شیعر و مەجهول

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەیب جەبار

شیعر کەشفی مەجھولە ، ئەم رستەیە لای کورد و عەرەب زۆر دەوترێت و دەنوسرێت . ئەم رستەیە لە سێ وشەی عەرەبی پێکھاتووە ، بەڵام بە داڕشتنێکی کوردی . وشەی شیعر ، لە زمانی کوردییدا دوو وشەی بەرامبەر ھەیە ، ئەوانیش " ھونراوە و ھەڵبەست "ن. ئێستا ھونراوە زیاتر و ھەڵبەست کەمتر بەکاردەھێنرێت .ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ھەر وشەی شیعر بەکاربھێنرێت، چونکە ھەموو خەڵکی کورد لەگەڵ ئەو وشەیەدا راھاتووە و تێیدەگا. ھەروەھا میللەتانی دەوروبەریش ھەمان وشە بەکاردەھێنن. 

 لە زمانی کوردییدا ، کەشف بە واتای دۆزینەوە یاخود ئاشکراکردن دێت ، مەجھولیش واتا نادیار و ھەست پێنەکراو .رستەکە بە کوردی دەبێتە " ھونراوە دۆزینەوەی نادیارە " یاخود بڵێین " شیعر دۆزینەوەی نادیارە " .لەبەر ئەوەی وشەی شیعر و وشەی مەجھولی عەرەبی زیاتر لەسەر دەمی خەڵکە ، ئێمە لەم نوسینەدا ، ھەردوو وشە عەرەبییەکە بەکاردەھێنین ، واتا رستەکە دەبێتە "شیعر دۆزینەوەی مەجھولە " . ئێمە ئەم رستەیە بە راست نازانین و شیعر دۆزینەوەی مەجھول نییە! بەڵکو شتێکی ترە، کە لە کۆتایی نوسینەکەدا دەیسەلمێنین.
 
 ئەم نوسینەی ئێمە، بەشێکە لە زنجیرەیەک نوسین لەسەر ھونەری شیعر، ھەروەھا ڕا و بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەو ھونەرە. لەبەر ئەوە، لێرەدا زۆر باسی ھونەری شیعر ناکەین، بەڵام حەزدەکەین ھەندێ پێناسەی جیاجیای شیعرتان پێشکەش بکەین. عەرەب دەڵێ: (شیعر قسەیەکە کێش و سەروای ھەیە، مانایەک دەگەیەنێت). شاعیری عەرەب (ابو العلاء المعری) دەڵێ: (شیعر قورئانی شەیتانە). ھەروەھا دەڵێن: ( شیعر وێنەکێشانە بە وشە، شیعر جریوەی چۆلەکەیە، شیعر کەلامی فریشتەیە، شیعر وەرگێڕانی بێدەنگییە، شیعر زمانی جومبازە...........ھتد)، ھەموو ئەم پێناسانە جوانن بۆ شیعر، بەڵام ئێمە لەناو ھەموویاندا پێناسەی (شیعر وێنەکێشانە بە وشە)مان لا جوانتر و پەسەندە.
مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینەی ئێمە زیاتر قسە کردنە لەسەر مەجھول و دۆزینەوەی مەجھول و پەیوەندی مەجھول بە شیعرەوە . 

مرۆڤ لە رۆژی پەیدابوونیەوە لەگەڵ مەجھولدا دەژی و مامەڵەی بەردەوام یان پچڕ پچڕی  لەگەڵ مەجھولدا ھەبووە و ھەیە .بە بێ مامەڵە کردن لەگەڵ مەجھولدا ھەڵناکا و ئاسودە نابێت. بەڕای ئێمە مرۆڤ لەسەرەتای پەیدابوونیەوە تاکو ئەمڕۆ لەگەڵ چوار مەجھولدا مامەڵە دەکات, ئەمانەی خوارەوە چوار مەجھولەکەن: 

