وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر شاری هەولێر ئاشکرا بکات و ئاماژە بەوەشکرد لایەنی سێهەم هەیە لە روداوەکەدا.
سەعید خەتبیزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق جێگەی گومانە.
خەتیبزادە ئاماژەی بەوەشکرد ئەو هەوڵانە مەترسین لەسەر ئاسایش و ئارامی هەرێمایەتی و لایەنی سێهەم لەو نێوەندەدا هەیە و ، لە هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخی هەرێمایەتییدایە و دەیەوێت تاران و بەغدا بخاتە داوەوە.
هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، هەوڵی تەواو بدات بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی و دروستی ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانی ئەم دواییەوە بوون.
ئەو داخوازی و لێدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، شەوی ١٥ی ئەم مانگە چەند کاتیۆشایەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کرا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و ٧ کەسیش بریندار بوون.
هەر لەو کاتەشدا سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتەری فەرمی خۆی ڕایگەیاندبوو، ئاسایش و ئارامی عێراق بۆ ئێمە گرنگە و ئیدانەی ئەو دەنگۆیانە دەکەین کە باس لە تێوەگلانی ئەوان لە هێرشەکان دەکەن.