ئارام کاکەی فەلاح: من چوومەتە ماڵی دۆسۆێڤسکی لە سانپیترسبۆرگ

  2021-03-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ساڵانێکە تەنیا وەک نووسەر ناسراوە، بەڵام ئەمجارە وەرگێڕانی کردووە

سازدانی: داستان

ئارام کاکەی فەلاح نووسەرێکی کوردە، کە لە ھەریەک لە بوارەکانی چیرۆک و ڕۆماندا کار دەکات، ئەو یەکێک بە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی نەوەی پاش ڕاپەرین ھەژماردەکرێت و تاکو ئێستا چەند ڕۆمانێک و چەندین کۆمەڵەچیرۆکی چاپ کردووە، بەڵام لە نوێترین کارییدا ئارام دوو چیرۆکی نووسەری ڕووسی دۆسیۆڤسکی زمانی کردۆتە کوردی، سەبارەت بەوکارەی و نوێتری کارەکانی دیکەی لەم دەرفەتەی تۆڕی ھەواڵی ژیاندا ئەو نووسەرە دەدووێنین:

ژیان: تۆ ساڵانێکە وەک نووسەرێکی بەرچاو لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا کار دەکەیت، چۆن بوو ئەمجارە بیرت لە وەرگێڕان کردەوە؟

ئارام کاکەی فەلاح: لە ڕاستیدا من بیرم لە وەرگێڕان نەکردەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە وەرگێڕان ئەمجارەیان بیری لە من کردەوە. با خۆم ڕوونتر بکەمەوە تا خوێنەر وا نەزانێت مەدحی خۆم دەکەم. چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە. کاتی خۆی ھاوڕێی ئازیز ھەڵکەوت عەبدووڵا لە دانیمارک بوو، لە گەڵ دەرکردنی گوڤاری یەکگرتندا گۆڤارێکی تریشی دەردەکرد بەناوی دەروازە، ھەرچەند ژمارەیەکی کەمی لێدەرچوو، ئەمیان تەواو تەرخان کرابوو بۆ تێکستی وەرگێڕاو.ھەڵکەوت پیاوێکی خەمخۆر بوو، کاتی خۆی ئێمە لەشام بووین،چاوەڕوانی سەفەرکردن بووین، لە دانیمارکەوە ھات بۆ لامان تا خۆیمان پێ بناسێنێت و پشتگیری بکەین لە گوڤارەکەیدا. ئێمە چەند کەسێک بووین لەوێ، سەرەتای نووسینمان بوو، من تازە دەستم کردبوو بە چیرۆک نووسین و لەملاو ئەولا چیرۆکم بڵاو دەکردەوە.ئیدی لەوێوە چووم بۆ خارکۆف لە ئۆکراینا بۆ خوێندن. دوای سێ ساڵ چووم بۆ سوید و لەوێ نیشتەجێ بووم، ھەموو جارێک  بە ناردنی بابەت ھەوڵم دەدا پشتگیری گۆڤاری یەکگرتن بکەم، کاتێ لە پاڵیشیدا گۆڤاری دەروازە دەرچوو، بیرم لە وەرگێڕانی چیرۆکێکی درێژی دۆستۆێڤسکی کردەوە (خەونی مرۆڤی پێکەنیناوی)، من بە ڕووسی چیرۆکەکەم ھەبوو، زۆرم لاجوان بوو، بۆیە ھەر کاتی خۆی وەرمگێڕا و لە دەروازەدا بڵاوکرایەوە، ئەمە سەرەتای نەوەدەکان بوو. دوایش جارێکی تر لە گۆڤاری سەردەمدا بڵاوکرایەوە بەو پێیەی خوێنەرێکی زۆر نەیانبینیبوو. ماوەیەک پێش ئێستا لە تۆڕە   کۆمەڵایتییەکان بینیم کەسێک نازانم لە چ زمانێکەوە وەریگێڕا بوو بەناوی خەونی مرۆڤی گاڵتەجار، لە تێکستە ئۆرگیناڵەکەدا وشەی (سمیشنۆی)، بەمانای گاڵتەجار نایەت، لە ڕووسیدا سمیشنۆی کەسێکە خەڵک بە قسەکانی زیاتر پێدەکەنن  وەک جێگای گاڵتەپێکردن بێت، بەڵام کە سەیری تێکستەکەم کرد، سەیرم کرد تەواو وەرگێڕانەکەی منی بردووە و بەناوی خۆیەوە دایناوە و جار جارلەم لاو ئەولا وشەو ڕستەی لێ گۆڕیوە. بۆیە ھاوڕێی ئازیزم  کاک ئارام سدیق پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەو چیرۆکە وەک نامیلکەیەک بڵاو بکاتەوە ھەتاکو نەدزراوە. بۆیە وەرگێران ئەمجارەیان بیری لەمن کردبێتەوە ھاتم و ئەونۆڤێلەتەی ترم بۆ زیاد کرد تا ببێ بە کتێبێکی تەواو.

