حکومەتی هەرێم 349 ملیار و 702 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگاکان تەرخانکرد

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێم بڕی 349 ملیار و 702 ملیۆن دیناری بۆ خزمەتگوزاری پارێزگاکان تەرخانکرد کە هەولێر زۆرترین پارەی بۆ تەرخانکراوە

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و گفتوگۆ دەربارەی كێشە و گرفتە كارگێڕی و داراییەكانی پارێزگاكان و پلانی حكومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ ساڵی 2021 كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە لە ڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بەشدار بوو، سەرۆكی حكومەت وتی: لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان .

ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەكان لە پارێزگاكان بڕیارە ئەنجامبدرێت لە سێكتەرەكانی ( شارەوانی ، كارەبا ، تەندروستی ، كشتوكاڵ ، پەروەردە و ڕێگاوبان) دەبێت و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كران كۆی گشتی بودجەی تەرخانكراویش بۆ ئەو مەبەستە 349  ملیار و 702 ملیۆن دینارە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم بۆ پارێزگای هەولێر 128 ملیار و 352 ملیۆن دینار تەرخانكراوە 114 ملیار و 350 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی  و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین تەرخانكراوە

ئەوەشی روونکردووەتەوە بۆ پارێزگای دهۆك 77 ملیار دینار تەرخانكراوە
 و بڕی 30 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكراوە. 


ڕیکلام