ترسی نووسین

  2021-03-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەدەبیات و ئەوانی تر

سمکۆ محەمەد 
ئەوانی تر بەنیسبەت کۆمەڵگەوە کە پێکھاتەکانی ترە، واتە ئەو گروپانەی کە بەکەمینە ناوزەد کراون، کەمینە تێرمکی ناحەزی ئەدەبیی و کۆمەڵناسی سیاسییە، تێرمێکە لەدەربڕینەکەدا روحیەتی رەگەزپەرستی پێوە دیارە، بەوپێیەی کە ھیچ ھێزێک تاقانە نییە، ھیچ ھێزێکیش ناتوانێ ئەو باڵانسە لەنێوان خۆی و ئەوانی تر بکات، چونکە ھەر کەس بەھەر بیانوەکەوە بێت و بەھەر پرنسیپێکەوە بێت، بەرپرسیارێتی ئەخلاق کەوتۆتە سەر شانی و ناتوانێ لێی دەربازبێت، لێرەوەیە کە ناکرێ پەراوێزخستن لەپێناو باڵانس کردندا بەکردەیەکی نێوەندگیری دابنێین، منەکانیش کە ھەمیشە گشت ململانێی لەسەر دەکرێ، وەزیفەیەکە بۆ خاوەن ئایدیۆلۆژیەکان تا ئەو پەڕی موقەدەس.   
زانیمان کە ئەوانی تر شوناسێکە زۆرینە بۆ ئەو پێکھاتە و گروپە کۆمەڵایەتییە ئایینیانە بەکاری دەھێنێ کە لەنێو زۆرینەیەکی نەتەوەیی، یان ئایینی و یان سیاسی دەسەڵاتدارێتی زاڵ دەژین، زۆرینەی زاڵیش واتە ئەو خەڵکەی کە بەسەر ئەوانی دیکەی نەتەوە و ئاین و پێکھاتەکانی ترەوە، لەدەرەوەی یاسا خۆیان سەپاندووە، بۆیە دەڵێم تێرمەکە ناحەزە، چونکە ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەک کەمینە یان زۆرینە نییە، تاکو ئەوانەی کەم لەرووی ژمارەوە، لە ئاست زۆرینەدا بەرووە چەندایەتییەکەی بخوێنرێتەوە، نەتەوە و پێکھاتەش بەژمارە ناپێورێت، مەگەر پێوەرەکە بەعەقڵ و لۆژیکی دواکەتووانەی سیاسیی کاری پێبکرێت. 
ئەدەبیات و کولتوور
ھەموو نەتەوە و پێکھاتەیەک مێژوو و کولتوور و ئەدەبیاتی تایبەت بەخۆیان ھەیە، دوورنییە ئەدەبیاتی ئەوان خاوەندارێتییەکەی رەسەنتر بێت، بۆیە گومان دەکرێت خوازرابێت یان دزرابێت و بۆ نەتەوەی دیکە بەکارھاتبێت، بۆیەش ئەو داستان و حیکایەت و ئەدەبیات و کولتوورانەی کە بنەماکانیان دیارنین، چونکە یەکلایی ناکرێتەوە، دوور کەوتنەوە لەو خاوەندارییەش پەیوەندی بەترسی پێکھاتەکانەوە ھەیە لەزۆرینە، لەکاتێکدا پێکھاتەکانی دیکە کە گوایە کەمینەن، بە مێژوو و کولتوور و ئاسەوار و ئەدەبەکەیانەو دیارە کە لەمێژووی پێش خۆیان وەریانگرتووە، بۆیە پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکان لەرووی چۆنایەتییەوە تەماشا دەکرێن، نەک چەندایەتی، کەوابوو ئەم جۆرە لەخوێندنەوە بۆ ھەموو پێکھاتەیەک بەناونیشانی کەمینە، کارێکی