وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت"گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد.
مەحمود محەمەد لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکراشیکردوە ئەو گروپانە چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ ئەوەی پێیان دەگوترێ جێبەجێی دەكەن.
وتەبێژی پارتی داوای لە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا کردوە، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن .
مەحمود محەمەد ڕاشیگەیاندوە هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن .
وتەبێژی پارتی دەشڵێت تەواوی سەرکردایەتی كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.
ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو ژمارەیەک موشەک ئاراستەی شاری هەولێرکران و لەئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش برینداربوون و ڕوداوەکەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.