ئەو ئیمزایەی لە پاش (ئازاد سوبحی) بەجێما

  2021-02-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕاڤەیەک بۆ دیوانی (ئاگرەکەم مەسڕنەوە)ی ئازاد سوبحی

سمکۆ محەمەد 

ئیمزا بەجێماوەکەی ئازاد لەو دەقانەدا دەردەکەوێ کە بەرپرسێتی قورسی لەسەر شان ناوە و ھەمیشە پرسیاری ژیان و مەرگی لەگەڵ خۆی ھەڵگرتووە، ئێمە لێرەدا لە یاخیگەرێتی و گوتاری پشتی دەقەکانی و خەمی جوانیناسی لە شیعرەکانیدا دەستپێدەکەین، ھەر دەقێکی ئەم دیوانە بخوێنینەوە، تێدەگەین کە بۆچی زەمەن ئەوەی سەلماندووە کەسی یاخی و توڕە لەژیان، کەسانی خەمخۆرن لەبری تەواوی کۆمەڵگە، ئەگەرچی ئازاد سوبحی لە گوتاری ژیانی رۆژانەی، یان لە نوسینەکانیدا دەردەکەوێ لەسەرچی و بۆچی یاخی یەکی بێدەنگ بوو، بۆچی یاخیگەرێتی بەسەر تێکستەکانیدا زاڵ بوو، بەڵام ئەمە بەزۆر لەکەسێکدا کۆناکرێتەوە مەگەر خەسڵەتێکی خۆڕسک بێت، یان رامان بۆ فەزای بیرکردنەوەی نوسەرێک یان ئەدیبێک بکەین وەختێک کە دەنوسێ، ئیمزای دەکات، کە دەمرێت ئیمزا لەدوای خۆی بەجێدەھێڵێ، ئەو ئیمزایەی ئازاد کردوویەتی، دوو رەھەندی ھەیە، یەکەمیان داھێنان و خۆ نووسینەوەی راستگۆییانەیە، دوھەمیان ئەو تێگەیشتنە تاقانەیەی کە بۆ خەیاڵ و واقیع ھەیبوو. 

ئێمە لێرەدا لەجیاتی خوێندنەوەی ھەمەلایەن بۆ شیعرەکانی، لەچەند لایەنێکەوە لەبارەی گوتار و عەقلانیەتی دژ بە عەقلانیەتی پشتی دەق و لە خۆ بەرھەمدان و بەرھەمھێنانەوە موناقەشە دەکەین.   
بۆ ئەوەی پاڵپشتی فکری بۆ چەمکەکانی پاڵەوانێتی و زەمەنی پاڵەوانێتی وەربگرین، دەبێ لەرووی فکرییەوە پاساوی لۆژیکیمان ھەبێت، ھیگڵ دەڵی (مێژوو پاڵەوانی زەمەنی خۆیەتی)، ھەڵبەت مێژووش بەبێ کارێکتەری دیار و چالاک نانوسرێتەوە، ئەگەرچی کەمتر رستەکەی ھیگڵ بۆ ئەدەب دەشێ، بەڵام ئەو ئەدیبەی کە نەقشێک دیاریدەکات لەپانتایی ئەدەبی نەتەوەکەی، یان بۆ خۆی وەکو تاک و لەدەرەوەی گشت، کەسایەتیەکە وەکو بڵێی بۆ زەمەنی خۆی خۆڵقاوە، قسەی من لێرەدا لەسەر دەقەکانی ئەم دیوانە نییە، بەقەد ئەوەی مەبەستمە فەزای بیرکردنەوەی ئەم چەند دەقە لەتێگەیشتنی ئازاد خۆیەوە بناسێنم، ئەو دانەرەی کەلەرێگەی بەرھەمەوە بەدوای شوناسی وندا دەگەڕا. شوناسێک کە لەکەسی ئاساییەوە دەگۆڕێ بۆ کەسێکی بەرپرس لەو دەقەی بەرھەمیدەھێنێت و واژووی لەسەر دەکات، لەدونیای ئەدەبی کوردیدا دەقگەلێکی زۆر ھەن واژوییان لەسەر کراوە، واتە بەناوی کەسێکی دیاریکراوەوە ناسراوە، بەڵام دەقی رەسەن نین و بۆ مەبەستێکی تایبەتی سیاسی، یان مەرامێکی تایبەت نووسراون و دواتر لەدیوان یان لەکتێبدا نابینرێنەوە، چونکە شەرمەزاری تێدایە نیسبەت بەکاتی خۆی، ھەندێکیشیان خوێندنەوەیان بۆکراو و دواتر خوێنەرەکە پەشیمان بۆتەوە لەوەی ناوی ناوە تێکستێکی کراوە و داھێنەرانە.   

