ژنانی ئازادیخواز دەبن بە هەواڵنێر!

  2021-02-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سارا مەجید

لەدوای ڕاپەڕینەوە، چەندین ڕێکخراوی ژنان لەکوردستاندا درووستبوون، بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ژمارەیان لەهەڵکشاندایە. لەتەنیشتیشیانەوە، هەزاران ژن بەشێوەی تاک درووستبوون و ناوی خۆیان نا (ژنانی فیمینیزم) و (ژنانی ئازادیخواز)، لەپێناو درووستکردنی یەکسانی جێندەری و کۆتاییھێنان بە توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان.

سەرەڕای هەوڵەکانیان، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ژمارەی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان و قوربانییانی ژن زیاتر دەبێت!

هەموومان بووین بە شاھێدی جەستە سوتاوەکانی ژنان و، ژنە گولەپێوەنراوەکانی نێو چەم و چۆڵەوانییەکان و، منداڵە فڕێدراوەکانی بەردەم مزگەوتەکان .

گوێی گشتمان تەژی بوو لەقیژەی ئەو ژنانەی، لەنێو قەسرەکاندا قەراری کەنیزەکبوون و کۆیلایەتییاندا .

ھەموومان بووین بە شاھێدی ئەو دایکانەی، کە بەخاتری جێنەھێشتنی منداڵەکانیان، قورسترین سزای مێردەکانیان وەکو گوڵێکی گەش دا لەپرچە خەمبار و پەژموردەکانیان .

بووین بەبینەری ئەو ژنانەی، لەبەر نەبوونی ئابوری سەربەخۆ، بەرگەی سەرسەختترین نادادپەروەری مێردەکانیان گرت و خیانەتەکانیان قبوڵکرد، نەبادا بۆ قوتی خۆیان و منداڵەکانیان بکەونە سەر جادە، یان ببن بە لەشفرۆش .

بووین بە بیسەری دەمەقاڵەی نێوان ھۆشیارترین ژن و پیاوەکان! سەرنگەرگرتنی ژن و پیاو لەیەکتر، بوو بە یەکێک لە ناشرینترین دیمەنەکانی، ئەم سەدەی گفتوگۆ و بەجیھانی بوونە !  

دەکرێت لێرەدا بپرسین، بۆچی سەرەڕای ھەوڵی ژنانی ئازادیخواز، بەڵام ھێشتاش ئازارەکانی ژن و نادادپەروەری ڕەگەزی، لەنێو خێزان و کوچەو کۆڵانەکانی ئێمەدا کەوتۆتە پیاسە و تادێت ڕێگەکەی تولانیتر دەبێت؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەکرێت شرۆڤەیەک بۆ شێوازی  ئیشی ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی ئازادیخواز بکەین چ لەڕابردوودا و تا ھەنوکەش، ھەروەھا قسەکردن لەسەر ئاستی مەعریفییان و ڕاڤەی ڕادەی ئەکادیمیبوون و نائەکادیمیبوونییان، ڕەنگە نزیکمانبکاتەوە لە وەڵامێکی دادپەروەرانە .

زۆرینەی زۆری ئەو ژنە دیارانەی لە کوردستاندا خەبات لە پێناو مافەکانی ژناندا دەکەن، بەشێوەی تاک بێت یان ڕێکخراو، زیاتر ڕۆڵی ڕۆژنامەنووس(ھەواڵگوێزەرەوە) دەبینن .

چونکە لەکاتی کوشتنی ژنێک و دەرکەوتنی مەلا مەزھەر-ێک و مەلا ھەڵۆ-یەکدا، دەنگیان بەرزدەکەنەوە و لەکاتی کپبوونەوەی ڕووداوەکاندا، ئەوانیش کپ دەبنەوە .

ھەواڵنێر، ھەمیشە چاوەڕێی ڕوودانی بابەتێکە تا ئیشی لەسەر بکات و لەبەرامبەریدا یان پارە وەربگرێت، یان ناوبانگی زیاد بکات .