کردووە کە ئەو تێرمە لەھەموو دونیادا جێگەی رەخنەبێت و ناونیشانی راسیزم وەربگرێت، ئەمە کورت بینی و تاک رەھەندییە بۆ زۆرینەکان، ھەروەھا پێشێلکردنی مافی ئەدەبی ئەوانە کە ئەم ستایلە لەدونیای ھاوچەرخدا نەماوە، بۆیە قسەی من لەسەر ئەم لایەنە، بەشێکی بابەتەکەیە وەکو مافی ھاوڵاتی بوون، بەڵام بەشە گرینگەکەی مەسەلەی ئەدەبیاتی ئەو پێکھاتانەیە کە لەھەندێک وڵاتی دواکەوتوو، لەئاستی کارگێری حکومیدا گرینگی بەزمان و مێژوو و کولتوور و نەریتەکانیان نادرێت، ھەر ئەو رەھەندەشە کە کۆمەڵگە لەژێر ئەو کاریگەرییە نیگەتیڤە، گرینگی بە مێژوو و کولتوور و شوناس و کولتوور و ئەدەبیاتیشیان نادرەن کە ئەمە کەلێنێکی فکری و مەعریفییە بۆ منداڵان، ئەم حاڵەتە لەھەموو کونجێکی دونیا ھەیە ھەر جوگرافیایەک بەتایبەتمەندی خۆی و بەرێژەیەکی کەم، بەڵام لە لەکوردستان بەھەر بیانوویەکەوە بێت جیاوازی و پەراوێزخستنەکە ھێندە زەقە، زیاتر ھەستی پێدەکرێت، ھەم کۆمەڵگەکە لەنێو سیستمدا نەژیاوە تاکو جیاوازی نەکاتە پێوەر، ھەم حوکمڕانییەکەی سیستماتیک نییە.  
بەرلەوەی ئەم ھاوکێشەیە لەنێو سیاسەت بھێنینە دەرەوە و راستەوخۆ وەکو بابەتێکی ئەدەبی سەربەخۆ تەماشا بکەین، دەبێ ئەوە بەبیر خۆمانی بھێنینەوە کە پێشتر لەسەردەمی سەرکوتکردنی کەمینە لەلایەن زۆرینەوە لە رۆژئاوا ھەبوو، باشترین نموونەش بەکەم تەماشاکردنی زمان و کولتوور و فەرھەنگی جووەکانی ئەوروپا بووە، داستانی گلگامش کە کۆنترین تێکستی ئەفسانەییە و پێشتریش کلیلە و دیمنە و پاشان فاوستی گۆتێ و دواترین تێکستیش کە ھاوکوفی ئەو تیکستانەیە بەھای کلاسیکیان ھەیە، وەکو ئەوەی کافکای نوێخوازە کە لەتێکستی ئامریکا زیاتر ھەستی پێدەکرێت، لەکاتێکدا کافکا یەکێک لەو ئەدیبە بەناوبانگانەیە لەرێگەی ئەدەبەوە تەعبیری لەم حاڵەتە نائاساییە کردووە کە زۆرینە بەچاوی کەم تەماشای پێکھاتەکانی دیکە دەکات، وەختێک کافکا باس لە کوڕ و باوک دەکات کە خەیاڵێکی ئۆدیبی ییە، ھەروەک چۆن لە ھاملێتی شکسپیریشدا ھەمان کێشەی نێوان دەسەڵات و بێدەسەڵات دەبینین، لێرەوە تێدەگەین کە ئەم ئەدەبەی بەناو کەمینە لەزۆربەی دونیادا وەکو گرێیەکی دەروونی سیاسی، بۆتە گرێ کوێرە، چۆنکە کەمینەکان بەھۆی ستەملێکردنیانەوە، بەشێک لە دیکۆمێنتەکانیان لەناو چووە و لەترسان نەیانتوانیوە کۆی بکەنەوە، تائێستاش وەکو پاشکۆی ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە تەماشا دەکرێت. 
