لم 
تاتەشۆری مزگەفتی گوندی گەنجینەی منداڵیم تەڕە 
من و حەشاماتی گەردوونی بەرەواژی 
ھەریەک بەجۆری نەشیاو شکست لە پەنجەمان دەئاڵێ 
ھەنجیریش بە لکانەوە ڕزین 
منداڵیم ئارەقەی شیشەی زیندانان بوو 
ژووری زیندانیش بۆنی دووکەڵی کزری مێشک گران دەکات 
گەنجیم کشا 
وەک بڵێی ئادەم و حەوای خانەوادەی دڵسۆزمان ھەست بە ھیچ نەکەن
  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،   ٤١   - ٤٢)
ئەو شایانی ئەو ھەموو ئازار و نەھامەتی و شکستەیە، چونکە ئەوە ویستی خواوەندە، کە شاعیری دەستنیشان کردووە رووبەڕووی ئەو ململانییانەی ژیان ببێتەوە. شاعیر برینی زۆرە ھەر لە نەھامەتییەکانی رۆژانی ئاوارەیی و مەرگی باوکی و نەگەیشتنی بە نواڵە و ئازاری جەستەیی و ماندوویی لە گوندێک و لەناو ژوورێک بە تەنھا دوور لەو ژینگە رۆشنبیری و ئەدەبییەی لە شار بۆی خولقابوو . ھەموو ئەمانە لە ژیان و تەمەنی شاعیر رۆیشت، کە ھیچ خۆشییەک نەمایەوە،  لە بێ ئومێدبوون دەربازی بکات ئەو ترووسکایییەی لێی دەڕوانی جێی ھیوا نەبوو شاعیر کەسە نزیک و خۆشەویستەکانی لەو ماوەیەی ماڵیان لە گوند بووە لەدەست داوە ھەمیشە تاتەشۆری گوندەکەیانی بە تەڕی بینیوە . خۆی و ھەرچی لە گەردووندا بوونی ھەیە مەرگ کۆتایی پێ دێنێت ھەریەکەو بە جۆرێک کە لە مەزەندەی کەسدا نەبێت بە جۆری نەشیاو تووشی شکستی دەکات . گەردوون ھەنجیر لە دوای ماوەیەک ھەر بە لقی داری ژیانەوە دەیڕزێنێت و وای لێدەکات بەکەڵکی خواردن نەیەت و سیماکەشی بشێوێنێت ئەمە نموونەیەکە لە حەشاماتی گەردوون خۆیشی بە دەردی ھەنجیر بردووە ھەر لە تەمەنێکی زوودا ئاشنا بوو بە چەندین خەم و تاڵی لە ھەردوو قۆناغی منداڵی و گەنجیدا . منداڵی زیندان بووە بۆی و ھەژارو دەستکورت بوونە و گەنجێتیی شاعیریش ئاکامەکە شکست و نەگەیشتن بووە بە نواڵە و راکردن بووە لە سەربازی و خۆ قایمکردن بووە لە ژوورێکدا ئەویش بۆ شاعیر ھەر وەک زیندان بووە. شاعیرگلەیی لە زەوی دەکات . شاعیر گلەیی لە داھێنەری بوون دەکات. 
ھەمیشە لە چیڕۆکی دروستبوونی حەوادا ئاماژە بەوە دەدرێت کە حەوا لە پەراسووی ئادەمەوە دروست بووە، لە جیھانبینیی دەقەکەدا شاعیر کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ و سەرسوڕھێنەر دەورووژێنێت کە لە کۆنەوە مرۆڤایەتی پێیەوەیان سەرقاڵ بووە بە ئامانجی ئەوەی ھەم خوێنەر لەگەڵیدا ھاوبەش بێت لەو پرسە چارەنووسسازانە و ھەمیش شاعیر ئارام بێتەوە لەو دڵەڕاوکێ و نائارامییە دەروونییەی تووشی بووە . لەم دەقەدا شاعیر جارێک وەک کەسێکی باوەڕداری بێ قناع دەبینرێ  و جارێکیش وەک کەسێکی بێ باوەڕ دەردەکەوێت کە ھێشتا بە گومانەوە لە دیاردەکان و پرسەکانی مردن و زیندووبوونەوە دەڕوانێت گفتوگۆی نێوان شاعیران و خودا ھەر لەکۆنەوە بوونی ھەبووە . شاعیر لە تەمەنێکی زوودا راشکاوانە گومان و پرسە گرنگەکانی ناخ و بیرکردنەوەی خۆی نەشاردۆتەوە و بەدوای وەڵامدا گەڕاوە 
پەراسووی نەرمی ئادەم ھومای لەناو پێبگات  
بزمارێک دەکوتمە سینگی مانگ 
کراسی خوداوەندی پێوە دەکەم 
گیرفانی پڕۆژەی کوشتنی کەسی تێدا نییە                (سەباح رەنجدەر،  ٢٠١٨، ٥٦)

شاعیر بەدوای نھێنیی ئەو پرسیارەوەیە کە ئاخۆ بۆچی خوا سێوی لە ئادەم و حەوا قەدەغەکردووە بەھۆی سەرپێچیکردنیان لە فەرمانی خوا لە بەھەشت دەرکران ھەروەک لە قورئاندا ھاتووە بەھەشت ھەموو میوەیەکی تێدایە لەناو ھەموویاندا سێو لە ئادەم و حەوا قەدەغەکرا 
کتێبێک دەنووسم تێیدا لە رەزەوانەکان دەپرسم 
ئەرێ سێو بۆ لە میوەکانی دی جیاکرایەوە 
قەدەغەش کرا 
کەی ئاسایی دەبێتەوە کەرتێکی بخۆین 
ژیان باڵی باڵندەیەکی تەنگەتاوکراوە 
ماڵ لە سێبەری دادەنێین
پشوو دەدەین 
بیر دەکەینەوە 
بە ئەفسانە دەڵێین برادەر                              (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٣٦)       
تا ئێستا کەس ئەو پرسیارەی نەکردووە ئایا نھێنیی قەدەغەکردنی سێو لەناو ئەو ھەموو میوانەی تر چییە ؟  خوا پێی وتوون کە لەو دارە مەخۆن وەھا باس دەکرێ کە دارەکە سێو بێت دەبێت نھێنیی ئەو راستییە چی بێت کە خوا خۆی ئادەم و حەوای دروستکردووە  کەچی سەرپێچییان لە فەرمانی خوا کردووە سزاکەشیان دەرکردن بووە لە بەھەشت و ناردنیانە بۆ زەوی ئەم ژیانەی ئێستایی مرۆڤایەتی کە بەشێکە لە ئازارچەشتن لە پای ئەو ھەڵەیەی کە ئادەم کردی کەواتە ئێمە باجی تاوان و سەرپێچی ئادەم و حەوا دەدەینەوە بۆیە ھەمیشە داوای لێ خۆشبوون لە خوا دەکەین بیگەڕێنێتەوە بۆ بەھەشت ئەی سزای ئەو کەسانەی لەسەر زەوی تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن ؟ . سێو خواردن بۆ ھەڵەیە بۆ ئادەم و حەوا فەرمانی خوایان شکاند ؟ ئایا سێو خواردن زیانی بە کەس گەیاندووە نھێنی پشت سێو خواردنەکە چییە ؟ ئادەم یان حەوا کامیان سێوەکەی خواردووە ؟ 
وەک بڵێی ئادەم و حەوای خانەوادەی دڵسۆزمان ھەست بە ھیچ نەکەن    
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٤٢)
قیژەی قورم بینی /   مرۆڤ کە لە دایک دەبێت بە گریانەوە دێتە دنیاوە قیژە دەبیسترێت نابینرێت 
تەماشای ئەستێرەی خۆڵەمێشیم بیست / لێرە بە پێچەوانەوە ئەستێرە دەبینرێت نابیسترێت وێنەی نائاسایی دەکاتە ئاسایی 
شاعیر قۆناغی منداڵی بە گەنجینە وەسف دەکات لە پانتایی دەقەکەدا ھەمیشە خەونی پێوە دەبینێت ھەروەک زانراوە گەنجینە کۆگا و کاڵایەکی بە بەھا و بەنرخە ھەتا سەردەم و قۆناغی بەسەردا تێپەڕێت ئەوەندەی تر بە نرختر دەبێت ھەر بۆیە لای شاعیر ئەم قۆناغە بەھا و نرخی تایبەتی خۆی ھەیە .