بۆ ھەواڵنێر گرنگ نییە، ڕەگ و ڕیشەی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەی و چەند فاکتەر لە خولقاندنیدا بەشدارن. تەنیا ئەوەی بۆ ئەو گرنگە ئەوەیە، تا ڕووداوی زیاتر ھەبێت، کارەکەی باشتر دەڕوات .

لێرەدا زۆرینەی ئەم ڕێکخراو و ژنانە، خاڵێکیشیان لە خوار ھەواڵنێرەوەیە. چونکە ڕۆژنامەنووسی ئەکادیمی تەنیا ئیشی گواستنەوەی ھەواڵەکەیە، بە بێ تێکەڵکردنی سۆزی خۆی و بە بێ لایەنگری ھیچ لایەنێکی نێو ڕووداوەکە. بەپێچەوانەوە ئەم ژنە نائەکادیمییانە، جگە لەوەی دوای ڕووداوەکان قاڵێکی زۆر دەکەن، ڕاستەوخۆ دەبن بەلایەنگری لایەنێکی نێو ڕووداوەکەش، بەبێ لێکۆڵینەوە و گەڕانەوە بۆ ئەو سیستمانەی بەشدارن لە درووستبوونی ڕووداوەکەدا .

 توێژەر کار لەسەر مێژوو دەکات و بەنێو ئەو سیستەمەدا شۆڕدەبێتەوە کە دەبن بە بەشێک لە ڕووداوەکانی نێو مێژوو، بە ئومێدی جارێکی تر دووبارەنەبوونەوەی .

بەڵام ڕۆژنامەنووس ھەمیشە ئیش لەسەر مێژووی تازە و ڕووداوی نوێ دەکات و بەدوای ڕووداوەکاندا ڕادەکات و ڕاکردن بە دوای ڕووداودا بۆ ئەو بایەخدارە .

 بەشی زۆرینەی ژنانی لیبڕاڵ و داکۆکیکاری ئێمەش، ھەمان دەوری ڕۆژنامەنووس دەبینن و بەدوای ڕووداودا ڕادەکەن، ھەر بۆیە لەگەڵ ھەر ڕووداوێکی توندوتیژیدا بەرامبەر بە ژنان دەنگبەرزدەکەنەوە و لەگەڵ کپبوونەوەی ڕووداوەکاندا، ئەمانیش کپ دەبنەوە و، چاوەڕێ دەکەن تا درووستبوونی

فەوزایەکی تر و ڕژانی خوێنی سەروین-ێکی تر .

کێشەی ژن؛ بابەتێکی تەواو سیستمی و کلتوری و فەرھەنگی و زمانییە، بەرلەوەی مەلا مەزھەر و مەلا ھەڵۆ و فلان و فیسار بێت .

ڕۆشنتە بەردەم دادگا و قاڵکردن ھیچی لێ سەوز نابێت، کاتێک سیستمی دادگا و فەرھەنگ و زمانی نەتەوەکەت، بەشێوەیەکی بچووک لەژن دەڕوانێت .

بۆ من، ئەو ئایدیایەی لەنێو (فەرهەنگ و زمانی کوردی)دا کار لەسەر بچووکنیشاندانی ژن دەکات، بابەتێکی زۆر ترسانکترە لە دەرکەوتنی ھەڵۆ و مەزھەرەکان، چونکە ئەوانیش دوالیزمەی ھەمان فەرھەنگ و زمانن و، زادەی ئەو دایکانەن کوڕەکەیان لە کچەکەیان لەلا بایەخدارترە .

زادەی دامێنی ئەو دایکانەن، گەر کوڕەکانیان تا نیوەڕۆ بخەون، بەساقەیان دەبن تا ھەڵیاندەسێنن لەخەو، بەڵام گەر کچەکانیان تا نیوەڕۆ بخەون، تەمەڵ-یان پێدەڵێن و تانەیان لێدەدەن و بەر تیری کلتوریان دەخەن .

