ئەمریکا سزای بەسەر بەشار ئەسەد و ٣٩ کەسایەتی و قەوارەی دیکەی سوریادا سەپاند

  2020-06-17  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای بەسەر ٣٩ کەسایەتی و قەوارەی جیاجیای سوریادا سەپاند، لە دیارترینیان بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی داهات.

لە بەیاننامەیەکدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی کە لە بڕیارەکەدا کراونەتە ئامانج لە چوارچێوەی یاسای "قەیسەر"یان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوو سزای زۆر زیاتریان بەسەردا بسەپێنرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٠ کانونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا "یاسای قەیسەر"ی ئیمزا کرد، کە ئاماژە دەکات بە سەپاندنی سزا بەسەر کەرتە بنەڕەتییەکانی ئابوری سوریا و هەموو ئەو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە پشتیوانی دەکەن لە ڕژێمی بەشار ئەسەد.

یاسای قەیسەر کە بە یاسای قەیسەری پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی سوری ناسراوە، ئەمڕۆ بە فەرمی چووە بوار جێبەجێکردنەوە و چاوەڕواندەکرێت ڕژێمی دەسەڵاتداری سوریا بکەوێتە ژێر فشاری زیاترەوە.

قەیسەر ناوێکی خوازراوە بۆ فۆتۆگرافەرێکی پێشووی ناو هێزە سەربازییەکانی سوریا و لە ساڵی ٢٠١٣ لە ڕژێم جیابۆوە، لەگەڵ خۆیدا نزیکەی ٥٥ هەزار وێنەی ئەشکەنجەدان و کوشتن و پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکانی سوریای لەگەڵ خۆی بردە دەرەوە.

بڕیارەکە بەسەر هەموو ئەو کەس و لایەن و دامەزراوانەدا دەسەپێنرێت کە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی پێشێکاری و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سوریا.

هەروەها یاسا ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ بانکی ناوەندیی سوریا و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سوریا و هێزەچەکدارەکانی ئەو وڵاتە و ئەو کەس و کۆمپانیایانەش کە کەلوپەل و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت یان نەوتی سوریا دەکڕن.

جگە لەوەش یاساکە هەموو ئەو هاوکاری و کۆمەکانەش بلۆک دەکات کە ئامانجی لێیان بنیاتنانەوەی سوریایە، بە تایبەت قەوارە ئێرانی و ڕوسییەکان کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریادا کاردەکەن.

لە یاساکەدا مەرجێک هاتووە بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکان، ئەویش ڕاگرتنی بەکارهێنانی بواری ئاسمانی سوریایە کە لەڕێگەیەوە هاوڵاتیانی مەدنی دەکرێنە ئامانج و ڕێگەدان بە گەیاندنی کۆمەکە مرۆیی و پزیشکییەکان و ئازادی گەشت کردن و دابینکردنی چاودێری تەندروستی و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیە سیاسییەکان و ئەوانەش کە بە ناڕەوایی دەستگیر کراون.



ڕیکلام