دونیای بیرکردنەوە و نووسینی ئازاد وەکو خۆ بەرھەمدان و خۆ بەرھەمھێنانەوەیەک لە خوێندنەوەی نەوعی بۆ نووسینی نەوعی، واقیگەرێتی لەتێکستەکانیدا، لەو خەیاڵەوەیە کە پرسێکە ھەمیشە ئامادە و لەدەرەوەی تێگەیشتنی ئاسایی ئێمەیە، ئەو بە ئاشکرایەکی فکری قوڵەوە بانگەشەی جۆرێک لە واقیعی مەعریفیانە دەکرد کە شتەکان و دیاردەکانی لەگریمانەیەکی چاوەڕوانکراودا دەبینێ، کە واقیع بۆخۆی گریمانەیەکی زیان بەخشە، "ئەگەر بەگشتی بکەوینە ژێر کاریگەری واقیعێکی بەزۆر سەپاو بەسەرماندا، بۆیە پرسیاری نێو لەو دەقانەی کە رەوایەتیان ھەیە، شیاو نابێت ئەگەر پرسیار لەرەوایەتی ئەو دیدە بکەین کە پێیوایە شتەکان لەجیھانی دەرەکیدا و لەدەرەوەی نموونەگیریەکانی ئێمەدا ھەن، چونکە ھەوڵێک بۆ ئەو رەواییپێدانە پێشتر ئەو شتە دەخوازێت کە دەمانەوێ رەوایەتی پێبدەین".. زمان و عەقڵ و کۆمەڵگەز فەلسەفە لەجیھانی ھاوچەرخ. جۆن سیدل. وەرگێڕانی. عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە. بڵاوکراوەکانی خانەی وەرگێڕان وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێم. ل٥٩. 

ئەم عەقلیەتە بۆ تێگەیشتن لەئەدەب کە بەمەعریفە، واتە فکری تێدا (حەشو) یان ئاخێنرابێت، لەھەموو تێکستێکدا نابینرێت، مەگەر ئەدیبێک کە خەمی واقێعێکی بەدەینەھاتوو بێت بەسەر کۆمەڵگەیەک کە واقیعێکی بەسەردا سەپێنراوە، بۆیە لەدەقی (دوورتر) ەوە دەست پێدەکەم، لەو تێکستەدا، چونکە ئەم تێگەیشتنەی تێدا بەدیدەکەم کە دەڵێ:
 
" لەبەر ئەوەی خەڵکی سەرەتام
ھەموو دونیاش وێران بێ 
ھێشتا پارچەیەکی شەرمن 
لە سادەییم دەمێنێ 
دوورە لە خێر و شەڕ 

نە کوردە ، نە عەرەبە، نە فارسە، نە تورکە، لە خۆرابووونا نابینرێ 
لە ھەڵاتنا نابیسترێ .. خزمی ئەو چاوشینە نییە. 
فێری رەنگەکانمان دەکا.. ھاوسێی ئەو بازرگانە نییە خەمی 
ئەسمەرمان بۆ دەنێرێ . ھێند ورد و بێمنەتە. کەس نایبینێ.. "     

