دژە تیرۆری پارتی لەبارەی سزادانی گیراوانی بادینان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

  2021-02-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دژەتیرۆری پارتی لەبارەی دەستگیركراوانی بادینان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، تێكدەرانی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتكردنی كۆمەڵگە.


پەڕەی دژە تیرۆری پارتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەبارەی دەستگیركراوانی بادینان پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تیادا دەڵێت "لە هەرێمی كوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێكدەرانی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتكردنی كۆمەڵگە". 

ئەو دەزگایە لە پەڕەی فەرمی خۆیدا ئەوەشی راگەیاندووە "سەیرە لە كوردستان كەسانێك بە بریاری دادوەر و رێكاری یاسایی لەسەر سیخوڕیكردن و تێكدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حكومییەكان دەستگیر بكرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت كە ئەمانە چالاكوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەكانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و ركابەری نێوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەكار بێنن". 

لەو پەیامەدا بەراوردی خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكای كردووە و باسیش لەوە دەكات "لە كوردستانیش سەرەڕای ئەو هەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، نا نابێت دادگایی بكرێن، چونكە چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرن! لە لایەكی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیكردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حكومییەكانەوە كاتێكیش دەستگیر دەكرێن دەبنە رۆژنامەنووس". 

دژە تیرۆر پارتی رەخنەی لەو كەسانە گرتووە كە بەرگری لە چالاكوانان و رۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان دەكەن و دەڵێت "كە سیخوڕ و بەكرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی كوردستان راپێچی بەردەم دادگا دەكرێن، ئیدی دەیان كەس لە ژێر ناوی چالاكوان و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ ماسكی روویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیكار و هاوخەمی سیخوڕان". 

ئەو پەیامەش دوای ئەوە دێت كە پەرلەمانتارانی ئامادەبووی دادگاییەكە و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و پارێزەران رایانگەیاند كە هیچ بەڵگەیەك نەبووە بۆ تاوانباركردنیان بە سیخوڕی و هیچ پارچە چەكێكیش دەستی بەسەردانەگیراوە. 


ڕیکلام