خه‌لیل عه‌لی
كتێبی فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر یه‌كێكه له‌و كتێبه دانسقانه‌ی، كه له‌دوای كتێبه ده‌گمه‌نه‌كه‌ی دكتۆر «كه‌مال مه‌مه‌ند میراوده‌لی» به‌ناوی [فه‌لسه‌فه‌ی جوانی و هونه‌ر – ئیستاتیكا]، كه له‌ساڵی (1979) له لایه‌ن زانكۆی سلێمانییه‌وه چاپ و بڵاوكرایه‌وه، ئه‌وا ده‌كرێت بڵێین ئه‌م كتێبه‌ی دكتۆر «محه‌مه‌د كه‌مال» به دووه‌م سه‌رچاوه‌ی كوردی فه‌لسه‌فی داده‌نرێت له‌ڕووی ڕاڤه و شرۆڤه‌ی هونه‌رییه‌وه. كه له دوو توێی كتێبێكی (250) لاپه‌ڕه‌ی نیو ئه‌ی فۆڕدا له لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م له ساڵی (2017) به چاپێكی جوان و پاك خراوه‌ته به‌رده‌ست خوێنه‌ری كورد .
شایانی باسه، دكتۆر «محه‌مه‌د كه‌مال» نه‌خشێكی جوانی له بواری فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه و دواتر له‌م كتێبه‌دا به وردی تیشكی خستۆته سه‌ر هونه‌ر و بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه. له‌هه‌مانكاتیشدا ڕاڤه‌ی چه‌ندین بۆچوون و تیۆری فه‌یله‌سوفه‌كانی كردووه و به وردی له‌سه‌ریان ڕاوه‌ستاوه. ئیدی هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌كرێت ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه تێگه‌یشتن له واتای هونه‌ر پێویستی به ده‌رخستنی (چییه‌تی)ـی هونه‌ر هه‌یه. بۆ ده‌رخستنی ئه‌م چییهتییهش ده‌بێت ئه‌و خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه دیاری بكرێت، كه به‌رهه‌مێك ده‌كات به هونه‌ری و یه‌كێكی دی به ناهونه‌ری. هه‌ڵبه‌ته چالاكی هونه‌ری له مێژوودا پێش چالاكی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه و ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه له هونه‌ریش ده‌كه‌وێت. وه‌كو ده‌زانرێت مرۆڤ، پێش دامه‌زراندنی شارستانییه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه، له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان وێنه‌ی ئاژه‌ڵی كێشاوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه له واتای ئه‌و چالاكییه تێبگات و ڕاڤه‌ی بۆ بكات. ئیدی له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیدا، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می ئه‌فلاتونه‌وه، واتای ئه‌و چالاكییه‌ی به هونه‌ر داده‌نرێت و بووه به بابه‌تی توێژینه‌وه .
شایانی باسه، له‌م كتێبه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر چه‌ندین بیرۆكه‌ی بیرمه‌ندان و له نێویشیاندا [ئه‌فڵاتون، ئه‌رستۆ، شۆپنهاوه‌ر، كانت، هیگڵ، هایدگه‌رو چه‌ندانی تر...] هه‌روه‌ها له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م كتێبه‌دا دكتۆر «محه‌مه‌د كه‌مال» ئاماژه‌ی به‌وه داوه، كه هونه‌ر له‌پێش فه‌لسه‌فه‌وه له‌نێو كۆمه‌ڵدا سه‌ری هه‌ڵداوه. كه‌واته مرۆڤی سه‌ره‌تایی پێش پرسیاركردن سه‌باره‌ت به واتای بوون و بیركردنه‌وه له‌و واتایه، له سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان وێنه‌ی كێشاوه. به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌م چالاكییه هونه‌رییه بایه‌خی پێ دراوه و فه‌یله‌سوفه‌كان هه‌وڵیان داوه له واتای هونه‌ر