پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا بەهۆی هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ هەولێر قەدەغەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و کەرکوک و هەولێر و موسڵ درێژبکرێتەوە.
ئومێد خۆشناو لە ڕاگەیەندراوێکدا داواش لە هاوڵاتیان و شۆفێران دەکات لە شەقامە گشتییەکاندا هاوکاری پۆلیسی هاتوچۆ بکەن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە وەک هەمیشە وێنەی جوان و سەردەمیانەی پایتەخت لەمیوانداری ومیوان دۆستیدا نیشانی جیهان بدەن.
ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە سبەینێ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان بەسەردانێک لە بەغداوە بگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیکەوە پێشوازی لێبکرێت.
هەروەها بەپێی بەرنامەی سەردانەکەی پاپا دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر دەچێتە موسڵ و قەرەقوش،بۆ ئێوارەش دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لە یاریگای فرەنسو هەریری ڕێوڕەسمێکی گەورەی بۆ رێکدەخرێت.