١.مەجھولی ئەفسانەیی : ئەفسانە بەشێکی گرنگی مەعریفەی مرۆڤە بە درێژایی مێژوو. مەعریفەی مرۆڤ بە ئەفسانە دەستی پێکردووە, ئەفسانە ئەو حەکایەت و چیرۆکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن خوداوەند یاخود پاڵەوانی خورافییەوە دەوترێتەوە یاخود ئەنجام دەدرێت ، بەڵام ھیچ لەو حەکایەت و چیرۆکانە ناتوانرێت لە واقیعدا جێبەجێ بکرێت و راستیەکەی بسەلمێنرێت ، لەبەر ئەوە ئەفسانە کۆمەڵێ رووداو و پاڵەوانی مەجھولی ھەیە ، مرۆڤـ بەکاریھێناوە بۆ روونکردنەوەی دیاردە و راستی، یاخود بۆ گوێ رایەڵی و ترساندن و عیبرەت وەرگرتن, ھەروەھا بۆ خۆشنودی و ئاسوودەیی ڕوحی. ئیتر ئەو پاڵەوانانە زیندەوەری خەیاڵی بن وەک ئاژەڵ و دار و درەخت، یاخود خوداوەند و کەسایەتی جیاواز کە دەسەڵاتی رادەبەدەریان ھەیە لە بەڕێوەبردن وگۆڕینی ژیانی مرۆڤ و سروشتدا. ئەفسانە ھەر بە مەجھولی دەمێنێتەوە و کەشف ناکرێت. لای خەڵکانێک ھەندێکیان پیرۆزن و گوێ رایەڵی دەبن ، لای خەڵکی تریش دەقی جوان و چێژبەخشن . بەڵام ھەندێک ئەفسانەش ھەیە بە پێی بەرەوپێش چوونی زانست پووکاونەتەوە و دەپووکێنەوە. مەجھولی ئەفسانەیی بەرھەمی خەیاڵە.

٢.مەجھولی ئایینی : مەجھولی ئایینی ، ئەو شتە مەجھولانە دەگرێتەوە کە لە ئاییندا (زەمینی بێت یان ئاسمانی) باسی کراوە, مرۆڤ رۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات وەک ( بەھەشت ، دۆزەخ ،  روح ، شەیتان ، جنۆکە ، پردی سیرات ، ژیانی پاش مردن ............. ھتد ) ئەم مەجھولانە لە کتێبی ئایینیدا باسیان کراوە و ناویان ھاتووە و پیرۆزن ، لای خەڵکی باوەڕدار بوونیان ھەیە و نادیارن، ئەم مەجھولە ئایینیانە یەکێکن لە کۆڵەکەکانی باوەڕداری. ھەموو مرۆڤ بە گشتی, باوەڕداران بە تایبەتی، مامەڵەی تەواویان لەگەڵدا دەکەن بۆ ڕێکخستنی ژیان و گوزەران و ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەیان, ھەروەھا بۆ گوێڕایەڵی و ترساندن و عیبادەت و دڵخۆشی و ئاسوودەیی ڕوحی. نابێت مرۆڤ خۆی لە قەرەیان بدات بۆ کەشف کردنیان . ھەروەھا تا ئێستا زانست نەیتوانیوە ھیچ شتێکیان لە بارەوە کەشف بکات ، ئێمە لەو باوەڕەداین، زانست، نە ئێستا و نە دوارۆژیش، ناتوانێت ھیچ شتێکیان لە بارەوە بڵێت، ھەر بە پیرۆز ونادیار دەمێننەوە. ئایین و مەجھولی ئایینی بەرھەمی عەقڵ و خەیاڵن.