پراوێزخستنی بەئەنقەست 
پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی ئەدەبی کەمینە لەدونیای کوردیدا کە بەئەنقەستە، پشگوێخستنی ئەدەب نییە بەتەنھا، بەڵکو ھەژارکردنی نەتەوەیەکە لەسەلماندنی بوون لەرابردوو، بۆ نمونە ئەوەی لە کوردستان ھەیە، چەندین سیمبولی کۆنە کە تائێستا نەناسراون، نەناسینی سیمبولەکانی وەک لاماسۆ و سامورای و عەشتار لەلایەن کریستیانەکانەوە، لالش و کەڵەشێر وەکو دوو سیمبولی پیرۆزی ئێزیدی و کاکەیی کە ئەدەبیاتیان لەپشتەوەیە و خەڵکی بەگشتی شارەزاییان لەبارەیانەوە نییە، ھەموو ئەمانە پەیوەندیان بەخێرا نەبوونی ئەو ئەدەبیاتەوە ھەیە کە لەرێگەی زمانێکی نا زیندووی نەناسراوەوە خۆی پێشکەش نەکردووە، بەشێک لەو پانتاییەی کە نەک ھەر ئەدەبی ئەو کەمینانەی پاشخستبوو، بەڵکو گورزێکی کوشندەی لە ژیانی کۆمەڵایەتیشیان دابوو، ئەوەی ئێستا لەکوردستان دەبینرێت و کوردەکان بەھۆی نەخوێندنەوە و بەھۆی لەبەرچاو نەگرتنی کولتوور و ئەدەب و دیکۆمێنتە مێژووییەکانیانەوە، ئەدەبەکەشیان پشگوێ دەخەن و نایان خوێننەوە. 
باشترین سەلمێنەری دیاردەی ستەمی ئەدەبی و زمانەوانی، ئەوەیە کەس شیعر یان چیرۆک یان گۆرانی یان موزیک و کولتووری کلد و ئاشوری و سریانی و پێکھاتەکانی دیکە نازانن و گوێیان لێناگرن، ئەمەش ھۆکاری جیاوازی خۆی ھەیە، یەکەم ئەوەیە کە زمانەکەیان ھەم تێکەڵ بە زمانی زاڵی کوردستانی نەبووە و بگرە لە زمانی عەرەبی نزیکبۆتەوە وەکو ئەلتەرناتیڤ، ھەم تێکەڵ بەفەزای گشتی نەبوونە وەکو پێکھاتەیەک پێگەیان ھەبێت و مۆری موڵکیەتی خۆیان لەو بەرھەمانە بنێن کە تایبەتی خۆی ھەیە، تاکو کاریگەری ھەبێت لەسەر ئەوانی تر، لەھەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە کورد بەناڕاستەوخۆ دان بەوانی تردا نانێت، نموونەش ئەوەیە کە لەناوەندەکانی خوێندنی میتۆدی و قوتابخانە و تادەگاتە کۆلێژەکان، ھیچ نەوەیەک لەسەردەمی کۆنەوە تا ئێتا شارەزایی لەمێژووی ئەو ئایین و ئەدەبیات و کولتوور و مێژووانە نییە کە بەناو کەمینەکان خاوەنیانن، ئەم نەریتە خراپە لەنەریتی عەرەبەوە وەرگیراوە کە ھەموو نەتەوە و کولتوورەکانی دیکە بە پاشکۆی خۆیان دەزانن، باشترین بیانووشیان ئەوەیە کە ئایینەکەیان نسخ بووە و ئایینی ئیسلام لەسەرووی ھەمووانەوەیە، کەواتە پەراوێزخستنیان کارێکی سیستماتیکی و شەرعییە.
بۆچی دەمەوێ باسی ئەو ترسە نەگوتراوە بکەم کە لەناخی ھەموو تاکێکی پێکھاتەی ئایینی یان نەتەوەیی یان ئاینزایی دا ھەیە کە نازناوی کەمینەیان بەسەردا سەپاوە، چونکە لەدونیادا بەھۆی نەمان و یاساغکردنی فکری راسیزم و شۆڤێنیزم کە بنەمای نییە و تەنھا بانگەشەیە، بەکەم تەماشاکردنیان و دوورخستنەوەیان لەپێگەی چالاکی ھەمە چەشنەی خۆیان، لەژێر عینوانی کەمینە پێناسەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیان بۆ دەکرێت، ھەروەھا زاڵ بوونی گوتاری ئایینی زۆرینەکان کە دەسەڵاتدارن، جۆرێکی تری وەبەرھێنانی دەسەڵاتی جەماوەرییە بەسەریاندا، بۆیە ھەمیشە ترسی لەناوچونیان لەلا درووست دەبێت، لەناوچون بەمانای پەراوێزخستنیان تاڕادەی ئەوەی بەناڕاستەوخۆ شوناسیان لێوەردەگیرێتەوە لەناو قەوارەی دەوڵەت، یان ھەرێمە بچووکەکان، بەڵام زۆرینە ئەوە نازانن کە ھەوڵەکەیان نەزۆک و لۆکاڵییەو تەنھا خۆیان دەیبینن، نازانن لەئاستی دونیادا ئەدەبیاتەکانیان چونکە رەسەنایەتیان ھەیە، ھەم وەردەگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا، ھەم وەکو تێکستی سیحراوی لەدۆخی داخراوەوە رزگار دەکرێن بۆ دۆخی کراوە ک ئەمە لەو شۆرشەوە بەرھەمدێن کە نیازی بەکۆمەڵگەی کراوە ھەیە. 
