عێراق لە ریزبەندی پێنجەم وڵاتانی جیهانە لە یەدەگی نەوتدا

  2021-02-21  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دامەزراوەی (GFP )ی جیهانی دوا ڕێزبەندی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە ئاشکرا کرد کە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوتن، عێراق یەکێکە لەوانە.

دامەزراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، عێراق بە پلەی پێنجەم دێت لەسەر ئاستی جیهان، لەڕووی خاوەنداریەتی گەورەترین یەدەگی نەوت و دووەمیش لەسەر ئاستی عەرەبی.

راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا ڕێژەی یەدەگی نەوتی عێراق، ١٤٨ ملیار و ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە، بەوەش پلەی پێنجەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان.

ڕێکخراوە ڕوونیکردووەتەوە، بە پلەی یەکەم ڤەنزویلا دێت کە بڕی ٣٠٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوی هەیە، لە دوای ئەویش سعودیە بە پلەی دووەم دێت، کە خاوەنی ٢٦٦ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتە.

لە پلەی سێهەمدا کەنەدا دێت کە بڕەکەی ١٧٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بەرمیلی یەدەگ، بە پلەی چوارەمیش ئێران دێت کە خاوەنی ١٥٧ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتە.

رێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی عێراق بە پلەی دووەم دێت لەدوای سعودیە، کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە، دوای ئەویش کوەیت بە پلەی سێهەمە دیت لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و خاوەنی ١٠١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتە، پاشان ئیمارات دێت بە پلەی چوارەم و خاوەنی ٩٧ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتی ئەسیوبیا خاوەنی کەمترین یەدەگی نەوتە، بەشێوەیەک خاوەنی ٤٢٨ هەزار بەرمیل نەوتە، دوای ئەویش وڵاتی مەغریبە خاوەمی ٦٨٤ هەزار بەرمیل و ئوردن خاوەنی تەنها یەک ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتە.



ڕیکلام