٣.مەجھولی زانستی (ماددی) : مەجھولی ماددی ئەو مەجھولانەیە کە لە سروشت و مرۆڤدا بونیان ھەیە ، وەک ( سروشت بە ھەموو پێکھاتە و دیاردەکانییەوە ، جەستە و دەروونی مرۆڤ  بە ھەموو پێکھاتە و دیاردەکانییەوە) . ئەم مەجھولە ماددیانە دیار و نادیارن ، لە سەرەتای پەیدابوونی سروشت و مرۆڤەوە بونیان ھەیە ، بەڵام پێکھاتە و بۆندی نێوانیان بە نیسبەت مرۆڤەوە نادیار بووە ، مرۆڤ لە سەرەتای پەیدابوونیەوە تاکو ئێستا، لە رێگای زانستەوە، مامەڵەی وردی لەگەڵیاندا کردووە، توانیویەتی پێکھاتە و بۆندی نێوانی بەشێکیان  بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات و لە خزمەتی مرۆڤدا بە کاریان بھێنێت . ئەم مەجھولە ماددیانە پیرۆز نین و قابیلی دۆزینەوە و ھەڵوەشاندنەوە و جارێکی تر لێکدانەوە و دروستکردنەوەن ، ھەروەھا لە رێگای زانستەوە توانراوە، زۆر ھاوکێشە و دیاردە، تەفسیری جیاواز وپێچەوانەیان بۆ بکرێت ، وەک چۆن جاران وایان دەزانی خۆر بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە ، بەڵام ئەستێرەناس و فەیلەسوفی ئیتاڵی گالیلۆ گالیلی (١٥٦٤ – ١٦٤٢ز) ھات و لە رێگای زانستەوە توانی ئەو ھاوکێشەیە راست بکاتەوە کە زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە ، ھەروەھا جاران دیاریکردنی رەگەزی منداڵ لە زگی دایکدا بە شتێکی مەجھول و حەرام دەزانرا، بەڵام ئێستا لە رێگای ئامێرێکی سادەی وەک(سونار)ەوە ، دەتوانرێت رەگەزی منداڵ دیاریبکرێت. ھەروەھا دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ماددە و پێکھاتەکانی، ھۆکاری دیاردەکانی سروشت، دۆزینەوەی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ و دیراسە کردنیان، بۆ دۆزینەوە و چارەسەری نەخۆشی. بەڵام ئەم مەجھولانەی سروشت و جەستە و دەروونی مرۆڤ، بە ملیارەھان و جارێ زۆربەیان کەشف نەکراون و پیرۆز نین، لەگەڵ رەوتی بەرەوپێشەوە چوونی زانستدا وردە وردە کەشف دەکرێن و بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی وئارامی مرۆڤ سودیان لێ وەردەگیرێت. کەشفی سروشت و پێکھاتەی لەگەڵ کەشفی پێکھاتەی جەستە و دەروونی مرۆڤ بەرھەمی عەقڵ و زانستن. بەڵام لە بواری داھێنانی زانستیدا، خەیاڵ دەوری سەرەکی دەبینێت. 

٤.مەجھولی ھونەری (شیعر) : من لێرەدا تەنھا قسە لەسەر مەجھول لە شیعردا دەکەم, مەجھول لە بەشەکانی تری ئەدەب و بەشەکانی ھونەردا جێدەھێڵم بۆ نوسەر و ھونەرمەندی ئەو بابەتانە. 

مەجھولی شیعرانە کە بابەتی سەرەکی ئەم نوسینەی ئێمەیە، مەجھولێکە پەیوەندی بە  مەجھولی ئەفسانەیی و ئایینی و ماددییەوە نییە ، مەجھولێکە پیرۆز نییە و لە گەردونیشدا بوونی نییە ، شاعیر لە رێگەی خەیاڵەوە دروستی دەکات ، مەجھولێکە تایبەتە بە شاعیر خۆی ، کەسی تر بۆی نییە ئەم مەجھولە بەکاربھێنێت، چونکە ئەو مەجھولە کە شاعیر دەیخوڵقێنێت تایبەت دەبێت بە خۆی و تەنھا لای خۆی پیرۆزە ، مەجھولێکە لە واقیعدا نایەتە دی ، بەڵکو لە زەینی شاعیر و وەرگردا بەرجەستە دەبێت و چێژ دەبەخشێت، راستە شاعیر لە ڕێگای ھەستەوە سوود لە ماددە و دیاردەی سروشت ھەروەھا جەستە و دەروونی مرۆڤ وەردەگرێت ، بە دروستکردنی بۆندی تازە لەنێوان شتی ھەستپێکراوی سروشت و ژیانی مرۆڤدا، لە ڕێگەی خەیاڵەوە سروشتێکی تازەی ناواقیعی دروستدەکات، بەشێوەی وێنەی شیعرانەی بەرجەستە و ئاشنا پێشکەشمان دەکات، کە بەنیسبەت ئێمەی وەرگرەوە وێنەی تازە و چێژبەخشن. مەجھولی ھونەری (شیعر) بەرھەمی خەیاڵە.
                                                    *  *  *
ھێنانەوەی نمونە و شیکردنەوەی، بۆ مەجھولی ئەو چوار بوارەی سەرەوە، زۆرمان ھەیە بەڵام ئێمە لە سەرەوە وتمان مەبەستمان لەم نوسینە زیاتر مەجھولی شیعرانەیە، لەبەر ئەوە ھێنانەوەی نمونە و شیکردنەوەی بۆ مەجھولی ئەفسانەیی و ئایینی و زانستی ھەڵدەگرین بۆ ھەلێکی تر، ئێستا نمونە و شیکردنەوەی مەجھولێکی شیعرانەتان بۆ دەھێنینەوە.

