نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی هه‌موو لایه‌نەکان دەکەینەوە

  2021-03-16  | 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەنەوە و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات قەرەبووی ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە بکاتەوە.

سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە یادی هەرگیز لەیادنەچووی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌یی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەنەوە.

دەشڵێت، خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاتریان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.

سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات  بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت.

نێچیرڤان بارزانی داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌کات کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن.



ڕیکلام