نوێنەری میری ئێزدیان: بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شنگال سەردانی کونسوڵی تورکیام کرد

  2021-03-04  | 
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری میری ئێزدیان رایگەیاند، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پرسی شنگال سەردانی کونسوڵی تورکیای لە هەولێر کردووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، جەهوەر عەلی بەگ نوێنەری میری ئێزدیان رایگەیاند، پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هێرشی تورکیا بۆسەر شنگال، لە ٧ی مانگی رابردوودا سەردانی کونسوڵی تورکیای لە هەولێر کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو سەردانەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئاسایش و ئارامی شنگال بۆ ئەوان گرنگە و بە کونسوڵی تورکیایان راگەیاندووە، قبوڵی ناکەن هاوڵاتیان شنگاڵ رووبەڕووی مەترسی ببنەوە و بکەونە دۆخێکی خراپەوە.

وتیشی، کونسوڵی تورکیا لە هەولێر پێی ڕاگەیاندوون کە ئامانجی ئەوان لە شنگال پەکەکەیە و هەرکاتێکیش هێرش بکەنە سەر ئەو ناوچە، هاوڵاتیانی مەدەنی دەپارێزن و لێیان نزیک نابنەوە.

سەبارەت بە رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لەسەر شنگال، نوێنەری میری ئێزدیان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەو رێککەوتنە لە شنگال جێبەجێ نەکراوە و لەئێستادا تەنها پێشمەرگە ئارامی شنگال دەپارێزێت.



ڕیکلام