دلاوەر قەرەداغیی شاعیر لە شیعری (ڕێبوارێکی بەربەری بە تەپوتۆزی بیابانەوە) دەڵێ :
          (دێمە بانێژەکە
          دادەنەومەوە و 
           بە چرپەیەک کە بەسەر بەفرەکەدا دەخلیسکێ
           بەزوبانێکی تەپوتۆزاوی کە خۆیشم تێی ناگەم
           ڕێبواری بەربەری بانگ دەکەم) ( ).

ئەم کۆپلە شیعرە، کە شاعیر خۆی بکەرەکەیەتی، لە چەند جووڵەیەک پێکھاتووە و بە چەند وێنەیەک دەریبڕیوە، لە دێڕی یەکەم و دووەم و پێنجەمدا، سێ جووڵە و سێ وێنە ھەیە، وێنەکان ئاسایین، وەرگر بە ئاسانی وێنای دەکا و وەریدەگرێت. 
           دێمە بانێژەکە
           دادەنەومەوە و
           ...................................
           ...................................
           ڕێبواری بەربەری بانگ دەکەم.

(ھاتن بۆ بانێژە) و (دانەوینەوە) و (بانگ کردن)، جووڵە و وێنەی ئاسایین، ڕۆژانە پیادەیان دەکەین، دەیانبینین و ھەستیان پێدەکەین. بەڵام قوڵایی بابەتەکە و داھێنان لە کۆپلە شیعرەکەدا لە جووڵە و وێنەی دێڕی سێیەم و چوارەمدایە. وە نەبێ دێڕی یەکەم و سێیەم و پێنجەم ڕۆڵیان نەبێ، چونکە تەواوی پێنج دێڕەکە بەیەکەوە، جووڵە و وێنەی کۆپلە شیعرەکە تەواو دەکەن.

لە دێڕی سێیەمدا وێنەیەکی مەجھولمان پێشکەش دەکات (بە چرپەیەک کە بەسەر بەفرەکەدا دەخلیسکێ)، چرپە دەنگە، دەبیسترێ، بەڵام نابینرێ و کێشی نییە، شاعیر وای وێنا کردووە، ھەم دەبینرێ و ھەم کێش و قەبارەی ھەیە، کاتێ چرپەکە لە دەمی دەردەچێ و دەکەوێتە خوارەوە و بەسەر بەفری بەردەم باڵەخانەکەدا دەخلیسکێ. دروست ئەم وێنەیە مەجھولە، لە واقیعدا نایەتە دی، شاعیر دروستیکردووە، لای وەرگر زۆر سەرسامکەر و چێژبەخشە.