ژیان: لەناو ئەو ڕێژە زۆرە لە نووسەرانی دیاری جیھان،  چی وای کرد کە دوو بەرھەمی نووسەری ڕووس(دۆستۆێڤسکی) وەربگێڕیت.

ئارام کاکەی فەلاح: من ئەم نووسەرەم زۆر خۆشدەوێ، تەنھا وەک ڕۆماننووس لای ئێمە ناسراوە، بۆیە حەزم کرد وەک چیرۆکنووسێکیش بیناسێنم. من چوومەتە ماڵی دۆسۆێڤسکی لە سانپیترسبۆرگ کە کراوە بە مۆزێ، چوومەتە ئەو ژوورەی برایانی کارامازۆڤی لێ نووسی، سەرمێزی نووسینەکەیم بینیووە، لەسەر مێزەکەی سەعاتێکی لێیە، کاتێ دەمرێ ئاننای ژنی کاتژمێرەکە بۆ ئەبەد ڕادەگرێ، خۆشەویستی خۆی بەو شێوەیە دەربڕێوە کە دوای مردنی مێردەکەی دونیا ئیدی وەستاوە. من کە ژنم ھێنا، لەوێ کڵتوورەکەیان بەو جۆرەیە کە دەکرێ لە رۆژی ژنھێنان و شووکردندا کەسێک ھەڵبژێری تا گوڵی بۆ ببەیت، من دوستۆێڤسکیم ھەڵبژارد و ئەو رۆژە گوڵمان بردە سەر گوڵکۆکەی. من لە زانکۆ لەبارەی ئەم نووسەرە بە ڕووسی نووسیوومە، بۆیە بێکوتایی دەتوانم من لێرەدا باسی ئەوە بکەم چی وای لە من کرد ئەم نووەسەرە ھەڵبژێرم.

ژیان: پلانت ھەیە درێژە بە کاری وەرگێڕان بدەیت و لە داھاتوودا کاری زیاتر لەو بوارەدا بکەیت؟

