مەسرور بارزانی: پێویستە هەمیشە یادی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە زیندوو رابگرین

  2021-03-15  | 
هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیهاندا، بۆیە پێویستە هەمیشە یادی شەهید و قوربانیانی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، زیندوو رابگرین.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە سی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوانە گەورەیەی رژێمی بەعس دەکەینەوە کە بە چەکی قەدەغەکراو، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی شەهید کرد و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تا ئێستاش، بە دەست ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن" .

دەشڵێت، هەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیهاندا، بۆیە پێویستە هەمیشە یادی شەهید و قوربانییانی ئەم تاوانە، زیندوو رابگرین و هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەم تاوانە مەزنە بکاتەوە و کاربکەین بۆ  رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و هەر گەل و نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە لە جیهاندا .

مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هەمیشە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بە ئەرکێکی لە پێشینەی خۆی دەزانێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان، رەزامەندیان لە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجەدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیواشی خواستووە، لە داهاتوودا بتوانن خزمەتێکی شایستەتری هەڵەبجە و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان بکەن .

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم و هەمیشە لە یادمانن" .



ڕیکلام