جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە ئێران دەکات هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا بگەنە رێکەوتن.
میدیای فەرمی گۆڕان ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکەی بڵاوکردوە و دەڵێت مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ نەسروڵا ڕەشنودی سەر کونسوڵگەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم کۆبوەتەوە و پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێرانیان تاوتوێکردوە.
جێگری سەرۆکی هەرێم داوای کرد کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ رێککەوتن و لەیەک نزیکبونەوەی هەولێر و بەغدا و لایەنە سیاسیەکان ، نەسروڵا ڕەشنودی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەرکونسڵی ئێران ڕاشیگەیاندوە سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان وعێراق بە گشتی بۆ وڵاتەکەیان گرنگە .
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند مانگێکە هەرێم و بەغدا سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و پشکی هەرێم،بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێکەوتن.