پزیشکێکی پسپۆری هەناوی و دڵ و شەکرە پێنج مەترسی تەندروستی بەپەلە نانخواردن دەخاتە ڕوو و دەڵێت دەبێت نانخواردن بەلایەنی کەمەوە بیست خولەکی پێ بچێت.
د.داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆری هەناوی و دڵ و شەکرە لەنوسێنێکدا لە پەیجی فەرمی خۆی دەڵێت زۆر لە توێژینەوە زانستیەکان باسی مەترسیە تەندروستیەکانی "بەپەلە نان خواردن"یان کردوە، توێژەرەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە نان بەهێواشی بخورێت و پاروو جوان بجوێنرێ و هەر نان خواردنێک بەلایەنی کەمیەوە 20 خولەکی پێ بچێت.
ئەو پزیشکە مەترسییە تەندروستییەکانی بەپەلە نانخواردنیشی بەمجۆرە دیاریکردوە.
1-نەخۆشی شەکرە :
بەپێی ڕاپۆرتێکی "مێدیکال دەیلی"ی بەریتانی بەپەلە نانخواردن مەترسی تووشبون بە شەکرە زیاددەکات،چونکە خواردن بەخێرایی هەستی تێر نەبوون بە کەسەکە دەبەخشێت و بەمەش کەسەکە خواردنی زیاتر دەخوات و هاوسەنگی ئاستی گلوکۆزی خوێن و ڕێژەی ئەنسولین تێک دەچێت و دەبێتە هۆی شەکرە .
2-نەخۆشیەکانی دڵ :
لە توێژینەوە زانستیەکانی زانکۆی هێرۆشیمای ژاپۆن ئەوە دەرکەوتووە کە بەپەلە خواردن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکان دڵ و جەڵتەی مێشک زیاددەکات،هەروەها خواردن بەخێرایی مەترسی بەرزەفشاری خوێن و چەوری خوێن زیاددەکات .
3-قەڵەوی :
خواردن بەخێرایی واتە خواردنی بڕێکی زۆر، چونکە گەیشتنی پەیامی تێربوون بە مێشک 20 خولەکی پێویستە بۆیە هەتا خێراتر نان بخۆیت مەترسی قەڵەوی زیاتر دەبێت .
4-ترشەڵۆکی گەدە :
خواردن بەپەلە و قوتدانی پارووی نەجوێنراو دەبێتە هۆی دڵەکزێ و ئازاری گەدە و هەرس نەکردن و قەبزی و سک باکردن .
5-ژەهراوی بوونی خواردن :
کاتێک بەپەلە نان دەخۆیت بەتایبەتی لەفە و خواردنی فاست فوود زۆر هەست بە تامی خواردنەکە ناکەیت واتە ئەگەر خواردنەکەش تێک چوبێت، زۆر هەستی پێناکەی و دوورنییە تووشی ژەهراوی بوونی خواردن بیت .
دکتۆر داهات حەوێزی دەشڵێت لەبەر ئەم مەترسیانە، بەهێواشی نان بخۆ و جوان پاروو بجوو و پەلە مەکە لە خواردن .