ئازاد لێرەدا لەگریمانەی شیعریدا بۆ تێگەیشتن لەو واقیعە تاڵەی ھەمیشە جیاوازمان دەکاتەوە لەیەکتر وەکو ئینسان، پرسیاری مەترسیدار دەوروژێنێت، چونکە لەبری گشت خەمی گشتی ھەیە و بۆ ئەوەی ناڕەوا رەوایەتی پێنەدرێت. مەبەست لە خەمی خەڵک لە تێکستی ئەدەبیدا تەنھا گوتار نییە، بەڵکو جگە لەجوانیناسی و ئەو کارەی کە ھەر تاکێک دەیھەوێ ئەنجامی بدات و ناتوانێ، یان ئەوەی کە دەیھەوێ بیخوڵقێنێ وەکو بابەتێک، بەڵکو لایەنێکی دیکەی ھیومانیزمە بەبێ ئینتیما بۆ نەتەوە و رەگەزێکی دیاریکراو کە ھەم ھاوسێی یەکن و ھەم کراون بەدوژمنی یەکتر، لێرە نووسەر دەردەکەوێ چ خەمێکی قوڵی ھەیە. ھیگڵ پێیوایە کە (ھەقیقەت لە گشتێتیدا، بەڵام گشتێتی سرووشت یان گەوھەرێکە کە تەنھا لە گۆڕانکاریدا دەچەسپێت) چونکە ئەو دەورو نەقشی ھونەری بەپێوەری فەلسەفی و دیالیکتیکی خۆی پێناسە کردووە، ھەر لەمبارەیەوە رۆلان بارت پێیوایە خەمی خەڵک لە خەمی خۆت گرانترە و دەڵێ " خۆم لەدۆخی کەسێکدا دەبینمەوە کە کارێک ئەنجام دەدات، نەوەکو کەسێک کە لەبارەی شتێکەوە دەدەوێ، من بەرھەمێکی بەرھەم ھاتوو تاوتوێ ناکەم، خۆم شتێک دەخوڵقێنم ئاخێوێک لەمەڕ ئاخێوەوە بەرھەم دەھێنم، جیھان لەبەر چاوی منەوە وەکو بابەتێک لەگۆڕێدا نییە، بەڵکو چەشنی نڤیسیارێک ئامادەیە، واتە چەشنی پراکتیک" پێکھاتە و راڤەی دەق. بابەک ئەحمەدی. کتێبی دووھەم. وەرگێرانی بۆ کوردی. مەسعوود بابایی. بڵاوکراوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فکری نما. ساڵی ٢٠٠٥. ل٥٤ 

ئەمەی رابردوو وێنەکێشان بوو بۆ شتەکان و دیاردەکان، پرسێکی دیکەی ئەدیبە، لێرە لەستایلی دەقەکانەوە ھەستی پێدەکرێ کە دەقنووس چۆن و بەچ بیرکردنەوەیەک وێنەی کێشاوە، چونکە ئەو ھێندەی خەمی بوو لەخۆ پێناسەکردندا راستگۆییانە وێنەی خۆی بکێشێ، ھێندە خەمی پەرچەکردارێک نەبووە کە چاوەڕوان دەکرا، بۆیە شیعر نوسین بۆ ئازاد کە لەھەر تێکستێکدا فەزا تایبەتەکەی بە ئاشکرا لەکەسانی دیکەدا جودای دەکاتەوە، چونکە بیرکردنەوەیەکە کە ھەم بۆ ژیاندۆستی و ھەم بۆ گەیشتن بەمەرگ ھەیبوو، ژیاندۆستی کەمانای ژیان لەئینسان وەرگیراوەتەوە، بۆ مەرگیش وەختێک کە ژیان بەھای نەماوە.  

لە شیعری باخچەکانی باوکم دەڵێ 
" خودایە . وێنەکانی ئەم دوورگە پۆڵاینە بسوتێنە 
یانیش لە ئاوێنەکانت 
دڵۆپێک مەرگم بدەرێ مەرگ
من مەرگم لە باخچەی مردووەکان خۆشتر ئەوێ
تازە ناتوانم بەم پرسیارانەوە بگەڕێمەوە 
لای شاعیرەکانی سروشت
ناتوانم بەم زمانەوە لە ئاھەنگی شەو دانیشم 
من ئەزانم ئەم تاریکییە سەرم ئەخوا".     

