شێروان شێروانی لە زیندانەوە پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان دەکات

  2021-02-20  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شێروان شێروانی یەکێک لە سزادراوانی بادینان لە زیندانەوە و لەڕێگەی هاوسەرەکەیەوە پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت، خۆی و هاوڕێکانی لەو ڕۆژەوەی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، مانیان لە خواردن گرتووە و دەیانەوێت بەوشێوە بیسەلمێنن کە بێتاوانن.

لە لێداونێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، ڕوگەش عێزەدین هاوسەری شێروان شێروانی رایگەیاند، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی٢ی٢٠٢١، شێروان پەیوەندی تەلەفۆنی پێوەکردم و رایگەیاند، ماوەی پێنج ڕۆژە، واتە لەو ڕۆژەوەی کە داداگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر خۆم و چوار هاوڕێکەم سەپاند، مانمان لە خواردن گرتووە".

هاوسەری شێروان شێروانی راشیگەیاند، ناوبراو پێی وتووە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە مانگرتن و بەوشێوەیە دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیینن بە خەڵکی کوردستان کە بێتاوانن و ئەو سزایەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نادادپەروەرانەیە.

سەبارەت بە تەندروستی شێروان، هاوسەرەکەی ئاماژەی بەوەکرد، "خۆی وتی باشم، بەڵام ئاشکرایە کەسێک ماوەی پێنج رۆژ بێت مانی لە خواردن گرتبێت، دەبێت حاڵی چۆن بێت".

وتیشی، "هەر ئەمڕۆ و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا شێروان لە گەڵ دایکی و شاهینی کوڕمان و دایکی منیش قسەی کردووە".

دەربارەی بڕیاری داداگای کەتنی هەولێر بۆ سزادانی شێروان و هاوڕێکانی بە شەش ساڵ زیندانی، روگەش عێزەدین رایگەیاند، ئەو بڕیارە تاڕادەیەک پێشوەختە بوو و هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبوون کە سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا بسەپێنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی دادگاییکردنەکەدا خۆی ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا نەبووە، بەڵام بە وتەی پارێزەرەکان و شایەتحاڵەکان، ئەو بەڵگانەی کە خراونەتەڕوو، نەیانتوانیوە بیسەلمێن کە شێروان و هاوڕێکانی سیخوڕیان کردبێت و شایستەی ئەو سزایە نەبوون، بەسەریاندا سەپێنراوە.

ڕوگەش عێزەدین هاوسەری شێروان شێروانی راشیگەیاند، هیوادارین دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بێلایەنانە پێداچوونەوە بە کەیسەکە بکات و سزاکەیان لەسەر لاببات.

رۆژی ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید و گوهدار زێباری و هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بەتۆمەتی سیخوڕی بە شەش ساڵ زیندانی سزادا.


ڕیکلام