وەزیرانی بەرگری ئەمریکا و عێراق تاوتوێی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێریان کرد

  2021-02-16  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بەرگری ئەمریکا و وەزیری بەرگریی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی هێرشە مووشەکییەی سەر هەولێریان کرد .

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جومعە سەعدوون وەزیری بەرگریی عێراق نیگەرانی خۆی لە هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردووی بۆ سەر هەولێر دەربڕی و سەرەخۆشی لە گەلی عێراق کرد، هاوکات هەردوو وەزیران هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو سەربازەی ئەمریکا دەربڕی کە لە هێرشەکەدا برینداربوو.

لوید ئۆستن رایگەیاند، گەلی عێراق شایستەی ئەوەیە کە لە ئارامی و ئاسایشدا بژی، هەروەک پاڵپشتی واشنتنی بۆ هاوبەشەکانی لە عێراق دووپاتکردەوە لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەیدا .

 لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەشدا، هەردوو وەزیرانی بەرگری ئەمریکا و عێراق پابەندبوونی خۆیان بە هاوبەشێتی ستراتیجی نێوان واشنتن و بەغدا دووپاتکردەوە.

كاتژمێر 09:30 خولەكی شەوی رابردوو چەند موشەكێک ئاڕاستەی هەولێر كران كە دوو لە موشەكەكان لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتنەخوارەوە. دواتر وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەو هێرشەدا بەڵێندەرێك گیانی لەدەستداوە و پێنج بەڵێندەر و سەربازێكیش بریندار بوون .

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە و درەنگانی شەوی رابردوو، گروپێك بەناوی "سرایا أولیا‌‌ء الدم" بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیکرد کە، ئەو موشەكانەی بەر ناوچە جیاوازەكان كەوتوون موشەكی ئەمریكی بوون، لە كاتێكدا ویستویانە رێگری لە هێرشەكەیان بكەن .

بەرەبەیانی ئەمڕۆش پەڕەی دژەتیرۆری كوردستان چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەكان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە كە مووشەكەكانی ئاراستەی هەولێر كردبوو.



ڕیکلام