لانەکردنەوەی ژنەکانی نێو ڕێکخراوەکان بۆ نێو کتێبەکانی کوردیی خوێندنی بنەڕەتی، کە کەمترین ڕۆڵی بە ژن داوە، کە  لە کتێبەکەدا ھەر ئازادە دەچێت بۆ بازاڕ و ھەر نەوازدە لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە، بە بێ گێڕانەوەی ڕۆڵی ئەختەر و خەجێ و نەسرین و ئاھو، بگرە لە زۆر شوێنیشدا بە زەقی ژنی بچووک نیشانداوە و لەبەرامبەردا خۆقاڵکردن بە ڕووداوەکانی ڕۆژ و توندوتیژییە لەناکاو و بەردەوامەکان بەرامبەر بە ژن، بە بێئیشکردن لەسەر سەرچاوەکەی، بێئاگایی و نەزانیی و فەوزابوونی ئەم ژنانەیە .

لە کتێبی (خوێندنەوەی کوردی پۆلی دووی بنەڕەتی)دا، چاپی ھەشتەمی ساڵی ٢٠١٥، کە تا ئێستاش وەکو پرۆگرام دەخوێندرێت، لەزۆرینەی بابەتەکانیدا ئەو پلەدوویی و بەکەم سەیرکردنەی ژن دەبینرێت، کە بەجۆرێک ژنی داماڵیوە لە ھەموو جۆرە ئەرکێک و پیاوی کردۆتە سەنتەر .

نموونەکەم بە یەکێک لە بابەتەکانی کتێبەکە دەستپێدەکەم :

لە لاپەڕە (١٦)ی ئەو کتێبەدا بابەتێک ھەیە بەناوی:(ئەم مرۆڤانە کاردەکەن .)

لەم بابەتەدا ھەشت ئەرکی دیاریکردوە، ھەر ھەمووی بە پیاو داوە. چونکە لەگەڵ ھەر ھەشت ئەرکەکەدا وێنەی پیاوی داناوە لەکاتی ئیشکردندا. ئەمەش پێماندەڵێت ھێشتا لەنێو فەرھەنگ و زمانی ئێمەدا (مرۆڤ= بە پیاو )

نموونەکان بەم شێوەیەن :

١ -مامۆستا قوتابی فێردەکات .

٢ - پزیشک نەخۆش چارەدەکات .

٣ - نژیار دیوار درووستدەکات .

٤ - دارتاش کورسی درووستدەکات .

٥ - نانەوا نان دەبرژێنێت .

٦ - جووتیار زەوی دەکێڵێت .

٧ - ئاسنگەر پەنجەرە درووستدەکات .

٨ - گۆشتفرۆش گۆشت دەفرۆشێت .

 جگەلەوەی باسی ھیچکام لەو ھەموو ئەرکە ورد و زۆرەی نەکردووە کە ژن لەسەر شانییەتی، کەچی

لەگەڵ پزیشکدا وێنەی پیاو دانراوە! ئایا ژنی پزیشکمان نییە؟! لەگەڵ مامۆستادا وێنەی پیاو دانراوە، ئایا ژنی مامۆستامان نییە؟! لەگەڵ نانەوادا وێنەی پیاو دانراوە! ئایا ژنانی ئێمە گەورەترین نانەوا نەبوون؟ ساج و پەرەمێز و تەنورە قوڕەکان شاھێدی ئەوەن .

نەدەکرا لانیکەم بنووسرێت، دایک بێشکە ڕادەژەنێت؟ یان ئەو ھەزاران ئەرکەی کە ژن ھەیەتی، یەکێکیان باس بکات؟

لە ھەمان کتێب و چالاکی(١) و لاپەرە نۆزدەدا، ئەم ڕستانە ھاتووە: " ئازاد دیوار ڕەنگ دەکات."  "کاوە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت." "نەوزاد لە دوکان شت دەفرۆشێت." "کارزان مقەست و شانە بەکاردەھێنێت ." 

واتە ھەر ئازاد و نەوزاد و کاوە و کارزان بوونیان ھەیە و ھەر ئەوانیشن دەتوانن کاری شۆفێری و دوکانداری و  زۆرشت بکەن، نەک مینا و مەریەم و توبا .