ئازاد وێڕای ئەوەی بەڕاستگۆییانە لەم ژیانە تاڵە لەنێو باخچەیەکی وەھمیدا بەدوای مەرگدا دەگەڕێت، لەپشت ئەوەشدا  جۆرێک لە خۆ نووسینەوەیە، یان خۆ (تدوین) کردنە، واتە کۆکردنەوەی دەقەکان، بەڵام ستایلی ئەو کۆکردنەوەی تێکست نەبوو لە کتێبێکدا، لەحاڵێکدا ئەگەر کۆکردنەوەی کتێب ھیچ مانایەکی نەبێت کەھەیەتی، ئەوا مانایەکی دیکەی ھەیە کە دانەر لەدوای خۆی خوێنەرەکانی ماندوو ناکات لێرەو لەوێ تێکستەکانی بەبێ کێشە کۆ بکەنەوە،  ئازاد سوبحی لەنووسیندا بڕوای بە "جۆرێک لەسەرکێشی ھەبوو لەلایەک و ئەزموونگەرایی و لەلایەکی تر، ئەمە بەشێکە لەگرینگی پراکتیک کردنی فکر، گوتاریش بەشێکی دیکەی ئەو گرینگی پێدانەیە کە لەکۆی موفرەدەکاندا رێکخستنێکی گوتاری خوڵقاندووە، ئەمە بۆ خوێنەرێک دەردەکەوێ کە تێکستەکان لەئاستێکی قوڵتر لەشیعر ببینێ، چونکە تێکستگەلێک کە باکگڕاوندی فکری ھەبوو، دەقنوسەکە لەحاڵەتی گوتاری ئاسایی و سەردی خۆی رزگار کردبێت، لەدەلالەتەکانەوە دەردەکەوێ کە چۆن خوێنەر دەگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەکەم، ئەویش گوتارێکی ناڕاستەوخۆیە". فی التحلیل الخگاب الشعری. دراسە سیمیائیە. عێام واێل. دار التنویر الجزائر. سنە٢٠١٣. ل١٤. 
ئازاد لەچوارگۆشەی سیمیائیاتدا توانیویەتی بەرجەستەکردنێکی زیندوو بە بەھای بابەت بدات لەتێکستدا، ئەویش پەیوەندی وەزیفە و شتەکان و بابەتەکانە لەیەک چوارچێوەدا، ھەڵبژاردنی ئەم شێوە تەکنیکەش لەو وێنە ھەمیشەییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ژیان بۆ مردنە و ئازادیش ھەمیشە بیری لەمردنێکی خۆش دەکردەوە کە میحوەرێکی سەرەکی بیرکردنەوەی بوو، لەشوێنێکدا لە شیعری (چەند رۆژێک لەوەرزێکدا) دەڵێ. 

" بڕوا بە مۆسیقا مەکە.. ھەموو ئاوازێک دەنگت سڕ دەکا 
مۆسیقا سترانبێژی زۆرە بۆ سەما 
تۆش ھەر لێرە راوەستە 
تازە نە سەرفراز دەبی. نە خانوویەکت دەبێ 
ئاوازیش خۆشتر بێ. غاردانی ئەسپتر بێ.  
ھەر شوێنێک ھەیە بۆ پووچی
کێ دەڵێ لە سەفەرێکدا رەق نابیتەوە. کە ھەموو عالەم بۆ متمانەکردن  
بە فێڵێکی ئومێد بەخش 
سەمای بۆ دەکەن؟. " 

لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێ
" من پێکەنینم دێ. چونکە راکشان لە نیشتیماندا قەتیس کردنی گیانە لە قەبرێکی بێ سنووردا"  

