سۆرانی  |  بادینی  |  English      

نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەروی 70 دۆلار

  2021-03-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نرخی نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی تۆماركرد و بەیانی ئەمڕۆ یەك بەرمیل نەوتی برێنت نرخەكەی نزیك بووەتەوە لە 71 دۆلار، نرخی نەوتی ئەمریكیش 67 دۆلاری تێپەڕاند.

بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 70 دۆلار و 75 سەنت و ئەوەش بەرزترین نرخە كە 1.4.2019وە بەخۆیەوە بینیبیت، هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی ئەمریكیش گەیشتووەتە 67 دۆلار و 38 سەنت. 

بەهۆی نالەباری كەشوهەوای ئەمریكا ماوەیەكە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكی كەمیكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمە نەوتییەكان لەو وڵاتە.

هاوكات سووربوونی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لەسەر زیاد نەكردنی هەناردەی نەوت لە وڵاتەكانیان هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكان لە ئاستی جیهاندا. 

لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە جیهاندا كە بەشێكی زۆر لە وڵاتان رێكاری توندیان گرتەبەر و زۆرینەی كارگەكانی جیهان داخران نرخی نەوت گەورەترین داشكانی بەخۆیەوە بینی بەشێوەیەك لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2020دا بەهای بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 19 دۆلار و نەوتی ئەمریكیش بووە سفر دۆلار. 

دوای ئاسانكاریەكانی وڵاتان و بڕیاری وڵاتانی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوت نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد و ئەمڕۆش نرخی نەوت بەرزترین ئاستی تۆماركرد لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵی رابردوودا.