وەکوو گوتمان بابەتی پێویست و مێژوو و کولتوور و ئایین و ئەدەبیاتیان، لەمیتۆدی خوێندنی قوتابخانەکان ناخوێنرێن، تاکو نەوەی نوێ شارەزایان بێت، بۆیە ھەر کۆمەڵگەیەک لەبنەرەتەوە واتە لەنەوەکانیانەوە ھەوڵی ناساندنی پێکھاتەکانی دیکە نەدەن، دەرەنجام نەوەیەکی نەخوێندەوار و توندڕەو و نەشارەزا دەردەچێت لەبارەی مێژووی ھاوبەشی نەتەوەکانی وڵاتەکەیان کە پێکەوە دەژین. 
(پێیەر بۆردیۆ) کۆمەڵناسی ناسراوی رۆژئاوایی، لەبارەی کەمینەکانی دونیاوە باسی ترسێک دەکات کە ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەئاکاری زۆرینەوە ھەیە، ئەو پێکھاتانەی بەکەمینە ناسراون لەبەرامبەر زۆرینە، ئەمە بەشێکی ئاکار و بەشێکی گوتاری زاڵی ئاینیی درووستی کردووە، بەشەکەی دیکە کار نەکردنە بە لۆژیک. (چونکە ئەوان ھەر شتێک بکەن خزمەتی ئەوانی ترە و کاتێکیش خزمەتی ئەوانی تر دەکەن، ئەگەر بزانن و شارەزایانە کارەکە بکەن، ئەوا خزمەتی خۆیان دەکەن). بەڵام ئەمە ئێستا پێچەوانەوە بۆتەوە، چونکە ململانێکان پانتاییەکی گەورەترییان داگیر کردووە لەدوو رەھەندی جیاوازەوە، یەکەمیان رەھەندی شارەزابوون لە ئەوانی دیکەی ھاونیشتمانی، رەھەندی دووھەم ھاوبەشیکردنی سیاسەتە کە ململانێکە سیفەتێکی کۆمەڵایەتییەوە دەگوازێتەوە بۆ چینایەتی، چونکە سەرەنجام پێکھاتەکان لەترسی زۆرینەکان دەترسن گوتاری سۆسیۆ سیاسی و فەرھەنگی خۆیان بەیان بکەن، ھەروەھا لەرووی فۆرمەوە بزر دەبن، بۆیە نەتەوە و کەمینەکان لەنێو چینە باڵادەستەکان بزربوونە کە خاوەنی گوتاری زاڵن. 
ململانێی کۆمەڵایەتی 
لەھەموو ئەو جوگرافیایانەی کە پێوەری زۆرینە و کەمینە کاری پێدەکرێت، ھەست بەجۆرێک لە ململانێی کۆمەڵایەتی دەکرێت، چونکە ھەم لەرووی جوگرافییەوە پەراوێزخراون و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ زۆرینەکان قەدەغەیە، ھەم نەریتەکەیان بەسووک تەماشا دەکرێت کە ئەمە بەشێکە لەجەنگە نادیارەکە، ھەوڵێکیشە بۆ بچووک کردنەوەیان، چونکە خوێندنەوەیان بۆ ناکرێت، ئەگەر ھاتوو ئەم ململانێیەش بگوازرێتەوە بۆ کایەیەکی دیکە کە کۆمەڵناسیی نوێیە، لەبارێکی دیکە کێشەی چینەکان دەسڕێتەوە لەسەر شانۆی سیاسی کە ئەم گورزە زیاتر لە چینی ھەژار دەدرێت، ئەویش ئەوەیە کە دواتر وەک چۆن بزربوون لەناو کایەی کۆمەڵایەتی، ئاوھاش بزر دەبن لەنێو ھاوکێشەی سیاسیدا، لەم ھاوکێشە ئابوری و سیاسییەوەیە، دەبینین زۆرینە نەک ھەر دان بەئەدەبیاتی کەمینەدا نانێن، بەڵکو دان بەبوونی کۆمەڵایەتیشیاندا نانرێت، تێکەڵبوونیان لەرووی کۆمەڵایەتییەوە وەکو حەرام تەماشا دەکرێت، خۆ ئەگەر کوڕ و کچێک پەیوەندییان پێکەوە ھەبێت، ئەوا یاسایەک نییە رێگەیان پێبدات ھاوسەرگیری بکەن، ئەمە جگە لەوەی سیقەیان بە زۆرینەکە نییە، چونکە لەرێگەی یاسا و رێسا و گوتاری زاڵی ئایینییەوە غەدریان لێدەکرێت، سەرەنجام ئەو حاڵەتە ترسی لەناوچوون زیاتر دەکات. 
گرێی سیاسی 
بوونی پێکھاتەکان بەر لەوەی کێشەی ئاین و کۆمەڵایەتی بێت کێشەیەکی سیاسییە، چونکە مافی سیاسی بوونیان وەکو حیزب و وەکو رێکخراو بوون و وەکو بەشداری سیاسی و ھتد لەدەزگا سیاسی و حکومیەکاندا دەبێت، ئەو ئەگەرانەی کە کەمینە وەکو مەترسییەک تەماشای دەکەن، مەسەلەی زمان و نەبوونی دەسەڵاتێکە کە لەنەبوونی جوگرافیایەکی سەربەخۆوە سەرچاوەی گرتووە، سەرباری ئەوەش سیاسەت وەک فاکتێکی دیکەی ھەڕەشە ئامێز لەو پێکھاتانەی کە ناتوانن لەگەڵ رەوتی ئەدەبی و سیاسی زۆرینەدا بڕۆن، شێوازێکی دیکەی مەترسی مردنی ئەو فەرھەنگە بەھادارانەیە کە لەپەراوێزیشدا جێگەیان ناکرێتەوە، ئەمە بەشێکی ئایدیۆلۆژیایە و بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە عەقڵی دواکەوتوانەی کۆمەڵگەوە ھەیە. 
بێھیوابوون بەشێوەی پەیوەندییە دەستگیرۆییەکان کە لەنێو فەرھەنگی کۆمەڵگەدا ھەڵبژاردەیەکی جیاوازی نەکردۆتە سەر ستایلی ئەلتەرناتیڤی ململانێکان کە سیاسەت خوڵقاندوویەتی، مەبەستم لەو ھەڵبژاردەیە کە دەستبردنە بۆ دەربڕینێکی نوێ، وەکو جێگرەوەی ئەو کەلێنەی کە فەرھەنگی کۆمەڵگە لەشوێنێکدا ھەستی پێدەکات کە بەبێ فرەیی و داننان بە پێکەوەژیانی یاسایی، پێکەوەژیانی ئایینی و فەرھەنگی و ھتد، کەلێنەکە لەفۆرمی خۆی گەورەتر دەردەکەوێت، بەو مانایەی ھەر کۆمەڵگەیەک لەڕووی سۆسیۆلۆژییەوە فرەیی بێت و لەئاستی واقیعیش ئەو فرەییە نەبینرێت، ئیشکالیات دەکەوێتە نێو ئەدەبیاتی ئەو نەتەوەیەوە کە لەرووی گوتارەوە زاڵە بەسەر ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگە، لەکاتێکدا لەبارەی ئەفسانەوە ھەموو پێکھاتەکان لێکچوونیان ھەیە لەرووی فەرھەنگییەوە، چونکە خاوەنی یەک جوگرافیا و یەک مێژوون، بەوپێیەی داستان و چیرۆکەکانیان یەک ئامانجیان ھەیە، پاڵەوانی چیرۆکی ئەو پێکھاتانەش بەناوی کەمینەوە ناویان دێت، ھاوشێوەی پاڵەوانی چیرۆکگەلی زمانی زاڵە، ئەم دیاردەیە تەنھا یەک رەھەندی سیاسی نییە، بەڵکو رەھەندی کۆمەڵایەتیشی ھەیە، ئەویش ترسە لەتوانەوە لەنێو گوتاری زاڵی کۆمەڵگە کە زۆرینە پێشەوایەتی دەکات. 