منداڵیی جیھانێکە پڕە لە تاج
گەنجیەتی بەدواداگەڕانی خۆشنوودی
پیریش باخچەی ماڵت بچووک دەکاتەوە              (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٦١) 
گەنجێتیی شاعیریش وەک ھەوری کورت خایەن و کەم ئاو کە بارانی پێ نییە وەھایە . پیریش کە قۆناغی کۆتایی ژیانی مرۆڤە بەرەو لەدەستدانی ژیان بە شوێنێکی نسرمی شوبھاندووە جێگایەکە ئومێدی ژیانی تێدا قورسە چونکە تیشکی خۆر نایگرێتەوە گەشە و نەشونما ناکات قۆناغی پیریش لە گەشە دەوەستێت و بەرەو لاوازبوون دەڕوات و ئێسک وەک ئەوەی تیشکی خۆری بەرنەکەوتبێت بەرەو پووکانەوە دەچێت 
قاچەکانی شەمشەمەکوێرە بکەونە سەر زەوی 
سەرگەردانی پتر داگیرمان دەکات                      (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥٠) 
 شەمشەمەکوێرە رەمزە بۆ تاریکی و ژیانێکی ناخۆش . لێرەدا ئاماژەیە بۆ دیکتاتۆریەتی سەردەم ئەو دەم خۆی لە نیزامی بەعسییەکاندا بەرجەستەکردبوو سەرچاوەی نەھامەتییەکان بوو بۆ  خەڵکی عێراق و کوردستان . ئاسۆی بەردەم ھەمووان تاریک و ڵێڵ بوو . راگواستنی گوندی دەربەندی گۆم زێدی شاعیر و داگیرکردنی لەلایەن عەرەبەوە، کاریگەریی قووڵی لەسەر شاعیر جێدەھێڵێت . لەزۆر شوێندا لەبازنەی یەک واتایی و سووڕانەوە بەدەوری قۆناغی منداڵی و گەنجێتی دەچێتە دەرەوە چەند بابەتێکی گرنگ و سەرنج راکێش کە جێی بایەخی مرۆڤایەتییە دەورووژێنێت 
نالی ئێسکەکانی خۆی بە خاک و خۆڵ بەخشی 
تا ببێتەوە خۆڵ 
بەسەر برینی منداڵییدا بکرێ 
ژانی بشکێت 
 حاجی قادری کۆیی ئێسکەکانی خۆی بە گۆڕ قەرەج بەخشی
تا ببێتەوە  خۆڵ  
بەسەر برینی منداڵییدا بکرێ 
ژانی بشکێت 
مەولەوی ئێسکەکانی خۆی بە سەرشاتە بەخشی 
تا ببێتەوە خۆڵ  
بەسەر برینی منداڵییدا بکرێ 
ژانی بشکێت 
منیش ئێسکەکانی خۆم بە دەربەندی گۆم بەخشی  
تا ببێتەوە خۆڵ  
بەسەر برینی منداڵیمیدا بکەم (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٥٠) 
ھاوکێشەی بابەتی  لای سەباح رەنجدەر لەو دێڕە شیعرانەدا کە وەک میکانیزمێکی دەروونی بەرجەستەی کردوون . شاعیر ئازارەکانی خۆی لەناو ئازارەکانی شاعیرانی وەک نالی و مەولەوی و حاجیدا دەبینێتەوە . کەسێک کە تووشی نوستالژیا و ھەستی دابڕان لە دەوروبەری لا دروست دەبێت بۆ بەرگریکردن و مانەوە و ئارامی دەروونی، پێویستی بەوەیە ئەو ھەستە دەرببڕێت، بەڵکو لە ژێر پەردەوە و بە ناڕاستەوخۆ لە رێگەی کەسانی ترەوە کە ئەوانیش تووشی  ھەمان باری دەروونی  بوونەتەوە  دەھێنێتەوە تا جۆرێک لەو بارە قورسەی سەرشانی خۆی سووک بکات بەم کارەشی دوو خواستی دەروونی دێنێتەدی لەلایەک بەناڕاستەوخۆ ناخی خۆی دەردەبڕێت کە لای داھێنەران دەبێتە  باڵابوون . لەلایەکی ترەوە ئارامیی دەروونی دەستەبەر دەکات و ئەو درزە پڕدەکاتەوە کە کەوتۆتە نێوان شاعیر و دەوروبەرەکەیەوە .
رۆڵی نەست  لە جیھانبینیی زێواندا پانتایییەکی بەرچاوی بۆخۆی داگیرکردووە و ھەمیشە ئامادەیی ھەیە .
گەنجیەتییەکی باوان دوور و خۆڵەمێشیش
ئاگادارم باران دەتکێتە ناو گۆڕان              (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٥٤)
یان دەڵێ :
ژیان کەف و پووشی سەرئاوکەوتووە 
دوای چی بکەوم با بکشێمەوە ناو تەنیایی بێگەرد و شانازیم  
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٤٦)
بەلای شاعیرەوە ژیان ھیچ بەھایەکی نییە و کەسانی ھەلپەرست رێزی خۆشەویستی ناگرن و لە مانای خۆشەویستیی پاک و بێگەرد ناگەن ئەوەی ئەو بەدوایدا وێڵە ھەرگیز ناگات پێی و کەسیش لێی تێ ناگات ئەو بەو ژینگەیە نامۆیە کە بە دوو ڕوویی داپۆشراوە لە ناوەوە رق و ناحەزی رەگی داکوتاوە ئەم کەسێکی بێگەردە و شانازی بەخۆیەوە دەکات کە لەبەردەم شکستھێنانی لەگەڵ نواڵە و کەسە دڵ رەقەکان و ناحەزەکانی چۆک دانادات و بەردەوامە و خەون بەدواڕۆژیکەوە دەبینی کە تیایدا نانی ژیان و کتێبی دانایی بەختەوەری ھەتاھەتایی پێ دەبەخشن  . شاعیر ژیان لەگەڵ بڵقی سەر ئاودا ھاوشێوە دەکات، لەو روانگەیەوە کە بڵقی ئاو چەند بەزوویی دەتەقێت و دەنیشێتەوە و بوونی نامێنێت، بەھەمان شێوە ژیانیش تەمەن کورتە و بەزوویی دەبڕێتەوە . لە کلتووری ئێمەدا ئەو وتەیە باوە کە دەڵێ (ژیان بڵقی سەر ئاوە یان ژیان پێچی مێزەرێکە) یان پێنج و دوو رۆژێکە ئەمەش دەلالەتی بێ بەھایی و بێ نرخی ژیان ھەڵدەگرێت ئەوە دەگەیەنێت پێویست ناکات ئێمە ئەوەندە خۆمان بە ژیانەوە خەریک بکەین لەکاتێکدا دەزانین ژیان کورتە و کۆتایی دێت . کۆتایی ھەموومان ھەر گۆڕستانە بە چاوی خۆمان دەبینین، کەچی ھەر وانەی لێوە فێر نابین . 
