دۆسێەی هێرشکردنە سەری غالب محەمەد دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا

  2021-03-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتار غالب محەمەد هەوڵی گواستنەوەی دۆسیەی هێرشکردنەسەری دەدات بۆ بەغدا و دەشڵێت لە کۆنگرەیەکدا هەندێک وردەکاری باس دەکات

ئەمڕۆ ژمارەیەک پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوا سەردانی ئەنجومەنی دادوەری عێراقیان کرد و نامەی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانیان گەیاندە دەستی بۆ گواستنەوە و وەرگرتنی دۆسیەی هێرشکردنەسەر غالب محەمەد بۆ بەغدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە،فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بە پەرۆشیەوە ئامادەیی دەربڕی کە رێوشوێنە پێویستەکان بگرێتەبەر.

ڕاشیانگەیاندوە لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە خراپی دۆخی دادگاکانی کوردستان کردوە کە بەوتەی ئەوان دادگا بەسەر حزبەکاندا دابەشکراوە و بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداران بەکاردەهێندرێن.

ئاماژەیان بەوەشکردوە باسمان لەسیاسەتی سەرکوتکاریی و دەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان و کەیسی حوکمدانی نادادپەروەرانەی چالاکوانانی بادینان کرد و داوامانکرد کە ئەنجومەنی باڵای دادوەری ، لەتەواوی عیراق (بەهەرێمی کوردستان-یشەوە)، رۆڵی خۆی لەدوورخستنەوەی دەستێوەدانی حزبی لەدادگاکان-دا ببینێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لە ئێوارەی 26 ی مانگی ڕابردوو لەلایەن کەسێکەوە لەبەردەم دەرگای ماڵی خۆیان لە سلێمانی بە چەقۆ هێرشکرایە سەر غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق و بریندارکرا.

دواتر ناو و وێنەی هێرشکەرەکە بڵاوکرایەوە و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیش سێ کەسی سەربازیان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە ڕوداوەکە دەستگیرکرد،بەڵام دواتر ئەو کەسانە ئازادکران.

لەسەر ئازادکردنی ئەو کەسانە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی هاتە دەنگ و ڕوویکردە سەرۆکی حکومەت و پێی وت تۆ متمانەت لەدەستداوە چونکە دەستیوەردان لە کاری دادگاکاندا کردوە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە.


ڕیکلام