چەمکی فەرھەنگی تایبەت و گەورە کە کەمینە وەکو پەرچەکردارێکی بچووک پێناسەی دەکەن بەرامبەر زۆرینە، بۆ نموونە درووستکردنی بەرەی سیاسی و کۆمەلایەتی و سکاڵای نێودەوڵەتی لەو دەسەڵاتەی کە لەژێر ناونیشانی کەمینە پێناسەیان دەکەن، نەک ھەر دەرەتانێکی درووست نەکردوە بۆ ئەوەی لەنێو دەزگایەکدا کار بکەن و لەخەیاڵی دیلێتی رزگار بن، بەڵکو گورزێک بووە لەنەوەیەک کە ھیچ پەیوەندی بەرابردووی ئەو زۆرینەیەوە نییە و نەبووە کە بووە بەخاڵی نێوژاوانی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگە کە رەنگە فکریشیان جیاوازبێت، تاکو مەحروم بن لەو فەرھەنگە، بۆ نموونە سێ نەوەی دوای راپەڕین کە لانیکەم بەھۆی سیاسەتەوە نەیانتوانی بەشدارییەکی کاریگەریان ھەبێت لەنێو کایە جیاوازەکان و بگرە لەئاستی پەرەوەردەش، مەسەلەی تێکەڵ نەبوونیان بوو لەو زمانەی کە دوورە لەزمانی زاڵی حکومەت لەنێو میتۆدی خوێندن، ئاشنا نەبونیان بە ئاین و کولتوور و مێژوی پێکھاتەکانی دەرەوەی کورد، ھەروەھا نەشارەزایی نەوەیی نوێ لە داستان و ئەفسانە و ئیدیۆم و نوکتە و حاڵەتە سۆسیۆلۆژیەکانی دیکەی دەرەوەی نەتەوەی کورد، ئەمە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ بێت، زیانێکی گەورە بوو لە ئەدەبیاتی پێکھاتە بچووکەکانی کوردستان. 
دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دەربازبوون لەم مەعزەلە سۆسیۆ سیاسییە کە دیوێکی گرینگی فەھەرنگ و ئەدەبیاتە، لەبری ئەوەی لە زمانە بیانیەکانەوە تێکست وەربگێردرێت بە ناتەواوی و خراپ وەرگێڕان، مەسەلەی وەرگێڕانە لەزمانی نزیکەوە کە زمانی سریانی و تورکمانی و کلدانی و ئاشوری یە بۆ سەر زمانی کوردی و بەپێچەوانەشەوە، میکانیزمی دووھەم ئەوەیە کە لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە فتوای بەگروپ بدرێت کە چیتر خەڵک سڵ لەو بابەتە نەکەنەوە و کەس کەمینە نییە و کەسیش زۆرینە نییە، میکانیزی سێھەم و ھەرە سەرەکی ئەوەیە کە ئەدەبیات و مێژووی ئەو پێکھاتە و گروپە ئیتنیانە لەمیتۆدی خوێندن ئیجباری بکرێت لەلایەن حکومەتەوە، میکانیزمی چوارەم ئەوەیە کە یاسا دەربکرێت تێکەڵبوون مافی ھەر کەس و تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەیە ھەر ناھەقیەکیش سزای لەسەرە.  
ھەڵبەت ئەم کردارە قێزەونانە لە مەغریب و جەزائیر و تونسیش ھەیە بەرامبەر بە ئەمازیغیەکان، ئەوانیش وەکو کەمینە لەنێو عەرەبی ھەر چوار وڵاتدا زمان و کولتوور و داستان و ئیدیۆمەکانیان نەناسراوە کە بەرلەوەی ئەمازیغیەکان زیانی لێبکەن، نەوەی نوێی عەرەبی ئەو وڵاتانە زیان دەکەن و کەلێنێک دەکەوێتە رۆشنبیرییان لە ئایندەدا، کەواتە باشترین دەرەتان بۆ پێکەوەژیانی نەتەوە و مەزھەب و ئاینەکان، دەستپێک دەبێت ئاشنابوون بە ئەدەبەکانیان بێت.    
   


ڕیکلام