وام لە ژوورێ گەنجیم کەڕووی ھەڵێناوە (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦٣) 
تەنیایی بیابانێکی یەکپارچەیە (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦٤) 
با تەنیاییم دەپشکنێ (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٦٦) 
ھەستی تەنیایی و تامەزرۆی لەڕادەبەدەری بۆ رابردووی لە کیسچوو ھەستی نۆستالژیای لە دەروونی شاعیردا دروستکردووە لە پانتایی دەقی زێواندا ناوەرۆکێکی رۆمانسییانەی لەسەر غەمی نۆستالژیا بنیات ناوە بەوپێیەی دەقەکە زیاتر دەربڕینە لە خودێتی شاعیر بۆیە جۆری نۆستالژیای تاکە کەسی لە دەقەکەدا رەنگی داوەتەوە ((شاعیر لەم جۆرەدا گرینگی بە ماوەیەکی زەمەنی لە ژیانی خۆی دەدات و لە بەرھەمەکەیدا دەیخاتە روو، باسی ئەو شوێنانە دەکات، کەوا تایبەتن بە خۆی و غوربەتی تاکەکەسی)). (سۆران مامەند عەبدوڵڵا، نۆستالژیا لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا،٢٠١٦، ٥٢) لە ژێر ئەم جۆرە لە نۆستالژیا چەند جۆر و بابەتێکی دیکەی نۆستالژیا ھەن دەکەونە ناو بازنەی ئەم ھەستە تاکەکەسییەوە . ١- گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ٢- گەڕانەوە بۆ  گەنجی و مێرد منداڵی ٣- نۆستالژیای دووری لە مەعشووق دڵدار ٤- نۆستالژیای پیری و بیرکردنەوە لە مردن (نۆستالژیا لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا،٢٠١٦، ٥٤) 
تەنیایی یەک دوو گەز بوو بڕیم (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٦٣)          
بە تەنیا خۆم ترپەی پێدزەی خۆم دەژمێرم (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٦٦)      
ھەستی نامۆبوون لای شاعیر ھەمیشە بوونی ھەبووە لە کۆچی دوایی باوکییەوە تا دابڕانی لە نواڵە و تەنانەت دوای راگواستنیان بۆ ھەولێر و ئاشنابوونیان بە ژینگەی شار ئەوەندەی تر نامۆیی شاعیر بەرەو ھەڵکشان رۆیشت . شاعیر خۆی لەم بارەیەوە دەڵێ ((ورووژان و نامۆیییەکی بکوژ لە ناخمدا دەستی پێکردبوو، من لەناو وڵات و کەسوکار و ماڵەکەی خۆمدا ئەو دەقەم بەرھەم ھێناوە، کەچی نامۆبوون تەواو تانوپۆی چنیوە و بە ئەزموونی تاراوگەکراو نامۆبوون تێدەپەڕیم)) (سەباح رەنجدەر . ئەزموون . ١١٥)  
ئەوەتا لە شوێنێکی تر دەڵێ: 
تەنیایی کفنێکی گوڵڕەنگە 
نامەوێ نا    (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٧٣)
ئەم دەنگ بەرزکردنەوەیەی شاعیر ئەوپەڕی بێ ئومێدبوونە لە دەست تەنیایی کە بە دوو جار جەختکردنەوە نامەوێ و نا جەخت دەکاتەوە لەسەر بابەتێکی ئازار بەخش کە ناخی شاعیری لە ناوەوە تووشی تێکشکانی دەروونی کردووە .
لە پانتایی دەقی زێواندا شاعیر بایەخ بە رووداو و بەسەرھاتەکانی رابردوو دەدات و دەیکاتە ھەوێنی داھێنان و بە ھۆیانەوە جیھانێکی نۆستالژی بەرھەم دەھێنێت .
ھەرچەندە بەشی زۆری بنیاتی دەقەکە لە سەر وێستگەی ژیانی منداڵی و گەنجی شاعیرە، بەڵام لەپاڵ ئەوانەشدا کۆمەڵێک پرس و چەمکی گرنگ دەھێنێتە پێشەوە کە گرنگی و بایەخ و کاریگەرییان ھێندەی کاریگەری یادەوەرییەکانی قۆناغی منداڵی و گەنجیی شاعیر رۆڵیان ھەیە . چونکە دەقی زێوان خاوەنی خەسڵەتێکی تایبەتییە ئەویش ئەوەیە پابەندی یەک بابەت نەبووە بەڵکو چەندین بابەتی لەو دەقەدا کۆکردۆتەوە جگە لە یادەوەری منداڵی و گەنجێتی و خۆشەویستی لەگەڵ نواڵە کە بابەتی سەرەکی و بنچینەیی دەقەکەن چەند بابەتێکی گرنگی تریشی ھێناوەتە نێو جیھانی دەقەکە ئەم بابەتانەیشی بە ھەستێکی نۆستالژیا بەرھەمھێناوە، لەوانەش مردن، سروشت، مێژووی دروستبوونی گەردوون، ئادەم و حەوا و دروستبوونیان و دەرکردنیشیان لە بەھەشت، نەمری، نادادپەروەری، حەزی سێکسی، پرسی کورد، لە ئەنجامی شیکردنەوەی ئەو چەمکانە بەپێی ئاماژەکانیان و ئەو دەلالەتە زمانانەی لەناو دەقەکەدا ھەیانە تێڕوانین و تێگەیشتنی مەعریفیی شاعیرمان بۆ رووندەبێتەوە .((جیھانی ئەم شاعیرە وەک نارنجۆکێک ھەپروون بە ھەپروون بووە، ھیچی بەسەر یەکەوە نەماوە، پارچەکانی جارێکی دی مەحاڵە پێکەوە گرێ بدرێنەوە، بەڵام ھەر پارچەیەک خۆی لە خۆیدا پێکھاتەیەکی شیعرییە (ئەحمەدی مەلا، سەردەمی نوێ، ١٣٥) ئەحمەدی مەلا پێی وایە کە جیھانی شیعریی شاعیر پارچە پارچەیە و مەحاڵە پێکەوە گرێ بدرێنەوە . بەڵام بە پێچەوانەوە  من لێرەدا ھاتووم بەپێی سروشتی بنیاتی بابەتی دەقەکە پارچەکانم پێکەوە گرێ داوە.
منداڵیم لە راوە ماسی و کۆلارە ھەڵدان و ھێلکەشکان داماڵدرا
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،١٤) 
پاش ئەوەی لە گوندەکەیان و لە کەشێکی ئارام و جێگیردا لەگەڵ دایکی و باوکی و منداڵان و کەسەکانیان ژیانێکی بەختەوەری بەسەردەبرد گوندەکەیان تووشی شاڵاوی بەعسییەکان دەبێتەوە و بۆ ھەولێریان رادەگوێزن جا لەوە ناخۆشتر نییە کە بە زۆر و دوور لە خواستی خۆت لە زێدی باو باپیرانت ھەڵتکەنن و دوورتبخەنەوە ئەم ژینگە نوێیە شاعیر تووشی جۆرێک لە دابڕان و نائارامی دەروونی دەکاتەوە لەلایەک بە ھۆی ئەوەی ئەو خۆشییانەی منداڵی لەدەست چووە لەلایەکی تریش  بە بێ باوکی روو لە جێگایەکی نوێ دەکات .
دەنگێک لە ھەستی جەربەزەیی شیری دایکمەوە 
ئەو گۆڕە گۆڕی باوکتە                                            (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٢٣) 
باوکم پیاوێکی زۆر باش بوو                                   (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٦٠) 
خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا کارێکی قورس دەبێت، چونکە خۆشەویستی بۆ دەوروبەر و کەسەکانی لەدەست داوە  .. بەڵام لەدوای ئاشنابوونی بە نواڵە کچێکی خانەدانی ھەولێر تاڕادەیەک کەشێکی ئارامی بۆ دروست دەبێت .
