کۆریای باکوور دوو موشەکی بالیستی تاقیکردەوە

  2021-03-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسانی ئەمریکا و ژاپۆن رایانگەیاند، کۆریای باکوور دوو موشەکی بالیستی تاقیکردووەتەوە، کە دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئەوە یەکەم تاقیکردنەوەی موشکەی پیۆنگیانگە.

حکومەتی ژاپۆن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی رابردوو کۆریای باکوور دوو موشەکی بالیستی بە ئاراستەی کەناراوەکانی ژاپۆن تەقاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو موشەکە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوور تەقێندراون و تا مەودای 420 و 430 کیلۆمەتر رۆیشتوون کە پێدەچێت لە ناو دەریای ژاپۆن و لەدەرەوەی ناوچەی تایبەتی بازرگانی کەوتبنەخوارەوە.

گاردی تایبەتی کەناراوەکانی ژاپۆنیش هۆشداری داوەتە کەشتییەکان و رایگەیاندووە، لە نزیکبوونەوە بە هەر شتێکی گوماناوەی لەناو دەریا خۆیان بپارێزن و لەکاتی بینینی هەرجۆرە حاڵەتێکی لەو شێوەیە، هێزە دەریاییەکان ئاگادار بکەنەوە.

هەر لەو بارەیەشەوە، ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێس لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کە کۆریای باکوور دوو موشەکی بالیستی نزیک مەودای تاقیکردووەتەوە.

ئەو بەرپرسانە راشیگەیاندووە کە ئەو جۆرە تاقیکردنەوە موشەکییە ئاساییە و پێچەوانەی پڕۆژە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.

لە لێدوانێکیشدا بۆ رۆژنامەنووسان، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پێنتاگۆن، تاقیکردنەوەیەکی موشەکی ئاسایی بووە و هیچ شتێکی نوێی تێدا نەبووە".

دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوە یەکەم جارە کۆریای باکوور  تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام دەدات، ئەوەش پاش چەند رۆژ لە سەردانەکەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا بۆ سیۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دێت.



ڕیکلام