 لەلاپەڕە ( ٥٥)دا شیعرێک ھاتوە بەناونیشانی(مامۆستای دڵسۆز )

کە وێنەی ئەو مامۆستایەی دانراوە لەگەڵ شیعرەکەدا، پیاوە !

لە لاپەڕە(٧١)دا بابەتێک ھاتوە بەناوی(ڕاستگۆیی)،کە دیسان وێنەی مامۆستایەکی پیاو ھاتوە، وانەی ڕاسگۆیی بەکوڕە خوێندکارێک دەدات !

نموونەگەل و وێنەگەلی پیاو زۆرھەن و، تانوپۆی کتێبەکەیان داپۆشیوە، تەنیا بۆ یەکجار و لە بابەتی (ڕێزگرتن لە کات)دا و لەلاپەڕە (٥٩)دا، ژنێک دەوری مامۆستا دەبینێت .

لەو نموونانەی سەرەوە، دەگەینە خاڵێکی ئێجگار ترسناک، کە ڕەنگە زۆرینەی ژنانی ئازادیخواز و ژنی نێو ڕێکخراوەکان، یان ژنانی ھەواڵنێر ھێشتا درکیان پێنەکردبێت. ئەویش ھەبوونی  ئایدییایەکی ترسناکە لەنێو (فەرھەنگ و زمان)ی نەتەوەکەماندا. فەرھەنگ و زمانێک، کە منی مامۆستا بە خوێندکارە ھەشت ساڵەکەمی دەڵێمەوە کە کوڕە و، ھەر لەو تەمەنە بچوکەیەوە پێیدەڵێم ژن مرۆڤ نییە و، بکەری سەرەکی کۆی جومگەکانی کۆمەڵگە پیاوە. دواتریش ئەم خوێندکارانە لەئایندەدا بەم ئایدیایەوە دەبن بە پزیشک و پۆلیس و دادوەر و مامۆستا و، ھەرھەموویان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ توندوتیژی بەرامبەر بەژن دەگوێزنەوە بۆ نێو پیشەکانیان و، دەبن بەداربەدەست و پۆلیس بەسەر ژنەوە .

تۆی ژنی ئازادیخواز، کە لەلای داواکاری گشتی داوا تۆمار دەکەیت لەسەر فڵان پیاو کە سوکایەتی بەژن کردووە، قەت بیرت لەوەکردۆتەوە کە داواکاری گشتیش بە ھەمان فەرھەنگ و زمانی نەتەوەکەت گۆشکراوە کە تێیدا ژنی بچووک نیشانداوە؟ زانیوتە لای کەسێک شکایەت دەکەیت و خۆپیشاندان بەرەو دەزگاگەلێک ئاراستە دەکەیت، کە ئەوانیش تۆی ژنیان پێ کەمە، چونکە ئەوانیش قوربانی دەستی ھەمان سیستمن .

سی ساڵە ژنانی نێو ڕێکخراوەکان و ژنانی ئازادیخوازی مە، گەر لەبری دەنگەدەنگ، ئیشیان لەسەر  بنەڕەتی کێشەکە و  سەرچاوەکانی بکردایە، گەر ئیشیان لەسەر مەعریفەی خۆیان و خودناسی ژنان و پەروەردە و قوتابخانە و تاک بکردایە، ئیشیان لەسەر فەرھەنگ و زمان بکردایە، ئێستا دادگا و جومگەکانی تری کۆمەڵگا پڕدەبوون لەو پیاوانەی، کە ژنیان کەمتر لەخۆیان سەیر نەدەکرد .

 کێشەی ژن و بچووکسەیرکردنی، بە درووستکردنی شێڵتەر و فەوزا دروستکردن و بەگژداچوونەوەی ئەم و ئەو و خۆئازانیشاندان چارەسەرنابێت. چارەسەرکردنی

کێشەی ژن، پێویستی بە توێژینەوە و ئەکادیمیبوونە. ئایا ژنانی نێو ڕێکخراوەکان کەسانی توێژەر و ئەکادیمین؟ یان شکاتکار و بۆڵەبۆڵکار؟



ڕیکلام