گۆڕان: هێرشکردنە سەر غالب محەمەد وەک کاردانەوەیەک دژی گۆڕان دەبینین

  2021-02-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی گۆڕان ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر غالب محەمەد وەک کاردانەوەیەک دژی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان دەبینن.

دلێر عەبدولخالق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی، کەسێک، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی، پەلاماری غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوە و، برینداری کردووە.

دەشڵێت، ئەوان لە کاتێکدا ئەو کارە ترسنۆکانە ئیدانە دەکەن، ھاوکات وەک کاردانەوەیەکیش دژی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان دەیبیننن.

وتەبێژی گۆڕان، داوای دەستبەجێ دۆزینەوەی بکەرانی پشت ئەو پیلانە بەرنامە بۆ داڕێژراوە دەکات و، جەختدەکاتەوە پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ئەستۆی دامەزراوە ئەمنیەکاندایە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کەسێک بە چەقۆ ھێرشی کردە سەر غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق لە ھاوپەیمانی ھیوا و برینداری کرد و لە نەخۆشخانەی شار چارەسەری پێویستی بۆ کرا.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ماڵەکەی خۆی جگە لەوەی داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد ئەو کەسە دەستگیر بکەن کە ھێرشی کردووەتە سەری، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سەری خۆی دانابێت دەستبەرداری بەرگریکردن لە داوا ڕەواکانی خەڵکی نابێت و بەردەوام دەبێت.


ڕیکلام