کازمی بڕیاریدا بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی هەولێر و حەشدی شەعبیش ڕەتیدەکاتەوە ئەوان لە پشت ئەو هێرشانەوە بن.
رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنەی لە پشت هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بووە.
هاوکات بەرپـرسێکی حەشدی شەعبی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هێزەکانی حەشدی شەعبی موشەکەکانیان گرتبێتە شاری هەولێر.
عەلی حسێنی وەتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیچ زانیاریـیەکیان لەسەر هەڵدانی ئەو موشەکانە نیـیە و ڕەتیکردەوە هێزەکانیان لە پشت ئەو هێرشەوە بن و وتی هەر لایەنێک تۆمەتباریان بکات ئەوا لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمنی هەولێر ئاماژە بەوەدەکەن موشەکەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستە کراون و هەندێکیشیان حەشدی شەعبی بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن.