قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەوە بڵاویکردەوە، داوایکرد بایادی کیمیابارانی هەڵەبجە یاندەر بێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی.
لە ڕاگەیەندەراوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژمێری ئێمەی کورد پڕە لە یادەوەری ئازار و برین و کارەسات کە هەر جارەی دوژمنێک جەستەی نیشتمانی ئێمەی خەڵتانی خوێن کردووە .
قوباد تاڵەبانی ووتوویەتی "ساڵانە لە هەرکام لەو بۆنە جەرگبڕانەدا هەموو لایەکمان پەیام و راگەیەنراوی پڕ لە قسە و دروشم بڵاودەکەینەوە و بە رواڵەت یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە" .
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە "دەپرسم ئەم هەموو بەیاننامە و بڵاوکراوانە چییان لێ سەوز بووە؟ هەر بە ڕاست ئەم هەموو شەهید و خوێن و برینانە بەس نەبوون بۆ ئەوەی بەئاگامان بهێننەوە لەئاست پرس و هێڵە سوورە نیشتمانییەکان تاکو بیانپارێزین؟"
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە؛ ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی گەلەکەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە رۆژی ٤/١٤ کە یادی شاڵاوەکانی ئەنفالە، بەرپرسان و کەسە یەکەمەکانی هەموو حیزبەکان پێکەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کۆببینەوە و بەیەکەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان؛ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و بارزانییەکان و فەیلییەکان و سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانی رێگای رزگاریی کوردستان بکەینەوە و یادەکە هاندەرمان بێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی .
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردووەتەوە، ئەگەر ئەوە بکەن هەم خەیاڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەم روحی شەهیدان ئاسودە دەکەن .