ئارام کاکەی فەلاح: نا بڕوا ناکەم، من وەرگێڕ نیم و وەرگێڕان کارێکی زۆر پرووکێنەرە، تا مرۆڤ خۆی کتێبێک زۆر دڵسۆزانە وەرنەگێڕێت نازانێت لەبەردەم چ شاخێکدا وەستاوە. وەرگێڕان تەنھا وەرگێڕانی وشە نییە، گەر وا بوایە زۆر ئاسان دەبوو، ھەر ئەم کتێبە بگرە بە دەستەوە بە پەراوێزی زۆردا کە بۆم نووسیووە بۆت دەردەکەوێ کە چەند بەدوای وشەکاندا گەڕاوم و ڕوونم کردوونەتەوە. گەر زۆر مەجبوور نەبی لە زمانی دوومەوە تێکست وەرمەگێڕە، چونکە زۆر ھەڵە دەکەوێتەوە، وەرگێڕان تەنھا و تەنھا لەزمانی یەکەمەوە دەبێت، لەو زمانەوە کە نووسەرەکە پێی نووسیووە. لەوێوە دەتوانی رۆحی وشە و رۆحی مانا بگوازیتەوە. بۆ نموونە بەرگی کتێبەکە، تابلۆیەکە کە دۆستۆێڤسکی زۆری لا جوان بووە و من لە پەراوێزدا باسم کردووە. کە زمانی دۆستۆێڤسکی بە ڕووسی دەخوێنیتەوە ئەوسا دەزانی ئەم نووسەرە چۆن بیری لەڕستە و وشەسازیی کردۆتەوە، بۆ نموونە وشەی (ژێی) زۆر بەکارھێناوە، ئەم وشەیە لە زمانی ڕووسیدا وەک پاشگرێک بەکار دێت بۆ تەئکید کردن، لە زۆربەی ڕستەکاندا بەتایبەتی لە دیاڵۆگەکاندا بەکاری ھێناوە، وەک کە دەڵییت: یا نیزنایۆ، بە مانای من نازانم، بەڵام ئەو دەنووسێ یا ژێ نیزنایۆ، ھەردووکیان ھەمان مانا دەدەن بە دەستەوە، بەڵام ئەوەی دوومیان زۆر تۆختر و قورس تر دەکەوێتەوە.دەبێ بە ئاخر من نایزانم.، یان دە من نایزانم. ئەمە بریتتە لە وەرگێڕانی رۆحی وشەکە و تەنھا لە زمانی یەکەمەوە دەیبینی .لە چیرۆکی ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا باسی ھەندێ ئیش دەکات کە سەد ساڵێکیشە ھەر نەماون و دەبوایە من پشکنینی بۆ بکەم تا بزانم چییە، دەبێ وەرگێڕ کوڵتوور و مێژووی ئەو وڵات و زمانەش بزانێت کە لێوەی وەردەگێڕێ دەنا زۆر شت بە نووقسانی دەمێنێتەوە. بۆ نموونە لە شوێنێک کاراکتەری ژەنەڕاڵ بۆ تەوقە کردن ھەموو دەستی دەدا، نەک دوو پەنجەی، لە سەردەمی دۆستۆێڤسکی دا خەڵکی دەوڵەمەند تەنھا بە دوو پەنجە تەوقەیان لەگەڵ خەلکی ھەژاردا دەکرد، تۆ گەر نەگەڕێیتەوە بۆ ئەو کلتوور و مێژووە تەنھا وەریدەگێڕی و خوێنەریش دەیخوێنێتەوە و نازانێ بۆ بەو جۆرە تەوقەیان لەگەڵ یەک کردووە. ئەمانە تەنھا چەند نمونەیەکی کەم بوون وەک چەند دڵۆپێک لە دەریایەک. 

پرسیار: سەبارەت بەوەی ناوی خۆت وەک وەرگێڕ لەسەر بەرگی کتێبەکە دانەناوە، قسەی جۆراوجۆر دەکرێن، قسەی خۆت لەو بارەوە چییە؟ 

ئارام کاکەی فەلاح: دەزانی چی ئازیزم، ھەندێ لە وەرگێڕەکان ھاوڕێی زۆر نزیکی منن، بۆیە لەم بارەوە ھەرچییەک بڵێم ڕەنگە خراپ بکەوێتەوە. بەڵام من خۆشەویستیم بۆ کاری ئەدەبی وام لێدەکات بڵێم کە من خۆم وام پێ باشە، وەرگێڕ وەک رێزێک بۆ نووسەر ناوی خۆی لەسەر بەرگ نەنووسێ، کە بڵآویشی کردەوە، ئیمزانی لەسەر نەکات، چونکە کتێبی خۆی نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە وەرگێڕی ئازیز لەگەڵ کتێبەکەدا ماندوو نەبووە، ئەوە ناگەێنێ بۆ وەرگێڕانەکەی  دڵسۆز نییە و و ڕێزی نووسەرەکەی نەگرتووە و ھەزار شتی تریش. بێگومان ئەوە نەک تەنھا لەناو کوردا، بەڵکو لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ناوی وەرگێڕ لەسەر بەرگ دادەندرێت،بەڵام من ئەوەم پێ باش نییە حەز دەکەم بیگۆڕم، ئەوەی زمانێکی ئەورووپی دەزانێت و پێ دەخوێنێتەوە، دەزانێ من باسی چی دەکەم. ھیوادارم ئەم ھەنگاوە سەرەتا بێت و ھەنگاوێکی پۆزەتیڤ بێت، دوا جار کێ پێ خۆشە با داینێ و کێش پێی خۆش نییە با داینەنێت، ئیتر لەوە زیاتر نییە. دەزانی ئازیزم! لە ناو میللەتە زیندووەکاندا ئەم ڕووداوانە دەبنە مایەی وتووویژی زۆر بەرین و فراوان و ڕاگۆڕنەوە و گوێگرتن لەیەکتر، بەڵام لای ئێمە تەنھا دڵگەرمیی و زویربوون و دڵشکانی لێدەکەوێتەوە.

پرسیار: چۆن دەڕوانیتە ئەو شەپۆلە تووندەی وەرگێڕان لە دونیای ڕۆشنبیری کوردیدا؟

ئارام کاکەی فەلاح:  لە ڕاستیدا بەوەی من لە وڵات ناژیم، زۆر ئاگام لە وەرگێڕانی کوردی نییە و بەدەستم ناگات. بەڵام ئەوەی بەھۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیبینم، پێم زۆر باشە و کتێبێکی زۆری وەرگێڕان دەکەوێتەوە بازاڕەوە و بۆ ئەو کەسانەی تەنھا زمانی کوردی دەزانن ھەواڵێکی خۆشە چونکە ئیدی ڕێگایەکی تریان نییە بۆ خوێندنەوە، بۆیە خوێنەر ھەتا گەنجە ھەوڵ بدات زمانێکی زیندوو یان دوان فێر بێت و بە چەند زمانێک بخوێنێتەوە، با ھەر لەناو یەک زماندا قەتیس نەبێت. یەک زمانی وەک زیندان وایە مرۆڤ ھەوڵ بدات بە زووترین کات لێی بێتە دەرەوە. وەک ئەوە وایە تۆ لە ھەموو ژیانتا تەنھا یەک خواردن بخوێت، ئەوەش مرۆڤ وەرس دەکات و نایەڵێت زۆر پێشکەویت.

پرسیار: تازەترین بەرھەمی خۆت لە ئەدەبیاتدا چییە؟ 

ئارام کاکەی فەلاح: بێگومان من ھەمیشە خەریکی نووسینی چیرۆک و ڕۆمانم و ئیدی تەواو دەبن و تەواو نابن و  دەیاندڕێنم و سەرلەنوی دەست پێدەکەمەوە، بەو شێوەیە نووسین  ژیانی منی بردووە بۆ خۆی و جار جارە بۆ پیاسەیەک، بینینی کاریتەی کچم سەفەرێک  دەمداتەوە و ھیچی تر. بێگومان من وەک مامۆستای ماتماتیک ھەشت سەعاتێک ئیش دەکەم و ئێوارە کاتێک دەگەڕێمەوە، خەریکی خوێندنەوە و نووسینی خۆمم. ماوەیەک پێش ئێستا ھەموو چیرۆکەکانم لەیەک بەرگدا کۆکردەوە و پێم خۆشە ھەموویان پێکەوە چاپ بکەم.


ڕیکلام