 لە دێڕی چوارەمدا شاعیر وێنەیەکی تری مەجھولمان پێشکەش دەکا (بە زوبانێکی تەپوتۆزاوی کە خۆیشم تێی ناگەم)، زوبان-زمان-قسەکردن، دەنگە، دەنگیش دەبیسترێ بەڵام نابینرێ، شاعیر خەسڵەتی تەپوتۆزاوی داوە بە زمان، وەک بڵێی دەبینرێت، کە ئەمە دوورە لە واقیعەوە، چونکە زمان قەت ئەو خەسڵەتەی نەبووە و وەریناگرێت، دەکرێت لە واقیعدا ھەندێ خەسڵەتی تر بە زمان-قسەکردن بدرێت، وەک زمانی نەرم یاخود زمانی توند، بەپێی بەرزی و نزمی تۆن و چڕی دەنگی ئاخاوتن. بەڵام ھەرگیز خەسڵەتی تەپوتۆزاوی وەرناگرێت، چونکە دەنگ نابینرێت، لە دەمەوە دەردەچێ و تەپوتۆزاوی نییە، کە لە دەمیش ھاتە دەرەوە لە ھەوادا نابینرێت تاکوو بزانین تەپوتۆزی لێ نیشتووە یاخود نا. داھێنانی شاعیر لەوەدایە بە گۆرینی خەسڵەتی زمانەکە لە نەبینراوەوە بۆ بینراو و قەبارەدار  و دروستکردنی وێنەیەکی مەجھول، کە لای وەرگر سەرسامکەر و چێژبەخشە.

ئەم دوو وێنەیە (خلیسکانی چرپە بەسەر بەفردا) و (زوبانی تەپوتۆزاوی)، خەسڵەت و بۆندی ئاساییان تێکشکاندووە و خەسڵەتی تازە و بۆندی تازەیان دروست کردووە، شتی ناباویان کردووە بە باو، ئەم دوو وێنەیە لە واقیعدا بوونیان نییە، شاعیری داھێنەر دروستی کردوون. لە زەینی وەرگردا سەرسامی دروست دەکەن و بە چێژەوە بەرجەستە دەبن.

 ئەم دوو وێنەیە بەرھەمی خەیاڵی مرۆڤن، خەیاڵدانێکی کارا و داھێنەرانەی شاعیر دروستی کردوون.

ئەم دوو وێنەیە تایبەتن بە شاعیر دلاوەر قەرەداغی، ھی کەسی تر نییە، ھەردووکیان لای شاعیر پیرۆزن، ھەقی خۆشییەتی شانازییان پێوە بکات، چونکە موڵکی خۆیین، پێش ئەم کەسی تر دروستی نەکردوون. وەرگریش دەتوانێت بە پیرۆز وەریان بگرێت، ئەگەر وەرگرێکی بەسەلیقە بێت و خەیاڵدانێکی کارای ھەبێت.

بەپێی ئەو شیکردنەوەیەی لەسەر کۆپلە شیعرەکە کردوومانە، دەرکەوت کە شیعر کەشفی مەجھول نییە (وەک لە سەرەوە وتمان)، بەڵکو دروستکردنی مەجھولە. چونکە ئەو دوو وێنەیە لەو کۆپلە شیعرەدا وێنەی مەجھولی دروستکراون، لە واقیعدا بوونیان نییە، خەیاڵدانی شاعیرێکی داھێنەر دروستی کردوون، نەک ئەوەی لە سروشت یاخود ژیانی مرۆڤدا ھەبووبن، تا ئێستا کەس ھەستی پێ نەکردوون، دلاوەری شاعیر ھاتبێ کەشفی کردبن.