لەم تێکستانە ئەوەمان پێدەڵێن کە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لەچەمکی مردن، موڵکیەت دەسڕێتەوە لەزەینی ئینسان، ھەر ئەمەشە کە وایکردووە خۆی تەدوین یان کۆنەدەکردەوە لەرووی ئەدەبیەوە، سەرباری ئەوەی ھەموو دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بەشانازییەوە پێیان خۆش بوو دیوانی بۆ چاپ بکەن، بەڵام تاکە ئەدیبێک بوو رەتیدەکردەوە کتێبی بۆ چاپ بکرێت و لەرێگەی تێکست و کتێبی چاپکراوەوە خۆی نمایش بکات و خۆی بسەلمێنێ، ئەمە یەکێکە لەکارە خراپەکانی کە پەرشکردنی نووسینەکانی بوون، لەم تێکستانەیدا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە یەکێکە لەو شاعیرانەی ئەزموونی بیرکردنەوەی خۆی نوسیوەتەوە کە تایبەت بوون بەخۆی، بەڵام لەتێکستیی فرە خوێندنەوەدا، ئەمە قسەیەکی (د. نێر حامد ابوزید) مان بیر دێنێتەوە لەکتێبی (اشکالیە القراء والیە التاویل) دەڵێ" دەق بریتیە لەئەزموونی ژیانی بابەتی، نەک ئەزموونی ژیانی خودی دانەر کە تێیدا ژیاوە". بەومانایەی کەدەقنووس لەسەروەختی خۆیدا دەقەکەی نرخ پەیدا دەکات, چونکە ئەو ئەزموونی قۆناغی کۆمەڵگەکەی دەکاتە کارێکی زەینی, (ئازاد) ھەم خۆی و ھەم تێکستەکانی رێک پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەن، بۆ نموونە ئەو ئەزموونی بیرمەند و ئەدیبی بەناوبانگی بەھەند وەردەگرت کە دەیزانی بەھای دەق لەسەر وەختی خۆی نییە، ھەروەک چۆن ئەگەر شکسپیر لەقۆناغێکی دیکەدا ژیابا, رەنگە بەو شێوەیە بەرھەمەکانی خۆی نەکردایەتە ئەلگۆیەک بۆخوێنەرانی خۆی, (رێنیە دیکارت) بەھەمان شێوە ئەگەر لەو قۆناغەدا نەژیابا، رەنگە ھێندە باسی لەتاکگەرایی نەکردبا,  ھەروەھا نالی شاعیر لەکاتی خۆیدا کە بابەتی لەبری خۆی نەنووسیەوە و ھێند ناسیونالیست نەبوایە، رەنگ بوو ئێستا ئەو لایەنەی نەخوێنرایەتەوە، کەچی بۆ زەمەنێکی دیکە بوو بەنالی و زۆری دیکەش لەشاعیر و بیرمەند ئەمەیان بەسەرھات، ئەمانە بەشێکی زۆر گرنگن لەوھۆکارانەی کەدەقنووس ناچار دەکەن بەدیدگایەک بنووسن کە گروپە کۆمەڵایەتیەکان بەدوایدا دەگەڕێن, ئەمەش ئەو بەڵگانەن کەتوێژینەوە سۆسیۆلۆژیەکانی مەیدانی ئەدەب سەلماندوویانە کە قسەکردن لەسەر دەق لەپاش دەقنووس قورسە و تێڕامانی زیاتر ھەڵدەگرێت وەک لەوەی لەژیاندا بێت. 

ھەڵبەت نیازی تێگەیشتن نیازی مانایە، ئەوەیە کە گوێگر لەنیازم بگات، نیازی تێگەیشتن وەک چۆن دەکەوێتە فرە جۆری لەکردەی قسەکردندا، بەھەمان شێوە دەکەوێتە سەر رێسای پێکھاتن و رەمزگەرایی.  

ئەو زنجیرە دەنگانەی کە لەم چەند دەقەدا دەبینرێ یان ھەستی پێدەکرێ، گوزارشت لە چەمکێک دەکەن، یان دەلالەت لە نیشانەیەک دەکەن، دەتوانین ناوی لێبنێین وێنەی دەنگی کە بۆ تایبەتمەندی و چارەسەرکردنی بێھودەییەکانی زمان ھێمایەک دادەنرێت، بەڵام بۆ ھەر دەقێک لەو دەقانە کە مانایەکی دیاریکراویان ھەیە بۆ ژیان و بۆ دەرچوون لەژیان، ئەوەیە کە دانەر لێرەدا تێکستێک دەخوڵقێنێت لەنەبوونەوە و ھیچ بونێکی دیکەی ئەدەبی لەرووی زمان و شێوازەوە لەو نەچن، ئەوکات زەمینە بۆ خوێندنەوەیەک خۆش بکات لەرێگەی میتۆدەوە بخوێنرێتەوە، واتە بەزمانێک بێت کە زەمینەی شیکاری بۆ ھێماکان و دەنگەکانی ھەبێت، شیعرەکانی ئەم دیوانە ئەگەر ستایلەکەی وەھابێت کە دابڕان و جودابێت لەوانی پێش خۆی، بۆ خوێنەریش ھەمان فەزا و چێژی جیاوازی ھەیە. لەبارەی ماناوە وەکو لایەنێکی دیکەی ئەدەب، لەلای ئازاد مانا بەگشتی ئەوەیە کەمەرجی تێربوون بەسەر مەرجی تێربوونی یەکەم دەسەپێنێ، واتە تێربون لەتێگەیشتن لەژیان و ئیشکالیاتەکانی، تێربوون لە غەریزەکان دادەمرکێنێت کە ئینسان بەناڕاستەوخۆ بۆتە کۆیلەی غەریزە بێ سنوورەکانی، سەڕەڕای ئەوەش ئەو لەم چەند دەقەدا دەیھەوێت پەیوەندی لەگەڵ گوێگران دروست بکات، ئەوەش بەنیازی پەیوەندیگرتن یان گەیشتن ناو دەبرێت، ئەو نیازەش لەسەر تێگەیشتن راست دەبێتەوە.

