سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی- پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانی قوتابیانی پۆلی 12 لە سلێمانی بڵاوکردەوە و چەند بڕیارێکیشی لە زاری وەزیری پەروەردەی هەرێمەوە راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، لە هەفتەیەکدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن.
هەروەک لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا پێکهاتووە بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرام (منهج)، وەک پێشتریش ڕایانگەیاندبوو مەنهەج بە گوێرەی ڕۆژەکانی خوێندنی وەرزی دووەم دیاری دەکەن و پێش دەستپێکی خوێندنی وەرزی دووەم ئەو بابەت و بەندانەی پێویست نین ڕایدەگەیەنن.
دەقی راگەیەندراوەکەی عەبدولسەلام دۆلەمەری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی- پەرلەمانی کوردستان:
ڕاگەیەندراوی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان لەخۆپیشاندانی قوتابیانی ١٢ ی ئامادەیی لە پارێزگای سلێمانی:
بەداخەوە بەهۆی خۆپیشاندانی چەند ڕۆژەی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە پارێزگای سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی ڕوویداو کار گەیشتە تەقەکردن بەسەر قوتابیاندا، ئێمە نیگەرانیمان لەم ڕووداوە ڕادەگەیەنین و لەپاڵ ئەمەشدا داواکارین قوتابیان بە ئاکاری بەرزی پەروەردەیی و نموونەیەکی جوانی داواکردنی ماف داوای مافە ڕەواکانیان بکەن و پەیامی خۆیان بگەیەنن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ بەڕێز وەزیری پەروەردە ، بەسوپاسەوە ژمارەیەک بریاری گرنگیان داوە لە بەرژەوەندی قوتابیان وەک:
١ -لە ھەفتەیەکدا تەنھا دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێن.
٢ -لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا پێکھاتووە بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرام ( منھج) ، وەک پێشتریش ڕایانگەیاندبوو مەنهەج بە گوێرەی ڕۆژەکانی خوێندنی وەرزی دووەم دیاری دەکەن و پێش دەستپێکی خوێندنی وەرزی دووەم ئەو بابەت و بەندانەی پێویست نین ڕایدەگەیەنن.
٣ - بۆ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم ١٣ ڕۆژ مۆڵەتی دیکە دراوە بە قوتابیان.
٤ - داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کەوا تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم لە ١٩ ی ٦ پێشبخەن بەجۆرێک ٤٠ ڕۆژ لەبەردەم قوتابیان بێت بۆ باشتر خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی وزاری.
پەنا بەخوا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا وەزارەتی پەروەردەوە وەلامی داواکاریەکەمان دەدەنەوە.
بەھیوای ئایندەیەکی گەش بۆ قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز ...
عبدالسلام دۆلەمەری
سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/٣/١٩