  *  *  *
زۆر جار دەوترێت شاعیر پەیامبەرە، منیش دەڵێم، بەڵێ وایە. بەڵام بە مەرجێ ئەو شاعیرە شاعیرێکی ڕەسەن بێت، خاوەن خەیاڵدانێکی کارا و داھێنەرانە بێت، بتوانێت وێنەی مەجھول دروستبکات، لە زەینی وەرگردا بە ئاسانی بەرجەستە ببێت، نەک وێنەی ئاڵۆز و ڕەق و تەق، شتی باو بگۆڕێت بۆ ناباو، شتی ناباویش بگۆڕێت بۆ باو. دروستکردنی بۆندی تازە لەنێوان شتی ھەستپێکراوی سروشت و ژیانی مرۆڤدا، کارێکی ئاسان نییە و بە ھەموو کەس ناکرێت، جگە لە شاعیر و ھونەرمەندی داھێنەر. ھەموو ئەو پەیامبەرانەی بەدرێژایی میژوو بە نەمری ماونەتەوە، ئەو پەیامبەرانەن کە مەجھولیان دروستکردووە، بۆ ھەر مەبەست و مەرامێک بێت، پەیامەکەی خۆی لەڕێگای دەقی ئەفسانەیی و حەکایەت و وێنەی مەجھولەوە گەیاندووە، خۆی و پەیامەکەی بە نەمری ماونەتەوە. بەڵام ئەو پەیامبەرانەی نەیانتوانیوە دەقی ئەفسانەیی و حەکایەت و وێنەی مەجھول دروستبکەن، خۆیان و پەیامەکانیان لەبیرکراون، مەگەر لە کتێبی مێژوودا باسبکرێن.

شاعیری ئەمڕۆ ئەرکێکی قورسی لەسەرە، کە دەبێت ڕۆڵی پەیامبەر ببینێت، شیعرێکمان بۆ بنوسێت پڕ بێت لە وێنەی مەجھول و پەیامی خۆی بگەیەنێت, بە پێچەوانەوە حسابی شاعیری پەیامبەر و پەیامداری بۆ ناکرێت و لەبیردەچێتەوە.

 مەجھولی ئەفسانەیی و مەجھولی ئایینی ماون و کاری خۆیان دەکەن و بەردەوامن، لە ھەموو جیھاندا خەڵکێکی زۆر پابەندن پێیانەوە و پەیڕەویان دەکەن. بەڵام لای ھەندێ خەڵکیش کاڵ بوونەتەوە، لای ھەندێ کەسیش بیریان لێناکرێتەوە. 

 ئەمڕۆ بەھۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیاوە، دروستکردنی ئەفسانەی تازە و ھاتنەکایەی ئایینی تازە، کارێکی زەحمەتە و دەتوانین بڵێین مەحاڵە. مەجھولی ئەفسانەیی و ئایینی، ھەزاران ساڵە ھەن، دەقی خۆیان وەرگرتووە و بەکاردەھێنرێن و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت، دەتوانین بڵێین خەریکە ببنە شتێکی ئاسایی و سادە، بەڵام پیرۆزن، خەڵکانێکی زۆر پێیانەوە پابەندن. ژیان بەردەوام لە گۆڕاندایە، زانست و تەکنەلۆجیا بەردەوام لە پێشکەوتندایە، مرۆڤی ئەمڕۆ، ڕۆژ بە ڕۆژ ھەست بە نامۆبوونی زیاد دەکات، بۆیە مرۆڤ پێویستی بە مەجھولی تازەیە، وەک لە سەرەوە وتمان بەبێ مەجھول ھەڵناکا و ناسرەوێ، بەردەوام پێویستی بە مەجھولی تازەیە بۆ چێژ وەرگرتن و ئاسوودەیی روحی. ئەرکی شاعیر و ھونەرمەندە، کە ھەمیشە مەجھولی شیعرانە و ھونەرییانەی تازەی پەتی بۆ مرۆڤ دروستبکەن، تاکو ھەتی نامۆیی کەمبکاتەوە یاخود لێی ڕزگار ببێت، ھەست بە ئارامی و دڵخۆشی  بکات و روحی ئاسوودە بێت.

پوختەی مەبەستی بابەتەکەمان بە چوار خاڵ، بەم شێوەیەی خوارەوە کۆتایی پێ دەھێنین:
١. ئەفسانە: بەرھەمی خەیاڵە، دروستکردنی مەجھولە.
٢. ئایین: بەرھەمی خەیاڵ و عەقڵە، دروستکردنی مەجھولە.
٣. زانست: بەرھەمی خەیاڵ و عەقڵە، کەشفی مەجھولە.
٤. ھونەر (شیعر): بەرھەمی خەیاڵە، دروستکردنی مەجھولە، نەک کەشفی مەجھول.


                                                                                سلێمانی/ تەموزی ٢٠٢٠


ڕیکلام