تێبگه‌ن. ئیدی پێش «ئه‌فلاتون» هونه‌ری شێوه‌كاری و شانۆنامه و شیعر هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م فه‌یله‌سوفه یه‌كه‌م بیریاره له‌واتای ئه‌م چالاكییه و چه‌مكی جوانی كۆڵیبێته‌وه و پاش ئه‌و «ئه‌ریستۆ» نووسراوێكی به‌ناوی (شیعر) بۆ هونه‌ری شیعر و شانۆنامه ته‌رخان كردووه. هه‌روه‌ها له‌م كتێبه‌دا سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه، كه به فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر، یان ئیستاتیك ناسراوه، شی ده‌كاته‌وه و بۆچونی چه‌ندین فه‌یله‌سوف باس ده‌كات، تاكو په‌یوه‌ندی نێوان بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه و هونه‌ر دیاری بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كتێبه تیشكی خستۆته سه‌ر ته‌كنه‌لۆجیا و كۆتایی هونه‌ر، ڕه‌خنه له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی «هایدگه‌ر» بۆ هونه‌ر، هونه‌ر و به‌رده‌وامبوونی ڕاستی، په‌یوه‌ندی «هایدگه‌ر» به هونه‌ره‌وه، هونه‌ر و جیاوازی، چوار چه‌مكه‌كانی مرۆڤ، ئاسمان، زه‌وی و خواكان، له كۆتایی كتێبه‌كه‌شدا دكتۆر «محه‌مه‌د» له‌سه‌ر دوا قۆناخی تازه‌گه‌ری و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ڕاوه‌ستاوه .
ئیدی بۆ تێگه‌یشتن له سه‌رهه‌ڵدانی جیاوازی دكتۆر «محمد» بۆ سێ بنه‌مای (بوون، ڕاستی و جوانی) ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه هونه‌ر ده‌خاته سه‌ر زه‌مینه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئۆنتۆلۆجییانه و ئه‌ركی ده‌رخستنی ڕاستی پێی ده‌دات. هه‌ر له‌م تێگه‌یشتنه‌وه (جوانی)ـی كاری هونه‌ری ده‌بێت به ده‌رخستنی ڕاستی بوون. بۆیه ده‌رخستنی ڕاستی بوون، یان جوانی كاری هونه‌ری له نێوان كاره هونهرییهكهدایه و به‌هایه‌كی خۆیی نییه، له چاوی بینه‌ردا نییه. به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌و ڕاستییه جیاواز ببینرێت و ڕاڤه‌ی جۆراوجۆری بۆ بكرێت. هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جیاوازییه له شێوازی ده‌ركه‌وتنی ڕاستییهكهدایه بۆ بینه‌ر. دروسته (جوانی) له نێو كاری هونه‌ریدایه، به‌ڵام ئه‌و جوانییه، كه له ده‌ركه‌وتنی ڕاستی بوندایه، ده‌بێت بناسرێت، ئه‌گینا نابێت به ڕاستیه‌كی ده‌ركه‌وتوو. ئیدی ده‌ركه‌وتن هه‌میشه ئاشكرابوونی ڕاستی بوونی هه‌بوویه‌ك، یان ڕوداوێكه بۆ (ئاگامه‌ندی) و ئاگامهندیش ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر. لێره‌دا ئاگامه‌ندی خۆیه‌كی «دێكارت»ـی و هه‌بوویه‌كی ڕه‌های فه‌لسه‌فه‌ی «هیگڵ» نییه و بوونی ئاگامه‌ندانه‌ی مرۆڤ، یان (دازاین)ـه، كه له نێوان جیهاندا هه‌وڵی ناسینی ڕاستی بوون ده‌دات و ڕاستی بونیش ته‌نها بۆ ئه‌و خۆی ده‌رده‌خات. بوون به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دازاییندا له نێو كایه‌ی خۆده‌رخستن و خۆشاردنهوهدایه، له شێوازی جۆراوجۆردا خۆی ده‌رده‌خات و خۆی ده‌رناخات. بوونی دازاین ده‌بێت به پێشمه‌رج بۆ ڕاستی و ڕاستیش ده‌بێت به پێكهاته‌ی ئۆنتۆلۆجیانه‌ی دازاین. ئه‌مه‌و چه‌ندین بابه‌تی به‌پێز له‌نێو ئه‌م كتێبه‌دا جێی گرتووه و شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه.