کازمی: گەندەڵی لە فرۆشتنی دراوی بیانی بووە بەشێک لە مێژوو

  2021-03-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتدا داوای لە وەزیرەوکانی کرد، هەڵەی حکومەتەکانی پێشوو دووبارە نەکەنەوە، ئاماژەیەی بەوەشکرد، چیتر ڕێگە بە گەندەڵی لە فڕۆشتنی دراوی بیانیدا نادەن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەکەدا ڕایگەیاند، پێویستە وەزیرەکانی ئەم کابینەیە هەڵەی حکومەتەکانی پێشووتر دووبارە نەکەنەوە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییە ستراتیژییەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەشێوەیەکی بیرۆکراسی مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا نەکەن، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی پەکخستنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، وڵات بە چەندین قەیراندا تێپەڕ دەبێت و چەندین هەوڵیش هەیە بۆ پەکخستنی کاری حکومەت.

لە بەشێکی تری وتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، سەرکەوتوو بوون لەوەی نەهێڵن وڵاتەکە لە ڕووی ئابوری و داراییەوە هەرەس بهێنێت، لەو ڕووەشەوە هەنگاوی گرنگی چاکسازییان ناوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەشکردنی پەڕەی سپی.

مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، گەندەڵی لە فرۆشتنی دراو کە ناوبانگێکی خراپی هەبوو لە عێراقدا ، بووە بەشێک لە ڕابردوو.

جەختیشیکردەوە، لە ئێستادا قەبارەی کەڵەکەبوونی پەدەگی دراوی بیانی گەورە بووە، بەشێوەیەک بە بڕی ٤ ملیار دۆلار زیادیکردووە، دوای ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی حکومەت دەکرا، کە گوایە هۆکار بووە بۆ ئیفلاسپێکردنی یەدەگی دراوی عێراقی.



ڕیکلام