ھەر وەک خۆی دەڵێ :
نواڵە ئەی خانەدان 
سێبەر و ھێشووی درەختی من 
دەتوانی پرچی بڵاوت لە ناوەندی سەرت کۆکەیتەوە گەشتم لەناوی تەواو دەبێ
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،١٠) 
نەرمە دەنگت ئەسپی بەیدەستی مەشقپێکراو بە مۆسیقایە
  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،١٥) 
نواڵە بۆ ھەمیشەیی دەمکاتە دۆستی بێھوودەیی
 سبەینەی ٣١ ی ٣ی ١٩٨٣ لە درەختی شانازیم خوارد
  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٢٧) 
لە بری درەختی شانازی گەر درەختی نەمری بوایا مانایەکی قووڵتر و فراوانتری دەبەخشییە بێگەردی و پاکیی پەیوەندییەکەی نێوان شاعیر و نواڵە  وەک سۆزێکی راستەقینە کە لە دەروونی شاعیردایە. شاعیر کاتی ئێستا رادەگرێت و لەناو رابردوو ھەست بە خۆشی و شانازی ژیانی کۆنی خۆی دەکات بۆ کاتێکی دیاریکراو. شاعیر تاڕادەیەک توانی ئەو درزەی کەوتبووە نێوان خۆی و دەوروبەرەکەیەوە بە دروستبوونی ئەو پەیوەندییە  خۆشەویستییەی لەگەڵ نواڵەدا پڕبکاتەوە، یادەوەرییەکانی لەگەڵ نواڵە زۆرە . بەڵام ئەم خۆشەویستی و بەختەوەرییە درێژە ناکێشێت بەھۆی شکستھێنانی خۆشەویستییەکەیانەوە و پەشیمانبوونەوەی نواڵە لەو پەیمانەی بە شاعیری دابوو وەک شاعیر دەڵێ :
ھەست دەکەم زەوی بێ پەیمانە 
خۆی لە پێیەکانمان دەدزێتەوە 
خۆری ئێرەش روومان ناداتێ (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،١٤)
نواڵە ئێستا کاتژمێرەکەی نوستووە 
ماوەیەکە پیاسەمان بەتاڵکردووە              (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٢١) 
 نامۆیی شاعیر لە ھەولێر دەگاتە لووتکە ئەو پەیمان شکاندنەی نواڵە وا لە شاعیر دەکات ھەموو دنیا بێ پەیمانیان بزانێت . شاعیر لە ١٩٨١ بۆ ١٩٨٣ ژینگەیەکی رۆشنبیریی ھاوسەنگی لە ھەولێر بەدەست ھێنابوو کە بەلای شاعیرەوە رۆژانێکی خۆش بووە  .
گڵکەند و مەچکۆش کۆتی داچۆڕاوی ناو خوێن و ئێسک و گیان 
کێ دەڵێ بە کۆچکردنی باڵندە خێرخوازەکانیم نەزانیوە
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،١٤)
لەھەمان کاتیشدا شاعیر ناوی دێتەوە بۆ سەربازی و بەناچاری  خۆی لە ژوورێکی ماڵەکەیاندا حەشار دەدات بۆ ماوەی چوار ساڵ لە دەوروبەر دادەبڕێت  ئەو لەم قۆناغەدا دوو شتی لەدەست داوە خۆشەویستەکەی و ژینگە رۆشنبیرییەکەی ھەولێر .
جانتای گەنجیم پڕکرد لە خواستەکانی زەوی 
بۆ لای مانگی بە بەزەیی رادەکەم 
داوای پەناگەیەکی لێ دەکەم پێشی رادەگەیەنم 
ئێسکی ھوما پایپی پاشایە کوێرەکانە 
رەژووی جەنگ لە پەنجە داگرتنێک ئاگری دا        (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨، ٧٣)      
گەنجێتی خۆی لە ژوورێکدا بەسەر دەبات . شاعیر رووبەڕووی نا ئومێدی و رەشبینی دەبێتەوە دیسانەوە درزێکی تر دەکەوێتە نێوان شاعیر و ئەوانی دەوروبەرەوە شاعیر لەبارێکی دەروونیی نائارام و ناجێگیردا دەژی بۆیە ھەوڵدەدات کەشێکی ئارام بێنێتە ئاراوە و ھەم ئەو درزە پڕبکاتەوە و ھەمیش ئارامیی دەروونی بۆ خۆی بەدەست بھێنێتەوە بۆیە  بە نووسینی دەقی زێوان لەماوەی چوار ساڵدا  ئەو خواستە دەروونییەی دەھێنێتە دی .
 رۆژانێکە کەسێ دەنگێک لە دەرگای کەسێکی دیکە ھەڵناستێنێ
(سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٢٤) 
درزێکی رووحیی گەورە دەکەوێتە نێوان شاعیر و کەسانی دەوروبەر ئەوانەی بڕوایان بە ھەندێ شت ھێناوە بێ بیرکردنەوە دەربارەی ھەندێ دیاردە کە ھەمیشە خەیاڵ و خولیایی مرۆڤەکان داگیر دەکات ئەمەش لەو پرسیارانەوە دەردەکەوێت کە شاعیر لە بنیاتی دەقەکەیدا رووبەڕوومانی دەکاتەوە و گومانی لە راستێتی بڕواو لێکدانەوەکان ھەیە گەیشتن بە راستییەکانی کارێکی قورس و ماندووکەرە . 
ئاوی گومان بەسەر ئەو گیایانە دەڕێژێ     
لەسەری دادەنیشن (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٣٥) 
برایمۆکیش ئاگری سێبووری ونکردووە
ژەنگ لە گۆی مەمک ژەکن (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٤٠)
برایمۆک : بەیتێکی میللیی کۆنی کوردەواری و داستانێکی پڕ لە کارەساتە برایمۆکی ھەژارو رووتەڵە حەز لە پەری خان خوشکی میر دەکات و ئاشقی یەکدی ئەبن کە میر بەم دڵدارییە دەزانێ لە شەوێکی تۆف و کڕێوەدا برایمۆک دەرئەکا... (توحفەی موزەفەرییە. ٢٠١١، ٢٨٣)  شاعیر خۆی بە برایمۆک شوبھاندووە کە بە ئەندازەیەک ئاشقی نواڵەیە ئاگرێکی لەناخیدا ھەڵکردووە ھەرگیز ناگات بە ئارامی کە خۆی لە بەیەکگەیشتنی نواڵەدا دەبینێتەوە بەڵام ئەو ئەو ئەشقەی ونکردووە چیدی نایدۆزێتەوە ھەروەک چۆن منداڵ سێبووری بە مەمکێک نایەتەوە کە پڕبێت لە ژەک و واتە نەگەیشتنی منداڵ بە شیری دایک و نەگەیشتنی دەستی کیژان بە رێواس و بەسەرچوونی وادەکەی و داخ بۆ ئەوە دەخوات کە نەیتوانیوە لەکاتی خۆیدا بگات بە خۆشەویستەکەی 
سواری حیلە ھاواری فریاکەوتن بەفر دایپۆشت 
ئاگری سێبووری پەریخان گەرمی کردەوە 
برینی ھەڵوەشاوەی داکەوت و کفت نووست       (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٤١) 
لەم شەوە چاوڕژاوەدا تەنیا گۆپاڵێکم بۆخۆم دروست کردووە 
چۆن بتوانم دەست بە برینی کەسێکی دیکەوە بگرم 
رووم لێنێ رەنگەکان یەکتری ناسڕنەوە 
لەناو برژانگ و چاوی خودا فڵچەیان تەڕکردووە  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٤٣) 
فەرھاد داستانێکی خۆشەویستیی کوردەوارییە زۆربەی شاعیرانی کورد وەکو عاشقێکی راستگۆ لە شیعرەکانیاندا بەکاریانھێناوە. 
پیرێژنێک گرەوی لەگەڵ چیایە                  
دەمی کوڵینگ بپەڕێنێ 
فەرھاد پەیمان شکێن بکات                      
پەیمان ھەورە لەناو ئاسمان خەوتووە                 (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٥٥)       
پیرێژن کە رەمزی خراپەیە لێرەدا ئاماژە و دەلالەتە بۆ  تێکدانی نێوان دوو خۆشەویست و دیارە کەسێکی خراپ ھەبووە لە ژیانی شاعیر و نواڵەدا رۆڵێکی خراپی گێڕاوە و بەشێکی شکستھێنانی شاعیر بۆ ئەو کەسە دەگەڕێتەوە، چونکە شکستی فەرھاد شکستی شاعیرە . شاعیر پەیمانەکەی نێوان خۆی و نواڵە بە ھەور دەشوبھێنێ، کە ئاکامەکەی ھیچی لێ شین نەبوو، چونکە  ھەور، کە دەبێتە باران ئیتر شتێک بەناوی ھەورەوە بوونی نامێنێت .
کێ رەنگی شینی بەدەریا دا                 
باوکی ئاو دڵڕەقە نۆبەرەی خۆی لە رەنگ بێبەری کرد  (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٤٣) 
پرسیارەکانی شاعیر بۆ گەیشتنە بە حەقیقەت کە گومانیان لە دڵی شاعیردا دروستکردووە . لەناو  ئەندێشەی خولقێنراودا باس لە واقیع دەکات .
