حکومەتی هەرێم: بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی هەڵەبجە خۆمان بە بەرپرس دەزانین

  2021-03-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، خۆیان بە بەرپرس دەزانن لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی هەڵەبجە و ڕەزامەندیش دراوە لەسەر چەندین پڕۆژەی گرنگ و نوێ و دابینکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ پارێزگاکە .

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکیدا لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕایگەیاند "بەداخەوە تا ئێستاش ئاسەوارى ئەو چەکە یاساغە بەسەر شارەکە و زۆرێک لە هاووڵاتیانەوە ماوەتەوە ".

جەختی لەسەر ئەوەشکردوەتەوە کە وەک حکومەت، خۆیان بە بەرپرس دەزانن لە ئاست خزمەتکردنى هاووڵاتیانى پارێزگای هەڵەبجەدا و لەگەڵ حکومەتى عێراق هەوڵى بەردەوام دەدەن بۆ قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى شەهید و برینداران و ساڕێژکردنى زامى ئەو جینۆسایدە گەورەیەى بەسەر گەلەکەماندا هاتووە .

باسی لەوەشکردوە کە ئەم یادە دەکەنە هەوێنێک بۆ ئاشتى و ئارامى و پێکەوەژیانى سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان لە کوردستان .

جوتیار عادل وتووشیەتی "بە خۆشییەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەزارەت و پەرەپێدانی پارێزگاکان، ڕەزامەندی لە سەر جێبەجێکردنى چەندین پڕۆژەی گرنگ و نوێ و دابینکردنى بودجەیەکى تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکانى پارێزگای هەڵەبجە دەربڕیوە کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر گەشەسەندن و خزمەتکردنى هاووڵاتیانى خۆشەویستى پارێزگاى هەڵەبجە".



ڕیکلام