لە شیعری (رۆژی حەشر) دا  دەڵێ 
" ئێوە لە پشتی ئاوێنەوە ژیان لەت و پەت دەکەن 
بەرامبەر بە دۆزەخ ئاھەنگ دەگێڕن 
ئەڵێن ھێشتا چرایەکمان ماوە 
بۆ ئاھەنگێکی تر 
ئاھەنگێک .. ھەموو شەقامەکان تێکەڵ بکات 
ئاسمان ئاھەنگ بۆ پیاوەکانی ئەگێڕێ 
زەوی بۆ ئاھەنگ بۆ ژنەکانی ئەگێڕێ 
لەو نێوەندەدا .. لەو بەینەدا 
درەختێ  لە ترسا کوێر دەبێ 
جێگەیەک نەماوە بۆ ھەناسەی گەڵا". 
 
ئازاد بڕوای بەداھێنانی دەستکرد نەبوو ئەکەر خۆڕسک نەبێ، بۆیە لەسرووشتەوە قسەی بۆ ژیان دەکرد، تێکەڵ کردنی مانای ژیانی پیاو و ژن لە نێو مانای ژیانی درەختەکان و ھەروەھا نزیک بونەوە لەژیانێکی تر کە ئەگەرێکی کراوەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سرووشت، ھەمیشە لەخەیاڵی شاعیردا بووە، نەک ئەو خەیاڵە درووستکراوەی تەنھا بۆ نووسینەوەی تێکستێک بێت، تاکو ناوی لێبنرێت داھێنان، رەنگە ھەر ئەم تێگەیشتنەش بێت کە تاکو مرد بڕوای بەلەسەر نووسین نەبوو، ئەگەر خۆشی لەسەر تێکستی کەسێکی نووسیبێت، لەبەر ئەوە بووە کە کاریگەری لەسەر داناوە لەرووی فکرییەوە، چونکە ئازاد بەرلەوەی ئەدیب بێت بیرمەند بوو، وەکو خۆی بیری دەکردەوە نەک بۆ خزمەتی گرووپ یان شار یان سیاسەت. 

 ئەگەرچی لەدونیای ئەدەبیاتی کوردیدا ھیچ دەقێکی داھێنەرانەی وەھا نییە کەناوی بنێین دامەزرێنەری فکری کوردی و لەسەر ئەو بنچینەیە فەزایەک بونیادنرابێت کەئێستا بەرھەمەکەی ببینین، تەنھا ئەو دەقە شیعریانە نەبێت کەوەکو ھەر دەقێکی دیکەی عەرەبی یان فارسی لەدەوروبەری خۆمان بینراوە و خراوەتە نێو خوێندنەوەوە، نەک ژیانی ئاسایی، بەڵام دەقێک کە بەمانای وشە یاخی بێت و توڕە بێت لەژیان، ئەوە لێرەدا دەردەکەوێت کە ئازاد لە ھەوڵێکی نوێدا نووسیویەتی، ھەروەک ئەوەی لەشوێنێکدا دەڵێ "بێزار بووم لەژیان، زۆر ژیام" ئەمە جۆرێک لە گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ خودی خۆی و مردندا، ئەمە لەوێدا دەردەکەوێ کە رەتکردنەوەی ژیانی وەکو ھیچێک و بێ بەھایەک نرخاند، بەپێچەوانەی ئەو حەشاماتە خەڵکەی کە ژیانیان خۆشدەوێ بەبێ ھیچ ئامانجێک سەرقاڵی ژیانێکی بێھودەن. 