ژیان گەڵای رژاوی ژێر پێی پیادە و نووکی بلیاردە 
بەدەم لەرینەوەی گەردەلوولەوە کۆتایی دێ           (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٤٤) 
 ئەم رستە شیعرییانە کە رستەی ئاسایی و یاسایی نین بۆخۆیان خاوەن خەسڵەتێکی زمانی تایبەتن دەکرێ لە روانگەی جیاجیاوە لێکدانەوەیان بۆ بکرێ لەلایەن خوێنەرانەوە . تەمەنی ژیانی بە گەڵای وەریو شوپھاندووە دەکەوێتە سەرزەوی و دوای ھەڵکردنی گەردەلوولی سەختی ژیان کۆتایی بە بوونمان دێت گۆڕستانەکان دەبنە دوا وێستگەی حەسانەوەمان گۆڕی شاعیر دەبێتە نزرگەی کیژان و ژنان وەک شوێنێکی پیرۆز لیێ دەڕوانن تەنانەت پیرەکانیش بۆ ئازار و سکاڵاکانیان رووی لێ دەکەن .
بزمارێک دەکوتمە سینگی مانگ 
کراسی خوداوەندی پێوە دەکەم 
گیرفانی پڕۆژەی کوشتنی کەسی تێدا نییە (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٥٦)
لەو دەربڕینە شیعرییەدا شاعیر وەک سۆفییەکی شۆڕشگێڕ دەردەکەوێت. (شیعر لای سەباح رەنجدەر لە شێوەی جیھانێکدایە، کە نەسەرەتای دیارە و نەکۆتایی، بەڵکو لە پەڵەی جوانی، لە دەنگی نامۆ، لە بزاوتێک، لە ئاماژەیەک، لە ساتمەیەک، لە بیرەوەرییەک پێکھاتووە، لە کۆتاییدا ھەموو شتێک لای شاعیر دەبێتە مادە و مایەی شیعر).(ئەحمەدی مەلا . سەردەمی نوێ، ١٣٥) 
ئەم شیعرە بە چوار ساڵ نووسراوە بەپێی ژمارەکان و رووداو و وێنەی دوور لەیەک و بابەتی جوێی تێدا کۆبۆتەوە بەڵام یەک شت شادەمار و خوێنیان دەداتێ پەرە بە ژیانیان ئەدات ئەویش بابەتی بنەڕەتی بنیاتی شیعرەکەیە کە تاڵی و تەنیایی ژیانی شاعیرە . کارێکی رووحی لەپڕ دەبێ بە کارێکی سێکسی لەپاشدا خامۆشی بەجێ دێڵێ کارە سێکسییەکە نەبۆتە کارێکی ئەبەدی و ھەرگیز نەمر لای شاعیر لە کۆپلەی دواتردا نامۆیی کارێکی وەھا دەکات کە دڵی شاعیر دڵۆپ دڵۆپ بەسەر رووحیدا بتوێتەوە گەر شاعیر بە نواڵەش بگەیشتایە ئەو ھەست و بیرکردنەوانەی بۆ ساتێکیش لە ھزر و خەیاڵی شاعیردا دوور ناکەونەوە نەدەبووە مایەی ئەوەی پرسیارە جەوھەرییەکانی دەربارەی بوون و نەبوون و رەگەزەکانی سروشت و گەردوونی لەبیر بەرێتەوە یاخود ببنە ھۆکاری دامرکاندنەوەی حەز و خولیا سێکسییەکانی کەواتە ھەر بەتەنیا نواڵە لە پشت تەنیایی و زێوانی شاعیرەوە نییە بەڵکو ئەبێت شتی تر ھەبێت ئەوەی سەرەکییە و دەبێت ئاماژەی پێبدرێ مەسەلەی ترسە لە مردن کە لە پانتایییەکی زۆردا بابەتی بنەڕەتی شیعرەکەیە بێ ئەوەی شاعیر لایەنگری ھەستی مەرگ دۆستی بێت، بەڵکو ئەو ھاوشێوەی  خدری زیندە ئاواتی تەمەندرێژی دەخوازێت  تاکو خولیاکانی بە ئاکام بگەیەنێت و راستییەکانی بۆ روونبێتەوە وەڵامی پرسیارە جەوھەرییەکانی دەست کەوێت کە پێی وایە مەرگ بەربەستە و خەونەکانی ناھێنێتە دی.  
شاعیر سەوداسەری گەڕانە، گەڕان بەدوای ئامانجێکدا کە دەیەوێت بیدۆزێتەوە یان پێی بگات لێرەوە وای نیشان دەدات، وشەکانی لە حاڵەتی گەڕانن بەدوای شتە نەدۆزراوەکان ھەر لەو بەستێنەدا بەرەو رابردوو دەگەڕێتەوە، واتە بۆ نێو پانتایی مێژوو . رابردوویەک کە پەیوەستە بە ئەوی دڵدارەوە کە پێدەچێت بە گوێرەی ئەم رابردوویەکی خۆش و پڕ لە ئاسوودەیی بێت، لەکاتێکدا پێی وایە لە رێگای یادەوەرییەوە دەگاتەوە بە ئەوی دڵدار و لە چاوی ئەویشدا رێگای خۆی دەدۆزێتەوە لە سەرتاپای دەقەکەدا وێنەی ھەستێکی دوولایەنە بە دەربڕینی خۆشەویستی لەلایەک و رەخنەگرتن لە لایەک لە یار بەرجەستە دەکات بەڵام ھەستی رۆمانسییانە و وەسفێکی رۆمانسییانەی یار وەک خۆشەویستییەکی پاک و بێگەرد زاڵە بەسەر شاعیردا. لایەنی ژیان دۆستی شاعیر لە ئاستێکی قووڵتردا ئەو ھۆکارەیە کە دۆخێک بۆ مرۆڤ دێنێتە کایەوە کە بە ئامانجەکانی  خۆی بگات . لەزۆر شوێنی دەقەکەدا ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە خۆشەویستی و عەشق دوو ھۆکاری سەرەکین لە ھێنانەکایەوەی ژینگەیەک بۆ مرۆڤ تا بتوانێت بەدوای حەز و خواستەکانی خۆیدا بگەڕێت بێگومان کاتێک مرۆڤ حەز و خواستەکانی ھاتە دی جۆرێک لە دڵنیایی و ئارامیی دەروونی بڕوابوون بە خود بەدەست دەھێنێت . خۆشەویستییە کە مانا و جوانی بە  ژیان دەبەخشێت ئەوەی کە ھارمۆنیای گەردوون و پێکھاتەکانی بە گشتی و ھارمۆنیای ژیانی بەرھەمھێناوە . خۆشەویستییە واتا ئەوەی ژیان رێکدەخات و مانای جوانی پێ دەبەخشێت، خۆشەویستییە، ئەوەی ژیان رێکدەخات و بەڕێوەی دەبات و مانا و جوانی پێ دەبەخشێت خۆشەویستییە . پەنابردن بۆ دروستکردنی عەشقێکی بێگەرد لەگەڵ نواڵە خەونێکی گەورەی شاعیرە لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵی دروستکردنی جیھانێکی پاکژو بێگەرد دەدات کە نموونەیی بێت و دوور بێت لە خراپەکاری و رق و دووبەرەکی تێیدا ھەمووان ھەست بە ئارامی و خۆشگوزەرانی بکات ھەستی نۆستالژیا پاڵنەرێکی بەھێزە بۆ ئەوەی شاعیر پەنا بەرێتە بەر یۆتۆبیای عەشق و دروستکردنی شوێنێکی نموونەیی 
دەچمەوە گوندی گەنجینەی منداڵیم 
خۆڵی رووی بەردەکانی ھەموو دەسنووسەکانیم دەداتێ 
دەمکات بە نووسەری بێھاوتا و بێباک
ئەو مانگەی لە مانگگیراندا 
دەسووتێ و بەدەرەوەیە 
ئەوە ئاوێنەی تا بڵێی روونی گەشتنامەی منە 
ئەو گۆرانییەی پاش شەو شکانەوە 
خورپەی بەھەشتییانەی گوێ دەزرینگێنێتەوە 
ئەوە دەنگی مردووەکانی گۆڕستانی سنگی منە 
ئەو چڵە رەیحانە بەژن باریکانەی لە دەمی نەرمی دێراو 
بای وادە بۆنیان ھەڵدەگرێ بۆ ناو شاری رازاوە بە باخچەی گشتی 
ئەوە بارانی خودایی گوندی گەنجینەی منداڵیی منە 
ئەو گیایەی تنۆکەی خوناو بەژنی دەشوات 
دەچێتە ناو گوڵەکانی شانازی 
ئەوە برژانگی پەرژینی چاوی منە              (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،  ٢٩)
ھەموو کەسێک بە رادەیەک خەسڵەتی نەرگسییەت لە رەفتاریاندا ھەیە بەبێ ئەوەی ھەستی پێ بکات بەو پێیەی ھەموو مرۆڤەکان ھاوبەشن لە خەم و بیرکردنەوەیان بۆ دیاردەکانی ژیان لە ھەمان کاتیشدا نەرگسییەتیان بە رادە و ئەندازەیەک تێدا دەردەکەوێت بە گوێرەی ئەو ژیانەی تێدا دەژین  بەلەبەر چاوگرتنی ژینگە تایبەتی و گشتیی کەسەکە و پێگەکەی لەناو کۆمەڵدا . نەرگسییەت ھەمیشە لای شاعیران و ھونەرمەندان زیاتر لە کەسانی ئاسایی دەبینرێت چونکە نەرگسییەت بە ئەندازەیەکی گونجاو وەک میکانیزمێکی دەروونی بۆ رەوینەوەی دۆخێکی ناخۆش کە شاعیر ھەست بە جۆرێک لە پەراوێز خستن بکات ئاسایییە و رێگە پێدراوە . رەنجدەر لە یەکەم تاقیکردنەوەی شیعریی خۆیدا ئەم خەسڵەتەی نە شاردۆتەوە و لە چەند شوێنێکی زێواندا نەرگسییەتی شاعیر دەخوێنینەوە کە وەک بنەمایەکیش بۆتە بەرھەمھێنانی وێنەی داھێنراو . 
