حەشدی شەعبی لە دەوروبەری خانەقین ئۆپراسیۆنێکی دژی داعش دەستپێکرد

  2021-02-28  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپراسیۆنێکی لە دەوروبەری خانەقین لە دژی جموجوڵەکانی چەکدارانی داعش دەستپێکرد و ڕێگایەکی لە ناوچەکە کردووەتەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی فراوانتر.

لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، لیوای ٢٨ی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنێکیان دەستپێکردووە و، نزیکەی ١٧ کیلۆمەتریان لە مەترسی هێرشی چەکدارانی داعش پاککردووەتەوە، بە تایبەت دەوروبەری هەردوو گوندی (دەکات و کەبیە).

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشی ئەندازیاری هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەو ناوچەیەیان لە هەر مەترسیەک پاککردووەتەوە، بە مەبەستی دەسپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی فراوانتر لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە، دوای ئەوەی چەکدارانی داعش ماوەیەک لەو ناوچانە جموجوڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە و لە چەندین شوێن بۆمبی چێنراوی نانەوەتەوە.

ئەو ئۆپراسیۆنەی حەشدی شەعبی لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا چەکدارانی داعش ناوبەناو هێرش و کردەوەی توندوتیژییان لە ناوچەکە ئەنجامداوە و چەند جارێک تەقینەوە و کرداری فڕاندنیان لە ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین ئەنجامداوە.

 



ڕیکلام