ئازاد لەکۆی شیعرەکانیدا کە لە(باخچەکانی باوکم) ەوە دەستپێکرد و بڵاوی کردەوە، سەرەتا وەکو دەنگێکی کەرکوک ناسرا، دوای نزیک بەدەساڵ چەند دەقێکی دیکەی وەکو (دەست و چەند رۆژێک لەوەرزێکدا و دووتر و دواتریش قەسیدەی ئاگرەکەم مەسڕنەوە) ی نووسی کە ناونیشانی دیوانەکەیە، ھەمان ستایلی ھەیە و کەمترین لەحزەی شیعری دەبینین مەبەستگەرایی پێوە دیاربێت، کەچی بەناڕاستەوخۆ مەبەستێک لەپشت تێکستەکەیەوە راوەستاوە، بەتایبەتی لەدەقی ( ئاگر) ئەمە دەبینرێت، ئەمە جگەلەوەی خەمی لایەنێکی گرینگ کە ئیستاتیکایە بۆ ئەدەب، خەمێکی قوڵتر بوو لەوەی گوتارێک بگەێنێت، ھەروەھا بیرکردنەوەیەکی جیاوازی لەپشتەوەیە کەخەمێکی جیھانبینیە بۆ دەق و خوێنەر، ئەو لە لەحزە شیعریەکانیدا خۆی دابڕاندووە لەستایلەکانی دیکەی شیعری کوردی کە وەکو ستایلێکی باو تەماشا دەکرێت، وەکو ئەوەی ئەم کەسایەتییە ئەدەبی و فکرییە، تەنھا بۆ شیعر خوڵقابێت، شیعریش ئەو دونیا تایبەتەیە کەخەمی گەورەتری لەخەمی ئینسانی کورت رەھەند لەکۆڵناوە. 

لەم چەند دەقەدا خوێنەر ھەست دەکات کە گوتارێک لەپشت تێکستەکانەوە راوەستاوە کە خەم و خەیاڵی تاک لەوە گەورەترە بەجوگرافیایەکی تایبەت و لۆکاڵییەوە زیندانی بکرێت، لەحاڵێکدا زمانی (ئازاد سوبحی) ھیچی کەمتر نییە لەستایلی نوسینی (سەلیم بەرەکات) یان (سوھرابی سوپێھری)، ئەم شاعیرە جگە لەنووسینی دەقی خۆی، خوێندنەوەی بۆ شاعیرانی کلاسیکی و ھاوچەرخی کوردیش کردووە و بەمەشغەڵەتی خۆی زانیوە و دوور بووە لەئینتیما بۆ دەستەگەرێتی.