شاعیر لەناو سوریالیزمیدا  ھەستە رۆمانسییەکانی تێکەڵ بە خەون و یۆتۆپیای ژیانێکی نموونەیی دەکات کە لەو واقیعە تاڵ و سەختەدا بەدەست ناھێنرێت . واقیعەکە تاڵە، جیھانێکە شتەکان وەکو جیھانی منداڵی شاعیر سادە و پاک نین 
کسپەی تەنیایی
پرسیارەکانی نالی
رنووی دەم زریان
بەھاوارەوە چوون
ناڵەی گەرمی ھێمن
ھەر ھەموویان پێمان دەڵێن چیا جانتای زەنگیانەیە    (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٤٩)
شاعیر سەرسامە بە ناوەرۆکی شیعرەکانی نالی و ئەو پرسیارانەی شاعیر لە جیھانبینیی دەقەکانیدا لەبارەی ھەندێ پرسی گرنگەوە رووبەڕووی خوێنەری دەکاتەوە . لەگەڵ رووحی بەرھەڵستکارانە و خۆبەدەستەوەنەدانی نالی رەمزی نامۆیی و نەگەیشتن بە حەبیبە و لە جیھانبینی و خۆزگە قووڵە پەستێنراوەکانی شاعیر بەرەو بردنی ئاشکراکردنی نھێنییەکانی ناوەوەی دەروونی خۆیان لە بنھۆشی شاعیردا حەشارداوە . چیاکان رەمزی مانەوەی کوردن و شوێنی حەوانەوەمان بوونە لێرەوە ئەوە رووندەبێتەوە کە لە  پرسیارەکانی نالییەوە وانەیەک فێربین ئەوەیە،  کە چیا – رەمزە بۆ شوێنی دێرینی کوردستان - شوێنی پاراستنی ھەموومان لە ھەر پەلامار و ھێرشێک و ئافاتێک .
زەویش جەنگەڵێکە پڕ لە ستایشکەری کیسەڵ و چرا کوژێنەرەوە 
بوێری ئەوە دەکات زێوان بێتە ناوی ناڕێکییەکانی ببینن 
گومان دەڵێ من ماوم 
ئومێدێکی خودابەخش و نایابم 
بەختی گوڵەکان دەکەمەوە 
رەگیشیان دەبەمەوە ناو زەویی نەرم 
نانی گەرم و باوەڕ و زیندووبوونەوە 
لە دیداری پیری حیکمەتدا دەکەمە یادگار 
ژیان جوانە 
منداڵەکانی لاستیکێکی خەت سڕینەوەیان بەدەستەوەیە 
ئەم دێڕە دەکوژێننەوە 
لەشکرکێشی بۆ بەرماڵی ئێمەیە 
تەشقەڵەچییەکانیش لە پاقژگەوە نەھاتوون            (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٨،٧٥)
لە دیدی شاعیرەوە جوانیی ژیان ھەرگیز لە دەروون و ئاواتی مرۆڤدا ناسڕێتەوە ھەرچەندە لە پانتایی دەقەکەدا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ژیانی شاعیر پڕە لە نائومێدی و نامۆیی و دابڕان و رەشبینی، بەڵام لە ئاستی نەوتراوی دەقدا و ھەندێ جار بە ناڕاستەوخۆ لە تاکە دێڕێکیشدا بێت ئەو ھەستە ژیان دۆستییەی نەشاردۆتەوە و دەریبڕیوە، کە دەڵێ (ژیان جوانە) ئەمە ئاواتی سەرەکی شاعیرە، بەڵام لەبەرانبەر ئەم راستییە ئەوەمان پێ دەڵێ، کە لە واقیعدا ژیان جۆرێکی ترە جوانییەکانی شێوێنراوە و کەسانی خراپ بەڕێوەی دەبەن، ھەر بۆیە ژیانی بە جەنگەڵ پێناسە کردووە، کە پڕە لە کەسانی دووڕوو و ماستاوچی، کە ھەمیشە دژی جوانییەکانی ژیان رادەوەستنەوە فوو لە مۆمی تەمەنمان دەکەن . شاعیر خۆی واپیشان دەدات کە ھەڵە و کەموکورتی نییە و ئامادەیە و لەخۆی رادەبینێت لەناو ئەو جەنگەڵستانەدا بۆ دادگاییکردن کە وەک جوانپەرستێک و مرۆڤدۆستێک ھەمیشە تۆویی خۆشەویستی دەچێنێت و بڕوای بە بوونی خۆی ھەیە و ئامادەیە لە پێناوی چاکەی مرۆڤدا قوربانی بدات . ئەو بێ بیرکردنەوە لەسەر بابەتەکان بڕیاری کۆتایی نادات گومان لە ھەبوونی ھەموو شتەکان دەکات ئەم رایەیی شاعیر لەوە ھاتووە کە دەڵێ (من بیر دەکەمەوە کەواتە من ھەم) لێرەدا مەرجی گەیشتن بە راستی گومانە . کەی مرۆڤ گومانی لا دروست بوو ئەو کات ئەو کەسە بوونێکی راستییە . 
