لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی باڵا لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر هەولێر دەکرێت و بە فەرمانی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لیژنە ڕەوانە دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە موشەکییەکانی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێر.
خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەو ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لەژێر ڕۆشنایی ئەو فەرمانەدا لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات.
سەبارەت بەوەی کە ئەوان پێیان وایە کێ لە پشت هێرشەکانەوەیە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق ڕوونیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا زووە بۆ تۆمەتبارکردنی ئەو لایەنەی کە لە پشت هێرشەکانەوە بووە، تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبێت.
ڕوونیشیکردەوە، هێزەکانی پێشمەرگەش لە لایەن خۆیانەوە لێکۆڵینەوە دەکەن، دیارە ئەوانیش تێڕوانیان هەیە لەسەر لێکۆڵینەوەکان و ئەوانیش هەمانە، بەڵام لە کۆتاتیدا لە ئەنجامی شیکردنەوەی بەڵگەکان راستییەکان ئاشکرا بکرێت.