لەبارەی ترادیسیۆنەوە کە لەپشت دەقەکانەوە وەکو پێشتر باسمان کرد، رەخنە و یاخیگەرێتی راوەستاوە، لەم چەند تێکستە ئەوەمان پێدەڵێت کە ملکەچی ئەو تڕادیسیۆنانە نەبین کەبەبێ ئارەزووی خۆمان بەسەرماندا چەسپاوە, دەبێ جەنگێک بکەین کە لەسەر شانی ئەدەب وەک کایە و خودی ئەدیب وەستاوە, لێرەوە دەست پێبکەین, ھەروەک چۆن جەنگی سیاسەت لەسەر شانی سیاسیەکان وەستاوە نەک میتۆدی سیاسی. رەنگە سەمتی کۆمەڵایەتی بەمەبەستێکی ئامانجدار، بنچینەیەکی عەقلانی لەپشتەوەبێت، ئەم جۆرە قسەکردنە لەسەر ئەدەب، بیرۆکەیەک بەرھەمدێنێت کە گوزارشتن لەچۆنیەتی گواستنەوەی ئاڵوگۆڕکردنی واقیعدا. لێرەدا ئەدەب ئەگەر راستەوخۆش نەبێت، شێوازێکی بەرسڤیانەی ھەموو ئەو دیاردانە دەداتەوە کەلەبزاڤی رۆژانەماندا دەیبینین، خۆئەگەر وێنەیەکی راستەوخۆ لەنێو ئەدەبدا ببێتە مۆدێلێک و پاساو ھێنانەوە بۆ پڕکردنەوەی گوتاری ھیومانیستی، چ جیاوازییەکی ھەیە لەو فریودانەی کۆمەڵگە لەلایەن سیستمێکی سیاسیەوە ھەیە، کەوابوو ئەدەب ئەگەر بەمانا سووننەتیەکەشی نەبێت کە بەرگری کردنە لەئینسان، ئەوا لانی کەم دەبێ ناڕاستەوخۆ ئەو دیاردانە وێنابکات کەراستەوخۆ دەبینرێن، ئەوەش کە ئەدیبێک پێی وایە ئەدەب ھیچ کار و فرمانێکی نییە، یان ئەوەی کە زمانی دایک دوور دەخاتەوە لەزمانی نووسینەوەی وێنەکان و ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتیەکان، دیسان ئەو ئیشکالیاتە درووست دەکات کە لەبابەت شوناسی راستەقینەوە رۆشنبیر کێیە و بۆچی دەبێت خەمی کۆمەڵگە لەکوڵ بنێ، ئازاد لەم دەقانەدا خۆی لەھەموو ئەو زاراوانە بەدوور گرتووە کە ئینسانیەت بەبێ جیاوازی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەپێچەوانەشەوە خۆی نزیک کردووە لەو وێنانەی کە لەژیانی ھەر خوێنەرێکدا ھەیە ئەگەر بەقوڵی لەگەڵ دەقەکەدا تێکەڵ بێت و نرخ بۆ یاخیگەرێتی دابنێت..

 دواجار دەبوایە ئەو خانەی پەخش و بڵاوکردنەوەیە رێگەی بدابایە پێشەکی بۆ ئەم دیوانە بنووسرایەتەوە کە نوسرابوو، بەڵام بڵاوی نەکردەوە، چونکە بە پێویستی نەزانی بوو، بەڵام من پێموایە پێویست بوو، چونکە نەوەیەک ھاتووە سەروکاری لەگەڵ ئەدەب ھەیە، نە تەواوی دەقەکانی  ئازادی خوێندۆتەوە، نەدەزانی چۆن بیری دەکردەوە، نە بەشێکی زۆریان دەزانن ماوە لەژیاندا یان مردوون، ئەمە کێشەی کتێبە، سابا بەھەر زمانێک چاپ بکرێت، لەکاتێکدا جگە لەو تێکستانەی نێو دیوانەکە، ئازاد ٣ دەقی شیعری دیکەی ھەیە کە تائێستا نەدۆزراوەتەوە و بۆخۆشی تدوینی نەکردووە و ئەرشیفی نەکردووە و ئێمەش زۆری بۆ گەڕاین نەماندۆزییەوە.

سەرەنجام ئازاد سوبحی ئەو خاڵە پۆزەتیڤەی گرینگتر بوو کە بەرلەوەی بەزمانی کوردی بنووسێت، بەزمانی عەرەبی دەینووسی، بەڵام بەھۆی ئەوەی لە کوردستان گۆڤارێکی عەرەبی نەبوو، یان دەزگایەک نەبوو کاری کوردی بەعەرەب بناسێنێت، ناچار بەزمانی کوردی شیعری دەنووسی، یان خوێندنەوەی بۆ دەقی کوردی دەکرد کە ئەمە زەخیرەیەکی گرینگ بوو بۆ کورد. 

جگە لەمانەش ئازاد سوبحی بەتەنھا بیری دەکردەوە، بەتەنھا خەمی رۆشنبیری و ئەدەبی لەکۆڵنابوو، نەک بەخاتری گرووپ و شارچێتی و سیاسەت کە زۆربەی نووسەر و رۆشنبیرەکان خەریکی گروپ بەندی بوون، ئەو ئەم تێگەیشتنەی بە تاک رەھەندی لەقەڵەم دەدا.تاکە ئینتیمایەک کە ھەیبوو، ئینتیمای رۆشنبیری بوو بۆ خزمەتی ھیومانیزم.   
 



ڕیکلام