ئومێدێکی خودا بەخش و نایابم لێرەوە شاعیر دەڵێ من کەسێکی جیاوازم خوا منی بە پاکی بە ئێوە بەخشیوە کەسێکی بە سوود و نایابم بۆ ئێوە و بۆ سروشت لەلایەک تۆوی خۆشەویستی دەچێنم و سەوزایی و جوانی لەسەر ئەو جەنگەڵستانە دەخولقێنم لەلایەکی تریشەوە مژدەی ژیان و مانەوە دەبەخشێنمەوە کە نانی گەرم  وەک رەمز بۆ  بوونی یەکەم ھەوڵی مرۆڤایەتی لە کوردستان کە گەنمی چاندووە ژیان بەردەوام بووە و وشەی باوەڕ رەگوڕیشەی قووڵی دەگەڕێتەوە بۆ سەرھەڵدانی ئاینەکان  بە تایبەتی ئەوانەی بڕوایان بە زیندووبوونەوە ھەیە . چرا رەمزی رووناکییە جەنگەڵ و ھەموو زەوی رووناک دەکاتەوە بەڵام بە نەمانی رووناکی گەردوون (سروشت) جوانییەکەی دەرناکەوێت ھەروەھا لە واقیعشدا گەر تیشکی خۆر نەبێت زەوی شوێنێکی تاریک و ترسناک دەردەکەوێت کە بەکەڵکی ژیان نایەت . ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت کە ژیان جوانە و ئاواتیشی ئەو جۆرە ژیانەیە، بەڵام  کەسانێک ھەن رەفتاریان، وەکو منداڵ وایە،کە لە نەزانیانەوەیە ھەوڵی ئەوە دەدەن، کە ئەم ھەستە جوانەی شاعیر لەناوبەرن، چونکە بەرەی ستایشکەرەکان و تەشقەڵەچییەکان ئەوەندە زۆرن لە شێوەی لەشکرێکی بێ بەزەییدان کە ھێرش دەکەنە سەر ماڵی شاعیر خەون و ئاواتی شاعیر لەگۆڕ دەنێن، کە بە ئاماژەکانی سڕینەوە و کوژاندنەوە ھەیانە، کە مانای مردن و نەمان دەگەیەنن ھەر بەدوای شاعیرەوەیە و بەرۆکی بەرنادات تەشقەڵەچییەکان رەمزە بۆ کەسانی خراپ، کە بە چاوێکی کەمەوە لە شتەکان دەڕوانن بە کەسانی دووڕوو باسیان دەکات، کە ئەمانە (لە پاقژگەی دانتی-یەوە نەھاتوون تا بەرەو  بەھەشت بچن، بەڵکو ئەوانە ژیان تاڵ دەکەن)(عەبدولرەزاق بیمار،٢٠٠٦، ٨٤)، چونکە کەسانی سەر ئەم زەوییەن و بەدەر نین لەکەمو کوری و خراپەکاری. ئەم جۆرە کەسانە کە دوژمنی بەھا مرۆڤایەتییەکانن رێز لە پاکی و بێگەردیی پێکھاتەی رەگەزی مرۆڤ و ژیاندۆستی ناگرن . لەشکرکێشی دەلالەتی سوپایەک دەگەیەنێ بۆ لەناوبردنی شتە جوانەکان لە ژیان چ گیاندار بێ و چ بێ گیان . کەواتە سەربازەکانی ئەم جەنگەڵستانە کەسانی ستایشکەر و تەشقەڵەچی و خراپەکارانن کە دوژمنی رووناکی و خۆشەویستی و جوانی و مرۆڤایەتین . درزی نێوان شاعیر و ئەوان لە ئاستی منی شاعیر و ئەوانی دەوروبەر . شاعیر لەگەل ژینگە رۆشنبیرییە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکە ناتەبایە بەھۆی رێگرییەکانەوە .

 ئەنجام 
١- دەقی کراوە لە بەرھەمی ئەدەب و ھونەر بەگشتی بوونی ھەیە وەک چەمکێکی رەخنەیی لە دوای رێبازی بونیادگەری ھاتۆتە نێو رەخنەی جیھانییەوە . دەقی کراوە بەپێی ھەردوو میتۆدی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی و وەرگرتن، زیاتر لە خوێندنەوەیەک  ھەڵدەگرێ. دەناسرێتەوە بە پتەوی بنیاتەکەی و ڵێڵی و فرەڕەھەندی لە واتادا .
٢- ئێستاتیکای شیعرییەت لە شیعری کراوەدا بە پلەی یەکەم لە فرەواتایی و بنیاتەکەیدایە و  لایەنەکانی تر رۆڵیان لە پێکھێنانیدا لاوەکییە. واتای ئەدەبی دۆزینەوەی واتای جوانییە لە دیوە شاراوەکانی دەقدا کە خوێنەر لە روانگەی مەعریفیی خۆیەوە ئەیبەخشێ بە دەقەکە . دەقی کراوە پەیوەندییەکی تیۆری و زەینی لە خوێنەر دەخوازێ کە دەبێتە مایەی بنیاتنانی ئاڵوگۆڕکردنی پەیوەندیی نێوان خوێنەر و رەگەزەکانی دەق .
٣- دەقی زێوان یەکێکە لەو دەقە شیعرییانەی تایبەتمەندیی کراوەیی و خەسڵەتی فرەواتایی ھەیە لەبەردەم خوێنەردا . کە وەک دەقێکی زیندوو بە تۆکمەیی و دەوڵەمەندی لە زمان و تەکنیک و فرە بنیاتدا دەمێنێتەوە . بەجۆرێک خوێنەر لەگەڵ ھەر خوێندنەوەیەکدا کۆمەڵێک جوانیی دیکە دەدۆزێتەوە کە لە خوێندنەوەکانی پێشووتردا پەی پێ نەبراوە . پابەندی زمانی شیعری جیاوازە، چونکە روو لە تەقاندنەوەی زمان و بارگاویکردن و پێکاندنی لە سەیرترین بەکارھێنانیدا دەکات. 
٤- سیمایەکی دیاری دەقەکە ئەوەیە کە ئەم دەقە پەیوەستە  بە ژیانی تایبەتی قۆناغی منداڵی و گەنجێتیی شاعیرەوە . کە سۆزێکی راستەقینەی لە پشتەوەیە و شاعیر راستگۆیە لە گێڕانەوەی رابوردوو بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە. 
٥- بابەت و پرسی نھێنییەکانی بوون لە بنیات و جیھانبینیی شیعرەکەدا جۆرێک لە نەمری و زیندووێتی بە دەقەکە بەخشیوە، چونکە ئەو بابەتانە لە ھەموو قۆناغەکانی مرۆڤایەتیدا جێی بایەخ و تێڕامان بوونە لە گەڕان بەدوای راستییەکان و کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی راستییە نەدۆزراوەکاندا.
٦- حەزی سێکس وەک بنەمایەکی غەریزەیی و وەک پاڵنەرێکی دەروونی ھۆکاری بنچینەیی پرۆسەی تاقیکردنەوەی دەقی زێوانە، شاعیر نەیشاردۆتەوە، کە خەفەکردنی خواستە سێکسییەکانی و نەگەیشتن بە یارەکەی، تووشی نائارامی دەروونی کردۆتەوە خۆی وەک کەسێکی تەنیا و نامۆ دەردەخات .
٧- شاعیر دەیەوێ لەڕێگەی مردنی ئەوانی ترەوە ئەزموونی مردنی خۆی بکات دەیەوێ مردن بکات بەو چەمکەی کە دنیای پێ راڤەبکات یاخود مردن لە میتافیزیکەوە بێنێتەوە بۆ دنیای واقیع و لەم رێگەیەوە تەمومژی مردن بڕەوێنێتەوە و بڵێت ئێمە لە مردن تێدەگەین .
٨- ھەستی تەنیایی و تامەزرۆی لەڕادەبەدەری بۆ رابردووی لەکیسچوو ھەستی نۆستالژیای لە دەروونی شاعیردا دروستکردووە لە پانتایی دەقی زێواندا ناوەرۆکێکی رۆمانسییانەی لەسەر غەمی نۆستالژیا بنیات ناوە بەو  پێیەیی دەقەکە زیاتر دەربڕینە لە خودێتیی شاعیر بۆیە جۆری نۆستالژیای تاکە کەسی لە دەقەکەدا رەنگی داوەتەوە . نامۆیی 
دیاردەیەکە ھەر لە سەرەتاوە رەگی خۆی لەناو دەروون و رەفتاری شاعیر داکوتیوە .
٩- شکستی بەیەک نەگەیشتنی بە نواڵە کاریگەری لەسەر تاقیکردنەوە شیعرییەکەی دەبێت لە رووی دەروونییەوە وەک کەسێکی تێکشکاو دەردەکەوێت ھەر بۆیە لە دیدێکی رەشبینانەوە وێنای پەیوەندیی خۆی بەدەوروبەرەوە دەستنیشان دەکات. 
١٠- نەرگسییەت و داھێنان، رەنجدەر لە یەکەم تاقیکردنەوەی شیعری خۆیدا ئەم خەسڵەتەی نە شاردۆتەوە و لە چەند شوێنێکی زێواندا نەرگسییەتی شاعیر دەخوێنینەوە کە وەک بنەمایەکیش بۆتە بەرھەمھێنانی وێنەی داھێنراو .
١١- کارەکتەرە کلتووری و ئەدەبییەکان لە زێواندا یەکسانە بە خودی شاعیر و ناوھێنانی ھەریەکەیان  بۆ بابەتێک دەگەڕێتەوە نالی بۆ غەریبی و نەگەیشتن بە یارەکەی. حاجی بیری نەتەوەیی. مەولەوی سروشت و بێگەردیی بۆچوونەکانی. ھەموویان لە ئەزموونی خۆشەویستییاندا بێ ئاکام بوون .
١٢- لە زێواندا شاعیر بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدایە کە مامەڵەیەکی  ئەفسانەیی لەگەڵ واقیعدا بکات  سەرجەمی ئەندێشەکان  بەرھەمھێنراوی خەیاڵی شاعیرە و لەزۆر بابەت و ھەڵوێستی گرنگ و ھەستیاردا  خۆی دەخاتە ئاست پیاوە پاک و بێگەردەکان کە ئاشقێکی راستگۆیە و شاعیرێکی بێ ھاوتا و کەسێکی ژیاندۆستە . 

سەرچاوە:
١- امبرتو ایکو، الاپر المفتوح، ترجمە عبدالرحمن بو علی، الگبعە الپانیە، ٢٠٠١، دار الحوار للنشر، سوریە. 
٢- ئەحمەدی مەلا، باجی جیا نووسین : ئەزموونی سەباح رەنجدەر، سەردەمی نوێ، ژمارە (١)، ٢٠١٩، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
٣- ئازاد عەبدولواحید، د. مارف خەزنەدار لە گۆڤاری رامان دا، ئەکادیمیای کوردی، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەددین، ھەولێر،  ٢٠١٨ .
٤- د. ئیبراھیم مەحموود خەلیل، رەخنەی ئەدەبی نوێ، وەرگێڕانی : د. محەمەد تاتانی، چ١، ٢٠١٧، کەرکوک .
٥- ئۆسکارمان، توحفەی موزەفەرییە، پێشەکی و ساغکردنەوەی ھێمن موکریانی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چ٣، ھەولێر، ٢٠١١ . 
٦- د. انور عبدالحمید الموسی، علم النفس الادبی, منھج السیکولوجی فی قراءە الاعماق، بیروت، لبنان، ٢٠١١ . 
٧- پیتەر ھالبێرگ و دانەرانی تر، تیۆریی ئەدەبی و شێوازناسی، ئامادەکردن و وەرگێڕانی ئەنوەر قادر محەمەد، چ ٣، ئەندێشە سلێمانی، ٢٠١٨ . 
٨- د. زاھیر لەتیف . جێگۆڕکێی دەقی کراوە و دەقی داخراو، سایتی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک، ٢٠١٩ .
٩- د. رباب ھاشم حسین، النێ المفتوح، مفھومە ومرجعیاتە، دکتورا، جامعە بغداد، کلیە التربیە، https://www.google.com.
١٠- رێبوار سیوەیلی، کتێبی نالی، چ ١، ھەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
١١-  حەمە سەعید حەسەن . فڕین بە باڵی شیعر . ناوەندی ئاوێر، ھەولێر، ٢٠١٨ .   
١٢- حوسێن لەتیف، دەق لە چاوەڕوانی خوێنەردا، رامان، ژمارە (٢٤٤)، ٢٠١٧، ھەولێر. 
١٣- چارلز برێسلێر، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدولخالق یەعقوبی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر، ٢٠٠٢ .
١٤- سەباح رەنجدەر، ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، چاپخانەی حاجی ھاشم، ھەولێر، ٢٠١٤.
١٥- سەباح رەنجدەر، ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، ھەولێر، ٢٠١٤ .
١٦- سەباح رەنجدەر . (٢٠١٨) دیوانی سەباح رەنجدەر . بەرگی یەکەم . چاپی یەکەم، تاران 
١٧- سەباح  رەنجدەر. (٢٠١٩) چوار کتێب لەبارەی شیعرەوە . وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، ھەولێر.  
١٨- سامان عیزەدین سەعدوون، دەقە شیعرییەکانی گۆران لە روانگەی دەروونناسییەوە،٢٠١٥.
١٩-  سەڵاح حەسەن پاڵەوان، شیعری کراوە لە ئەزموونی شیعری نوێی کوردیدا، چاپ و بڵاوکردنەوەی  ئاراس، ھەولێر، ٢٠١٠ .
٢٠- سۆران مامەند عەبدوڵڵا، نۆستالژیا لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا، چاپی یەکەم، ٢٠١٦، تاران .
٢١- سیڤا علی عارف، النێ المفتوح فی الادب, فلک الدین کاکەیی، اگروحە دکتورا، جامعە السلیمانیە، کلیە اللغات قسم اللغە العربیە، ٢٠١٩ .
 ٢٢- سرور حسن محمد، ملامح سریالیە فی شعر، ادونیس و ێباح رنجدر، اربیل، ٢٠١٣ .
٢٣- د. ێلاح فچل . التخیل من فئات الادب والنقد . الشرکە المێریە العالمیە للنشر ، القاھرە، ١٩٩٦. 
٢٤- لوقمان رەئووف، بنەماکانی مۆدێرنە لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چ ١، سلێمانی، ٢٠٠٩ .
٢٥- لوقمان رەئووف. ٢٠١٢ رەھەندەکانی شوێنکات لە دەقە واڵاکانی شێرکۆ بێکەس، چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی کەمال. 
٢٦- نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ئەزموونی خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەکی رەخنەیی، چاپی یەکەم، سلێمانی، سەردەم، ٢٠٠٦.
٢٧- نەجات حەمید ئەحمەد، تیۆری بنیاتی شاراوە، چاپی یەکەم ھەولێر، ٢٠٠٨، بڵاوکراوەی ئاراس .
٢٨- عەبدوڵڵا رەحمان، رۆمان شیعر مێژوو سەرھەڵدان چ ١، چ رۆژھەڵات، ھەولێر، ٢٠١٢.
٢٩- کەمال غەمبار، بەرەو جیھانی شیعری چەند شاعیرێک، ئاراس، چ ١، ھەولێر، ٢٠٠٨ .
٣٠- کەمال غەمبار، چنینەوەی چەند وتارێکی رەخنەیی، چ١، چاپخانەی خانی , دھۆک، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریان،  ٢٠١٢. 
٣١- د. میجان الرویلی، د. سعد البازعی : دنیا الناقد الادبی، المرکز الپقافی العربی, الدار البیچاء – المغرب, بیروت لبنان, الگبعە الرابعە ٢٠٠٥ .
٣٢- دەربارەی دەقی کراوە و دەقی داخراو، وەرگێڕانی : عەبدوڵڵا تاھیر بەرزنجی، رەخنەی چاودێر، ژ ٣٥، ٢٠٠٦ .
٣٣- عەتا قەرەداخی، بەدوای شیعردا لەنێوان وەھمی تازەگەری و واقیعیەتی تەقلیددا، گۆڤاری ئێستا، ژمارە (٧) ئابی ١٩٩٧، سلێمانی.
٣٤- د. عبدالقادر عبو . فلسفە الجمال فی فچاء الشعریە العربیە المعاێرە، دمشق  ٢٠٠٧.
٣٥- د. فوئاد رەشید محەمەد، زاراوەی دەقی کراوە لە رەخنەی ئەدەبی کوردیدا، بژوھشنامەی ادبیاتی کوردی، دەورەی (٥)، ژمارە (٦)، ٢٠١٩ . 
 ٣٦-https://en.wikipedia.org/wiki/Open_text   


ڕیکلام